کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرەتای دەرکەوتنی مەترسیەکی نوێیە!

Saturday, 01/04/2017, 1:38


گومان لەوەدا نیە کە هەرێمی کوردستان لەسایەی دەسەڵاتدارێتی کوردیەوە رووبەرووی قەیران و گیروگرفتێکی زۆر دژوار بۆتەوە، کەزۆرێک لە لایەنە سیاسیەکان لێی بەرپرسیارن بەتایبەتیش لەم قەیران و گیرووگرفتانەدا(پ د ک-ئێراق) پشکی شێری بەردەکەوێت. چونکە پ د ک دەسەر زۆرێک لەجومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتدا گرتوە لەم هەرێمەدا. 
لێرەدا دەمەوێ سەرنج بۆسەر بابەتێکی مێژووی رابکێشم کە ئەویش بارودۆخی گەلی کورد بوو لەهەلوومەرجی بەیانی 11ی ئاداری ساڵی 1970 دیارە ئەوکات حکومەتی ئێراق تاڕادەیەک لاوازبوو، لەبەرامبەریشدا کوردان خاوەنی هێزێکی زەبەلاحی سەربازی کاریگەربوون. هەربۆیە حکومەتی ئەوکاتەی ئێراق داوای دانوستاندنی لەگەڵ سەرکردایەتی ئەوکاتەی کورد کرد و چوار ساڵ بۆچارەسەرکردنی کێشەکان دیاری کرا، دواتر لەماوەی ئەم چوارساڵەدا حکومەتی ئەوکاتەی ئێراق توانی خۆی بەهێزبکات و پەیوەندییەکی توندو تۆڵی لەگەڵ رووسیا بەست و لەگەلڕ ئێرانیشدا بەشێکی لەکێشەکانی نێوانیان چارەسەر کرد. دواتر ئێران تەنها بەوتنی (چیدی هاوکاری جوڵانەوەی کوردی ناکەم) سەرئەنجام جوڵانەوەی کوردی کۆتایی خۆی راگەیاند لەسەر دەستی مەلا مستەفای بارزانی. بەهەمان شێوەی بەیانی 11ی ئادار دانوساندنی 1983 حکومەتی ئیراق و ( ی ن ک) دووبارە بوونەوەی هەمان ئەزمونی شکستە.
لێرەدا ترسی گەورەتی ئێمەش لەوەدایە کە ئایە مەسعودی کوڕی مەلا مستەفای بارزانی لەدووبارەبوونەوەی رەوشێکی بەوجۆرەدا گەلی کورد رووبەڕووی مەترسیەکی تری بەوجۆرە ناکاتەوە!؟، بەتایبەتی لەئێستا بارزانی(مام و برازا) رۆژانە پەیوەندی شەخسی لەگەڵ حکومەتەکەی ئەردۆگان و تورکیا دەبەستن و خۆیان و سەرجەم هێلکەکانیان خستوەتە سەبەتەی تورکیاوە، کەلەژێر ناوی پەیوەندی دیبلۆماسی و ئابوریدا سەرخان و ژێرخانی ئابوری باشوری کوردستان بەتاڵان دەبەن، کەئەمەش گەلی کورد و ئێراق و بەشێک لەدەوڵەتە هەرێمیەکانی ناوچەکە و تەنانەت ئەمریکاشی بێزارکردوە، لەبەرامبەریشدا ئێراق لەناوەندە  نێودەوڵەتیەکاندا پیگەی بەهێز دەبێـت و بەتایبەتی سەرکەوتنی لەشەڕی تیرۆر و بەتایبەتی ئۆپەراسیۆنی ئێستای موسڵ، پێگەی زیاتر بەهێزدەکات. سەردانەکەی ئەمدواییەی عەبادی بۆئەمریکا و پێشوازیەکانی ئەو وڵاتە لەعەبادی کە پێشوازیەکی گەر م و گوڕی جیاواز بوو، دواتر ئەمریکا راستەوخۆ چەندان جار پەیامی بەدەسەڵاتدارانی هەرێم داوە، کە ئێمە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی ئێراقداین، کە ئەمەش بۆخۆی پەیامێکی جیاوازە.
هەربۆیە مەترسیەکی زۆرگەورە لەسەر گەلی کورد لەباشوری کوردستاندا هەیە کە ئەگەر رۆژێک لەرۆژان تورکیاش ئەمەی بەپارتی گوت ئەنجام چیدەبێت!؟. لەهەلوومەرجی ئاشبەتاڵدا بیانویی جوڵانەوەی کوردی ئەوەبوو کە دەیانگوت مەلا مستەفا ماندوو بوەو تەمەنی بەرەو هەڵکشان چوە چیدی بەرگەی ئەو زەحمەتیانە ناگرێت!.
گەلۆ لەدووبارەبوونەوەی (ئاشبەتاڵ)ێکی تردا بیانویی بارزانی (مام و برازا) چیبێت؟ کە پێموایە ئەگەرێکی بەهێزە ئەم رووداوە رووبدات چونکە لەم ساڵدا تورکیا جارێک ئەمریکایی فرۆشت کە زلهێزێکی جیهانە، جارێکیش داعشی فرۆشت کە لەهەناوی خۆیدا گەورەی کردبوو دەیەویست هەموو ئامانجەکانی خۆی پێ پێکبهێنێت. لەکاتێکدا کە تورکیا ئامادەبێت کە ئەودووهێزە بفرۆشێت، چۆن ناتوانێت پشت لەهێزێکی بێئیرادەیی وەکو پارتی نەکات. بۆیە ئەوەی جێگای داخە کە بارزانی(مام و برازا) قەدەری خۆیان و حزبەکەیان و گەلی ستەم دیدەی باشوریشی بەستوەتەوە بەوڵاتێکی وەکو تورکیاوە، کە لەئێستادا هەموو دوونیا پەراوێزیان خستوە و وەکو هاوکارێکی تیرۆر بەناوی دەکەن، کە دوورنیە لەکاتێکی زۆر نزیکدا ئەم دەوڵەتەی ئێستای تورکیاش رووبەڕووی رووخان نەبێـتەوە. وە ئەوبەرهەمەی کە بەتێکوشانی پێشمەرگە و گەریلا، یەپەگە، یەبەشە، یەژەشە بەرهەم هاتوە لەباشوری کوردستاندا، بەتایبەتی لەشەڕی دژی چەتەکانی داعش لەم چەند ساڵەی دواییدا. خەریکە لەسایەیی سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتدارانی کوردەوە، بەرەو لەناو چوون دەچێت.
چۆن گەلی شەنگال جێهێڵرا لەکاتی هێرشی داعشدا، دوور نیە ئەگەر مەترسییەکی بەو رەنگە رووبەڕووی گەلەکەمان ببێتەوە، جارێکی نەلێن((ئاشبەتاڵ)). 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە