کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بەرگریکردن لە ئازادی چەند تێزێک دەربارەی سکاڵاکەی یەکێتی زانایان لە هاوڵاتی بەشی یەکەم

Sunday, 05/12/2010, 12:00


یەکێک لەپێوەرە هەرە راستەقینە و بەرجەستەکان بۆ دەستنیشانکردنی زیندوێتی و گەشەی هەر نەتەوەیەک بریتییە لە بوونی ئازادی، بۆ ئەوەی بزانین کۆمەڵگایەک، نەتەوەیەک چەند زیندووە ئەبێت سەیری ئەوە بکەین کە تا چەند ئازادە و تاچەند مرۆڤ وەک تاک بوونی هەیە و ئازادە، ئازادی بە مانا هەرە فراوانەکەی جەوهەری بوون و زیندوێتی ژیان و مرۆڤ پێکدێنێت و هیچ شتێک هێندەی ئازادی مانا و زیندوێتی بە ژیان نابەخشێت و نابێتە سیمای پێشکەوتن و بەردەوامی، بەپێچەوانەشەوە هیچ شتێک هێندەی سەرکوتکردن و سنووردارکردنی ئازادی ژیان بێ مانا ناکات و نابێتە سیمای کۆمەڵگایەک کە غەرقی کارەسات و ستەمکاری بێت، ئازادیش پێش هەموو شت ئازادی عەقڵە، ئازادی بیرکردنەوە و بیناکردنی هۆشیارییە، ئازادی تەفسیرکردنە بۆ عەقڵ و ئایین و مرۆڤ و گەردوون، ئەگەر تاکەکەس لەسەر ئەم تایپە لە ئازادی رانەهێنرێت و ئامادە نەبێت بەرگری لەم ئازادییەی خۆی بکات هەرگیز ناتوانێت بەرگری لە ئازادی نەتەوە بکات، ئەو تاکەی لە ناوەوەی نەتەوەدا مل کەچ بکرێت و ئەم ئازادییەی لێبسەنرێتەوە ئەوا مرۆڤێکی دەستەمۆکراوە و باشترین زەمینەی تێدایە تا داگیرکەرانی دەرەوە داگیری بکەن، خەباتی راستەقینە بۆ ئازادی لە ناوەوە دەستپێدەکات نەک لە دەرەوە، ئەو نەتەوەیەی لە ناوەوە ئازادی بە مافی سروشتی تاکەکانی نەزانێت ئەوا مەحاڵە بتوانێت جیاوازی راستەقینە لە نێوان ژیانی ئازادی و ژیانی کۆیلەیی و ژێر دەسەڵاتی داگیرکەران بدۆزێتەوە .
رەنگە کەم نەتەوە هەبێت لە مێژووی رزگاریخوازی خۆیدا بەقەد نەتەوەی کورد دروشمی ئازادی بەرزکردبێتەوە و لە پێناویدا جەنگا بێت، بەڵام کەم نەتەوەش هەیە بە قەد کورد لەناوخۆیدا ئازادییەکی رووکەش و سنوورداری پیادەکردبێت و لەژێر چەندین ناوی جیاوازدا ئازادی عەقڵ و بیرکردنەوەی سنووردار کردبێت، کۆمەڵگای کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی کە هێزە ناوخۆییەکانی بۆ لەباربردنی ئازادی کەمتر نەبوون لە هێزە دەرەکییەکانی، هەمیشە کۆمەڵێک هێزی پاشکەوتوو بە هەموو هێزێکیانەوە هەوڵیانداوە ئازادی مرۆڤ لە رێگەی سنووردارکردنییەوە بێ مانا بکەن، ئازادی بەتەنها وەک ئازادییەکی سیاسی وێنا بکەن، بە بێ ئەوەی ئازادی بیرکردنەوە و تەفسیر کردن بۆ هەموو چەمک و موفردەکانی دنیای دەرەوە وەک مافێکی سروشتی و راستەقینەی مرۆڤ لەبەرچاو بگرن، ئازادی مومارەسەی ئەخلاق و دەستنشانکردنی مۆدێلی ژیان بەڕەوا بزانن، ئازادی تەفسیرکردن بۆ ئایین رەهەندە ئایینییەکان وەک مافێکی سروشتی مرۆڤ لێکبدەنەوە، ئەم پرۆسەی سنووردارکردنی ئازادییەش بە ناو و فۆرمی جیاوازەوە بەرێوە براوە، بە ناوی پارێزگاری لە پیرۆزی ئایینەوە، بە ناوی پارێزگاری لە پیرۆزییەکانی نەریت و خیڵ و کەلتوور، پیرۆزییەکانی نەتەوە، کە لە لەراستیدا هیچ شتێک بەقەد ئازادی پیرۆز نییە و هیچ سوکایەتییەک بە قەد سەرکوتکردنی ئازادی سوکایەتی نییە، سوکایەتی راستەقینە بە ئایین ئەو کەسە ئەیکات ئەو ئازادییە لە مرۆڤ ئەسەنێت کە خوا پێبەخشیوە، کە نەتەوەکەی لە پێناویدا جەنگاوە نەک ئەو کەسەی مومارەسەی مافی سروشتی خۆی ئەکات.
یەکێک لەو دەرەکەوتە توندانەی بەرەنگاربوونەوەی ئازادی بیرکردنەوە و هێزی تەفسیرکردن لە مرۆڤدا بریتییە لە بوار نەدان بە گفتوگۆ دەربارەی یەکێک لە وزە هەرە کاریگەرەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی کە ئایینە، بوار نەدان بە وەرگرتنی ئایین وەک بابەتێک بۆ توێژینەوە و بەهەمهێنانی دید و تەفسیری نوێ بۆ ئایین، تۆمەتبارکردنی دیدی جیاواز بۆ بە سوکایەتیکردن بە ئایین، ئەو داوا یاساییەی یەکێتی زانایان بە بیانووی سوکایەتی بە ئیسلام و پێشێلکردنی ئادابی گشتییەوە دژ بە رۆژنامەی هاوڵاتی تۆماری کردوە و داوای داخستنی رۆژنامەکە و سزادانی هاوڵاتیی کردوە بە بڕی 500 ملیۆن دینار، نموونەیەکی بەرجەستەی ئەم حاڵەتەیە.
گرنگە سەرەتا ئاماژە بەوە بکەم دامەزراوەی ئایینی لەکوردستاندا لە مێژووی خۆیدا جگە لە چەند حاڵەتێکی کەم نەبێت(وەک شەهیدکردنی جەمال عیرفان) کاردانەوەی توند و توندوتیژئامێزی بەرانبەر بە دەرکەوتنی مۆدێرنە و بەهاکانی لە واقعی کوردیدا نیشان نەداوە، کاتێک مۆدێرنە خۆی ئەکات بە واقع و ژیانی کۆمەڵگای کوردیدا دامەزراوەی ئایینی کە خۆی لە مزگەوت و مەلا و حوجرە و ناوەندە ئایینییەکاندا دەبینێتەوە بە نەرمی و هێمنییەوە مامەڵە ئەکەن، قوتابخانە دێت و جێگە بە خوێندنی حوجرەکان لێژ دەکات، زانکۆ و زانستە مرۆڤایەتیی و سروشتییەکان دێن و بواری زانستە ئاینییەکان تەسک دەکەنەوە، ئافرەتی سفوور و تایپی ژیانی خۆرئاوایی دەردەکەوێت و لە سەر ئاستی رەسمی دامەزراوەی ئایینی کوردیدا بەرەنگاربوونەوەی توند و شەڕی سەخت نابینین، بەڵکو ئەم دۆخە تا ئەندازەیەک بە هێمنی تێپەڕی ،بگرە مەلای کورد لە زۆر حاڵەتدا وەڵامدانەوەی پۆزەتیڤی بەرانبەر دەرکەوتنی مۆدێرنە هەبوە و سنووری و ماف و ئازادییەکانی تەسک نەکردۆتەوە، بۆ نموونە مەلا محمدی کۆیە پێشوازی لە کردنەوەی قوتابخانە کردوەو و یەکەم کەسە لە کۆیە تاکە کچێک ئەنێرێتە قوتابخانەیەکی کوڕان، مامۆستا عەلادینی سوجاددی کاتێک رشتەی مرواری دەنوسێتەوە لە راستیدا دوو ئەرکی گرنگ جێبەجێ ئەکات کە هەر دووکیان وەڵامدانەوەی پۆزەتیڤن بە دەرکەوتە و پرەنسیپەکانی مۆدێرنە ئەوانیش یەکەمیان کۆکردنەوەی کەلتووری نەتەوەیە و دوەمیان پێکەنین و بەخشینی چێژە بە بێ مامەڵەی ئایینی لەگەڵ گونجاوی ناوەرۆکی ئەو بابەتەی چێژ ئەبەخشێت لەگەڵ پرەنسیپە تەقلیدییە ئایینیەکاندا، زۆر مەلای تری وەک شێخ محمدی خاڵ و زۆری دیکە کە بابەتی توێژینەوەن و هیچکامیان بەرەنگارییان بەرانبەر ئازادی عەقڵ و ئایین و دەرکەوتەکانی مۆدێرنە نیشاننەداوە، ئەم دۆخەش وای لە هەندێک کەس کرد کە باس لەوە بکەن کورد بە شێوەی لێبوردەیی ئایینی وەرگرتوە، کەواتە ئەم هەڵویست نوندانەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە کوێوە هاتوە؟ کامەیە سەچاوە فیکر و روحییەکانی هەڵویستێکی لەو جۆرە؟
لە ناوەڕاستی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانەوە کاردانەوەی توندی ئایینی لە کوردستاندا دەبینین و نەزعەیەکی بەرفراوانی توندوتیژی ئایینی هاتۆتە ئاراوە، هەڵگەڕانەوەیەکی سەیر لە وەزیفەی پیاوی ئایینی کوردیدا بەدیئەکەین، ئەم هەڵوێستەی یەکێتی زانایانی ئاینیش دژ بە هاوڵاتی درێژە پێدەری ئەو دیاردەیەیە، دروستبوونی ئەم حاڵەتە لە گوتار و هەڵوێستی دامەزراوەی ئایینی کوردیدا ئەمەش لە ژێر کاریگەری دوو رەهەندی سەرەکیدا بوە، یان دوو سەرچاوەی سەرەکی ئیلهام بەخشی فکری و روحی بوە بۆی، : یەکەمیان: گوتار و رۆڵی دامەزراوەی ئایینی لە دنیای عەرەبیدا
دوەمیشیان: گوتار و فیکری ئیسلامی سیاسی
یەکەمیان: گوتار و رۆڵی دامەزراوەی ئایینی لە دنیای عەرەبیدا
لە جیهانی عەرەبیدا ئیسلام سروشتێکی توندوتیژ ئامێزی هەبوە و وەهابییەت وەک یەکێک لە گرنگترین رێبازگە و گوتارە زاڵە ئیسلامییەکانی نێو دنیای عەرەبی دێتە ئەژمار ، وەهابییەت کە دواتر وەک دیدی ستانداری مەزهەبی سوونی دنیای عەرەبی دەرکەوت کاردانەوەیەکی تووند بوو بە ئاراستەی کۆتایهێنان بە هەر دەرکەوتەیەکی مۆدێرنە لە دنیای عەرەبیدا و سەپاندنی یەک مۆدێلی دیاریکراوی ناو بیرکردنەوەی ئایینی، وەهابییەت داخستنی دەرگا بوو بەرووی بانگەشەکانی کرانەوە و پلۆرالیزمی ئایینی و عەقلانییەت و تازەگەریدا، وەهابییەت سەپاندنی نەقلانییەت و ئایینی ستانداردا و تاک رەهەندی بوو لە بیرکردنەوەی ئایینیدا،زیاتر لەوەش بە رەسمیکردنی توندوتیژی ئایینی بوو چ لە ئاستی فیزیکی و چ لە ئاستی تیۆری، ئیدی لێرەوە هیچ دیدێکی نوێ نییە نەکەوتبێتە بەر هێرشی توندوتیژانەی گوتاری ئایینی لە دنیای عەرەبیدا، رەنگە ئەو جەنگەی ئەزهەر و پیاوانی ئایینی لە سەرەتای سەدەی رابردوودا دژی بە کتێبی (اێول الحکم فی الاسلام) علی عبدالرزاق بەرپایان کرد نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو بەرەنگاربوونەوەیە بێت، عەلی عەبدولرەزاق هیچی نەوت جگە لەوەی وتی خەلافەت دەزگا و ئەرکێکی مەدەنییە نەک ئایینی و خەلیفەش کارمەندێکی مەدەنی دەوڵەتە نەک نوێنەری خودا لەسەر زەویدا، ئیدی لەسەر ئەمە عەلی عەبدولرەزاق تەکفیرکرا و لە ئەزهەر دەرکرا ، بگرە لە ژیان دەکرا و کارێکی پێکرا هەتا کۆتایی ژیانی نەیتوانی دێڕێکی تر بنوسێت، ئیدی لەوێوە هەر کەس لە دنیای عەرەبیدا دەنگێکی عەقلانی هەڵبرێبێت و خەونێکی ئازادیخوازانەی هەبوبێت کەوتۆتە بەر ئەم تەوژمەی وەهابییەت و توندترین دژایەتی کراوە، لە تەها حوسینەوە تا ئەگاتە نەجیب مەحفوز و تا ئەگاتە نەسر حامد ئەبوزەید قوربانی ئەم نەزعە شمولییەی دامەزراوەی ئایینین لە دنیای عەرەبیدا و ئەم دەزگا ئایینییە بە ناوی پارێزگاری لە ئایین و بوارنەدان بە سوکایەتی بە ئایین، هەموو خوێندنەوە و تەفسیرێکی جیاوازی بۆ ئایین لە باربردوەو یەک مۆدێلی دیاریکراوی سەپاندوە،یەکجۆر تەفسیری وەک هەقیقەتی رەهای ئایین سەپاندوە، بەمشێوەیە هەیمەنەکی فیکری گەورەی دامەزراوەی ئایینی لە دنیای عەرەبیدا سەپا.
لە قۆناغەکانی دواتردا دامەزراوەی ئایین لە جیهانی عەرەبیدا وەک هێزێکی کاریگەر لە ژیانی سیاسی و جەماری و بگرە ئابوریشدا دەرکەوت، گەلێک فاکتی گرنگ لەمەدا رۆڵیان بینی لەوانە شکستی ئەزموونی دەوڵەتی نەتەوەیی لە دنیای عەرەبیدا لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، شکستە سیاسی و سەربازییە یەک لە دوایەکەکانی عەرەب بەرانبەر بە ئیسرائیل، گەڕانەوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی عەرەبی (لەوانە تەوژمی میشیل عەفلەقی لە نێو ناسیۆنالیزمی عەربیدا) بۆ شوناسە ئاینییەکەی دنیای عەرەب و ناساندنی ئیسلام وەک شارستانییەت و کەلتوور و مێژوو و سەروەری عەرەب، بوونی ئیسرائیل بە شوناسێکی ئاینییەوە، ئەمانە وایانکرد گوتار و دامەزراوەی ئایینی رۆڵی گرنگ لە ژیانی سیاسی و جەماوەری دنیای عەرەبیدا ببینێت، زۆر شوێن و دنیای نا عەرەبی بخاتە ژێر ئەم کاریگەرییەوە، یەکێک لەوانەش کوردستان و ئەزموونی دەزگای ئایینییە لە کوردستاندا، لە راستیدا کاریگەری راستەوخۆ بەرجەستەی ئەم حاڵەتە لە دوای ساڵی 2003 بەدەر ئەکەوێت ، ئەوکاتەی دەوڵەتی عیراق کۆتایی هات و کوردستان بە رووی بەشە عەرەبییەکەی عیراقدا کرایەوە، لەو بەشەوە هێزی چالاک و راستەقینە بریتی بوو لە هێزی ئایینی، فتوایەکی سیستانی میلۆنان مرۆڤ دێنێتە سەرشاقام، بەیاننامەیەکی زانایانی سوونە گەورەترین شڵەژانی سیاسی دروست ئەکات، گوتاری نوێژی هەینی وەک گوتار و هەڵوێستێکی سیاسی گرنگ لە کەناڵە ناسراوەکانی وەک ئەلجەزیرە و عەرەبییەوە نیشان ئەدرێت، ئەم رۆڵە گرنگەی ناوەندی ئایینی لە عیراقی عەرەبییدا بە ئاراستەیەکی سەیر رەنگدانەوەی لەسەر ناوەندی ئایینی و هەوڵویست و دیدی مەلای کورد و زانایانی ئایینی دروستکرد، لە جیاتی سەرنجی ئەو پاشکەوتوییە هەمەلایەنە بدەن کە دنیای عەرەبی تێیدا ئەژی، لە جیاتی رەخنە لەو سەرکوتکارییە بەرفراوانەی ئازادی و عەقلانییەت بگرن کە لەسایەی دامەزراوەی ئایینی و دەسەڵاتی دیکتاتوری عەرەبییەوە بەرێوە ئەچێت، بەشێوەیەکی توند کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەو رۆڵە گەورەیەی دامەزراوەی ئایینی لە سەرکوتکردنی ئازادی و دەستوەردان لە ژیانی سیاسییەوە دەیبینێت، خەونێکی قووڵ سەریهەڵدا تا ئەمانیش هەمان رۆڵی کاریگەری دامەزراوەی ئایینی دنیای عەرەب ببیین، وەک ئەوان زنجیرەیەک ئەمر و نەهی بەردەوام بۆ کۆمەڵگا دەربکەن، بەناوی پارێزگاری لە ئایین و قەدەغەکردنی سوکایەتییەوە دیدی خۆیان بسەپێنن ئیدی گرنگ نییە ئازادی مرۆڤی کورد بە کۆی ئەگات و عەقلانییmت و تازەگەری دەکەوێتە کوێی ئەم هەڵوێستانەوە، رۆژێک داوا دەکەن بە پێی یاسای ژمارە 2 ساڵی 1999 کار بکرێت بواری چاپکردنی ئەو کتێبانە نەدرێت دیدی رەخنەییان هەیە لە شیکردنەوەی ئایین و کەلتووری ئایینیدا، رۆژێکی تر زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی رادەگرن لەبەر ئەوەی رەخنە لە رۆڵی پیاوی ئایینی گرتوە ، رۆژێکی دیکە داوای داخستنی رۆژنامەیەکی ئەهلی دەکەن و دەیانەوێ سەدان ملیۆن دینار غەرامەی بکەن ئەم هەنگاوانە هیمای مەترسیدارن و سەرەتان بۆ دەستپێکێکی خراپ لە کاریگەری دامەزراوەی ئایینی لە کوردستاندا
دووەم:گوتار و فیکری ئیسلامی سیاسی:
ئیسلامی سیاسی وەک هێزێک کە بنچینەی سیاسەتکردنی خۆی لەسەر ئایین بونیادناوە ئامانجی راستەقینە و جەوهەری ئەو سیاسەتکردن و وەرگرتنی دەسەڵاتە لە پێناو پراکتیکی شەریعەتدا، سیاسەتکردنە لە پێناو بە ئیسلامیکردنەوەی ژیان و کۆمەڵگا، بێگومان بە ئیسلامیکردنەوەش بە پرەنسیپە ستاندارد و بالادەستەکەیەوە کە مەزهەبی رەسمییە، ئیدی لێرەوە ئیسلامی سیاسی رووبەڕووبونەوەی هەموو خەونێکی تازەگەری و کرانەوە و عەقلانییەت بە وەزیفەی خۆی لە قەڵەمدەدات و لە راستیشدا ئەوە تاکە شتێکە شەرعییەت بە بوون و مانەوەی ئیسلامی سیاسی دەبەخشێت، لێرەوە لە تەواوی دنیادا و لە جیهانی عەرەبیدا بە تایبەت، ئیسلامی سیاسی وەک هێزی دژایەتی دید و توێژینەوەی نوێ بۆ ئایین دێتە بەرچاو، وەک رەوتی بەرەنگاربوونەوەی عەقلانییەت و دەرکەوتەکانی مۆدێرنە پێناس ئەکرێت و تا ئەم ساتەش هەوڵەکان ریفۆرم و نوێبوونەوە لە ناو ئیسلامی سیاسیدا ئەنجامێکی وای نەبوە
ئەزموونی ئیسلامی سیاسی لە جیهانی عەرەبیدا نموونەیەکی بەرجەستەی بەرەنگاری ئەو هێزەیە بەرانبەر بە مۆدێرنە و دەرکەوتەکانی، بەرانبەر بە ئازادی عەقڵ و بیرکردنەوەو تەفسیرکردن، جیهانی عەرەبی لە سایەی ئیسلامییە سیاسییەکەیدا بەدرێژای چەندین دەیە شانوی تراژیدیای عەقڵ و تازەگەری بوە، شانۆی کارەساتی تیرۆری فیکری و سیاسی بوە، ئەم نەزعە توندو تیژ و شمولییەی ئیسلامی سیاسی لە ناوەڕۆکدا گوزارشتێکی قووڵە لە بەداوەتی عەرەبی و گیانی خێلەکی و سەرکوتکاری عەرەبی، ئەم گیانە توندوتیژ و شمولییە عەرەبییەش دواتر بو بە سیمای زۆربەی ئیسلامییەکانی جیهان و لە فۆرمی شەریعەت و پرەنسیپی ئایینیدا خۆی لە ناوگەلان و کەلتووری جیاوازدا پراکتیزە کردوە، یەکێتی زانایان بەخۆی بزانێت یان نا بە قووڵی کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەم نەزعە عەرەبییە وەهابییەی نێو ئیسلامیی سیاسییەوە و وەزیفەی خۆی لە جیاتی نوێکاری ئایینی و بەرهەمهێنانی دیدی نوێ و عەقلانی و کوردانە بۆ ئیسلام ، لە سەرکوتکردنی ئازادیدا دەبینێتەوە، لە جیاتی کرانەوە بەرووی بەهاکانی مۆدێرنە و قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و ئازادیخوازی و پلۆرالیزم سەرقاڵی سەپاندنی یەکجۆر تەفسیر و قەدەغەکردنی کتێب و بەخشینەوەی دینداری و بێدینییە بەسەر ئەم و ئەودا، ئەم هەڵویستانەی یەکێتی زانایان پێشینەیەکی چەسپاوی لەناو دامەزراوەی ئایینی کوردیدا نییە و ، ناچێتەوە سەر هەڵویستی هیچ مەلا و زانایەکی رەسەنی کورد، بەڵکو ئەو هەڵویستانە کۆپییەکی ناشریینی دامەزراوە ئایینییە عەرەبییەکانە، لاسایکردنەوەیەکی بێ بەرنامەی ئیسلامی سیاسییە، دوبارەکردنەوەیەکی بێتامی هەڵوێستەکانی حارس زاری و دەستەی زانایانی سوننەی عیراقە
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە