سەركردەكانی بیرى كۆن و عەقلیەتی خۆسەپاندن *
Thursday, 03/03/2011, 12:00
لە شەستەكانەوە تا دوایەكانی سەدەى رابردوو لە شوێنە جیاجیاكانی جیهاندا چەندین بزوتنەوەى بەرهەڵستكارى بەرپابوو بەرامبەر بە حوكمڕانەكانی هەمان وڵات بە شێوەى كودەتاى سەربازى بۆ گۆڕنی حكومەت و دەسەڵاتگرتنەدەست ، هەستانەوەی جەماوەرى چەكدارى ودژ بە دیكتاتۆریەت یان هێزێكی رادیكال بەرامبەر بە حكومەتێكی دیموكراسی یان لیبرالی هەڵبژێردراو ، جەنگی چەكداری پارتیزانی بەرامبەر بە دیكتاتۆریەت یان هێزیكی رادیكاڵ بەرامبەر بە حكومەتی شەرعی ، جوڵانەوەى نەتەوایەتی بەرامبەر بە رژێمە شۆڤێنی و داگیركەرەكان یان بەرامبەر بە هێزێكی بیانی شەرەنگیزی داگیركەر . ئەمانەش بەتێكڕا لە مەبەستێكدا هاوبەشن و لە یەكدەچن ئەوەش توندوتیژى و بەكارهێنانی زەبر بۆسەپاندنی وویستەكانیان .
گەر خەسلەت و رەوش و مەرام و ئامانجەكانیشیان لەیەكنەچن ، هەموو یەكدەگرنەوە بە پشتبەستن بە شەرعیەتی هێزی خۆیان لەژێر چەتر و پاساوى جیاجیا و پشتئەستور بە تواناى سەربازیان بۆ لابردن و بەكنارخستن و پاكتاوكردنی لایەنی نەییار و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بە ناوی(شەرعیەتی شۆڕشگێرى) و لە ژیر سایەى ئایدۆلوژیەتی جۆراوجۆردا .
گەرچ بۆنەمانی رژێمێكی دیكتاتۆرى دڕندە وە یان دەربازبوون لە ژێردەستەیی و چەوساندنەوەى نەتەوایەتی و داگیركردن شێوازەكانی دیموكراسی كەڵكینەبوو و بە پێی قۆناغ و هەلومەرج بێگرتنەبەرى ئەو رێگایە نەهێڵانی ئەو بارە مەحاڵبێت ، بەڵام پاش نەمانی ئەو بارە نائاساییە نەگەڕانەوە بۆ جەماوەر و تەسلیمنەكردنی دەسەڵات بەوان و ملكەچنەبوون بۆ ئیرادەى زۆرینە و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی ئازادانە و بەردەوامبوونی ئەو دۆخە و درێژەكێشانی لە ژێر هەرچ پەردەو پاساوێكدا دەبیتە جۆرێك لە جۆرەكانی خۆسەپاندن و بەرەو دیكتاتۆریەتی دەبات ، جا ئەو حاڵەتە كۆمەڵیك ئەفسەرى سوپا دروستیبكەن یان سەركردایەتی لایەن و بزوتنەوەیەكی نیشتمانی و نەتەوایەتیش بیهێنێتەكایەوە .ناشێت ئەوە بكاتە پاساو كە ئەو ئەو بارەی دروستكردوە بۆیە مافی دەسەڵات لەدەستبوون و بڕیارى داهاتووشی هەیە و حیساب بۆ لایەنی تری نوێ و ئارەزوى زۆرینەش نەكات و مافیان زەوتكات . لەوە راست و رەواتر ئەوەیە بە كاروكردار و خزمەتكردن لاى زۆرینە گوزارش لە خویبكات و خۆی بسەلمێنێت و بەلاى خۆیدا رایانكێشێت و پشتگیریان مسوەگەربكات .
دەسەڵاتی كودەتا بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت روەودیموكراسی بڕوات و حوكمی سەربازی هەرچوِنێكبێت بەرەو دیكتاتۆری هەنگاودەنێت مەگەر هەر لەسەرەتاەوە خۆى لیبكشێنێتەوە و دەسەڵات روبەروی لایەنی مەدەنی بكاتەوە، بەو هۆیەى سەركردە سەربازیەكان ناتوانن سروشت و رەوشی خۆیان بگۆڕن و هیچ بەڵێنێكی دیموكراسی بەجێناهێنن . ئەوەش تارادەیەك بۆ بزوتنەوەیەكی چەكدارى بەرهەڵستكار لە كاتی سەركەوتنیدا دروستە گەر رونەكاتە دیموكراسی سیاسی و هەڵبژاردن و پێداچونەوە بە ئۆرگان و دامەزراوەكانیانداو خۆ رزگارنەكات لە عەقلیەتی عەسكەرتارى و خۆسەپاندن ، لەبەر راهاتنی سەركردەسەربازیەكان بۆ سەپاندنی وویست ومەبەستەكانیان بەزەبر ، زۆربەى ئەوانەى لە رێڕەوى بزوتنەوەى چەكداریدا هاتونەتەپێشەوە و بنەمایەكی سیاسی پتەو و كراوە و ئەزموون و شارەزاییان لە دیموكراسی و كارى حوكمڕانیدا لادروستنەبوە و لە ئەنجامی ئەو بارە سیاسیە و بێ هەڵبژاردنی ئازاد وەدەركەوتون و گەیشتونەتە ئەو مەوقیع و جێگایانە و هەوڵی دروستكردنی پایەگایان بۆخۆیان داوە و لە ژیانی سیاسیاندا لە هەلومەرجی توندڕەویدا پەروەردەبوبێتن و گۆشكرابێتن و هەمیشە ناكۆكیەكانیان بە حوكمی چەك چارەسەركۆدبێت و ئەوە لە ناخیاندا چەسپیبێت ، زۆر زەحمەتە مێشك وبیریان بگۆرَێت و ئەوە قەبوڵبكەن كە رۆژیك دەسەڵات لەدەستبدەن . تەنانەت گەر لوتكەى دەسەڵاتی جولانەوەكەو بەشێكیش لە سەركردەكان و سیاسەتمەدارە باڵاكانیش برَوایان بە مەبەستی دیموكراسی هەبێت ، ناتوانن بە ئاسانی لە هەموو ئاست و بوارەكانی ئەو دەسەڵاتەدا زۆرینەى بۆراكێشن و ئەوان و روبەروو بەرەنگاریان دەبنەوە گەر كارى ووردى بۆنەكەن و حیزبەكەیان بەرەو دیموكراسیەت ئاراستە نەكەن و چەند كۆنگەرەیەكی نۆیبونەوە نەبەستن بۆ پێداچونەوەى بەرنامە و پەیڕەو و ئۆرگان و هەڵوێستەكان نەكەن و لابەلاكردنی بەرەبەرەى عەقڵیەتی عەسكەرتارى و سەپاندن و جێگیربوونی عەقلیەتی تۆلەرانس و كراوە و مۆدێرن و نوێ و خاوەن ئەزمونی دیموكراسی و سیاسی و شارەزا لە مەبەستی حوكمرَانی و كارى جەماوەریدا ، لە گەڵ ئەوەشدا پێویستە دەسەڵات رادەستی گەل بكرێت كە خۆى بە شێوەى ئازادانە و شارستانی نوێنەرانی خۆى بۆ حوكمڕانی هەڵبژیرێت و ئەندامانی ئەو حیزبانە بەوە پەروەردەبكرێن كە رێز لە وویست و بڕیارى زۆرینە بگرن و و قەبوڵیبكەن و لە گەڵ لایەنەكانیتر بە روحیەتی یەكترقەبوڵكردن مامەلە بكەن ، لە لیستی داخراوەش كاندیدەكانی ئەو دەنگەیان هێناوە هی خۆیان نیە بەلكو هەڵوێستى خەڵكە لە حیزب ، هەرچەند تارادەیەك كاندیدى باش یان خراب لە شوینیك كار لە میزاج و هەڵوێستی خەلك لەو شوینە دەكات و رەنگە كاریكەرى پوزەتیڤ یان نێگەتیڤی گەورەش بەجێبهێڵێت . زوِرى ئەوانەی لە بارودۆخی نائاسایدا پێگەیشتوون نەوەك هەر ئامادەنین بە ئاسانی ئەو دەسەڵاتە بۆ خەڵكی تر بەجێبهێڵن و دەستی لێهەڵبگرن وە واز لە هەموو ئیمتیاز و ئەو بەرژەوەندیانە بهێنن كە بە هۆى ئەو پلە و پایە بەردەستیانكەوتوە ، بەڵكو هەمیشە هەوڵی زیاتر دەدەن و لە دەسەڵات تێرنابن و لە دەرفەتیش دەگەرێن گەر بە شێوەى شەرعیش نەبێت وا بە رێگاىتر بۆ گەیشتن بە شوێنی بەرزتر و دەسەڵاتی زیاتر و لابردنی تەگەرەكانی سەر رێگایان تا پاكتاوكردنیش بێت و هەر روحیەتی زەبر و كودەتائامێزی لە مێشكی زۆربەیاندا دەمێنێت و قابیلیەتی هەڵگەڕانەوە و پشتتێكردنیشیان تێدایە و بەكەمترین هەستكردن بەلێدانی بەرژەوەندیان ئامادەن هەڵوێست و ڕەوت و ئاراستە بگۆڕن و بەرەنگاری لایەن و دۆست و هاوپەیمانە كۆنەكانیان ببنەوە تەنها بۆئەوەی ویستەكانی خۆیان بسەپێنن و هەموو ئامراز و ڕێگایەكیش لەو پێناوەدا دەگرنەبەر ، ئەوەی برواشیان پێنەبێت مەبەستی دیموكراسیە ، سیاسەتیش وەك كەرەسەیەك تەماشا دەكەن بۆ گەیشتن بە مەرامیان ، هەمیشە دروشم و گوتاری زۆر زل و زەق و گەورە و خەیاڵاوی بەرز دەكەنەوە و ئاراستەی جەماوەری دەكەن ، كە نەخۆیان لە كاروكرداریان رەفتاری پێدەكەن و نە لە زۆربەشدا لەو سەردەمەدا ئیمكانی جێبەجێ كردنن ، لە ئیمكانیاتی ووڵاتیش زۆر زیاترە و بۆ چاوبەست و تەفرەدان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵك بەكاردێت نەوەك لە بڕوایانەوە هاتبێت ، كەلێن و ناتوانایی و گەندەڵی ناو دەسەڵاتیش زیاتر زەمینە بۆ ئەوە خۆشدەكات .
دەشێت گەورەترین تێكۆشەر و شۆرشگێڕی دوێنێ سەردەمی جەنگین دژ بە داگیركەر و شۆڤینیزم و دیكتاتۆریەت ببێتە گەورەترین دیكتاتۆری ئەمڕۆ لەكاتێكدا بیرومێشك و هەڵسوكەوتی نەگۆرێت و دەركی قۆناغی نۆی نەكات لەگەڵ عەقڵیەتی دیموكراسی سەردەمدا نەگونجێت .ئەوانە هەمیشە دژى ئاسایكردنەوەى بارى سیاسی و هاوكارى لایەنەكان و گقتوگۆ و سازش و دەستهەڵگرتن لە هێندى مەبەستن لە پێناو نزیكبونەوە و چارەسەركردنی كێشەكان و سەقامگیركردنی ئاشتى و بارى سیاسی .
تا بتوانن روبەروى دەوەستن و تەگەرەى دەخەنە رێگا , هیچیشیان بەدەستەوە نەما رودەكەنە هاندانی توێژى جیاجیا و لە وەترى حەساسی خەڵك دەدەن و پڕوپاگەندە دەكەن بۆ راكێشانی خەڵك بەرەو رادیكالیزم و ئاڵۆزكردنی بارودۆخ . لە كاتی بەشداریشیان لە هەڵبژاردنەكانی وڵات هەمیشە هەوڵی دروستكردنی كێشە و گرفت دەدەن لەبەر دڵنیانەبون لە خۆیان و نەتوانینی راكێشانی زۆرینە بە لاى خۆیاندا بە شێوەى ئاسایی و ئوێوڵی بۆ بوون بە هێزێكی بەرچاو كە كاریگەرى هەبێت . بۆشاردنەوەى ئەوە گەر بۆیان بلوێت دەستەبەرى هەموو كارێك دەبن بۆ تێكدانی سەقامگیرى سیاسی و پوچەڵكردنەوەى ناوەرۆكی دیموكراسی و كەرتكردنی كۆمەڵگا .
خۆ هیتلەر و نازیەكانی ئەڵمانیا و موسولینی و فاشیستەكانی ئیتالیا بە دروشمی گەورە و سودوەرگرتن لە كەلێنەكانی دەسەلات و گەندەلی ئیداری و دارایی و قەیرانی ئابوری و نارەزایی خەڵك توانیان بیرى زۆرینە چەواشەبكەن و بە پشتیوانی خەڵك دەسەڵاتیان گرتەدەست و ئەنجامەكانیشی دیارە . ئەو شێوازەش لەلایەن پاشماوەكانی لایەنە دیكتاتۆری و فاشیستە كۆنەكان و گروپەرادیكالە راستڕەو و چەپەكانەوە بەكاردێت ، لە زۆر ولاتیش لە قۆناغی جیاجیادا بەكارهاتوە و ئەنجامە خراپەكانی كەوتوەتە بەرچاو، ئەوەش سەلمێنەرى ئەوەیە كە ئەوانە گەر چۆنیش خۆیان پیشانبدەن و لە ژێر هەرچ دروشم و بانگەشەیەكیشدا هەوڵبدەن رەواڵەتیان بە جۆریتر بخەنەروو وا ناتوانن ناوەرۆكیان بگۆڕن ، ئەوانەش لە دیكتاتۆریەتی ئاشكراى راستەوخۆ مەترسیدارترن و لە سایەى دیموكراسیدا هەوڵی سەپاندنی دیكتاتوریەتی كەمایەتی دەدەن بە بەكارهێنانی كۆمەلێك كەلێن و لایەنی لاوازى دەسەڵات و بەكاربردنی هەموو ئەزمونی خۆیان یۆ كارتێكردنی سایكۆلوژیەتی جەماوەر ، بەڵام لە راستیدا ئەوانە نارەزایی خەڵك و بیرى ئۆپۆزسیۆنی سەردەم چەواشەدەكەن و لە رێڕەوى ئاسایی خۆى دووریدەكەنەوە و هەڵیدەمژن و بەكاریدەهێنن بۆگەیشتن بە مەرامی تایبەتی خۆیان .
ئەركی هەموو لایەنێكی دیموكراتخوازى كوردستانە دەرفەت بە عەقڵیەتی عەسكەرتارى و خۆسەپاندن نەدەن و گرنگى بە وویست و خواستی جەماوەر بدەن و داوا و پێداویستیەكانیان دابین بكەن و بنەمای دیموكراسی فراوان و قوڵبكەنەوە و ریگا بە دیكتاتۆریەت بگرن .
* ئەم بابەتە لە مانگی 6ى 2009 نوسراوە و لەگەڵ دوو بابەتی تری (سەركردەكانی خاوەن عەقڵیەتی عەسكەرتاری و خۆسەپاندن) و (توندوتیژى و عەقایەتی خوسەپاندن) و (بیرى مۆدیرن و نەوەكانی پاش عەقڵیەتی عەسكەرتاری و خۆسەپاندن)تەواوكەری یەكترن . ئیستا كاتی خویەتی وەبیرى خەلك بهیندرێتەوە .
زیادكراو: روداوەكانی تونس و میسر و لیبیا و ئەوەى ئەمروى كوردستانیش سەلمینەرى ئەو راستیەیە. زورینەى سەركردایەتى حیزبەكانى دەسەلات و ئوپوزسیونیش لەوە نەگەیشتون و دەركى ناكەن و سەلمیندراوە گەر هاتە تینیان وا دەست دەدەنە چەك لە بەر ئەوەى هەمان عەقلیەت كۆنن بە سەركردەكانى گۆڕان و ئیسلامیە رادیكالەكانیشەوە و میژووى هەر یەكەیان ئەوە ئاشكرا دەكات لە بەر ئەوەى پەروەردەى هەمان قوتابخانەى فیكرین هەرچ رەنگیكیان هەبێت و دەسەلات و هیزیان هەبیت ، هەمووش ئەوەى لە توانایان هەبیت میلیشیاى چەكداریان هەیە . تەماشاى بارەگاكان و مالى بەرپرسانی گۆڕان و كومەل و زور لەوانەى یەكگرتوش بكەیت دەیان چەكدارى لى وەستاوە ، ئایا بۆ پاراستنی خەلكە نەخیر بو پاراستنی ئەو بەرپرسانەیە و لە حالەتیك لایەنگرى لایەنیكی تر بەرامبەریان خوپیشاندان بكات و برواتە سەریان بە بەرد كە زور فشاریان بو هات بە دلنیایەوە هەر وەك ئەوانەى تر دەست لە خەڵك دەكەنوە . ئەگینا تەنها بو پاراستنی شخێیش بیت ئەو هەموو چەكدارەیان ناویت و گەر لە ترسی حكومەت و حیزبەكانى دەسەلات بیت ، بیگومان دەیان چەكدار بەرگەى هیزى گەورە ناگریت ، بویە ئەوە پەیوەندى بە عەقلیەت و بیركردنەوە و تیروانینی ئەوان هەیە و ناتوانن ببنە ئەلتەرناتیڤیكى دیموكراتى بۆ ئەوانەى تر ، ئامادەشن بە پێی میزاج و بەرژەوەندى لایەنەكەیان لە هەموو كاتیكدا بە پیچەوانەوە هەلویست بگۆڕن . دەبیت جەماوەر و گەنجان بە دواى سەركردە و نوینەرى سەردەمانەدا بگەرین كە چیدى برواى بە توندوتیژى نەبیت و لە بەرزیەوە نەروانیتە جەماوەر و دەستكردى هیچ لایەنیك لەوانە نەبێت و بە وویستی كاتى خویان ریرەو و ئاقارى نارەزایەكان بو كەسبی حیزبی نەجولینن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست