سودى دەرکەوتنى داعش بۆ هەرێمى کوردستان
Wednesday, 03/12/2014, 12:00
دواى هاتنى داعش و گۆڕانکارى هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و گۆڕانى پەیوەندییە جاڵجاڵوکەییەکان ، بەرژەوەندیەکان بە تەواوەتى گۆڕا ، خۆ ئەگەر ڕژێمەکانى وڵاتانى عەربى و هەندێ وڵاتى تر پێش قۆناغى داعش ، بریتى بوبێتن لە حوکمى دیکتاتۆرى و هەوڵێکى شەقام هەبوبێت بۆ گۆڕینى ئەم رَژێمانە ، ئەوا شانە نوستوەکانى ئیسلامیە توند ڕەوەکان ئەم هەلەیان قواستوەتەوە و تەواوى دەسەڵاتى ئەو وڵاتەیان داگیر کردوە ، هەر لە میسرەوە تا سوریا ، بە شێوەیەک کە هەوڵێک هەبێت بۆ گەڕانەوەى دیکتاتۆرەکان ، چونکە دەسەڵاتى ئەوان باشتر بوە ، ئەگەر ئەمە بە پێوەر وەربگرین ئەوا لە کوردستاندا پێش دەرکەوتنى داعش لە 17 شوباتەوە ئەم هەوڵە هەبوو ، بەڵام هەر زوو لەوە گەیشتن کە شانە نوستوەکانى ئیسلامیەکان ئەو هەلە بقۆزنەوە و کوردستان بە دەردى وڵاتانى عەرەبى بەرن ، واتا پێش هاتنى داعش ئەم هەوڵە هەبوە ، بەڵام کە داعش هات ئەم خەونە کۆتاى دێت و هەرێم دەکەوێتە بەردەم گۆرَانکارییەکى تر ، ئەویش داعشە ، دەبێت بزانێت چۆن یارییەکان دەکات ، کورد لە ناو بەرژەوەندیەکان و پەیوەندییەکانى وڵاتانى ناوچەدا ، تا ئاستێک توانى یارییەکى نیمچەباش بکات بە ئاراستەى بەرژەوەندییەکانى هەرێم ، هەر چەندە دەکرا یارى گەورەترى بکردایە ، بەڵام دروستکردنى بۆرى ستراتیژى و بەستنەوەى بە بەندەرى جیهانیەوە و بەستنەوەى ئاسایشى وزەى تورکى بە وزەى هەرێمەوە ڕێ ى بۆ هەرێم خۆش کرد تا بتوانێت نیمچە سەربەخۆى وزەى خۆى هەبێت ، ئەگەر چى بە ناچارى واژۆى 50 ساڵ کرا لەگەڵ تورکیا ، بەڵام ئەوە تەنها چارەسەر بوو کە کورد بیکات ، دواى دەرکەوتنى داعش دەتوانین بڵێن سودى هاتنى داعش گەورەتر بو لە لایەنە خراپەکانى ، دەتوانین لێرەدا لایەنى باشە و خراپەى دیارى بکەین :
لایەنى باشەى هاتنى داعش .
1. لە تەنگژەى نێوان بەغدا و هەرێمدا کاتێک بۆرى نەوتى کوردستان دەبێتە دەروازەى ناردنى نەوتى کەرکوک ، ئەو کاتەى داعش ناهێڵێت نەوتى کەرکوک لە بۆرى موسڵەوە بڕوات ، ئەوا بە ناچارى حکومەتى عێراقى دەبێت ئەم نەوتە لە بۆرى هەرێمى کوردستانەوە بنێرێ ، ئەوەتە دەبێنین ئێستە بوتە کارتێکى بەهێز بەدەست کوردەوە لەسەر مێزى دانوستانەکان ، بەهۆى بونى ئەو بۆریەى هەرێمى کوردستانەوە بەغداد ناچارە لەگەڵى ڕێکبکەوێت .
2. هاتنى داعش ئەگەر چى لە شەنگالدا هێزى پێشمەرگەى پێ شکا ، بەڵام بوە کارتێکى بەهێزى جوڵاندنى ڕاى شەقامى جیهانى بۆ هاوکارى کردنى هەرێم .
3. لە بەرەى دژە داعشدا وڵاتانى هاوپەیمان دەگەڕان بۆ هێزێک کە ببێتە تەواوکەرى پرۆسە سەربازییەکانى وەک هێزى وشکانى ، ئەوە بوو پەیەدە و پەکەکە و پێشمەرگە بونە ئەو تەواوکاریە و چونە ناو ستراتیژى سەربازى ئەمریکیەوە ، وە بوە هێزیکى کاریگەرى تەواوکارى پرۆسە و تاکتیکەکانى ناتۆ .
4. پاشەکشەى تورکیا لە شەڕى دژى داعش زیاتر کوردى وەک هێزێکى کاریگەر دەرخست و تا ئاستێک ناکۆکى نێوان تورکیا ئێران کاڵ بویەوە و ئێران توانى بە تەواوەتى کۆنتڕۆڵى سوریا و عێراق بکات و بە ناچاریش ئەمریکا لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوێ ، چونکە هەردوکیان لەبەردەم ترسێکى هاوبەشدان و بێ یەک ناتوانن بەرەو ڕوى داعش ببنەوە ، ئەمەش واى کرد کورد لە ژێر هەیمەنەى دو وڵاتى ناوچەکە کە دوو ئیدارەى لێکەوتبوەوە ببێت بە یەک وڵات و لەگەڵ نزیک بونەوەى ئێران و ئەمریکا کێشەى نێوان بەغداد و هەرێم بەرەو چارەسەر بڕوات و کێشە لۆکاڵییەکانى ناو هەرێمیش بەرەو چارەسەر بڕوات ، وەک کێشەى پارێزگاکان .
5. گەڕانەوەى کورد بۆ بەغداد بە کۆمەڵێک کارتى بەهێزەوە ، کە دەتوانرا بەرامبەر هەموو نەیارەکانى بەکارى بهێنێت .
6. کورد بە هەموو ڕەنگەکانەوە توانى بەیەک دەنگ لە پرسە نیشتمانییەکاندا یارییەکى زۆر باش بە ئاراستەى بەرژەوەندییەکانى بکات (سەرەڕاى کۆمەڵێک کیشە و ململانێى نێوان حیزبەکان)
7. گەریلا و پێشمەرگەى جۆیین کرد پێکەوە و بونە هاوکارى یەکتر ، کە لە مێژوەوە تا ئێستا بەم شێوەیە نەبوە (ناردنى پێشمەرگە بۆ کوبانى و بەشدارى کردنى پەکەکە لە شەنگالەوە تا جەلەولا)
8. کورد وێنەیەکى شەڕى بریکارى دا بە جیهان و بوە باس و خواستى زۆربەى ناوەندەکانى جیهان .
9. حیزبە کوردییەکان بۆیان دەرکەوت کەهێزى حیزبى دەبێت بگۆڕێت بۆ هێزى نیشتمانى و دور خستنەوەى حیزب لە پێشمەرگە و ئاسایشى گشتى هەرێم ، کە ئێستە وردە وردە کارى بۆ دەکرێت .
10. دەستگرتن بەسەر نەوت و ئاوى ئەو شوێنانەى کە داعشى لێدەرکراوە (بەندەرى موسڵ و بەستنەوەى بۆرى نەوتى کەرکوک بە هێڵى ستراتیژى هەرێمەوە)
11. گەڕانەوەى ناوچەکانى دەروەى دەسەڵاتى هەرێم و گەیشتن بە سنورى هەرێم لە جەبەل حەمرین ، کە جۆرێکە لە سەربەخۆیى هەرێم .
12. بە فەرمى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەشتیانەى کە نەوتى هەرێم هەناردەى بازاڕەکانى جیهان دەکەن .
13. فرۆشتنى نەوتى هەرێم بە بەغداد وەک وڵاتێکى سەربەخۆ ، ئەم فرۆشتنە وەک ئەوە وایە وڵاتێک نەوت بە وڵاتێکى تر بفرۆشێت ، کە ئاماژەیە بە مامەڵەکردنى نێونەتەوەیى ناڕاستەوخۆ لەگەڵ هەرێم.
لایەنە خراپەکانى :
1. شەهید بونى چەندان پێشمەرگە .
2. دروستکردنى ترسێکى گەورە لە ڕێ ى سەربڕینەکانیانەوە .
3. تێک دانى ئەو شوێنانەى کە گرتویانە لە ڕوى سەرخان و ژێر خانەوە .
4. هاتنى ئاوارەیەکى زۆر بۆ هەرێمى کوردستان ، بە جۆرێک لە هەندێ ناوچە دیمۆگرافیاى دانشتوانى تێک داوە .
5. پێویست بونى هەرێم بە سەرفى زیاتر بۆ بوارى ئاسایشى و ئاوارەکان .
6. ئەگەرى دروست بونى تەقینەوەکان لە ناوخۆدا .
7. خەرجى زۆرى شەڕگەکان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست