پەیامی کۆمەڵێک لە گەنجانی کوردستان بۆ دەسەڵاتدارانی هەولێر

Tuesday, 01/03/2011, 12:00


پارتی لە هەوڵێکی ناشایستەی کەم وێنەدا، سەرەڕای شەهیدکردن و گوللەبارانکردنی لاوان و مێردمنداڵان و خەڵکی کوردستان بەو شێوازەی کە تەنها لە خۆیان دەوەشێتەوە، دەیەوێت خەڵکی هەولێر و سلێمانی بکات بەگژ یەکدا، دەیەوێت جارێکی تر دووبەرەکی و شارەو شار و هەولێری و سلێمانی و بکاتەوە بەو مۆدێلەی کەدەیەوێت لە ڕێیەوە خۆی لە ئاگرەکە دەربهێنێت. پارتی خەڵکی هەولێر بەکاردەهێنێت بۆ ئازاردانی هەست و ویژدانی خەڵکی سلێمانی، دەیانەوێت دڵی دایکە جەرگسوتاوەکانی سلێمانی بکولێننەوە و ناخی باوکانی ڕۆڵەوونبوو ئاگرباران بکەنەوە، دەیانەوێت بە بەرزکردنەوەی ئاڵا و وێنەی سەری سەرۆکەکەیان بە دەستی خەڵکی هەولێر ئاڕاستەی ڕاپەڕینە شەرعییەکەی خەڵکی کوردستان بگۆڕن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەری دوو شاری ئەم کوردستانە.


ئەمەبوو هەموو وەفای پدک بەرامبەر بە خەڵکی هەولێر، ئەمەبوو پاداشتدانەوەی ئەو خەڵکە بە ئەمەکەی هەولێر لە هەقی هێنانەوەی دەبابەکانی ئەنفال و سوپای سەرکوتکەر و دڕندەی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی سەددامی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا. بەداخەوە ئەمەیە ئەو پارتەی زۆرینەی دەسەڵاتی کوردستانی بەدەستەوەیە، ئەمەیە پلان و بەرنامەی ئەو دەسەڵاتە دژ بە خەڵکی هەولێر لە پاداشتی دەنگپێدان و لایەنگریکردنیدا.


لەم نامەیەدا بەناوی کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیران و گەنجانی شاری سلێمانی و هەولێری ئازیزەوە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەڵیین" دیسان ئەم هەوڵە نەزۆکە وەک هەموو هەوڵەکانی تر بێبەرهەمە و دۆڕان و ناشرینبوون و داماڵینی دەمامکە لێڵەکانی لێ سەوز دەبێت. خەڵکی هەولێر و سلێمانی هۆشیارانەتر لە رووداوەکان دەڕوانن، ئەوەی ڕوویدا بە هەوڵی سەرەمەرگی دیکتاتۆرێک بۆ ڕزگاربوونی دەزانین.



بەداخەوە نەدەبوو خەڵکی خۆڕاگری هەولێر ڕازی ببوونایە بە ئەنجامدانی ئەو پلانە فیتنەئامێزەی پارتی، هەرچەندە درووست نیە لایەنگرانی ئەو حیزبە وەک خەڵکی هەولێر وێنا بکەین، هەولێر لەوە مەزنترە ئەوە هەموو خەڵکەکەی بێت. ئەوانە بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی خەڵکی هەولێر ناکەن. ئێستا بە سەدان ڕۆشنبیر لە پرۆفیسۆر و دکتۆر و مامۆستا و ئەندازیار و پارێزەر و فەرمانبەران و مامۆستایان و نوسەران و شاعیران وە هەزاران لە خەڵکی هۆشیار و سەربڵندی ئەو شارە لە هەناوی خۆیاندا دژ بە دەسەڵاتە سەپاوەکەی ئەم حیزبە ڕاپەڕیون، بەڵام ترسان لە خوێناویبوونی ئەو شارە ئارامییان کردووە بەچەکێک بۆ هەنوکەیان.. هەرچەندە هوروژمی ئازادی و سەربەستییەکی ڕەها بەهێزترە لە ئارامگرتن و زۆری نەماوە ئەو خەبات بۆ ئازادییە لە هەولێر و باقی شارەکانی تر لەدایک ببێت.

مامۆستا جەمال نەبەز بۆ ئەم نامەیە ئەم پەیامەی بۆناردین.

ئەز شەش ساڵ لەمەوبەر لە نامەیەکدا بۆ کاک مەسعود و مام جەلال داوامکرد لێیان کە دەست لەکار بکێشنەوە، چونکە نەیانتوانیەوە کێشەکانی کورد چارەسەر بکەن. ئەمەش دەبووە سەربەرزییەک بۆیان نەک سەرشۆڕی. ئەو نامەیە لە بەرگی شەشەمی (کۆبەرهەم) دا بڵاوکراوەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە باشوری کوردستان چاپکراوە. کێشەکە کێشەی گۆڕینی سیستمی بنەماڵەییە بۆ سیستمێکی فرە ڕێبازی و دیموکراتی و نەتەوەیی. کێشەکە تەنها پارتی نییە، بەڵکو یەکێتی هەر وەک پارتی بەرپرسیارە لەم کارەساتەی لە باشوردا ڕوودەدات. دارودەستەکانی هەردوولا کە زۆربەیان هەلپەرستن، ئەوانیش بەرپرسیارن.کێشەکە بە واژۆکردن چارەسەر ناکرێت بەڵکو بە کۆڵنەدان و وازنەهێنان لە داخوازییەکان. هەر لە ڕۆژی ١٧ی شوباتەوە، بۆ پشتگیری لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکە تا ئێستا گەلێک لێدوانم لە فەیسبوک بڵاوکردۆتەوە. لەپاڵ دامەزراندنی دادگایەکی سەربەخۆ، کە لەژێر چاودێری گەلێک لایەنی بیانی دیموکراتیدا بێت داخوازی بنچینەیی ئەوەیە کە هیچ حیزبێک چەکداری نەبێت و سەرمایەی ئابوری ئابونەی ئەندامەکانی بێت، ئەگەر نا لابردنی هەمە و هێنانی مەمە سودی نییە. سیستم دەبێت لە بنەڕەتەوە بگۆڕێت. هەر سەرکەوتوو بن، ڕیزەکانتان یەکخەن، بەڵام باوەڕ بە هەلپەرستان و کوڕی ڕۆژ نەکەن. ئامانج دیموکراتی و ئازادی و یەکسانی و ڕزگارکردنی کوردستانە. ئەز لەگەڵتانم.

ناوەکان:

جەمال نەبەز پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ

هێمن ڕەئووف شاعیر و نوسەر

ئاسۆس هەردی ڕۆژنامەنوس

چیا مەحمود خوێندکار

چرا نەوزاد شاعیر و وەرگێڕ

سامان سەعید نوسەر و سیاسەتوان

نەژاد سیوەیلی شاعیر و نوسەر

هەڵگورد سەمەد ڕۆژنامەنوس

سەعید کاکەیی نوسەر و توێژەرەوە

ئاسۆ جەبار نوسەر و ڕۆژنامەنوس

نەوزاد شێردڵ نوسەر و شاعیر

ئەیوب ڕەئووف هونەرمەندی شێوەکار

شیلان جەبار هونەرمەندی شێوەکار

دڵپاک ڕەئووف خوێندکاری زانکۆ

سمکۆ ئەحمەد هونەرمەندی شێوەکار

سالار جاف ڕۆژنامەنوس

عومەر جەلال شاعیر

ئەمیر قادر چالاکوانی مافی مرۆڤ

عەباس شوان نوسەر

ڕێباز مەحمود شاعیر

ئاسۆ خانم حەمە ساڵح ڕۆشنبیر

حەمەی کاکە ڕەش شاعیر

هاوڕێ باخەوان نوسەر و ڕۆشنبیر

کامەران کوردی خوێندکاری زانکۆ

جیهاد موحەمەد حەمە کەریم چالاکوان لە بواری مافی مرۆڤ و ڕێخەری مەدەنی.

موحەمەد قەرەداغی ڕوناکبیر و چاودیری سیاسی

عەبدول قەرەگۆلی ڕۆشنبیر

قادر نادر نوسەر و چالاکی سیاسی

خالید شەیدا شاعیر و نوسەر
ستافی کوردستانپۆست سایتی کوردستانپۆست
www.hemnrauf.kurdblogger.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە