مەرگى کاوە گەرمیانى .....و.... ئاماژەکانى
Friday, 06/12/2013, 12:00
مەرگى کاوە تەنیا کوشتنى کەسێک نیە کە وا لێکبدرێتەوە ، کاوەیەک دەکوژرێت یەکسان بێت بە کوشتنى کەسێک وەک داتا و ژمارە ، بەڵکو لەپشت کوشتنى کاوەوە دنیایەک ئاماژە هەیە ، دنیایەک نامە هەیە ، کە دەکرێت هەر نامەیەکیان بۆ هەر تاکێکمان بێت و بچێتە گیرفانى هەر کەسێکمانەوە ، ئەم نامانە هەڵگرى دروشمگەلێکن کە دەکرێت وەک دیاردەى ترس و ستەمکارى ببێتە بەشێک لە ژیانمان و هەموو ڕۆژیک یەخەمان بگرێت،کوشتنى کاوە کوشتنى هەموو ڕەهەندەکانى ئازادى و ئاماژەیەکیشە بۆ ئاراستەیەک بەرەو مافایى بوونى ئەم هەرێمە،مانایەک بۆ دیموکراسى ناهێڵێتەوە ، ئەم کوشتنە درێژکراوەى ئەو ڕەوتەیە کە لە عبدالستار تاهر و سۆرانى مامەحەمە و زەردەشت عوسمانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بەردەرگاى هەر تاکێکمان ، کە بیەوێت لە ڕێى نوسینەوە کار بۆ قۆناغێکى نوێ بکات ، چى تر باڵادەستى حیزب نەمێنێت و یاساکان سەروەر بن و ماف و ئەرکى هەر تکێکمان دیارى کرا بێت ، بە شێوەیەک ئەوەى پێ ى دەوترێت دادەورى کۆمەڵایەتى سەرەتاکانى دەر بکەوێت ، ئەم نامانە هەڵگرى پەیامێکن کە لەم هەرێمەدا دواى هەڵبژاردنەکان ئەوە دەردەخات کە مەرگ دۆستى و یەکسان کردنى نوسین بە کوشتن دەبێتە ئەو دروشمانەى کە ڕۆژانە دێتە بەرچاومان ، ئەمەش بەوێنەیەک وەک کۆمیدیایەک بڕوانینە ئەو دروشمانەى کە حیزبەکانى ناو دەسەڵات هەڵیان گرتوە کە لۆگۆیەکن هێندەى سانادریسیانە دەبێت هێندە نابێتە بناغەیەک کە لە کاوەوە یان لە نوسەرێکى کەوە کۆتاى بێت ، بە پێچەوانەوە ئەم مەرگە مەرگێکە دەکرێت بە مەرگى ئەم هەرێمە ناو بنرێت ، مەرگى کاوە مەرگێکە بۆ هەموو ماڵەکانمان دێت و مەرگى باخچەیە لە نێو ژیاندا ، مەرگێکە لە نوسەرێکەوە کە باوکى بەشێکى دانەبڕاو بێت لە پێشمەرگایەتى و هەڵگرى دروشمى ئەو شۆڕشگێڕانە بوو بێت کە شۆڕشیان بۆ ئازادى کرد ، ئێستە هاوڕێکانى باوکى دێن و لەبەردەم منداڵەکانیدا مەرگى بۆ دەبەن ، فرمێسک دەکەنە دیارى و پاداشتى باوکى بۆ نەوەکانى کاوە... کە دەکاتە دوو ڕووى هەندێک لە شۆڕشگێڕەکانى شاخ ، ئەوانەى کە بە مانا شۆڕشگێڕییەکەى خزاون و لایان داوە لە مانا مۆڕاڵیەکانى شاخ ، فرمێسکى ئەو منداڵە دەبوایە ببوایەتە شۆڕشێک،مەرگێکە هێندەى تر سەرانى دەسەڵات ناشیرینتر نیشان دەدات ، هەموو ئەمانە دەکاتە ئەوەى بڵێین... هەموو مەرگێک دەبێتە سمبولێک بۆ دروست بوونى هەزاران نوسەر و خاوەن وشەى تر ، ئەوە ئەو گێلە پیاوانەن کە پێیان وایە بە کوشتن دەتوانن ڕێ لە ئازادى و دروست بوونى قۆناغى نوێ بگرن ، ئێوە کە دەمان کوژن ئێمە وشەمان پێیە ، ئێوە کە دەمانکوژن ئێمە دروشمى گۆڕانێکى بابەتى و قۆناغێکى نوێمان پێیە ، ئێوە کە دەکوژن شەقام دەگرى ، ئێوە کە دەکوژن قەڵاى شیروانە قورگى مێژوو دەگرێ ، ئێوە کە دەکوژن سیروان پڕ دەمى دەبێت لە تف و بەرەو ڕووى مێژوومان دەچێت ، ئەم کوشتنانە کوشتنێکن کە دەکرێت خوێندنەوەى زیاترى بۆ بکرێت بەوەى لەسەر ئاستى فەرهەنگەى و کۆمەڵایەتیدا هەموو بزاوت و جوڵەکان دەبێتە کۆمیدیایەکى گاڵتەجارى لەلاى ئێوە ، بەڵام لە سەر ئاستى زانستى گۆڕانەکانى کۆمەڵگا بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە ، بۆیە ئەوەى بیەوێت بە مەرگ رێ لە حەشامەتى مێژوو بگرێت و ئالیەتى گۆڕانکارى گشتى بگرێت... وەک ئەوە وایە بە بێژنگ بەرى تیشکى خۆر بگرێت ،، بۆیە ئەمە دوا مەرگ نابێت لەسەر دەستى قەسابەکانى ئازادى و دوا هەوڵیش نابێت بۆ گوِرَانکارى گشتى .
ئەم بابەتە لەلایەن هەردوو (بەختیار شارەزورى و بەهادین ئەحمەد) نووسراوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست