ئەو ڕۆژانەى ئەمڕۆیان دروست كرد
Wednesday, 19/09/2012, 12:00
ماكیاج كردنى ئێستا و پشت كەوالیسەكانى ڕابردوو
خوێندنەوە بۆ هەر زەمەنێك پێویستى بە پێوەرى ئەكادیمیانە هەیە كە بتوانرێ بڵێین پۆزەتیڤە یان نیگەتیڤ ئەو كات دەتوانین ئەو رێچكانە دیارى بكرێت كە دەبنە پێوەر خۆ ئەگەر پێوەر دیموكراسى و كۆمەڵگاى مۆدێرن و كراوە و مافى تاكەكان وەك لیبرالیەت و دیارى كردنى چارەنوسەكانى مرۆڤ و یاساكان و چۆنیەتى دەسەڵات بێت ئەوا دەتوانین چەند شتێك لەسەر دەسەڵاتى ئەم هەرێمە بڵێین كە تا ئێستاش دواى 21 ساڵ هەر ئەو شۆڕشگێڕانەى شاخن كە نەیان توانیوە دەسەڵاتێكى تەندروست بەرهەم بهێنن بۆیە بۆ شەرعیەت دان بە خۆیان باشترین كەرەستە كەرەستەكانى ڕابردوە كە بیهێنن و دەست بكەن بە ماكیاج كردنى ئێستا , ئەوەى ئێستە ماكیاجى دەسەڵاتەكان دەكات پیاوانێك بوون لە پشت كەوالیسەكانى دوێنیەوە هاتون كە ناتوانن لە چمكى حكومى شارەكان و هەرێمێك تێبگەن دێن و جۆرەها ماكیاج بەكار دەهێنن بۆ شەرعیەت دان بە خۆیان ..بۆ نمونە ئەگەر بڵیێن بۆ سستمى دەسەڵات نەبێتە پەرلەمانى ئەم سستمى سەرۆكایەتیە ئەزمون دەریخستوە دەبێتە هۆى باڵادەستى تەنها كەسێك بەسەر نوێنەرانى خەڵكەوە كە پەرلەمانە یەكسەر ئەدەواتى ماكیاجەكە دێنن و پیاوێك لە پشت كەوالیسەوە دەهێنن و ماكیاجى بۆ دەكەن كە ئەو شۆڕشگێڕى دوێنیە و دەتوانێت ئەمڕۆش ببێتە داهێنەرى سستمى نۆى ..خۆئەگەر بپرسیت بۆ سەرۆكەكانى حكومەت و سەرۆكەكانى پەرلەمان هەر كۆڕانى كۆن و خەباتگێڕى شاخەكانن یەكسەر دەڵێن (برا ئەو هەزاران ئاڕ.بى.جى تەقاندوە سەدان دەبابەى تیك و پێك شكاندوە دەیان شەڕى دەستەو یەخەیان كردوە) ئەم كەرەستانەى ماكیاج بەكار دەهێنن لە كاتێكدا ئەلف بایەك لە بنەماكانى حكومڕانى و دیموكراتیەت و ماف و ئەركى تاك نازانن.. هەرێمێك پڕ لە دروشمى ماكیاج كراو پڕ لە پیاوە پیرەكانى سەدەى ڕابردوو دەسەڵاتێك پڕ لە حوكمى بنەماڵەیى كە هەموو شوێنێكیان داگیر كردوە هەر لە پەروەردە و تەندروستى و بازاڕ و بازرگانى و .هتد , ماكیاجەكان گەیشتونەتە ئاستێك كە شەرعیەت بدەن بە پاوانكردنى داهاتى گشتى بە تایبەت ببنە خاوەنى بیرە نەوت و پاڵاوتگە و كاتێك چاوێكى چاودێرى بپرسێت چۆن ئەمانە بونە خاوەنى داهاتى گشتى ماكیاجەكان دەخەنەوە كارو دەڵین دەبابەخۆر بوە ..لە هەرێمێكدا دزەكانى ڕابردوو ڕێكەوتون و كار لەسەر بە كاڵاكردنى تاكى ئەم هەرێمە دەكەن ئیتر چۆن دەتوانن ببنە ئەو شۆڕشگێڕانەى كە سستمێك بەرهەم بهێنن ببێتە هۆى رێكخستنى بزاوتەكان و دەستاودەستكردنى دەسەڵات و هێنانە پێشەوەى گەنجان بۆ ناوەندەكانى بڕیار ..پیاوانى ئەمڕۆى دەسەڵات كەلە پشت كەوالیسەكانەوە دینەدەرێ بە فلتەرى ئەو ساڵونانەدا دێنە ئێستاوە كە پڕە لەو ماكیاجانەى ڕابردوو كە دەبێت هەمومان بە درۆ قەناعەت بكەین كە ئەو ڕۆژانەى ئەمڕۆیان دروست كرد هەر گەنج و تواناى بەڕێوەبردنى لایەك لە جیهانیان هەیە هەموشمان دەزانن كە ماكیاجەكان چەند ناشیرینن بەڵام دەبێت گێلانە یان لەبەر نانى مناڵەكان بڵێن بەڕاستى پیاوانى پشتى كەوالیسى رابردوو بزوێنەرى سەدساڵى داهاتوشن بەردەوام هەر تازە دەبنەوە وەك ئەوەى هەمومان بڵێن ئیمەى گێل بەردەوامین لەسەر ئەوەى كە ئەو ڕۆژانەى ئەمڕۆیان دروست كرد دەتوانن سبەینێش دروست بكەن ئیتر دەبینە ئەو هەرێمەى كە هەموو جوڵەكان و بزاوتەكانى كۆمەڵگا و سستمێكى باش بۆ دەسەڵات توشى ئیفلیجیەكى گەورە بكەین خۆ كۆمیدیاكە لێرەدایە ئەوانەى كە وەك پێویستى شۆڕش ئەمڕۆیان دروست نەكردوە هەر ماكیاجەكە دێننەوە و دەڵێن دروستمان كردوە بۆیە دەبێت دەسەڵات و كۆمەڵگا لە ژێر حكومى كۆمەڵێك نەخوێنەوارى پشتى كەوالیسەكانى ڕابردودا بێت ماكیاجیان بۆ بكەین بڵێین تەواوە ئەمڕوتان دروست كرد بەڵام كۆمەڵگایەكى تەمەڵ و مشەخۆر و خێڵەكى و دەسەڵاتێكى گەندەڵتان بەرهەم هێنا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست