بۆچی توندوتیژی و بەکارهێنانی چەك هەڵەیە؟
Friday, 01/04/2011, 12:00
بە بۆچوونی من هەموو میللەتێك مافی ڕەوای خۆیەتی کە ئەگەر زۆری بۆ هات وبەدیلی تری نەبوو بۆ دەرباز بوون لە ژێردەستی ودەسەڵاتی سەرکوتکەر پەنا بەرێتە بەر خەباتی چەکدارانە. بەڵام ئەبێت پرسیارێك لە خۆمان بکەین؛ ئایا توندووتیژی و خەباتی چەکدارانە ئەمانگەیێنێتە ئەو ئامانجانەی کە خۆمان پەیوەستین؟ زۆربەی زۆری نووسەرو ڕۆشنبیران چەنەها جار هاواریان کردوو تکایان کرد کە توندووتیژی بەکارنەهێنرێت، بەڵام کۆمەڵێك کەس هەن کە هانی گەنجانی توورەو خوێنگەرمی میللەتەکەمان دەدەن بۆ پەنا بردنەبەر چەك و توندووتیژی. بە بۆچوونی من بۆ باروودۆخی ئێستەی باشووری کوردستان، توندووتیژی نەك هەر سوودی نیە بەڵکو لە بەرژەوەندی دەستەڵاتیشە لەبەرچەند هۆیەك؛
١. ئامانجی خۆپیشاندەران تەنها روخاندنی حکومەت نیە، بەڵکو ئامادە کردن و دانانانی سیستەمێکی مەدەنی دیموکراتی راستەقینەیە لەجێی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتکەرە خوێنڕێژەی ئێستە. لە زۆربەی زۆری ئەو وڵاتانەی کە شۆرشی چەکدار دەستەڵاتی گرتووەتە دەست ئامانجەکەی دەستەڵاتێکی دیموکراتی مەدەنی نەبووە بەڵکو بە پێچەوانەی خواستی میللەتەکە کە خاوەنی خودی شۆرشەکە بووە، ئەومیللەتە خۆی لە ژێر سیستەمێکی تۆتالیتاری تاکە حیزبی دیوەتەوە، مێژووش لەمە شایەتە.
٢. ڕاستیەکی زۆر گرنگ هەیە کە ئێمە ئەبێت لە یادی نەکەین؛ پێمان خۆش بێت یان پێمان ناخۆش بێت بەشێکی گەورەی میللەتەکەمان تا ئێستەش بە مەبدەئی لەگەل دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەن و چەواشە کراون بە پەیمان و قسە پۆڵیش کراوەکانی سەرکردەکان، ئەمە بێ لەو بەشە گەورەیەی میللەت کە بۆ بەرژەوەندی خۆی و لەبەر مووچەو کاروکاسبی خۆی دوای حیزب کەوتووە. لەم بەشانەی کۆمەڵگاکەشمان چینێکی چەکدارەو ئامادەیە گیانی خۆی بەخش بکات لە رێی حیزبو دەسەڵات کە ئەو بە بۆچوونی خۆی لە ڕێی کوردوکوردستان دەیکات. بۆیە ڕەوا نیە لولەی تفەنگ روو لەم کەسانە بکرێت.
٣. گەر ئێمە بە رەواشی بزانین کە چەك دژی دەسەڵات و هێزیەکەی بەکار بهێنرێت، ئاشکرایە ئامانجەکەی هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژیە، ئەوەش ئاشکرایە کە کێ وە چی ئەبێتە قوربانی شەری براکوژی؛ میللەت و ئازادی، نەک دەستەڵات و حیزب؛ ڕاستیەکان و ڕاگەیاندنی ڕاستگۆ نەك درۆ و پروپاگەندە؛ ڕۆڵەی هەژاری میللەت نەك سەرکردەکان.
٤. هێزی میللەت لە بەکارهێنانی چەکدا نیە، هێزی میللەت لە دەربڕینی ناڕەزایی و دەنگ هەلبریندایە، میللەت لەم باروودۆخەی ئێستەی باشووری کوردستان بە چەك دەرەقەتی دەستەڵاتێکی سەرکوتکەری خوێنڕێژ نایەت، دەسەڵاتێك کە هیچ ویژدانێك و مرۆڤایەتیەکی تیا نەماوە و کۆمەڵێك چەکداری چەواشەو کۆمەڵێك شەقاوەی بە پارە دوای خۆی خستووە. گەر لە رای گشتی ناوخۆو لە فشاری نێودەوڵەتی نەترسایە ئامەدەبوو هەموو تاوانێك لەم دنیایە هەیە بەرامبەر بە میللەت بیکات بۆ ماناوەی خۆی لەسەر دەسەڵات. خۆ ئەگەر خۆشی پێی نەکرا میللەت سەرکوت بکات ئامادەیە هێزی دەولەتە خوێنرێژەکانی دراوسێمان بهێنێتە سەر میللەت. مێژووش لەمە شایەتە.
٥. هەڵگیرساندنی شەری ناوخۆو براکوژی کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ڕاگەیاندنی بێلایەن و شێواندنی راستیەکان و پتەوبوونی پروپاگەندەی حیزب و لایەنەکان. ئەمانەش دەبنە هۆی قووڵ بوونەوەی درزەکانی نێو میللەت و دروست بوونی دووبەرەکی لە ناو میللەتدا و زیاتر پەیوەست بوونی تاکەکان بە حیزبەوە و دروست بوونی رق وکینە وحەق کردنەوەی زنجیرەیی وئەمانەش دەبنە جێگری بیرکردنەوە بە شێوەیەکی مەنتیقیانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست