لە دەربەندیخانەوە زەنگیك بۆ سەركردەكانى لیستى گۆڕان
Wednesday, 12/08/2009, 12:00
لە سەرەتاى دروست بوونى لیستى گۆڕان و بەشدارى كردنى ئەو لیستە بە جیا لە هەڵبژاردنەكانى 25/7 خەڵكى دەربەندیخان وە ك زۆربەى شارەكانى دیكەى كوردستان ئومێدێكى زۆریان بە لیستى گۆڕان هەبوو بۆ ئەوەى بتوانێت گۆڕانێكى ڕیشەیى لە سیستەمى سیاسى لە كوردستاندا بكات،بەڵام پاش ئاشكرا كردنى ناوى پاڵێوراوەكانى لیستى گۆڕان نوێنەرى دەربەندیخان لە لیستى ناوى كاندیدەكانى لیستى گۆڕاندا ژمارە 30 بوو ئەمەش تاڕادەیەك نیگەرانییەكى لاى خەڵكى دەربەندیخان دروستكرد ،هەموان بینیمان چۆن لە كاتى هەلمَەتى بانگەشەى هەڵبژاردندا جەماوەرى دەربەندیخان بە گوڕو تینێكى زۆرەوە بە هەموو چین وتوێژەكانەوە پێشوازییەكى زۆریان لە سەركردەكانى لیستى گۆڕان كرد لە كاتى سەردانیان بۆ دەربەندیخان ئەو كات سەلماندیان چەن تامەزرۆى گۆڕینى ئەم دەسڵاتە دزو گەندەڵەن،لە پاش ئەمانە لە ڕۆژى 25/ 7و لە كاتى دەنگدانداندا بینیمان چۆن جەماوەرى دەربەندیخان بە گوڕو تینێكى زۆرەوە چوونە سەر سندوقەكانى دەنگدان، هەروەها لە شەوى دواى هەڵبژاردن و پاش جیا كردنەوەى دەنگەكان دەركەوت لیستى گوران لە هەموو بنكەكانى ناو شارى دەربەندیخاندا سەركەوتنى بە سەر لیستەكانى تردا بە دەستهێناوە لەو كاتەوە دەربەندیخان ناوى (دەروازەى گۆڕان) ى لێنرا چونكە لە شارۆچكەیەكى بچوكى وەك دەربەندیخان بە جیاوازى نزیكەى 5 هەزار دەنگ لیستى گوران لە پێش لیستى دەسڵاتەوە بوو. بەڵام پاش ئاشكرا كردنى ئەنجامى كۆتایى هەڵبژاردنەكان و ئاشكرا كردنى ژمارەى كورسیەكان لیستى گوران 25 كورسى بەدەست هێنا بەو پێیەش نوێنەرى دەربندیخان لە چوونە پەرلەمان مەحروم كرا.بۆیە دەبێت سەركردەكانى لیستى گوران هەموو هەوڵێكیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەى بتوانن كە نوێنەرى دەربەندیخانیش بنێرنەپەرلەمان، چونكە وەك ئاشكرایە دەسڵاتى كوردى پاش دوبارە دەرچونەوەى لە هەڵبژاردنەكاندا بە چاوێكى دیكە سەیرى ئەو ناوچانە دەكات كەوا زۆرینەى دانیشتوانەكەى پشتیوانیان لە لیستى گۆڕان كردوە لە پێش هەمویانەوە (دەربەندیخان ورانیە وكۆیە و دوكان) كە یەكێتى بە جێ نفوسى خۆى دەزانى ،وە لێرەوە داوا لە سەركردەكانى لیستى گوران دەكەم بە هەرشێوەیەك بێت نوێنەرى ئەو ناوچانە بنێرنە پەرلەمان چونكە خەڵكى كوردستان دوو هەڵبژاردنى چارە نوسسازى دیكەیان لە پێشە بۆ ئەوەى لیستى گوران ئەو متمانیەى خەڵكى دەربەندیخان و ئەو ناوچانە بە دەست بهێنێتەوە پێویستە نوینەرایەتییەكى ڕاستەقینەى خەڵكى كوردستان بێت لە پەرلەماندا نەك جیاوازى بكات لە نێوان ناوچەیەك و ناوچەیەكى دیكەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست