کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مسعود بارزانى دژى پرینسیپى حیزبەكەى خۆشی دەوەستێتەوە

Friday, 12/04/2013, 12:00




یەكێك لە بنەماكاى پەیمانى كۆمەڵایەتى پابەند بونە بەو بڕیارانەى كە وەك نوسراو هەمومان كۆكین لەسەرى دەبێت پابەند بین بە دسپلینەكانیەوە بە بێ جیاوازى لە نێوان هەموو تاكەكاندا كە ئەمەش دەبێتە متمانە بونى گشتى بەرامبەر بە نوسراوەكانمان لەم نێوەندەدا دەستور و یاساكان ئەو نوسراوانەن كە هەمومان كۆكین لەسەرى دەبێت پابەند بین پێیەوەى بە هەموو دید و بۆچونە جیاوازەكانەوە چونكە بەرژەوەندى گشتى لە بە كردار كردنى ئەو پرینسیپانەدایە , خۆ ئەگەر دەستور و یاساكان بریتى بێت لە كۆ هەمئاهەنگى گشتى ئەوا پەیڕەوى حیزبەكان كۆدەنگى گروپێكى دیارى كراوە بۆ ستراتیژێك كە ئەو گروپە كارى لەسەر دەكەن بە هەمان شێوە ئەگەر ئەندامێكى ئەو گروپە لە پەیڕەوى ناوخۆ لایدا و گروپەكە یان حیزبەكە بێ دەنگ بون دیسانەوە لادانە لەو كۆ دەنگییەى كە لە گروپەكە یان لە حیزبەكەدا هەیە ... پرسیارەكە لێرەدایە ئەى ئەگەر گروپەكە بە كۆدەنگى پاڵپشتى لادانەكان بوو ئەو كات دەبێ بگوترێ چى ...؟
لەم نێوەندەدا هێندەى قسەكردن هەیە لە سەر پەیڕەو هێندە مەبەستم لە كەسێك نیە بە دیارى كراوى ,..... ئەمڕۆ لە هەرێمى كوردستاندا (پارتى دیموكراتى كوردستان) یەكێكە لە هێزەكانى ناو گۆڕەپانى هەرێم خاوەنى مێژوویەكى دور و درێژە لە ئەزمونى حیزبى و زۆربەى جومگەكانى دەسەڵاتى حكومى و سەرۆكایەتى هەرێم بەدەست پارتییەوەیە كە دەكرێت پشكى شێرى بەربكەوێت لە چاوەكانى چاودێرى و ڕەخنەكان و خوێندنەوەكان چونكە هەڵەى ئەم حیزبە كاریگەرى قورسى دەبێت لە چاو حیزبێك كە هەم دەنگ و هەم كورسیەكانى كەم بێت و دەنگى زۆرێك لە هاوڵاتیانى نەبێت كە ئەمەش ناكاتە پەراوێز كردنى گروپە بچوكەكان بگرە لە نوسراوە گشتیەكاندا ئەوانیش پێگەى خۆیان هەیە بەڵام هەڵە لە بچوكەوە بۆ گەورە و لە بێ دەسەڵاتەوە بۆ دەسەڵاتدار دەگۆڕێ .
(پارتى دیموكراتى كوردستان) پارتێكى دیموكراتە و خاوەنى پەیڕەوى خۆیەتى ڕۆژانێك بوو زۆرترین خەڵك لەم پارتەدا خەباتیان كردوە و وەك دەڵێن پارتى دایك بوە لە قۆناغێكى مێژوویدا , بەڵام لە دواى ئەم قۆناغەوە و بە پێ ى پێشكەوتنى كۆمەڵگا و دروست بونى نەوەى نۆى هیچ هێزیك ناتوانێت ببێتە هێزیكى زۆرینە كە ئەمەش دۆخێكى دروستە تا هێزەكان نەبنە قۆرخكارى سەرجەم دەسەڵاتەكان ,.... كێشەى گەورە لە هەرێم دروشم و ناوەڕۆكە كەهیچ حیزب و گروپێك نیە كە لە كرداردا ڕەنگدانەوەى دروشمەكانى بێت ... پارتى پارتێكى دیموكراتە ... ئایا ئەم پارتە تا چەندێ دیموكراتە كە دەبوایە بە مێژووى خۆى چەندین سەرۆك ببونایەتە سەرۆكى ئەم حیزبە بەڵام ئەمە نەكراوە .. پارتى لە دەستور و یاساكانیشدا دەبوایە زۆر ترین ئامادەگى و پابەند بوونى بە دەستورى هەرێمەوە ببوایە چونكە هەڵگرى دروشمى دیموكراتییەتە وە بنەماكانى دیموكراتیەت پابەند بونە بە سایاكان و دەستورەوە , كە كاتێك ئەم حیزبە داوا بۆ بەڕێز مسعود بارزانى دەكات ببێتەوە بەسەرۆكى هەرێم یان بۆى هەبێت خۆى كاندید بكاتەوە واتا وەستانەوە دژى پەیمانى گشتى و بنەماكانى پەیڕەوى ناوخۆى حیزبەكەى خۆى و یاساو دەستور ..كە دەبوو بەڕێز مسعود بارزانى خۆى قبوڵى نەكردایە تا ببێتە سەرتایەك بۆ دیموكراتیەت و دەستاو دەستكردنى دەسەڵات و پابەند بوون بە ڕاى گشتى و بە پەیڕەوى ناوخۆى پارتیەوە ئەگەر زۆرینەى خەڵكیش لەگەڵ ئەو ڕایەدا بوایە دەبوو قبوڵ نەكرایە تا بیسەلمێنێت كە پابەندە بە بنەماكانى دیموكراتیەتەوە .
با بپرسین ئەم هەوڵانەى پارتى دیموكرات تا چەندێ لەگەڵ پەیڕەوى ناوخۆى پارتیدا دێتەوە ..؟
پارتى خاوەنى پەیڕەو پڕۆگرامى خۆیەتى كە لە (4) دەروازە و (251) ماددە پێك هاتوە لە پەیڕەوى ناوخۆى پارتیدا هاتوە... بەشى دووەم /ئامانجە نیشتمانیەكانى پارتی / لە ماددەى (7) دا هاتوە :(كۆششكردن بۆ بنیاتنانى كۆمەڵگەیەكى مەدەنى , یاسا و هاودەرفەتى تێدا فەراهەم بێ و هەموان تێیدا لە سایەیى دەسەڵاتێكى فرە حیزبى و دەستاو دەستكردنى ئاشتیانەى دەسەڵات جێبەجێ بكرێ) ئێمە دەپرسین بە پێ ى ئەم پرینسیپە داواكردن بۆ درێژكردنەوە یان خۆ كاندید كردنەوە لادان نیە لە پڕۆگرامى پارتى ...؟ ئیتر هەر كەسێك بێت و لەهەر گروپ و حیزبێك بوایە (كە من هێندەى مەبەستم ڕەهەندە دەستورى و یاساییەكەیە هێندە مەبەستم بەڕێز مسعود بارزانى نیە وەك كەسێك .. هەر كەسێكى تر بوایە هەمان هەڵوێستم دەبوو) دەبوایە پارتى بە پێ ى پڕۆگرامى خۆى ڕێگەى بە هیچ گروپ و حیزب و كەسێك نەدایە كە لە دەستور و یاساكان دەر بچێت .
خاڵیكى ترى پڕۆگرامى پارتى : (دەروازەى سێیەم /پرینسیپ و ستراتیجیەكانى پارتى /بەشى یەكەم / لە بوارى پەرەپێدانى سستمى سیاسى و بنەماكانى حوكمڕانیدا / ماددەى 18 / پشتگیرى كردنى دامەزراوە دەستورى و یاساییەكانى وەكو سەرۆكایەتى هەرێم و پەرلەمان و حكومەت و ئەنجومەنى دادوەرى كە بە دەستكەوتێكى مێژووى گرنگ دادەنرێت و پێویستە لەسەر بنەماى پرنسیپى سەروەرى یاسا ڕۆڵى تەواوى خۆیان ببینن و ژیانى دەستورى و یاساییان بۆ دابین بكرێت .)
هەر لەم بەشەدا و لە ماددەى (31)دا هاتوە (گەلى هەرێمى كوردستان لە ڕێى ڕیفراندۆم و میكانیزمە دەستوریەكانەوە بڕیار لە مەسەلە چارەنوسسازەكانى هەرێم دەدات)
خۆ ئەگەر ئەم خاڵانەى ناو پڕۆگرامى پارتى دیموكراتى كوردستان بكەینە پێوەر ئەوا هەر كەسێك نەك لە ناو پارتیدا بگرە لەهەر گروپ و ڕێكخراوێك و حیزبێكى تر بوایە و لە یاساو دەستور دەربچوایە دەبوایە پارتى بە پێ ى پرینسیپ و ستراتیژى خۆى قبوڵى نەكردایە بە تایبەت پارتى كە هێزێكە زۆربەى جومگەكانى دەسەڵاتى بە دەستە و زۆر تیرین بەرپرسیاریەتى ڕوبە ڕوى دەبێتەوە .
وەلە هەمان بەشدا و لە ماددەى (40) دا هاتوە :(بۆ بەرفراوانكردنى پرینسیپى بەشدارىكردنى هاوڵاتیان لە حوكمڕانیدا پارتیمان كار دەكات بۆ جێبەجێ كردنى پرینسیپى ڕیفراندۆم لەسەر ئەو یاسا بنەڕتیانەى سروشتى دەستوریان هەیە)..
 بە پێ ى ئەم پێوەرە دەبوو پارتى بۆ پرسى دەستورى و سەرۆكى هەرێم پابەند بوایە بەم ماددەوە و پێداگرى بكردایە لە سەر پرسى گشتى نەك تەنها گروپەكان و خۆى پێداگرى بكردایە لەسەر ئەوەى كە هیچ كەسێك بۆى نیە لە دوو خول زیاتر خۆى كاندید بكات و وادەى سەرۆكى هەرێم درێژ بكرێتەوە ...كێشەكە لە دەرچون لە پرینسیپەكانى حیزب نیە دیاردە ترسناكەكە لێرەدایە كە یەكێتى كە حیزبى سوسیال دیموكراتە دەڵى پێشنیارى ئێمە بوو كە ئەم دوو فاقیە چى لاى پارتى و چى لاى یەكێتى سەرەتایەكە بەرەو دۆخێك كە چى تر پڕۆگرام و پەیڕەو پرنسیپە حیزبیەكان جۆرە گەمەیەكى كۆمیدیانەى گاڵتە جاڕییە ..كە دەبوو پێش هەموو گروپ و ڕێكخراوێك پارتى و یەكێتى دژى هەر پێشێلكاریەك ببونایەتەوە كە دەستور پێشێل بكات ..(بۆ بابەتێكى تر یەكێتى دەخەمە بەر پێوەرەكانى پەیڕەوى ناخۆى خۆیەوە) ..
لێرەوە دەكرێت ئەو پرسیارە لە ئەندامانى پارتى بكەین ئایا ئەگەر لەبرى بەڕێز مسعود بارزانى هەر كەسێكى تر بوایە لە دەرەوەى پارتى چى هەڵویستێكتان دەبوو ..؟ وە بۆ لە ناو هەم پارتى و هەم یەكێتى یەك دەنگمان نەبیست كە بڵێ ئەمە دژى دەستور و یاساكانە و قبوڵى ناكەین ..؟ وە بۆ نەمان بیست بڵین ئەمە دژى پەیڕە و پڕۆگرام و دروشمەكانە كە ئێمە خەباتى بۆ دەكەین و قبوڵى ناكەین..؟

دەكرێت ئەم پرسیارانە و ناوەڕۆكى ماددەكانى (29,30) و بەشى دووەم /لە بوارى پەرەپێدان و سستمى دادوەریدا / ماددەى (42) وە بەشى سێیەم / لە بوارى پەرپێدانى سستمى كارگێڕیدا / ماددەكانى (51,52,54) و وە لە بەشى چوارەم /لە بوارى پەرەپێدان و سیاسەتى ئابورى و دارایدا / ماددەكانى (57,59,63,64) وە لە بەشى هەشتەمدا /لە بوارى پەرەپێدانى سستمى كۆمەڵایەتیدا / ماددەكانى (93,96,99,104) وە لە بەشى بیست و سێیەمدا / لە بوارى كاروبارى ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنیدا / ماددەكانى (245,246) ڕو بە ڕوى بەڕێز مسعود بارزانى و هەموو ئەندامانى پارتى بكەینەوە كە ئایا پارتى تا چەندێ كارى كردوە لەسەر ناوەڕۆكى ئەم ماددانە كە ئەگەر ئەم ماددانە بكەینە پێوەر ئەوا بۆ خۆى لادانێكى زۆر هەیە لە كارو كردەوە و بێدەنگیەكى ترسناكیش هەیە بەرامبەر بەم خلیسكانە دەبوایە هەر كەس و لایەن و گروپێك لە دەستور و یاسا گشتیەكان دەرچوایە پارتى قبوڵى نەكردایە ئەگەر باوەڕیان بەم پەیڕەوە هەیە و دەیانەوێ پابەند بن پێوەى ئەگەر چى لەسەر زارى بەڕێز مسعود بارزانیەوە چەند جارێك وتراوە كە ئەو داخوازى هیچ پۆستیك ناكات و داواى لێدەكەن كەواتە ئەوانەى داواى لێدەكەن دەیانەوێ بەم داواكاریە پێشێلى هەموو یاسا و دەستورەكان بكەن هەڵەیەكى مێژوى بە كاك مسعود بكەن كە دەبوو خۆى قبوڵى نەكردایە ئەگەر چى تا ئێستا ئەم هەڵوێستەمان نەبینى .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە