کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەبەز گۆران.. ئەو زاتەی هەموومان خۆشمان ده‌وێت

Saturday, 14/03/2009, 12:00


لە گەلێك شوێن، ناو بە ناو ئەو پڕوپاگەندە سەرسوڕهێنەرە دەبیستم كە "نەبەز گۆران"ی رۆژنامەنووس، كارمەندێكی دڵسۆزی دەزگای پاراستنە و، جگە لەوەی كە كاریش بۆ دەزگای زانیاریی دەكات، لە ئاسایش مانگانە مووچە وەردەگرێت. هەندێك كەسیش، كە زۆرجار لەبەرخۆیانەوە قسە دەبزڕكێنن، باس لەوە دەكەن كە نەبەز، لە دەوروبەری هەولێر، پارچە زەوییەكی وەرگرتووە كە بە 13 دەفتەر دۆلار فرۆشتوویەتی و بڕێك لەو پارەیەشی بۆ براكەی لە تاراوگە ناردووە.
من كە لەو قسە و قسەڵۆكانە خۆم بە بەرپرس نازانم و پێشم وایە كە هەموویان لە پای بوغزاندنی شەخسییەوە هاتوونەتە كایەوە، بەڵام ئەگەر هەموو ئەو زانیارییانەیش ڕاست بن، نەبەز هێشتا دەرفەتی خۆشەویستیی خەڵكی لەدەست نەداوە و، تا ئەو ساتەیش فرسەتی وەدەستهێنانی ئینتیمای هاووڵاتیانی هەرێمێكی هەژاری لە بەردەمدا ماوە، چونكە ئەو، قسەی لەبارەی كۆمەڵە شتێكەوە كردووە و دەكات، كە نە من، نە ئەوانی تریش، جا بە هەر هۆكارێكەوە بێت، جورئەت ناكەین وتەیەكیشیان لەبارەوە بڵێین و خۆمان لە قەرەیان بدەین.
بە بڕوای من، ئەگەر نەبەز پاراستن بێ، یان سەر بە دەزگای زانیارییش بێت، كە دڵنیام وانییە، خۆی بە مەزن نازانێت و، وەك ئەو فسقلانە نییە كە لەسەر حیسابی حكوومەتەكەی هەولێر و سلێمانی، كۆمپانیایان لە شوێنە ڕاقییەكانی ئەو دوو پارێزگایە داناوە و، پێوەندییان لەگەڵ یەك بە یەكی دەزگا سیخوڕییەكانی وڵاتانی دراوسێ هەیە.
ئەو، هەمیشە لە چایخانە كلاسیكییەكانی بازاڕی ئیسكاندا لە هەولێر، چەشنی هەر مرۆڤێكی ئاسایی، چایەك بە 250 دینار دەخواتەوە و، ناچێ لاسایی ئەو بەرپرسە گەندەڵانە بكاتەوە كە قاوە و نسكافەی ئەمەریكایی نەبێ ناخۆنەوە و، پێیان وایە كە كوڕی حەزرەتی پێغەمبەرن و نابێ تێكەڵی ئەو خەڵكە بەشمەینەتە بن كە هەموو تەمەنی خۆیان لە پێناو كورسییەكانی ئەواندا بە فیڕۆ ڕۆیی.
من و نەبەز، هیچ شتێك پێكەوە كۆی نەكردووینەتەوە و، جگە لەوەی كە من عەوداڵ و هۆگری نووسینەكانی ئەوم، تەنیا جارێكیش لە نزیكەوە یەكترمان نەدیوە، لێ ئەو تەوەرە هەنووكەییانەی كە نەبەز بوێرانە لە میدیاكاندا دەیانخاتە بەر باس، ئەوە دەهێنن كە من و هەزارانی وەك منیش، ستایشی بكەین و پێی بڵێین تۆ لەوە خۆشەویستتری كە ژمارەیەك رۆژنامەنووسی بێفەڕ و چەلاوخۆر، سەركۆنەت بكەن و، خۆشەویستیی خەڵكیش، قەت بەو لێدوانە بێمانا و وتارە ناقۆڵایانە ناسڕێتەوە و لە بەین ناچێت.
من دەمەوێ لێرەوەیش بە نەبەز بڵێم، ئەو كەسە دەمامكدارانەی كە لە میدیا مردووەكانی كوردستاندا، ناشارەزایانە توانج و پلاری نازیندوو و بێبنەما لە تۆ و من و ئێمە و ئەوان دەگرن، هیچیان پێ نییە جگە لەوەی كە بڵێن نەبەز پاراستنە، سەر بە دەزگای زانیارییە و مووچەی لە ئاسایش هەیە. ئاخر ئەوان، كە لە بەهەدەردانی سەروەت و سامانی خەڵكدا، پشكی شێریان بەركەوتووە، ناچارن بوختان بۆ كەسێك هەڵببەستن كە تا ئەو وەختەیش، هەوڵ و تەقەلاكانی خۆی لە پێناو گۆڕانكاریی و ڕیفۆرم لە كار نەخستووە و، دەیەوێ بە جۆرێك لە جۆرەكان، كاریگەریی بەسەر دەسەڵات و دەزگا و دامەزراوەكانییەوە هەبێت، هەروەك چۆن پێشتر هەیبووە و دەیبێت.
گۆران، ئەگەرچی دەرفەتی نەبووبێ بپەرژێتە سەر هەندێك لەو گەندەڵییە شاراوانەی كە لە ئۆرگانە حكوومی و حزبییەكاندا هەستی پێ دەكرێت، كۆشاوە بۆ ئەوەی هەڵوەستە لەسەر بەشێك لەو كەموكورتییانە بكات كە بە چاوی یەكەم و دووەم و سێیەم دەبینرێن و، هۆشداریی بداتە لایەنی پێوەندیدار كە لەمەودوا بە خۆیدا بچێتەوە و چاكسازیی بكات، بۆیە ڕەوای هەقە دەستی ماندووبوونی بگوشین و، ئەوەی لێ نەشارینەوە كە ئەگەر لەو خەباتە بەردەوام بێت، لەوانەیە بەرە بەرە هەموومان خۆشمان بوێت و، نكۆڵیش لەوە ناكەین كە بەردەوامیی نەبەز لە قسەكردن، ئەو شانازییەمان پێ دەبەخشێ كە نووسینەكانی بخوێنینەوە و، هیچ حسابێك بۆ ئەوە نەكەین كە كۆمەڵە كەسێكی هەلپەرست، لە رۆژنامە و شتی تردا، پڕوپاگەندەی نادروستی لەبارەوە ڕابگەیەنن.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە