کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


من یان كۆڕەك تیلیكۆم، كاممان لە دەرەوەی بازنەی خۆشەویستیی خەڵكداین؟

Saturday, 14/03/2009, 12:00


كاتژمێر 8 و چارەگی سەرلەبەیانییە، مەسیجێكم بە دەست دەگات و، بە هۆی سەرقاڵیمەوە بە كار، دەرفەت نابێ بیخوێنمەوە و، فەرامۆشی دەكەم.
پاش چەند خولەكێك، بیرم دەكەوێتەوە كە بڕیارم داوە بەشداری لە سیستمی "جی پی ئاڕ ئێس"ی كۆڕەك تیلیكۆم بكەم و، لە كاتی بێكاریدا كەمێك خۆم بە نێتەوە خەریك بكەم، بۆیە بۆ دەستخستنی ڕێنوێنی، پەنجە بە ژمارەی "چوار یەك یەك"ی مۆبیلەكەمدا دەنێم و چاوەڕێ دەكەم تا خاتوونێك لە ڕاژەی بەشداربووان وەڵامم بداتەوە، كەچی دوای 180 چركە، كەس خۆی ناكاتە خاوەن و منیش كە لە وەڵامدانەوە بێهیوا دەبم، لە داخان، 8 و نیو مۆبیلەكەم دەكوژێنمەوە.
بەرەبەری نیوەڕۆ، كاتێك لە كار بێزار دەبم و هەست بە شەكەتی دەكەم، مۆڵەت وەردەگرم و كارەكەم بە نیوەچڵی بەجێ دێڵم، كە بۆ خاڵیكردنەوەی خۆیشم دەمەوێ لەگەڵ هاوڕێیەكمدا پێوەندی بگرم، خانمە ڕۆبۆتئاسایەكەی كۆڕەك پێم دەڵێت، (ئەو ژمارەیەی داوات كردووە دروست نییە)، بەڵام من هەر واز ناهێنم و هەوڵ دەدەم بە هەر ڕێگایەك بێت دەردەدڵ هەڵڕێژم و، خۆم لەو خەمانە بەتاڵ بكەمەوە كە پێشتر و تا ئەو دەمەیش لە كۆڕەك خواردوومن و دەیانخۆم، كەچی بۆ بەدبەختی، كە دەچمە لای خاوەن ماركێتەكەی سەری كوچە و دەمەوێ پاكەتێكی پلایشەر، كە لێرە پێی دەڵێن كوردكوژ، بكڕم، بەر لە هەر شتێك، بە نائومێدی دوو سێ جار سەری بادەدات و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: لە داخی كۆڕەك خەریكە شێت بم، ئاخر ئەمە كەی ڕاستە! باوكم جەڵتە لێی داوە و لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنە، دمەوێ تێل بۆ برا بچووكەكەم بكەم بە پەلە بچێت بۆ لای، بەڵام ئەوە زیاتر لە 20 جارە هەوڵ دەدەم و هەر لە دەرەوەی بازنەیە.
منیش كە لەوكاتەدا بە قسەكانی ئەو بابایە حەپەسام، ویستم گوێی بۆ بگرم، دڵی بدەمەوە و پێی بڵێم كە ئەم گرفتەی تۆ، هەمان ئەو گرفتەیە كە دانیشتووانی زۆربەی قەزا و شارەدێكانی دەوروبەری پایتەخت بە دەستییەوە دەناڵێنن، لێ قسەكەم تەواو نەكرد كە ئەو برادەرە، هێندە بە توندی هەڵچوو كە نەیتوانی خۆی كۆنتڕۆڵ بكات و، مۆبیلە ئێن 96 ەكەی، كە نرخی 600 دۆلارە، بە زەویدا دا و، پارچە پارچەی كرد.
كە ئەو دیمەنەم بینی، خۆم بۆ نەگیرا و، مۆبیلەكەی خۆمم داگیرساند، دووبارە تێلم بۆ 411 كردەوە، خۆشبەختانە ئەمجارەیان وەڵامیان دامەوە و منیش بە خوێنساردی بە خانمە ڕێزدارەكەم گوت: دەمێكە دانیشتووانی بنەسڵاوە و دارەتوو و قوشتەپە و كەسنەزان، گلەییان لە خراپیی تۆڕەكەتان هەیە، دەكرێ لەمەودوا وەڵامی داخوازییەكانی بەشداربووە ئازیزەكانتان بدەنەوە و، بە تەنگ داواكانیانەوە بچن؟، خاتوونە بەڕێزەكەیش، بە هێمنی ئەوەی پێ گوتم كە من یەكەم كەس نیم ئەو گازندەیە دەكەم و، بەڵێنیشی دا كە لە ڕێگەی ئەندازیارەكانیانەوە، بە زووترین كات هەموو گرفتەكان چارە بكەن.
بە هەر حاڵ، دەمەو عەسرە، كە دەخوازم بەرەو ماڵەوە بەڕێ بكەوم، لە ناو تاكسیدا دەكەوێتەوە یادم كە سەرلەبەیانیی ئەو ڕۆژە، ئێس ئێم ئێسێكم بۆ هاتووە و نەمخوێندووەتەوە، بۆیە "ئۆپن مەسیج" دادەگرم و دەمەوێ كورتەنامەكە بخوێنمەوە، بەڵام كە ناوەرۆكی نامەكە دەبینم، بێ ویستی خۆم قاقا پێدەكەنم، چونكە تیایدا نووسراوە: (نازانم نە تۆ، نە كۆڕەك لە دەرەوەی بازنەی خۆشەویستیی خەڵكدان، كوڕی چاك، لە سپێدەوە هەر لە دەرەوەی بازنەیت، پەنا بە خوا قەت نایەیتەوە ناو بازنە و، یەكجاری دادەخرێیت) هاوڕێكەم وای گوت.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە