زانكۆى سلێمانى پانتاییەك بۆ تێك شكاندنى بتەكان
Wednesday, 27/04/2011, 12:00
هەر كۆمەڵگایەك بە پێ ى پێكهاتى خۆى وەك بزوێنەر بەرەو ئاراستەى گۆڕان نوخبەیەك كارى لەسەر دەكات كە تێفكرینى ئەم نوخبەیە دەبێتە ئەو ڕێگایەى كە دەمانباتە بەردەم دنیایەك كە دەكرێ هەڵگرى پێناسى ئازادى تاكەكان بێت.. ئەمە بۆ خۆى ئێستە لە سەرجەم ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دەبێتە خولقێنەرى ئەو دنیایەى كە ئێمە ڕۆژانە لە ڕێ ى ئەنتەرنێتەوە بەریەك دەكەوین كە تێدا ماف و ئەركەكان لە چوارچێوەى سستم و یاسایەكدا دیارى كراوە بە تایبەت سایتەكان و یەكەكانى چات و..facebook ..paltalk ..tagged ..skype ..twitter ئەو دنیایەى كە ئەم نوخبەیە داواى دەكات یەكسان كردنى مرۆڤە بەرامبەر مرۆڤ نەك جەلاد و كویلە ئەمڕۆ.. لەم هەرێمەدا كە جگە لە حوكمێكى بنەماڵەیى و پیرۆزكردنى تاك و لە بەرامبەریدا بە كۆیلە كردنى تاكەكانى تر هیچى تر لە سەر ئەرزى واقع بونى نیە بۆیە كاتێك تاكێكى خوێندەوار دەكەوێت بەردەم ئەم حوكمە مێگەلیە ناتوانێت هەزمى بكات و سەقفى داواكانى زۆر گەورەترە لە بچوكى دەسەڵاتى حكومكەر و سستمى خێڵەكیانە ئیتر بەر یەككەوتنەكان زیاد دەكەن , لەم نێوەندەدا نوخبەى ڕۆشنبیر دەبنە هەڵگرى مرۆڤ دۆستى بە تایبەت لە ناو هەرێمەكەى خۆیدا چونكە ئەوان واتا دەسەڵات 20 ساڵە بت دروست دەكەن و پێمان دەڵین دەبێ سەرى كۆیلایەتیمان نەوى بكەین بۆ بتەكان ئیتر ئەم نوخبە دەكەوێتە بەردەم لێپرسراویەتیەوە بەوەى نەهێڵێت كەرامەت و حورمەتى تاكەكان لە ناو بۆتەى پرۆسەیەكى كۆیلایەتیدا ئەتك بكرێ .. ئێستە لەدواى ئەوەى كۆمەڵێك شۆڕشگێڕ پێیان وابوو كە شۆڕش نەك هەر ئامانجەكانى نەهاتوەتە دى بە پێچەوانەوە دەرئەنجامى شۆڕش كوشتنى هەموو بەها پیرۆزەكانى شۆڕش بووە بۆیە ویستیان لەبەردەم نەوەیەكى نوێدا كار بۆ بەهاكانى مرۆڤى ئەم هەرێمە بكرێ پاشان كۆمەڵێك نوسەر بونە پێشڕەو و چونە پاڵ ئەم نوخبە ڕۆشنبیرە بۆ گەڕانەوەى متمانە بەو دروشمانەى كە شۆڕش بە ئامانجى خۆى دادەنا ..لێرەوە زانكۆ كان بە تایبەت زانكۆى سلێمانى وەك هەمیشە بە مامۆستا و خوێندكار و فەرمانبەرەوە دەبنە سەنتەر بۆ گۆڕانە گەورەكان زانكۆى سلێمانى توانى ئەو مەسجە بدات بە دەسەڵات كە چى تر ناتوانن بتخانە دروست بكەن ئەو مەسجە بوو كە كۆیلەكانى لە بێ دەنگیەوە فێرى زمانى وتن كرد زانكۆى سلێمانى هەموومانى بردە بەردەم بتە جەلادەكان و وتیان چى تر ئێوە كۆیلە نین دەتوانن ئەم بتانە بشكێنن پێان وتین ئەوە دەسەڵات نیە ئێمە دروست بكات ئەوە ئێمەیت دەسەڵات دروست دەكەین ئەوە ئێمەین كە بە خوێنى خۆمان تەلارێكمان دروست كردوە دەبێت هەمومان تێیدا بحەسێینەوە نەك گروپێك بیكەن بە مەعبەدى بتەكان , زانكۆى سلێمانى دەبێتە ناوەندێك بۆ ئەو هاوارانەى كە لە ژورە تاریكەكانى دەسەڵاتدا دەخنكێن دەبێتە زمان بۆ ئازادى دەبێتە ژیان بۆ باخچەكانمان زانكۆى سلێمانى ئێستە بوەتە ناوەندێك بۆ كوشتنى بە بت كردنى بەشەر لە بەرامبەر بەشەرەكانى تردا زانكۆى سلێمانى زانستگایەك بۆ لە دایك بونى دەنگى نوێ و كوشتنى ئەقڵى دۆگمایى ناوەندێك بۆ دنیا بینى تازە و ڕوخانى دیوەخانى پاشاكان شوێنیك بۆ ئازادكردنى كۆیلە و ڕوخانى بتەكان لەم ناوەندەدا كەس لەكەس پیرۆزتر نیە ئەوەى كە تەنها لە خەیاڵدانى تاكى ئەم كۆمەڵگایەدا هەبوو كە تەنها بۆ خۆمان باس دەكرد لێرە بە هاوارەوە دەوترێ كۆنەپەرستەكان سەرا بسوتێنن زانكۆى سلێمانى هەزاران سەراى تیا لە دایك دەبێت ئێستە زانكۆ هەر یەكەو دڵۆپێ خەمى دایكانى شەهیدانى هەڵگرتووەو بتەكانى پێ دەشكێنن چى تر زانكۆ ڕازى نابێت دیارى دەستى دەسەڵات چەند بتێك بێت.. ئەوە زانكۆیە هەموو بتەكان بە شكاوى دەنێرێتەوە بۆ ماڵى دەسەڵات و دەڵێت ئەو كۆشكەى كە بە خوێنى ئێمە دروست بوو ئێوە ناتوانن واژۆى گرێبەستەكانى تیدا بكەن ئەوەتا هاوار دەكەن :
حكومەتمان میلیشیایە
نەوت خۆرى ساوایە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست