کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كاك نەوشیروان ناهەقی نەبوو، بەڵام؟

Saturday, 01/01/2011, 12:00


زۆرجار دروستبوونی ناكوكی و تەقینەوەى ململانێ لەناو حیزبە تەقلیدی و زور لە لیبرالە كان و لەناو دەسەڵات و كۆمەڵە و گروپەكانیش (بە تایبەت لە نێوان كەسایەتیە سەرەكیەكانی ئەو لایەنانەدا) لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی چەندین هۆ و مەبەستی سەرەكیە لە سەروى هەموویانەوە وەدەركەوتنی كیشە و گرفتەكانیان لە ئەنجامی ناكۆكی كەسایەتی و تیكەڵبوونی لە گەل كۆمەڵیك لەیەكنەچون لە هێندیك لە بوچونەكانیان لە سەر شیوەى كاركردن سەرچاوەدەگرێت و ئەوانە دەخرینە قالبێ جیاوازبونیان لەسەر بیروبوچوون و كارى سیاسی و رێكخراوەیەوە ودەكرێنە پاساو بو دروستكردنی ئاراستەیەكی تر بەناوى نوێخوازى و شتیترەوە تا خەڵكی لە دەور كوبكەنەوە و ریزبەندیان بكەن كە بە رەواڵەت نەبێت لە ناوەرۆكدا لەوى تر جیاواز نیە، هاتنەكایەى ئەو رەوتە چەند مەبەست و ئامانج لەخۆدەگرێت و رێرەو و رەهەندەكانی داهاتووى ئاراستەكەش دەستنیشان دەكات و بە شیوە و شیوازى دیاریكراو خۆى دەنوێنێت و بەو قاڵبەوە خۆى نیشان دەدات كە دەبێتە سیمەتی سەرەكی ئەو لایەنە. هاتنەكایەى ئەو مەبەستانەش دوو فاكتەرى سەرەكی خودى كەسایەتی و بابەتی گشتی كاریگەریان بە سەریدادەبێت كە شیوە و مەرجەكانی وەدەركەوتن و ئامانج و و ئەنجامەكانیشی دیاریدەكەن و كار لەو ئاراستە و ئاقار و قەوارەیە و رێرەوى ئایندەشی دەكەن و كاریگەریان بەسەر دروستی كار یان هەڵە و شاشی هەلوێست و داهاتوویشیەوە دەبێت.
لە ناو یەكیتی نیشتمانی كوردستان بە گشتی و كۆمەڵەى رەنجدەرانیش بە تایبەتی لەسەر هەردوو ئاستەكە ناكۆكی و ململانێ لە نیوان جەمسەرەكاندا هەمیشە هەبووە، جگە لە تێروانینە فیكریە جیاوازەكان كە لە لایەن خودى ئەو جەمسەرانەوە ئاراستە و رینمایی و پشتگیرى كراوە یاخود بە پێچەوانەوە بەرهەلستی كروان و ریگایان لێگیراوە.ناكۆكی نیوان جەمسەرەكانیش گەر جاروبار مەبەستی فیكری و بۆچونی جیاوازیشی تێكەل بوبێت و بەشیكیشی لەسەر شیوە و شیواز و رێرەوى كار بوبێت، بەڵام لە بنچینە و ناوەرۆكدا لەسەر دابەشبوونی دەسەلات و قایمكردنی پێگەى خۆ و هەوڵی سەپاندن و جێگیركردنی وویستەكانیان و بینینی رۆلی سەرەكی و بوون بە لایەنی بڕیاردەرى یەكەم بووە! لە گەڵ هێنانەپێشەوە و بەخشینی دەسەڵاتی زیاتر بە دەست و پێوەندەكان و گرنگیپێدانی دەوروبەرەكانیان و ئەوانەى پشتگیرى كەسایەتیان دەكەن گەر لەسەر حیسابی كادیرەكانی تر و سەرجەم یەكێتی و بزوتنەوەكەش بوبێت!
ناوەرۆكی ململانێكان وشێوەى مامەلەكردنی ئەوان لەگەڵ كادیرەكانی ریكخستن و خەڵك سەلمێنەرى ئەو راستیە بوە و تا ئێستاش ئەوە دەخاتەروو كە بناغەى ناكوكیەكان مەبەستی فیكرى و هەڵوێست نەبووە، بەڵكوئەو مەبەستانەى سەرەوەیە. ئەو جەمسەر و لایەنانە بۆ پەیداكردنی پاڵپشت هەموو كەسێكیان لەخۆگرتوە و پەنایان بردوەتە بەر هەموو شیوازێكی كار گەر نادروستیش بوبێت (وەك هەڵوێستیكی ماكیافیلیانە : الغایە تبرر الوسیلە) تەنها بۆ گەیشتن بەو وویست و ئامانجانەى بوخۆیانیان داناوە.
كاك نەوشیروان دەبوایە لەوكاتەى كە لە ناو یەكیتی بوو لە گەل بنەما (قاعدە) پەیوەندى پتەوى ببوایە و حەوسەڵەى سەردانی كادیر و خەڵك بۆلاى و گوێلێگرتن و گفتوگۆى زیاترى لە گەڵیان ببوایە و لەوانە بیزار نەبوایە و لە كیشە و مەبەستەگرنگەكان لە كاتی گلەیكردنیان لاى ئەوەى دەرینەبڕیبایە كە هەقی نیە یان شتەكان لاى ئەو نین و رۆلی نیە با روبەروى نەكرێنەوە و برۆنە لاى ئەوانیتر، دەبوایە لە روداوەكان و مەبەستە بنەڕەتیەكاندا سلبی نەبیت، بە پێچەوانەوە رولی هەبێت وەك جێگرى یەكەمی سكرتێرى گشتی و زور ئەكتیڤیش بیت و بۆچوون و رۆڵی بۆ ریزەكانی رێكخستن و جەماوەرى یەكیتی روون و دیار و بەرچاوبێت، نەوەك ئەوانە تەنها بۆ چەند كەسێكی تایبەتی زۆر نزیكی ئاشكرا بن كە زوربەیان رولی حیزبی و جەماوەریشیان دیارنەبوو.
ئەو ناسرابوو بە یەكێك لەوانەى كە گلەیی لە تاقمگەرى و گەندەڵی و كومەلێك دیاردەى نەشیاو و هیندیك هەلوێستی ناو یەكێتی هەبووە، كە چی خەڵكی گلەیی ئەوەیان لێ هەبوو گوایە كە دەڕۆنە لاى و باسی گرفتەكان دەكەن بەئەوانى راگەیاندوە با داوا لە قیادەی یەكیتی بكەن وەك ئەوەى ئەو لەو قیادەیە نەبێت وگوایە كارى ئەو نیە و دەسەلاتیشی نیە و خەڵكەكە بە نائومێدى و دڵساردى دەگەڕانەوە، ئەى گەر وابوو بوچ بارەگاى لەو جێگایانە بوو و لەوێ دادەنیشت، یان وەك تەماشاكەر هیچ هەلویستی نەبوو. ئایا دەیویست یەكیتی بەرە بەرە بارى ناوخوى بەرەو خرابتر بروات تا ئەو پاشان هەلویست وەرگرێت و ئەوە بسەلمینیت كە چاكناكرێت بێ ئەو، ئەو كاتە بیتە ساحەكەوە وەك رزگاركەرى بارەكە.
ئەم دەرئەنجامانەى ئیستا و هەموو نابەرنامەیی، ناعەدالەتی، هەلنەسەنگاندنی كادیر، تیكەلاوبوونی حیزب و حكومەت، نەدانی شوینی گونجاو بە خەلكی شیاو، نا یەكسانی، گەندەڵی، تاكڕەوى، عەسكەرتارى و زۆر مەبەست و دیاردەى تر كە كاك نەوشیروان و رەوتی گۆڕان باسی دەكەن وپیش ئەوان خەڵكی تریش وروژاندویەتی و راستن و لەوانەش زیاترن، دروستبووى ئەمرۆ نیە، بەلكو رەگ و ریشەى هەیە و بەرەبەرە وەدەركەوتووە و تەشەنەى كردوە و بوتە دیاردە و جێگیربووە. ئەو بەدرێژایی زیاتر لە 35 سال لە سەرەوەى هەرەمەكەى یەكیتی بوە، ناتوانیت خوى لە بەرپرسیاریتی دەركات، ئاخو لەو ماوەیە چی كردوە بو بەرنگاربوونەوە و رێگالیگرتنیان و هەڵویستی بەراشكاوى چی بوە بەرامبەریان تا وا تەشەنە نەكەن!
لە دوا 15 ساڵی پێش دەرچوونی لە یەكێتی دووربوو لە دەسترەسی زۆربەى كادیر و ئەندامانی ئەكێتی و نەشیاندەزانی چۆن بیردەكاتەوە و هەلویستی چیە و هۆى هاتنەوە و دانیشتن و دووركەوتنەكانى و رویشتنەوەشی چیە، تەنانەت لە تاقمگەریەكانیش هەر جارەى بە شێوەیەك بیر دەكرایەوە كێ پشتگیرى لەم یان ئەو تاقم دەكات، زورجاریش ئەم یان ئەو كەسایەتی یان گروپ بە ناوى ئەوەوە قسەیان دەكرد كە ئەوانیش وەك تاقمەكانی تر تێكەڵ و پێكەڵ بوون نەوەك پۆلینكراو و ریزبەندكراو لە كادیرى باش و لێهاتوو و پایەبەند بە پرنسبەكانەوە بە جوریك لە روى چونایەتیەوە لە تاقم و گروپەكانی تر جیابكرێتەوە و جیاوازى بەرچاویان پێوە دیار بێت، مەرجیش نەبووخەلكی باش یان خاوەن رۆلی ئیجابی بن و ئەویش ئەوەى بە ئاشكرا رەد نەدەكردەوە كە لە هیچ گروپیك نزیك نیە یان دژى تاقم و گروپگەریە!بویە هەلویستی ئەو زورجار لاى خەڵك تەم و مژاوى بوو، بەلام مەبەستیك كە لە هێندیك ناوەند باسی لێوەدەكرا ئەوەبوو گوایەپشتگیرى لە ناوچەگەریەكی تونرەوى ناشارستانی دەكات بەرامبەر بە خەڵكانی ناوچەكانی ترى كوردستان. ئەوانەش واىكردبوو زۆر لە كادیرە هەرە باشەكانی یەكیتی كە نارازیبوون لە باودوخی ناوخۆی یەكیتی لەو دوربن و تەنانەت لە باسكردنی مەبەستەكانیش لەگەڵی سڵ بكەنەوە. ئەو وەك جیگرى سكرتیرى گشتی هەم لاى جه‌لال تاڵه‌بانی و هەم لاى هەموو یەكیتی مەكانەتی تایبەتی هەبوو و ئەویان لاقەبوول بوو و زور لە قسە و بۆچوون و بریارەكانیشی دەرویشت و جیگیردەبوو و كاریشی پێدەكرا و دەیتوانی رولی ئیجابی ببینێت لە نەمانی گروپەكانیش و بەقسەشی دەكرا گەر بیویستبایە و بە یەك چاو تەماشاى هەمووانی بكردبایە، لە جیاتی تەماشاكردنی مەبەستەكان وەك چاودێر و نەهاتنەناو كارەكانەوە و چاوەروانی ئەوەى ئالوزتربێت و بگاتە بنبەست، ئەوش یەكێك لە هۆكان و دەرئەنجامەكانى مانەوە و بەهێزبوونی گروپگەرى بوو لە ناو یەكێتیدا و بەشیكی ئەو دەرئەنجام و ئالۆزیانەش دەكەوێتە ئەستۆى ئەو و ناتوانیت خۆی لەو بەرپرسیارێتیە بە دوور بگرێت! لە شەڕى ناوخوش وا باس نەدەكرا كە ئەو دژى بێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە وەك یەكیك لە توندەكان و هەڵۆكانی ناو یەكیتی لە قەڵەم دەدرا كە گوایە خاوكردنەوەى پێ قەبووڵ نەبوو، بۆیەش هیندیك جار دوورە پەریزە.
دەبوایە كاك نەوشیروان لە كۆڕ و كۆبونەوەكان و لە كاتی پێداویستی هەلوێست وەرگرتن لە مەبەستە چارەنوسسازەكاندا حزورى هەبێت. بەحوكمى مەركەزەكەشی هیچ رێگرێك نەبوو لە بەردەمی كە سەردانی مەلبەند و هەموو دەزگا حیزبی وئورگانەكانی ریكخستن بكات و و بوچونەكانی بە راشكاوى روونبكاتەوە و ئاموژگارى بدات و ئیجرائاتی پێویستیش بكات و زوربەى ریكخستن پشتگیرى ئەو كارانەى دەكرد و لە گەلی دەبوو. لە سەرەتاى سەدەى بیستویەكەمیش كە باس لە ریفورم و چاكسازى و پاكسازى ئورگانە حكومی و حیزبیەكانیش دەكرا، خەڵك و لایەنی چاكی ناو ئۆرگانەكان زور ئومێد و هیوایان لادروستبوو و بەوە پشتئەستوربوون، ئەوانەشی كە شتیان لە خۆیاندا شك دەبرد و كەمتەرخەم و ناتەوان و ناشایستە و گەندەڵ بوون زۆر ترسیان لێنیشت و توشی دڵەراوكێی زۆر بوون و لە هەموو شتێك سڵیان دەكردەوە و تەنها بە لابردن ممنون بوون، بەلام لە ئەنجام و پاش هەموو هەڵلاكانی پاكسازى ئیعلامى هیچمان نەبینی جگە لە هیندیك گۆرانكارى كە كۆمەلیك خەڵكی باشیشی بەركەوت و لەوانە خراپتر دانراو هیندیك ئۆرگانی نوی دامەزرا كە ریگربوون لە كار و روتینی زیاترى بۆ پروژەكان دروستكرد و پاشانیش دەركەوت كە بەشیكیان گلاون لە گەندەڵیەكان وئەوە هەموو گورانكاریەكان بوو كە بانگەشەى بۆدەكراو بەوەش ترسی كەمتەرخەم و گەندەڵكاران رەویەوە و بەردەوام بوون لە كردەوەكانی پێشویان، ئومیدى خەلكیش بە گورانكارى و پاكسازى نەما وئەو هیوایە ساردبوەوە و بارەكە چەقیبەست! ئەوەش وەك هەموو روداو و و مەبەستە بنەڕەتیەكانی تر رەتبوو و لە ئاستی وتەدا مایەوە و هیچ كارێكی ئیجابی لە شوێن خۆى بەجینەهیلا. جاریكی تریش ئەوەى پشت و پەناى هەبوو و لە گروپگەریەوە نزیك بوو یان وابەستەی یەكێك لە گروپەكان بوو وەك خوى مایەوە یان مەركەزى بەهێزتر بوو، كۆمەلێك لەوانەشی كە هیچ پاڵپشت و پەناى نەبوو بەر ئەو هەڵمەتە كەوتن و بوون بە (كبش الفدا) گەر بەشێكیشیان خرابەشیان نەكردبێت و بگرە چاكیش بوبێت و خەڵكی خرابتریش خرابیتە جێگایان، هەر بۆ ئەوەى ئەوە بسەلمێندرێت كە گۆرانكارى كراوە، كومەلیك تێفیە بوون كە سەربە گروپ نین و كۆمەلێكیش شوینیان بو دۆزرایەوە كە مەبەست بوو! بەوەش ریفورم و چاكسازى و پاكسازى نەوەك هەر نەكرا بگرە هیندیك دەرئەنجامی سلبی بەجێهێلاو ئەسەوارى خرابیشی لێكەوتەوە.
كاك نەوشیروان ناكۆكی سەرەكی لە گەڵ جه‌لال تاڵه‌بانی لەسەر مەبەستی كەسایەتی یەكەمی ى ن ك بوو زیاتر لەوەى لەسەر مەبەستی فیكرى و بەرنامە و سیاسەت و هەلویست و هەڵسووكەوتی گشتی ناو یەكێتی بێت و ئەوەى بو هەزم نەدەكرا كە ئیتر بە كەسایەتی دووەم بمێنێتەوە. ئەگینا كاك نەوشیروان بیویستبایە و مەبەستی ببوایە دەیتوانی رۆل یەجگار گەورە ببینێت لە چاككردنی یەكیتی. دەبوایە ئەو لە یەكێتی دەرنەچێت و پشتگیرى رەوتی میانڕەو و كادیرە بەتوانا و پێشكەوتوەكان بكات كە هیچ گەندەلیەكیان لەسەر نیە و پالپشتی ریبازى سوشیال دیموكراتانە بكات، لەو كاتە بە دڵنیایەوە زۆرینەى یەكیتی پشتگیرى لێدەكرد، نەوەك تەنها پشتببەستێت بە كۆمەڵێك كە بەشێكی زۆریان خۆیان لەناو ئاڵۆزیەكان بوون و هۆكار و بەشداریشی بوون و جۆرەها گەندەڵیشیان لەسەربوو، بەلام كومەلێك نەبیت كە لە حەلەقەى دەورى خوى بوون و تەنها پشتگیرى لەوان دەكرد و كراوەبوو لە گەڵیان و پشتی پێدەبەستن، زۆر كادیرى بەتوانا و خاوەن هەڵوێست لە لایەن ئەوەوە نەئاوڕیان لێ دەدرایەوە و نە پشتگیرى راستەوخۆ و ناراستەوخۆدەكران. لە كاتی دەرچونیشی دەبوو یەكێك لەم دوو رێگایە بگرێتەبەر : هانی لاوان و جولانەوەى نوێخوازى بدات و پشتگیرى رەوتێكی مودیرنی میانرەوى شارستانی لەسەرخۆ بكات بە فیكر و راویژ و راگەیاندنیش تا ئەو رەوتە بە سروشتی و دروست دەخەملێت و گەڵاڵە و دروست دەبێت، رێنمایی و ئاموژگاریان بكات و دەستیان بگرێت و كۆمەكیان پیشكەش بكات و ببێتە باوكێكی روحی بۆیان، كە لەو حاڵەتەدا میژوو بۆى دەنوسی وئەوەى بۆ حساب دەكرا كە بوەتە هەوین و داینەمۆى بزوتنەوە و جولانەوەى نوى لە كوردستاندا، یان سەركردایەتی جۆلانەوەیەك بكات كە بەتەواوەتی لە خەڵكەكەى و بیر و بەرنامە و كار و كردار نوێ بێت و گەر كەسانی كۆنی یەكیتیشی تێدابوو لە سەر مەوقیعی پێشویان هەلسوكەوتیان لە گەل نەكرێت، بەلكو لە سەر بنەماى كەسایەتی و بیر و توانا و شارەزایی و پاكی و دلسوزى بۆ ویستەكانی خەڵك، خوى بسەلمێنێت و خەڵكەكە دەستنیشانی بكەن و هەڵیبژێرن. ئەركیشی دژایەتیكردنى لایەن و حیزبەكانی تر و ئینكاركردنی رابردووى خوى نەبوو، بەڵكو بە بەرنامەى شیاو وكار وكردار و رەفتار ئەوە بسەلمێنیت كە جیاوازە لەوانى تر و خۆشی قەناعەتی بەوەیە و گۆڕاوە، نەوەك هەر وەك قیادە تەقلیدیەكانی تر تموحی سیاسی ئێستاى وایلێبكات بە پەلە بزوتنەوەیەكی فراوان دامەزرێنێت بێ خەمڵاندنی هەموو فەكتەرەكانی پێویست بۆ لەدایكبوونی حیزبی نوێخواز كە جیاوازى بنەڕەتی هەبێت لە گەڵ ئەوانی تر و شارستانی و مودیرن بێت و روبكاتە ئایندە، ئاراستەى شەقام و و تینوێتی گەنجانیش بۆ دروستبوونی ئوپوزسیون و جوڵانەوەى نوێ بەكاربهێنیت بو كۆكردنەوەیان لە حیزبێكی تەقلیدى تردا كە لە هەیكەلیت و زۆر لە شیوە و شیوازەكانی كارى رچكەى ئەوانی تر بگریتە بەر بە زۆرینەى قیادەیەك لە كادیر و سەركردە كۆنەكانی ى ن ك كە بەشێكیان گلابێتنە گەندەلی و ئالوزیەكانی رابردوى ناو یەكیتی و بەهەمان عەقڵیەتی كۆن و روحیەتی تەنگەچەلەماوى كار بكەن، كە مەحالە بتوانریت بەوانە حیزبیكی مودیرن دامەزریت و مومكن نیە عەقلیەت و سروشت و كردار و رەفتاریان بگوردرێت، ئەمەش تەنها بو ئەوەى لە ژیانی خویدا حیزبیك دامەزرێنیت و خوى قیادەى بكات و كونترول و جلەوەى لە دەستی خوى بیت بو وەستان بەرامبەر قیادەى یەكێتی لە پلەى یەكەمدا و نیشاندانی ئەوە بە حیزبە دەسەلاتدارەكان كە ئەویش توانای قیادەى حیزبی هەیە و دەتوانێت بە هیزى نارەزایی خەڵك لە هەلسوكەوتە ناشیاوەكانی كەسایەتی و كومەلیك لە ئورگانەكانەكانی ئەو حیزبانە زۆر مەبەست بوروژینێت و كارى زۆر بەرامبەریان ئەنجام بدات گەر حسابی خوى بۆنەكەن (ئەمەش هوى چیبێت و ئوپوزسیون هەرچون بیت و هەر بە ووتەش بیت و هیچی عەمەلیش نەگەیەنیتە ئاكام، وا زور مەبەست ئاشكرا دەكات و زور راستی دەخاتەروو كەدەرئەنجام سودى خەلكی تێدا!)، بەو بیرۆكەیەش كە روژیك جه‌لال تاڵه‌بانی لە ساحەكە نەما هەول بدات ئەو بزوتنەوەیە لەگەڵ یەكیتی یان بەشێكی كە خۆى قیادەی سەرجەمی بكات لەیەك بدات.
بوونی ئوپوزسیون خۆى لە خودا كارێكی تەندروست و لە قازانجی كۆمەلانی خەڵك و دروست و سروشتی و دیاردەیەكی دیارى وەدەركەوتنی دیموكراتیە وكونترول و فیلتەریكە بو حكومەت و بنەمایەكە بو جێگیربوون و سەقامگیركردنی ئازادى و سیستەمی سیاسی لە ولاتیكدا، نەبوونیشی بەلگەى راوەستان و ئیستبداد و بەرەودواوە رۆیشتن و وەدەركەوتنی دیكتاتوریەت و بالادەستی تویژ یان تاكە كەسە، بەڵام لە كوێ ئوپوزسیونیكی سروشتی مودیرنی شارستانی ریكخراو لە سەر بنەما دیموكراسی و مروڤایەتیەكان و كار و كردار لە سەر ئەو بنەمایانە و لە كوێ ئۆپوزسیونێكی خاوەن قیادەى ئامادە و دروستكراو لە زورینەیەكی سەركردە و كادیرى حیزبیكی تر لە سەر بنەمای دژایەتیكردن و رەدكردنەوەى ئەو لایەنە، بەلام رویشتن بەهەمان ریچكەى ئەودا لە بیر و سیاسەت و كار و كردار بەهەمان عەقلیتی كۆنەوە، پیكیشهاتبیت لە چەندین لایەنی دور لە یەك لە هەموو مەبەستەكاندا و تەنها دژایەتی دەسەلات یان ئەو لایەنە كویكردبێتنەوە كە ئەوە یەكبونیكی ناوكۆڵ(هش) دەبیت و لە یەكداترازاندنی ئاسانە.
جا لەوەدا دەبوو كاك نەوشیروان چیبكردبایە و چینەكردبایە ؟
دەبوو كاك نەوشیروان لە ناو یەكیتی لە چەندین سالی رابردووى پیش دەرچونی خەم سارد نەبوایە و هەوڵی زیاترى بدابایە بو چاكسازى، پەیوەندی بە كادیرە بەتواناكانی خاوەن بیر و وویژدان و هەلویست و پاك و روشنبیرانی ناو یەكیتی پتەو ببوایە، بەشدار ببوایە لە كوبونەوەى فراوان و سمینار و كۆڕى روشنبیرى كادیرەكان بۆ رونكردنەوەى بۆچونەكانی و سودوەرگرتن لە بیروبۆچوونی ئەو خەڵكانە و بانگەشەكردنیان بۆ هاوكاریكردن لە دامەزراندنی جولانەوەیەكی روشنبیرى و و دارشتنەوەی ریبازى یەكیتی و پیشەنگ بۆ دامەزراندنی قوتابخانەیەكی فیكرى مودێرن و لە هەنگاوى دووەمدا گەلالەكردنی بنەمایەكی دروست بو ریرەوى داهاتووى ى ن ك , كە دەریشچوو دەبوو بە ئاراستەى دارشتنی بنەمایەكی دروست بۆ دامەزراندنی رەوتێكی سیاسی نوێ لە سەربناغەى سوشیال دیموكرات كارى بكردبایە. مەرجیش نەبوو هەر خوى سەركردایەتی بكردبایە و جلەوەى تەنها لە دەستی ئەو بێت، بەلكو دەبوو ببیتە هەوین و پاڵپشت بۆى، نەوك بەم شیوازەى ئیستا كە هەیە و كوكردنەوەى زۆر لە گەندەڵكارانی كۆنی یەكیتیش و تێكەڵكردنیان لە گەل خەڵكانی نوى و سپاردنی ئەرك و رۆلە بنەرَەتیەكان بەو كۆنانە، كەواتە چیكرا و چ گورانكاریەك هاتەكایەوە و كوا نویبونەوە ؟
دەبوو ئەو پارانەش لە یەكیتی قەبوڵ نەكات و ئەوە نەخاتەروو كە ئەویش مافی هەیە لە میراتی یەكیتی و پشكی بەردەكەوێت (گەر یەكیتی وەك كومپانیایەك بێت و مومتەلەكاتی دابەش بكریت وا هەقی دەبوو. كە باسی ئەو حێەیەى كرد هەر وەك ئەوانی تر وایە و لاى كەمی دەبوو باس لە گۆڕانكارى نەكردبایە، بەلام شیاو نیە یەكیك باس لە گەندەلی و زور شتی تر بكات و سەرچاوەكانی دارایی لایەنیك بە ناشەرعی لەقەڵم بدات و لە گەل زور شتی ئەو لایەنە نەبێت و باس لە رەوتی نویخوازى و گوران و رەدكردنەوەى شیوازى كارى ئەو لایەنەى پێشوو بكات، بەلام لە كاتی كیتاب و حساب داواى حێەى ئەو پارەیە بكات كە واى داناوە بە ناشەرعی دەستی ئەو لایەنە كەوتوە، كە داواى كرد وخۆشی وەك ئەوانی كرد كە تەعنەیان لێدەدات واتە چی جیاوازیەكی هەیە لەوان) ئەو پارەیەى قەبەلكرد وا دەبیتە شەریك لە كردەوەكانیش و ریگاى وەدەستهێنانەكەشی لا قەبوڵە، لە بەرئەوەى پارەى یەكیتی جیانەكراوەتەوە كامەى بە شەرعی هاتوە یان كامەى بە ناشەرعى (دەبیت وەرگتنیشی قەبول بكریت یان قەبول نەكریت! نەوەك بە شیوەى : لاەیەكەی كە بەشی منی لیدەدریت پاكە و بەشەكەى ترى پیسە)
دەبوو كاك نەوشیروان ئەو گردەى كە ئیستا بارەگاى سەرەكی گۆڕانی لێیە (كە دوا دارستانی ناوشاربوو كە دەستی بەسەردانەگیرابوو و تازە یانەیەكی فەرمانبەرانی وزارەتی كشتوكالی لێدروستكرابوو و بیرۆكەیەك هەبوو بكرێتە باخچەیەكی بوتانی (بو خەلكی شار)، گەر بە زۆریش پیشان بدابایە وا ئامادەنەبوایە دەستی بەسەردا بگردبایە و ئەوە هیچ پاساویكی نیە گەر ئامانج هەرچی بێت، ئەگینا كە وەك بەرپرسانی تریش لەوە بەشداربوو هەر وەك ئەوان تەماشا دەكریت (پاساویش ئەوە بیت ئەى كومپانیاى ووشە بروشتبایەتە كوێ و واى نەكردبایە زور حیسابیان بو نەدەكرا) كەواتا هەر بە ریچكەى ئەوانی تردا دەرون و دەبیت لە سەرەتاشەوە هەر شوین و ریگاى گەورەیان هەبیت و بە فەقیرى و لە ناو خەلكدا و بەشوینی بچوك رازى نابن، بو ئەوەى لە هەیبەتیان دانەشكێت (ئەگینا ئەو شوینە جگە لەوەى دوادارستان و سەزوایی ناو شار بوو، شوینی زیاتر لە 1000 خانوى 300 متریە لە ناوەراستی شارى سلیمانیدا) لەوكاتەش تواناى رەخنەى زەوى داگیركردنیشیان نامینیت لە بەر ئەوەى خوشیان بە ریژەى زور بەشدارن و بەدەست خۆیان ئەو كەلینەیان داوە، لەو حالەتەشدا چون دەتوانن داكوكی لە موڵكی گشتی و مافی هاوولاتیان بكەن كە خۆیان لەوەدا بەشداربن!
ئیستاش دوو ئەگەر لەبەردەم كاك نەوشیروان و بزوتنەوەى گۆڕانیش هەیە، كە بە هەموو مەبەستەكانیدا بە فیكر و بەرنامە و ئامانج و هەلویست و كار و كردار وپەیوەندى و كەسایەتی و هەموو شتەكانی تریشدا برواتەوە و بە راستی رەوتێكی مودیرنی شارستانی مروڤانەى میانڕەو دامەزرێنێت، یان بەهەمان ریرەو و ریچكەى كۆنی یەكیتیدا بروات. لە كاریش یان دەبیت ریفورم و كارى هەنگاوبەهاەنگاوى لەسەرخو هەلبژیریت و لە ئاستی دروشمی ئاگرین دەرچیت، یاخود بە ئاشكرا ریگاى رادیكال و توندڕەوى و رەدكردنەوە و شورشگیرى هەڵبژیریت تەنانەت بەزەبریش بیت، كە ئەوەش لە سەر ئاستی جیهان باوى نەماوە.ئەگینا ئەو بزوتنەوەیە زوو یان درەنگ توشی تەنگوچەلەمەى گەورە و لەیەكداترازان دەبێت! ئەگەرى ئەوەش زۆرە كە كاك نەوشیروان چاوەروانی چوڵبوونی شوینی جه‌لال تاڵه‌بانی بێت لە ناو یەكیتی كە بە شیوەیەك لە شیوەكان شوێنی بگرێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە