بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، داوایەكی یاسایی لەسەر رۆژنامەی چاودێر تۆمار دەكات
Monday, 16/03/2009, 12:00
لە ژمارە 218ی رۆژنامەی چاودێردا، كە رۆژی دووشەممە 16/3/2009 بڵاو بووەتەوە، بابەتێك لە لاپەڕە یەكی رۆژنامەكە لە ژێر ناونیشانی (بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، هەڕەشەی كوشتن لە پیاوەكەیش دەكات و بە زۆر ژن و مێردێك لە یەك جیا دەكاتەوە، بڵاو كراوەتەوە، لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمیدی مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت)، زانیارییەكانی ئەو هەواڵە بە درۆ دەخاتەوە و، ڕایدەگەیەنێت كە بە هۆی لەكەداركردنی ناوەكەی، داوایەكی یاسایی لەسەر ئەو رۆژنامەیە تۆمار دەكات.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، ئاشكرای كرد كە بەر لە هەموو كەس، دانیشتوانی هەولێر دەتوانن بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە ئایا من كێشەی خەڵكم چارە كردووە یان گرفتم بۆیان دروست كردووە، من شەو و رۆژ لە خزمەتی هاووڵاتیاندام و سەرسامم بەوەی كە رۆژنامەی چاودێر، زۆر نامەسئولانە ئەو هەواڵەی بڵاو كردووەتەوە كە من (ماجید دۆسكی) و هاوسەرەكەیم لە یەك جیا كردووەتەوە، كە بێگومان مەبەستیشیان تەنیا ناوزڕاندنی منە، بۆیە من داوایەكی یاسایی لەسەر رۆژنامەكە تۆمار دەكەم. بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، ئاماژەی بەوەیش دا كە (دۆسكی)، كە برای (ماجید دۆسكی)ـیە، هاتوونە لام و وەك و بنەماڵە داوای لێبوردنیان لێ كردووم و پێیان گوتووم كە حاشایان لە براكەیان كردووە.
عەمید (عەبدولخالق)، وێڕای ڕەتكردنەوەی سەرجەم زانیارییەكانی ئەو هەواڵە، روونیشی كردەوە كە پێشتر باوك و هاوسەرەكەی (ماجید دۆسكی)، كە ناوی (س)ـە، چەندین جار لە بنكەی پۆلیسی كوردستان سكاڵایان لەسەر ئەو كەسە تۆمار كردووە و، ماوەی 6 مانگ زیاترە ئەم كێشەیە لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرە، بۆیە دەبوایە چاودێر تەئكیدی لە قسەی من بكردایەتەوە و سەردانیان كردبام، بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوەیان لەو بارەیەوە پێ بدەم، یان پەیوەندییان بە دادگاوە بكردایە، بەڵام ئەوان بێ ئەوەی بزانن كە (ماجید دۆسكی)، 5 جاری تر داوای لەسەر تۆمار كراوە، ئەو هەواڵە بێبنەمایەیان بڵاو كردووەتەوە، بۆیە من جەخت دەكەمەوە، كە بە فەرمی داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەكەم.
هاوكات خاتوو (س)، كە هاوسەری (ماجید دۆسكی)ـیە، ئاماژەی بەوەدا كە، بە هۆی ئەوەی رۆژنامەی چاودێر، ناوی منیان زڕاندووە و، هەواڵێكی ناڕاستیان بڵاو كردووەتەوە، منیش لە دادگا داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەكەم و داوای قەرەبووكردنەوە دەكەم، چونكە من تا ئێستایش بە پێی یاسا هاوسەری (ماجید) م و لە یەك جیا نەبووینەتەوە و 18/3/2009 لە دادگای هەولێر بە مەبەستی جیابوونەوەمان دادگاییەكە دەست پێ دەكات، بۆیە بە مافی خۆمی دەزانم كە داوای قەرەبووكردنەوەی ئەو ناوزڕاندنە بكەم و سكاڵا لەسەر رۆژنامەی چاودێر تۆمار بكەم.
گوتیشی: ئافرەتێكی وەك من كە لە لایەن مێردەكەمەوە چەندین جار دەستدرێژیم كراوەتە سەر، ئەگەر پەنا بۆ پۆلیس نەبات، دەبێ چ ڕێوشوێنێك بگرێتە بەر، منیش كە هانام بۆ پۆلیس بردووە، پێم گوتوون ئەگەر كێشەی من و (ماجید) چارە نەكەن، پەنا بۆ سەرووی ئێوە دەبەم، بەڵام بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، هەموو هەوڵێكی یاسایی لەو بارەیەوە داوە و، هەڕەشەی لە كەس نەكردووە.
بەرپرسی یەكەمی بنكەی پۆلیسی كوردستان، نەقیب (هاوژین محەممەد)، ڕایگەیاند كە شەوی 21ـی 12ـی 2008، ئەو شەوەی كە (ماجید دۆسكی) دەڵێت بێ هیچ پاساوێكی یاسایی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەستبەسەری كردووم، هاوسەرەكەی (ماجید) كە ناوی (س)ـە، پەنای بۆ بنكەكەی ئێمە هێنا بۆ تۆماركردنی سكاڵا لە دژی پیاوەكەی، رۆژی 23/ 9/ 2008، ئەو ئافرەتە هاتە لامان و ئەوەی ئاشكرا كرد كە (ماجید)ـی هاوسەری، منداڵەكەی لێ ڕفاندووە، هەروەها 23/12/ 2008، برایەكی دادخواز (س)، بە ناوی (م)، داوای لەسەر (ماجید) تۆمار كرد و، بە پێی وتەی خۆی، (ماجید) هەڕەشەی كوشتنی لێ كردبوو، بێجگە لەوەیش، دیسان (س)ـی هاوسەری، رۆژی 17/2/2009، داوایەكی دیكەی لەسەر تۆمار كرد، چونكە وەك (س)، ئاماژەی پێ دا، لە لایەن هاسەرەكەیەوە بە مۆبایل هەڕەشەی لێ كراوە، بۆیە لێرەوە دەمەوێ ئەوە بخەمە ڕوو كە پۆلیس، ستەمی لە كەس نەكردووە و دەبێ یاسایش سەروەری هەموومان بێت.
لە لایەكی دیكەشەوە، (خەلیل، محەمەدەمین) باوكی (س)، جەختی لە قسەكانی كچەكەی كردەوە و، ئەوەی ئاشكرا كرد كە پێشتر بەڵێننامەیان لای بەڕێوەبەری پۆلیس بۆ پڕكراوەتەوە كە تا رۆژی دادگاییكردن هەردوو لا پابەندی ئەو بەڵننامەیە بن و كەسیش هەڕەشە لە یەكتر نەكات.
گوتیشی: چونكە سوكایەتیمان پێ كراوە، بە هەقی خۆمانی دەزانین داوای یاسایی لەسەر رۆژنامەكە تۆمار بكەین و، لە مافی خۆشمان خۆش نابین.
ئومێد پشدەری
تێبینی -
دەنگی ئەم بەڕێزانەی سەرەوە، بە تۆماركراوی پارێزراوە، لەگەڵ كۆمەڵێك دۆكیۆمێنتی دادگا و بنكەی پۆلیس.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست