کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ چاوه‌ڕوانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌ولێر

Wednesday, 30/10/2013, 12:00






کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به زۆر په‌رته‌وازه‌ کراوه‌، دوژمنان دوور له‌ خواست و ئیراده‌ی ئه‌و دابه‌شیان کردووه‌ به‌ سه‌ر چوار وڵاتی دراوسێدا. ئه‌م دابه‌شکردنه‌ش له‌به‌ر نه‌بوونی یه‌ک هه‌ڵوێستی له‌ نێوان کورداندا هه‌تا ئه‌مرۆش درێژه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مڕۆ به‌ هیمه‌تی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی، خه‌ریکه‌ ئه‌و ئاواته‌ی که‌ مێژه‌ کوردان خه‌ونی پَیوه‌ ده‌بینن دێته‌ دی. به‌ستنی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ جیاواز له‌ کۆنگره‌ و کۆنفرانسه‌کانی پێشتر له‌ سه‌ر خاکی به‌شێک له‌ کوردستانی گه‌وره‌ ده‌به‌سترێت. بۆیه‌ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی وڵاتانی زڵهیز چاودێری کۆنگره‌ی کوردان بکه‌ن ئێستا ده‌بێت نوێنه‌ریان وه‌کو میوان بانگێشت بکرێت بۆ کۆنگره‌. واته‌ کورد له‌ خاکی خۆیدا بڕیار له‌ چاره‌نوسی خۆی ده‌دات نه‌ک وڵاتان چاره‌نوسی دیاری بکه‌ن. وێستگه‌کانی شۆڕشی کوردی زۆرن له‌ هه‌ر چوار پارچه‌دا، به‌ڵام هه‌ر به‌شێکی کوردستان بۆ خۆی له‌ خه‌می خۆیدا بووه‌، به‌ڵام ئه‌م کۆنگره‌یه‌ هه‌موو کوردان له‌ ئامێز ده‌گرێت و هێڵه‌ گشتییه‌کانی خه‌باتی کوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ ده‌خرێته‌ به‌رباس و ڵێکۆڵینه‌وه‌ و چاره‌نوسی هه‌ر پارچه‌یه‌ک به‌ هه‌موو پارچه‌کانه‌وه‌ گرێ ده‌درێت و به‌ هه‌موو جیهانی ده‌سه‌لمێنین که‌ کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌ستنی کۆنگره‌ به‌ راستی شۆڕشی به‌هاری کوردییه‌ بۆ دیارکردنی چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌که‌مان که‌ چیتر نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تانی زلهێزدا خۆی ده‌سته‌مۆ ناکات و چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی چل ملیۆنی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
له‌م کۆنگره‌یه‌دا باشوری کوردستان ده‌بێت پێشه‌نگ بێت له‌ داڕشتنی بڕیاره‌کاندا هه‌ر چۆن پێشه‌نگ بووه‌ بۆ به‌ستنی ئه‌م کۆنگره‌ مێژوییه‌ له‌ سه‌ر خاکی هه‌رێم یه که‌م ته‌وه‌ره‌ی کۆنگره‌ به‌ بۆچونی من ده‌بێت دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ و میکانیزمێک بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی بۆ به‌ڕێز ئوجالان. چونکه‌ کلیلی چاره‌سه‌ری به‌شێکی زیندوی ئه‌م کوردستانه‌یه‌ که‌ باکوری خۆشه‌ویستی به‌رخۆدانه‌. بۆیه‌ ئه‌رکی زۆر گرنگ له‌ ئه‌ستۆی به‌رپرسانی به‌شدار له‌م کۆنگره‌یه‌دا رێکخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی کورده‌ به‌ جۆرێک که‌ وڵاتان و زلهێزان تێبگه‌ن که‌ کێشه‌ی هه‌ر چوار پارچه‌ بریتیه‌ له‌ کێشه‌ی یه‌ک نه ته وه‌.
یه‌کێکی تر له‌ کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی کورد، کوردانی رۆژئاوایه‌. ده‌کرێت کۆنگره‌ به‌ چه‌ند بڕیارێکی تۆکمه‌ داهاتوی رۆژئاوای کوردستان دیاری بکات له‌ دوای رووخانی رژێمه‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د. ئه‌ویش به‌ په‌راوێزنه‌خستنی کوردانی رۆژئاوا له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌کانی تری گۆره‌پانی سیاسی له‌ سوریای دوای به‌شار.
گرنگی به‌ستنی کۆنگره‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ له‌م سه‌رده‌می دیموکراسی و کرانه‌وه‌یه‌دا ده‌به‌سترێت. بۆیه‌ ده‌کرێت په‌یامێک بێت بۆ وڵاتانی دیموکراسیخواز که‌ گه‌لی کورد وه‌کو رێژه‌ش له‌ زۆریک له‌ وڵاتانی جیهان زۆرتره‌، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێک وڵاتی داگیرکه‌ریش. ئه‌مه‌ راستیه‌که‌ پێویست به‌ شه‌رمکردن ناکات له‌ ده‌ربڕینیدا.
کۆنگره‌ ده‌بێت ئه‌و تیۆره‌ سه‌قه‌ته‌ له‌ بیری تاکی کوردیدا بسڕێته‌وه‌ که‌ ده‌وترا نابێت کوردانی هیچ پارچه‌یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ سه‌رحیسابی پارچه‌یه‌کی تر بنیات بنێت. چونکه‌ کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ و چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌ی کورد سنوری ده‌ستکرد ناتوانێت جیای بکاته‌وه‌.
دونیا به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندایه‌. ئه‌وه‌تا شانشینی ئه‌رده‌ن له‌ ساڵی (1999)دا پێنج له‌ سه‌رکرده‌کانی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی له‌ خاکی ئه‌رده‌ن ده‌رکرد، به‌ڵام دوای (13) ساڵ به‌ فه‌رمی پێشوازی له‌ خالید مه‌شعه‌ل ده‌کات که‌ یه‌کێک بوو له‌ دورخراوه‌کان. ئه‌ی بۆ ده‌بێت ئێمه‌ی کورد له‌و ترسه‌ وه‌همیه‌دا بمێنینه‌وه‌ که‌ (15) ساڵ به‌رله‌ ئێستا به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رکرده‌یه‌کی کورد کراوه‌ دوور له‌ هه‌موو عورفێکی نێونه‌ته‌وه‌یی. بۆیه‌ ده‌بێت دلێرانه‌ قسه‌ی خۆمان هه‌بێت له‌و دۆسیه‌یه‌دا.
کوردان به‌ ئومێدێکی گه‌وره‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ کۆنگره‌که‌یان له‌ هه‌رێمی کوردستان. بۆیه‌ هیوادارین که‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ڕی به‌ ده‌وڵه‌تبون له‌م کۆنگره‌یه‌وه‌ به‌ڕێ بکه‌وێت و له‌ چوار وێستگه‌ی جیاوازدا کوردنی هه‌ رچوار پارچه‌ به‌ره‌و یه‌کبون رێک بخات و که‌شتی به‌ ده‌وڵه‌تبونمان بگه‌ینینه‌ که‌ناری ده‌ریای ئارامی.
ده‌کرێت کۆنگره‌ بڕیاری دروستکردنی یه‌ک مه‌رجه‌عیه‌ت بدات بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ و له‌ ڕێی ئه‌و مه‌رجه‌عیه‌ته‌وه‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن دوورله بیری ته سكی حزبی و))انا...انا))


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە