کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵبژاردن، كەرنەڤاڵى درۆ

Monday, 26/08/2013, 12:00


پارتى هەر لەئێستاوە بەفەرمى بەهۆى پیسكردنى تۆمارى دەنگدەرانەوە 4 كورسى پەرلەمانى بۆ خۆى مسەوگەركردووە و 11 كورسیەكى كۆتاش لەكۆتایدا هەر ڕیگاكەیان دەچێتەوە ناو ئەمارەتەكەى پارتى، بۆیە ئێستا پارتى 15 كورسى مسۆگەرى هەیە، ئەمە جگە لە دەنگى ئاوارە سورییەكان كە مەگەر بەس خواى گەورە و پارتى بزانن چى بەدەستەوەیە.
هەرچى یەكێتیشە ژێر بەژێر هەزاران لە كوردانى ڕۆژهەڵاتى كردووەتە خاوەنى ناسنامە و سودیش لە هێزەكانى ناوخۆ و كەلێنەكانى تۆمارى دەنگدەران دەبینێت.
من پێم وایە لەسایەیى دەسەڵاتێكى تەزویرچى لەو شێوەیەدا كە باكى بە پرنسیپەكانى دیموكراسیەت و هەڵبژاردن نیە و ، هەموو شتەكان بە ڕەوا دەزانێت بۆ مانەوەى خۆى هیچ شەرعیەتیەكى نیە.
بێ ئومێدى من لە گۆڕانكارى لەوەوە نیە كە پێم وایە گۆڕانكارى و چاكسازى ڕوونادات، بێ ئومێدى من لەوەوە نیە كە پێم وایە دەبێت پەنا بۆ ئالیەتى نادیموكراسى بەرین، بەڵكو من دەڵێم" خەیاڵى یەكێتى و پارتى بۆ دەسەڵات خەیاڵێكى ئەبەدیە، بەجۆرێك لە نەستى ئەو دوو پارتە سیاسیەدا نیە دەسەڵات جێبهێڵن، هەربۆیە پەنا بۆ هەر ڕێگایەك دەبەن كە بیانهیڵێتەوە لەدەسەڵات، مەرجى ئەوان بۆ هەر گۆڕانێك ئەوەیە ئەوان براوەبن، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە ئیستا یەكێتى و پارتى تەنها دوو هێزنین بەڵكو كۆمەڵێك بازرگان و خاوەنكارن كە هێزیان لەدەستى خۆیان كۆكردووەتەوە، ئەوەش گۆڕانكارى زۆر ئەستەم كردووە.
بۆیە ئەوەم لادورستبووە گۆڕانكارى لە هەڵبژاردنى داهاتوودا ئەستەمە، چونكە یەكێتى و پارتى هەڵبژاردن تەنها وەكو ڕووخسارێك بۆ دریژكردنەوەى شەرعیەتى خۆیان بەكاردەهێنن، دیموكراسیش وەك دەمامك بۆ شاردنەوەى كارە بازرگانیەكانیان، ئەوەش وا دەكات هەڵبژاردن ببێتە كەرنڤاڵێكى درۆ و شەرعیەدات بە دەسەڵات و ژان و داخ بۆ ئۆپۆزسیۆن و خەڵكى ئازادیخواز"

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە