پارتى لە خەمى دارشەقەكەیدا
Tuesday, 25/12/2012, 12:00
یەكێك لە قۆناغە زیندوەكانى شۆڕشى نوێ قوناغى كۆمەڵەى ڕەنجدەران بوە كە بۆ خۆى بەدەر لە بنەماڵەو خێڵەكان لەسەر بنەماى فكر و حیزبى شۆڕشگیر بەرگرى لە نەتەوەیەك دەكرد كە لەسەر ئاستى ناوخۆ سەرەتایەك بوو بو تێپەڕاندنى قوناغى فیودالى و سەرەتاى دەركەوتنى شۆڕشێك بوو لەودیو سنورەكانى خێڵ و بنەماڵەوە بە واتایەكى تر تێپەڕاندنى ئەوەى پێى دەوترێ شۆڕشى بنەماڵەكان و خێڵەكان خۆئەگەر پێش ئەم مێژوە قۆناغى كاریگەرى بنەماڵە و خێڵ بو بێت ئەوا بۆ خۆى بەرزانى و خێڵەكان لە شۆڕشى ئەیلولدا كە هەموو كورد لەسەر بنەماى خێڵ بەشدار بون تێدا و مۆركى گشتى پێوە دیار بوو بە شێوەیەكى باش تیپەڕێنرا بەڵام لە دواى هەرەسە و قۆناغى بنەماڵە و خێل كۆتایى دێت لەسەر ئاستى جیهانیش بە تایبەت لە ئێستادا بە هۆى فراوانبون و ئاسانكارى پەیوەندیەكانەوە كە ئەزمونى وڵاتانى پێشكەوتو بە كلیكێ دەبینى قابیلى هەزم كردن نیە لاى نەوەى نوێ ئەمە بۆ خۆى ئەو ئاماژەیەمان دەداتێ كە هێنانە ئێستاى ڕابردوو و دوو بارەكردنەوەى مێژوو كۆمەڵگا توشى وەستان و ئیفلیجى دەكات لە قۆناغەكانى بزاوت و پێشكەوتندا كە پێم وایە ئەگەر چى كۆمەڵگاى كوردى تا ئاستێك پێشكەوتنى بە خۆیەوە دیبێ بەڵام لە لایەن نوخبەیەكى خێڵەكیەوە ئەوە سەپێنراوە كە دەبێت بنەماڵە حوكم بكات ئەم هەڵەیەش هەڵەى ئەو سیاسیانە بوون كە لە شۆڕشى نوێدا دەركەوتن كە نوخبەیەكى (ئەفەندى) ڕۆشنبیر سەرلە نوێ لە دەرگاى پشتەوە خێڵیان هێنایە ژورەوە و جارێكى تر كەوتینەوە بەر حوكمى (ویراسى) و بنەماڵییەوە هەڵەكە ئەوەندەى لە سەرانى یەكێتیەوەیە بە كۆنەكانى ناو گۆڕانیشەوە هێندە لە بنەماڵەكانەوە نەبوە چونكە قۆناغى بنەماڵەیى بەرو كۆتا بون دەڕۆیشت و بنەماڵە تەنها لە چەند پەیوەندیەكى خێزانى كۆمەڵایەتیدا دەسەڵاتیان هەبوە نەك پرۆسەى سیاسى كە ئەمەش لەم قۆناغەدا توشى دەیان هەڵەى سیاسى گەورەى ناخۆیى و دەرەكى كردوین چونكە كەسانى بنەماڵە مەرج نیە سیاسیەكى باش بن بە جۆرێكى تر شۆڕشى نوێ هەزاران شەهیدى لە هەموو چین و توێژەكان داوە و ڕوبارێك خوێنیان دروستكردو بنەماڵە لە ڕێى گڵوپى سەوزى سەركردە ڕۆشنبیر و سیاسەكانەوە بە بەلەم بەناو ئەم ڕوبارە خوێنەدا هاتنەوە سەر كورسى دەسەڵاتى سیاسى بە جۆڕیكى تر لە دواى ڕێكەوتنى ستراتیژیەوە پارتى كەوتە سەپاندنى حوكمى بنەماڵەیى كە لە مێژودا پارتى و ئەیلول شۆڕشى هەموو خیڵەكان بوە نەك تەنها بنەماڵەیەك كە دەیەوێت ئەمە دوبارە بكاتەوە و جوگرافیاى كۆمەڵگا دابەش بكات بەسەر چەند خێڵێكدا بیخاتە ژێر دەستى یەك خێڵ و یەك بنەماڵەوە بگرە یەكێتى بوە ئەو دارشەقەى كە هێزى ڕۆشتنى داوە بە پارتى و یەكێتیش كشانەوەى قورسى لە بنەما فكریەكان و شۆڕشەكەى كرد و و هەموو بڕیارەكانى لە جەستەى سكرتێرێكدا كۆكردەوە بۆیە بە ون بونى ئەم سكرتێرە پارتى ترسى ئەوەى هەیە داشەقەكەى نەمێنى و ئەوەى پێ ى دەوترێ بزوتنەوەى گۆڕان كە مۆركى كۆمەڵەى پێوەیە بەهێز نەبێت لە ڕو بە ڕوبونەوەیدا ڕوبەڕوى بونەوەیدا بۆیە پارتى بە وردى كار لەسەر ئەم دارشەقەدەكات و كردویەتى.. با بپرسین چۆن ..؟
لە كاتى بونى مام جەلال بە پێ ى ڕێكەوتنى ستراتیژى كە پۆستەكانیان دابەش كردبوو زۆربەى ئەو پۆستانەى یەكێتى بە پلەبەندى و لەسەرخۆ دەبونە كارتۆنى ئەمەش لە ژێر پرۆسەیەكى دراسەكراوى وردا ئەڵبەت وڵاتانى دراوسێ كە دوژمنى مێژویى كوردن پشتگیریان لە بونى بنەماڵەكان دەكرد تا كورد لەم هەرێمەدا نەتوانێن پێش بكەوێت و قۆناغەكانى گەشەسەندنى كۆمەڵگا بگۆڕێ واتا كە بنەماڵەكانى گرت هەموو كورد لەم هەرێمە دەگرێت كە ئەمەش هۆیەكى زیندوە لەم هاوكێشەیەدا , هەر بە پێى ئەم ڕێككەوتنە ستراتیژیە جێگرى سەرۆكى هەرێم پۆستى یەكێتى بووە كە نەیتواینیوە وەك پێویستى پۆستەكە كار بكات بگرە بێدەنگ ترین جێگر بووە لە ئاست ڕوداوەكاندا بگرە لە كاتى سەفەركردنى سەرۆكى هەرێمدا كە دەبێت جێگرەوەكەى سەرۆك بێت نەیتوانیوە بچوكترین دەسەڵاتەكانى سەرۆكى هەرێم بەكار بهێنێت و بگرە لەمەش كەمتر وەك جیگرى سكرتێر و پێگەى خۆى لە هەولێردا نەیتواینوە كارى حیزبى خۆشى بكات لە كاتێكدا كۆسرەت ڕەسوڵ كادرێكى كاراى ناو كۆمەڵە و كەسێكى چالاك بوە لە هەموو ڕوبەڕوبونەوەكانى شۆڕشى نوێدا و كوڕى بنەماڵە نەبوە و كە ئەم كارتۆنى بونە لە پۆستەكانى ترشتدا هەروا بوە بە نمونە جێگرى سەرۆكى حكومەت و جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم هەموو ئەمانە ئەو وێنەیەمان دەدەنێ كە بنەماڵە لەم قۆناغەدا بە دارشەقێك دەچێت بە ڕێوە كە پێویستە بۆ مانەوەى خۆى پارێزگارى لێ بكات تا بەردەوام بێت لە ڕۆشتن بۆیە دەكرێت بڵیین یەكێتى دواى تاڵەبانى و یەكێتى سەردەمى كۆسرەت ڕەسول ئەگەر لەبەر یەك هەڵنەوەشێتەوە ئەوا ئەو یەكێتیە بێدەنگ تر دەبێت لە یەكێتى قۆناغى تاڵەبانى بە تایبەت لە دواى دەركردنى بەلاغەكەوە .
ئەمڕۆ یەكێتى زیاتر ئەركى بەرەو پێشچونى كۆمەڵگاى دەكەوێتە ئەستۆ لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكى مێژویدایە بەوەى قۆناغى خێل و بنەماڵە ببڕێت چونكە لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و پارتیدا ئەو هێزەیە كە هاوسەنگى دیارى دەكات بەوەى كە سسیتمى سەرۆكایەتى بگۆڕێت بە پەرلەمانى كە بۆخۆى سەرەتاى گۆرَینى دەسەڵاتەكانە لە كۆمەڵگایەكى بنەماڵەییەوە بۆ كۆمەڵگایەكى مۆدێرن و سەروەرى یاساكان و مافەكانى تاك و كرانەوەى دەسەڵات و تواناى سەركردە بە بێ پشت بەستن بە حوكمى پشتاو پشت ئەویش یان بە كۆكردنەوەى دەنگى زۆرینە لە پەرلەمان بۆ گۆڕینى و گەڕاندنەوەى دەستور و ئەو یاسایانەى كە ڕەهەندى نیشتمانیان هەیە یان بە تەوافقى سیاسى هەموو حیزبەكانى ناو پەرلەمان .
خەمخۆرى پارتى بۆ لێكنەترازانى یەكێتى لەوێوە سەرچاوە دەگرێت كە پارتى لەم قۆناغەدا زۆر پێویستى بە یەكێتیەكى بێ دەنگ هەیە وەك ئەو دارشەقەى كە پێویستى پێیەتى سەركردەكانى ناو یەكێتیش بە بێ هیچ مەرجێ ئەمە قبوڵ دەكەن لە بەرامبەردا پارتى دڵنیایى پاراستنى سەرمایەكانیان بدات لە بەرامبەر بزوتنەوەى گۆڕاندا چونكە خۆیان باش دەزانن كە نەوشیروان مستەفا كەسێكە دەیەوێت لە ڕێ ى جێبەجێكردنى یاساوە دەەسەڵات بگرێتە دەست و كۆمەڵگاش بەرەو وریابونەوەیەكى خێرا دەڕوا و ئەو كات لە قۆناغێكى ترى هەڵبژاردندا یەكێتى بچوكتر دەبێتەوە لە بەرامبەر پارتى و بزوتنەوەى گۆڕاندا بۆیە دەكرێت بڵێین هەوڵى پارتى بۆ لەدەست نەكەوتنى دارشەقەكەیەتى ئەیەوێت مانەوەى خۆى بسلەمێنیت ئەو كات لاى تاكى دەنگدەرى یەكێتى ئەم پەندە دوبارە دەبێتەوە (ئەوەى بە شیرى گەرم زمانى سوتابێ فوو لە ماستاویش دەكات)
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست