لە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتەوە بۆ حكومەتی بێ ئۆپۆزسیۆن
Wednesday, 06/11/2013, 12:00
لەپاش 2009وە سیستەمی حكومڕانی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان شێوازێكی نوێ هاتە ئاراوە ئەویش لە پێكهینانی كابینەی شەش دەركەوت كە پارتی و یەكێتی و چەند حزبێك بوونە بەرەی دەستەڵات و حكومەتیان پێكهێنا ولە بەرامبەریشدا سێ حزب(گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد ،پارتی و یەكێتی بە پابەند بوون بەو ڕێكەوتنە ستراتیژیەی كە لە نێوانیان بوو حكومەتیان پێكهێنا بەڵام هۆكاری بوونە ئۆپۆزسیۆنی ئەو سێ حزبە جیاواز بوو لەیەكتر هیچ ڕێكەوتن و پەیمانێكی پێشوەختە لە نێوانیان نەبوو ئەتوانم بڵێم ئەو هاوپەیمانیە یەك بەرە ییە(ئۆپۆزسیۆن)سەرەتاكەی خۆرسكانە بوو چونكە جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە ڕایانگەیاند كە ئەوان بەشداری حكومەتێك ناكەن كە پارتی و یەكێتی پێكی بهێنن بەڵام بەپێچەوانەوە دوو حزبە ئیسلامیەكە وەك چۆن پێشتر لە كابینەكانی پێشوو بەشداری حكومەت بوون لەگەڵ پارتی ویەكێتی لە كابینەی شەشەم بە تموحێكی زیاترەوە ئامادەی بەشداری حكومەت بوون لەگەڵ پارتی و یەكێتی بەڵام پارتی و یەكێتی ڕازینەبوون بە پێدانی وەزارەت و پۆستێكی ئیداری كە زیان لە بەرژەوەند حزبی یان بدات بەمانایەكی تر ڕازی نەبوون بەو داواكاری و خواستە كۆمەڵ و یەكگرتوو بۆیە ئەوانیش ڕێگەی ئۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد لە پەرلەمان و لە 4 ساڵی ڕابردوو بەردەوام بە سێ قۆڵی یەك بەرە دژی دەستەڵات بوون و لە ڕاگەیاندنەكانیانەوە ڕەخنەیان لە ئەدا و كاری دەستەڵات گرت زۆرجار ڕەخنەشیان لە وحزبانە دەگرت كە هاوپەیمان و هاوبەشن لە حكومەت لەگەڵ پارتی و یەكێتی دەگرت گەلێ جار ئەیان گوت ئێمە مۆدێلێكی تازەمان هێناوەتە كوردستان و ناكرێ تاسەر بەشدار لە گەندەڵی لەگەڵ دوو حزب كە سەروەت و سامانی نەتەوەیان قوت داوە و بە ئارەزووی خۆیان بەفیڕۆی دەدەن بۆیە پێویستە چاودێرێك هەبێت بۆ ئەوەی كە چیتر نەهێڵن گەندەڵی بەردەوام بێت و سامانی میلەت بۆ دوو حزب بێت بۆیە ئۆپۆزسیۆن دروست بووە كۆتایی بەبێدەنگی هات
هەرچەند زۆركات هەڵوێست و كارەكانی هەندێ لە ئۆپۆزسیۆنم پێ جوان و باش بووە و جێگەی دەست خۆشی وپێزانین بوون بەڵام ئەوەی دەبیستین و دەوترێ و چاوەڕوان دەكرێ لە داهاتوو پێچەوانەوە ی ڕابردوو ببنەوە بەمانایەكی دیكە لە خولی چوارەمی پەرلەمان ئۆپۆزسیۆن بوونی ئەو سێ لایەنە بوونی نابێت و ئەوانیش دەبنە شەریكە بەشی پارتی ویەكێتی و بەشداری كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم دەكەن، بەشداری كردنی ئەم سێ حزبە(گۆڕان یەكگرتوو كۆمەڵ) لەگەڵ پارتی ویەكێتی لە پێكهێنانی حكومەت هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پاش ئەو هەوڵ ئاواتەی چوار ساڵی ڕابردوو ویستیان كابینەی داهاتووی حكومەت خۆیان دەستەڵات بگرنە دەست و جێگرەوەی پارتی و یەكێتی بن بەڵام نەیانتوانی لەهەڵبژاردن ئەو هیوایە بەدەست بێنن لەلایەكی ترەوە هۆكاری بەشداریكردنی ئۆپۆزسیۆنی ڕابرادووی لە حكومەتی داهاتووی هەرێم ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو گوشارە ئابووریەی كە لە چوار ساڵی ڕابردوو توشیان هات وە ئارەزوو خواستیان بۆ پارە و ئیمتیازات لەئەنجامی وەرگرتنی دەستەڵاتی ئیداری و سوود مەند بوونیان لە داهات و ئەو سەروەت وسامان ، لەكاتێكدا لە چوار ساڵی ڕابردوو هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بە راگەیاند و كادر و ئەندامەكانیانەوە ئەیانگوت بوونی ئۆپۆزسیۆن پێویستە بۆ ئەوەی چاودێری حكومەت بن و نەهێڵین بە پارتی و یەكێتی دەستەڵات و سامانی میلەت ببەن بۆ خۆیان ,ئۆپۆزسیۆن شتە شاراوە و نهێنیەكان ئاشكرا دەكات لە ئێستەشدا ئۆپۆزسیۆن بەنیازی بەشداریكردنە لە حكومەت و كابینەی هەشتەم چونكە حكومەت بەبێ ئەو سێ حیزبە فەشەل دێنێت " پرسیار لێرە ئەوەیە ئەگەر حكومەتی بنكە فراون پێكبهێنرێت ئایا كێ چاودێر ئەبێت بەسەر كارەكانی كابینەی هەشتەم ؟ ئایا ئۆپۆزسیۆن هەمیشە ڕەخنەی لە كارەكانی دەستەڵات هەبوو ئەی ئەبێت ئەمجارە كێ رەخنە لە خۆیان بگرێت لەگەڵ دەستەڵاتن ؟ ئایا پارتی و یەكێتی دەستبەردای نەوت وسامانی گشتی بوون وا ئۆپۆزسیۆن بێدەنگ بوو ؟ ئایا زەروورەتی كوردستان هەر ئەوەندەی خواست بۆ ماوەی 4 چوار ساڵ ئۆپۆزسیۆنی حكومەت بەردەوام بێت پاشان حكومەت بێ ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست