داعش و گۆڕان
Wednesday, 25/06/2014, 12:00
هەموو جوڵەیەکى سەربازى..سیناریۆیەکى سیاسى لە پشتەوەیە ، هەر گۆڕانکاریەک لە هەر شوێنێکى جوگرافى ڕویدا ، ئەوا بێگومان تاکتیکێک و سیناریۆیەک دەیجوڵێنێ ، خۆ ئەگەر کارتى داعش لەلایەن بلۆکى (ئەمریکا + تورکیا + ئەوروپا + قەتەر + سعودیە + ئیسرائیل) ەوە بەکار بهێنرێت بۆ گەڕانەوە بۆ پڕۆژەکەى (جوبایدن) ئەوا لەبەرامبەردا (ئێران + ڕوسیا + ێین + سوریا + مالیکى) بونى هەیە و هەر وا بە ئاسانى لێ ناگەڕێن ئەم تاکتیک و سیناریۆیانە جێبەجێ ببێت ، ئەوەش دەزانین کە زۆر کات بلۆکى ئێران مامەڵە بە تاکتیکەکانى بلۆکى تورکیاوە دەکات ، بە مانایەکى تر ئەم کارت و شەڕانە دەفرۆشێت ، لە ئێستادا عێراق دەبێت بە سێ هەرێمەوە و هەرێمى بەغدادیش دەبێتە سەنتەر بۆ ئەم دابشبونە وەک کۆنفیدراڵى ، بەڵام هەر جوڵەیەک لە جوگرافیایەکى دیارى کرودا ڕوو بدات ئەوا بیگۆمان لە جوگرافیایەکى تردا کارتە نوستوەکان دەکەونە گەڕ ، واتا ئەگەر لە عێراق کارتى ناتۆ و تورکیا بەهێز بێت ، ئەوا لە گۆڕەپانەکانى تر جوڵە دەست پێ دەکات ، بە نمونە لە بەرامبەر کارتى داعشدا کارتى فەلەستین و حزب اللەى لوبناى دەجوڵێنرێت ، یان کارتى پەکەکە ، خۆ ئەگەر بە جۆرێ لە جۆرەکان سیناریۆ سەرەکیەکە دروست کردنى شەڕێک بێت لە ڕۆژهەڵاتى ناویندا لە نێوان شیعە و سونە ، ئەوا دورخستنەوەى شەڕە لە وڵاتانى دیموکرات بە تایبەت ئەوروپا و ئەمریکا ، واتا شەڕى ئیسلام و کافر دەگۆڕن بە شەڕى سونە و شیعە ئەم تحویل کردنە بۆ خۆى سیناریۆ گەورەکەیە .
ئێستە کورد لەگەڵ دراوسێیەک مامەڵە دەکات ، کە تا ئێستا جوگرافیایەکى دیارى کراوى نەبوە و دەوڵەت دارى نەکردوە ، تا جۆرى مامەڵەى گشتیان بزانرێت ، لە ناو ئەم سیناریۆ و تاکتیکانەدا کورد بەشێکە لە سیناریۆى بلۆکى ناتۆ ، لەگەڵ سەرکەوتنى داعشدا کورد توانى بگاتە داواکارییەکانى خۆى و ببێتە بەشێکى گرنگ لە ئابورى ئەوروپا و تورکیا و ئیسرائیل لە ڕێى غاز و نەوتەوە ، بەڵام ئێستە دراوسێ ى حکومى داعشە ، دەبێت بزانێت چۆن مامەڵەى لەگەڵ دەکات ، بە پلەى یەکەم پێویستى بە یەکگرتنى ڕاى کوردى و گوتارێکى یەکگرتوى کوردى هەیە سەبارەت بە کەرکوک و نەوت فرۆشتن و مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان ، خۆ ئەگەر پارتى لەسەر خەتى داعش تورکیا بێت و بیەوێت هەرێم وەک پێویستیەکى ئابورى بخاتە سەر ناتۆ ، ئەوا لەبەرامبەردا یەکێتى لەسەر خەتى ئێرانە و ناتوانێت هەر وا بە ئاسانى لێى دەربچێت ، هەر چەندە باجى ئەو هەرێمە جیاوازە وەک باجى شەڕ و فرۆشتنى شەڕ بە ئێران و ڕوسیاش دراوە ، کاتێک نیچیرەڤان دەچێتە ئێران و بارزانى دەچێتە ڕوسیا ، تا ئەوانیش سودمەند ببن و نەبنە کێشە ، بەڵام کاتێک یەکێتى دەچێتە سەر خەتى مالیکى + ئیرَان ، ئەو کات ئەوەى پێ ى دەوترێت یەک گوتارى کوردى تێک دەچێت ، خۆ ئەگەر کورد خۆى هێندە بە هێز بێت لە تاکتیک و سیناریۆ و لە ژێرەوە خۆیان بەرنامەیان بۆ داڕشتبێ کە بۆ ئەوەى ئێران کێشە نەنێتەوە بەم شێوەیە بکرێت ، ئەوا کورد گەیشتوەتە ئەوەى کە لە سیاسەت تێبگات ، خۆ ئەگەر وا نەبێت ئەوا کوردى زۆنى سەوز دەکەوێتە شەڕێکى سەخت لەگەڵ بەرەى سونە و داعش ، کە ئەمەش دورە لە مەنتقى سیاسیەوە ، چونکە تۆ خۆت سونیت و داعش سونیە و سنورت لەگەڵ داعش هەیە ، ناکرێت باز بدەى و لەگەڵ سنورى شیعە هاوپەیمان بیت ، ئەمەش دەکاتە گێلێەتى سیاسى یان قەرزارى سیاسى ، ئێران دەیەوێت بۆ پاڵپشتى مالیکى یەکێتى ئەم شەڕەى بۆ بکات چونکە قەرزارى بردنەوەى هەڵبژاردنەکانە و پەکەکەش لە نێوان ئیمراڵى و قەندیلدا ، کار بۆ ئەوە دەکات کە پرۆسەى ئاشتى کوردى تورکى لە زیندانەوە بە سەرپەشتى ئەوروپا و ئەمریکا بگەیەنێتە ئەنجام ، ئەو کات پەکەکەش دەچێتە سەر خەتى تورکیا و ناتۆ ، بە مانایەکى تر پەکەکە دەیەوێت پرۆسەى ئاشتى ڕێگایەک بێت تا کوردى ڕۆژئاوا و باکور ببەسێتەوە بە کوردى باشورەوە و بیخاتە سەر هێڵى ناتۆ ، ئەمەش لە نامەکانى ئاپۆدا بە ڕوونى دیارە... ئەو کات تاکە کارتى بە هێزى ئێران یەکێتى دەبێت بۆ دژایەتى ناتۆ، خۆ ئەگەر یەکێتى بەم شێوەیە سیاسەت بکات ئەوا کورد ناتوانێت سود لەم هەلە مێژووییە ببینێت .
هەموو ئەمانە ئە و ئەنجامەمان دەدەنێ کە بەرپرسیاریەتى بەرامبەر ئەم دۆخە ئاڵۆزە زۆر سەختە و دەبێت کورد بزانێت ئەم دۆسیەیە دەداتە دەست کێ .
گۆڕان و داعش لەم نێوەندەدا دەبنە خاڵى یەکلاکەرەوەى کێشەکان ، چونکە نەوشیروان مستەفا دەبێتە بەرپرسى دۆسیەى مەلەفى ناوچە کێشە لەسەرەکان و بەغداد و کۆى ئەو یارییانەى کە هەیە ، بە مانایەکى تر نەوشیروان دەبێتە داڕێژەرى تاکتیک و سیناریۆ کوردیەکان بە پاڵپشت و ڕاوێژى سەرۆکى هەرێم و هەموو حیزبەکان و لە پشتى پەردەوە کارئەکتەرە زەبەلاحەکە هەیە کە ناتۆ یە ، ئەمەش لە لایەن ناتۆوە دیارى کراوە (هاتنى داود ئۆغڵو بۆ لاى نەوشیروان مستەفا و دەعوەت کردنى بۆ تورکیا ، دانیشتنى نهێنى نێوان مسعود بارزانى و تورکەکان و نەوشیروان مسەتەفا لە پیرمام) واتا کاتێک ئەم دۆسیەیە دەدرێتە نەوشیروان مسەتەفا و وەزارەتى پێشمەرگە و دارایى بازرگانى دەدرێتە گۆڕان ، بە شێوەیەک لە شێوەکان تەواکارى بۆ سیناریۆکەى ناتۆ دەکرێت ، ئەگەر یەکێتى بزانێت سیاسەت بکات ئەوا ئەویش دەبێتە بەشێکى بەهێز لەم سیناریۆیانە ، کە بە تایبەت قوباد تاڵەبانى خۆى بە نزیک لە ئەمریکاوە دەبینێت .
کەواتە گۆڕان کە دەبێتە یاریکەرێکى سەرەکى ناو ئەم گۆڕانکارییانە ، لە چوارچێوەى گۆڕان بوون دەردەچێت و دەچێتە ناو چوارچێوەى مامەڵەى نەتەوەیەکەوە ...وە دەبێتە بەشێکى گەورەى ناو ئەم یارییانە و دەبێتە بونێکى هەقیقى لەسەر نەخشەى جیۆسیاسى و سیاسى و ئابورى وڵاتانى ناتۆ ، ئەو کات دەبێت هەموو هێزەکان یەکبخات و ئاراستەیان بکات بەرەو ئەو پلانەى کە کورد هەڵگریەتى و لە دیدى پیاوە سپییەکەدایە ، بە تایبەت لەگەڵ یەکێتى ، دەبێت هەموو ناکۆکیەکان بسڕێتەوە ، لەگەڵ پارتى هێزەکانى تر کۆکن لەسەر ئەم دۆسیەیە .
کەواتە داعش و گۆڕان خاڵى بەریەککەوتنى دوو هەرێمە دەبن ، ئەم ناوە دەگۆڕێت بۆ کورد و سونە ، ئەو کات دەبێت نەوشیروان مستەفا و دۆسییەکەى هەموو ئەم هاوسەنگیانە ڕابگرێت :
1. مەسەلەى فیدراڵى و سەنتەر بونى بەغداد .
2. مەسەلەى داعش و چۆنیەتى لێک گەیشتن وەک دوو هەرێمى دراوسێ لە عێراقێکى کونفیدڕاڵدا .
3. دۆسەیى نەوت و غاز و فرۆشتنى .
4. دۆسەیى دەستورى عێراق .
5. دۆسەیى ئەو ناوچانەى کە گەڕاونەتەوە سەر هەرێمى کوردستان .
6. چۆنیەتى مامەڵەکردن لە گەڵ پەیوەنیدەکانى نێوان (کوردستان + ئێران ... کوردستان +هەرێمى شیعە ..کوردستان + تورکیا ... کوردستان +هەرێمى سونە ... کوردستان + وڵاتانى ناتۆ ...هتدد)
هەموو ئەمانە دەبنە هۆى زیاتر کردنى سیناریۆ و تاکتیکەکان و پاشان ئەو یارییانەى کە کورد دەتوانێت لە بەرژەوەندى خۆیدا بیکات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست