بۆ نەوشێروان و سەركردەكانى گۆڕان: هەل بۆ مەسعود ڕێك كەوتووە ڕسواتان بكات
Tuesday, 09/11/2010, 12:00
لە سەراتادا دەڵێم من دەنگم بە گۆڕان داوە بە مەبەستى چاكسازى لەم وڵاتەداو بە دامەزراوە كردنى و دابین كردنى عەدالەتى كۆمەڵایەتى بە شێوەیەك هەر هاوڵاتییەكى كورد بەیانى زوو هەستا لە خەو خاكەكەى و ئاڵاكەى ماج بكات و بەئەوپەڕى دڵسۆزییەوە بچێت بۆ كارەكەى، كە بە داخەوە ئێستا هەر كەسێك باسى پیرۆزى نیشتمان بكات خەڵك بەگومانەوە تەماشاى دەكات و دەڵێن دیارە ئەمە دەمى چەور كراوە.
بەڵام ئەو سیاسەتەى ئێوە دەیكەن بۆنى حزبایەتى تەسكى لێدێت كە وا بڕوات هیچ جیاوازیتان لە گەڵ یەكێتى و پارتیدا نییە لەبەر ئەم خاڵانەى خوارەوە:
ـــ لە كاتێكدا ئێوە گوشارێكى زۆر دەخەنە سەر دەسەڵات بۆ ئەوەى هێزە چەكدارەكانى كوردستان وەك و عێراقى لێبێت بۆ ئەوەى دەنگەكانیان بەدەست بێنن، ئایا ئێوە پرستان بە پسپۆڕى ئابوورى كردووە ئەو كاتە بارودۆخى ژیانى كرێكارو خزمەت گوزارو باخەوان وجوتیار و بەهەزاران فەرمانبەر كە موچەكانیان لە خوار چوارسەد هەزار دینارە چۆن دەبێت؟. ئایا پرسیار ناكەن ڕەوشى ژیانى ئەوانە چۆن دەبێت ئەگەر بە سەدان هەزار گەنج موچەى سەروى حەوت سەد هەزار دینار وەرگرێت؟.
ئایا ئەگەر ئەو هەموو پارە بۆ هێزى چەكدار سەرف بكرێت كە لە ڕاستیدا هەر بەناو هێزى چەكدارە و لە رووى جۆرەوە زۆر لاوازو بێ كەڵكە، بوژاندنەوەى كەرتى كشت و كاڵ و دروستكرنى ڕێگاو بان و بونیاد نانى لادێكان بە چى دەكرێت؟.
كاتێك بەرهەم ساڵح بودجەى زۆربەى بڵاوكراوەكان و ڕێكخراوەكانى بڕى، هەروەها بودجەى حزبەكانى 50% كەم كردەوە ئێوە ڕازى نەبوون ئایا ئێوە دەزانن:
ـ لە كەم وڵات هەیە ئەوەندەى باشورى كوردستان حزب بار بێت بەسەر بودجەى گشتییەوە.
ــ رۆژنامە هەیە سێ ملیۆن دینارى بۆ سەرف دەكرێت دوو ساڵە یەك ژمارەى لێ دەرنەچووە. ڕێكخراو لەم وڵاتەدا یەك دوو كەسێك كە زۆر جار كارى تریان بەدەستەوەیە دەستى بەسەردا دەگرن و لەپاڵیدا دەلەوەڕێن، ئایا دەزانن كۆمەڵەى وا هەیە سەرۆكەكەى لە ماوەى ساڵێكدا بیست ملیۆن دینارى لە دەوڵەت وەرگردوە بێ پرس كردن بە ستافەكەى هەواڵەى گیرفانى خۆیى كردووە.
ـ ئێوە تێروانینتان بۆ بودجەى حزب هیچ جیاوازى لە گەڵ یەكێتى و پارتیدا نییە، ئێمە وامان چاوەڕوان دەكرد وەك حزبەكانى ئەمریكاو ئەوروپا خۆتان خۆتان بژێنن و نەبنە بار بەسەر بودجەى گشتییەوە بەڵام دەركەوت ئێوە بە بودجەى زۆریش نەبێت ڕازى نیتان.
ـ هەر لە كەناڵەكەى خۆتانەوە ئەم ئێوارەیە ئەندام پەڕلەمانێكى ئێوە(پەیمان عیزەدین) لە مەسعود بەرزانى دەپاڕایەوە ئەو پانزە ملیۆن دینارەى كە وەك و موچە بۆى دیاریكراوە كەم نەكاتەوە و دەیوت هەر تۆ سەرۆكى هەرێم نابێت لەوەیە پاش تۆ كەسێكى دیكە بێت، پاساوى ئەوەى دەهێنایەوە كە سەرۆكى هەرێم پۆستێكى سیادیەو لەوە كەمتر هەڵناگرێت، لەوە ئەچێت ئەو ئەندام پەڕلەمانە هۆڵى موچەكەى خۆى بێت چونكە ئەگەر سەرۆكى هەرێم پێنج ملیۆن موچەى بێت ئەوە ئەندام پەڕلەمان دەبێتە سێ ملیۆن، ئایا ئەو ئەندام پەڕلەمانەى ئێوە دەزانێت موچەى سەرۆكى چین بەو ئابورییە زەبەلاحەوە كەمتر لە چوار ملیۆن دینارە یان سەرۆكى سلۆڤینیا ئەویش لە چوار ملیۆن دینار كەمتر موچە وەردەگرێت لە كاتێكدا ئەو دەوڵەتە زۆر دەوڵەمەندەو لە دەوڵەتە مانیحەكانە. ئەوەى ماوەتەوە ئەوەیە بڵێین هەلە بۆ مەسعود شەرمەزارتان بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست