پێم وایە ئیتر نەك كاتی قسەكردن بەڵكو هەڵوێست وەرگرتنیش هاتوە
Monday, 23/09/2013, 12:00
وەك دەڵێن (جام كە پڕ بوو لێی دەرژێت) . لەمەودوا بێ دەنگی و تەنها رەخنەگرتنی سلبى ژێراوژێرى سەرزارەكی بێ هەڵوێستی ئەكتیڤانە ماناى بەشداریە لە پەرتەوازەیی و لەیەكدابچڕان و لەیەكداترازانی یەكێتی و مرداركردنەوەى بیرى سۆشیال دیموكرات بۆ ماوەیەكی درێژ لە كوردستاندا , لە بەر ئەوەى بەشێكی زۆرى قیادەى یەكێتی نە ئامادەن گوێ لە كەس بگرن و نە بەخەیاڵیاندا دێت و نە حسابی بۆ دەكەن ، تەنها ئەوەى خۆیان بیانەوێت دەیكەن و گاڵتەشیان بە رەخنە و بیرى جیاواز دێت و تا ئێستاش بە روحیەتێكى عەسكەرتاریەوە دەڕواننە مەبەستەكان.
هەموو حیزبێك لە قۆناغ و بارودۆخی جیادا توشی گرفت و زیان و تەنانەت داشكان و جیابونەوەش دەبێت ، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن روبەروى ئەوانە دەبێتەوە وتا چی رادە و بەچی شێوەیەك لە گەڵ ئەو بارە نوێ یە و ویست و داخوازى و عەقلیەتی سەردەمدا خۆ دەگونجێنیت و خۆى نوێ دەكاتەوە و متمانەى خەڵك رادەكێشیتەوە .
زۆربەى حیزبە سۆشیال دیموكراتەكان تواناى ئەوەیان هەیە بە هۆى رەوشى فیكرى و بوارى رێكخراوى و پشتبەستن بە كادیرە هەرە بە تواناو ئەزمونەكان و توانینیى دەرك كردنى پێداویستیە نوێیەكان و خیرایی بەخۆداچونەوە بە پێی پێویست . یەكێتی نیشتمانى كوردستانیش چەند جار توشی گرفت و تەنگوچەلەمە و لێ جیابونەوەش بوەتەوە بەڵام هیچى بارى مەترسیدارى وەك ئێستا نەبوە كە بە رەواڵەت رەنگە هێشتا بە ئاشكرا و بەرچاو زۆر دیار نەبێت ، بەڵام لە راستیدا زۆر لە دیاردەكانی كەوتونەتە روو و بە دوڕیانێكى زۆر هەستیارى مەترسیداردا تێدەپەڕێت (گوێی زۆر لە قیادە لە ئاست كادیرە شارەزا و دڵسۆزەكان نابیستە و چاویشیان داخراوە) . گەر لەم هەڵبژاردنە دەنگی كەم بكات (كە مەبەستە بەرچاوەكان وا پیشان دەدەن) وا یەكێتی شكستی گەورە بە خۆوە دەبینێت وبەرپرسیارێتی دەئەنجامەكانی ئەوەش زیاتر دەكەوێتە ئوباڵ و ئەستۆى كارەكتەرە دیار و ناوەندەكانى بڕیار و گوێ نەگرتنیان لە كەس وبیرتەسكی و ئامادەنەبوونی بینینی راستیەكان و دەرككردنی واقیع , تەنها تەماشا كردنی بەرژەوەندى كاتی خۆیان و وگوێبیست لە چەند كەسی بەرژەوەندخواز و هەر بینینى بەرپێیان و چاك نەكردنی نادروستیەكان و پشت بەستن بە خەڵكی ئینتهازى و هەلپەرست و خرابى ئیدارەكردنی كاروبارى یەكێتى و بەتەنگەوە نەهاتنى زۆر لە دەسەلاتداران و لاوازى ئیداى ئۆرگانە باڵاكان و كە بارەكەى گەیاندوەتە ئەو ئاستە .
هەموو لایەنگیران و ئەندامان وكادیرە دڵسۆز و بە توانا و بە هەڵوێستەكانى ناو یەكێتى كە خاوەن ئیرادە و را و بۆچوونی خۆیانن و واقیع بینن و گرێنەدراون بە دەستە و تاقمگەریەكانەوە (كە لە زۆربەدا هی بەرژەوەندى كاتى چەند كەسانێكن و تەنها فرسەت تەلەب و كەسانى لاواز و ئینتهازى و خۆپەرست و ئیمتیاز و بەرژەوەندخوازى پێوە بەستراوە ....) دەركى ئەو مەترسى و راستیانە دەكەن كە یەكێتی روبەرو و گیرۆدەى قەیرانێكى گەورەى فیكرى ، ریكخراوەیی ، سیاسی و بوارەكانى تریش بوە تەوە و بەتاڵیەكى مەزن هاتوەتە كایەوە ، كە بەشێكى دەگەڕێتەوە بۆ غیابى شەخێى مام جەلال و بەشی زۆرى ترى كەڵەكەبوونى مومارەسات و هەلوێست و كار و كردار و رەفتارى زۆر لە بەرپرسە باڵاكان و ناوەندەكانی بڕیار و گوێنەدانە چاككردنى بنچەنەیی ئەو بوارانە و وون بونى دیموكراسى ناوخوى راستەقینەى دروست و هەڵسەنگاندنی كادیر و كەسایەتیەكانى ناو یەكێتى و پشتگوێ خستنی تەواوى لایەنی فیكرى و مەبەستی هوشیارى ناوخۆ (كە زۆربەى هۆكانی تریشم لە چەند نوسینی تردا روون كردوەتەوە) دروستى كردوە ، تەنها بینینی بەرژەوەندى ئیستاى ئەم ساتەى كەسایەتی خۆیان و دەوروبەریان و دەرك نەكردن و نەتوانین یان نەویستنى بینینی مەترسیەكانى سەر داهاتووى یەكێتى و ئەو تەنگوچەڵەمانەى كە لە ئەنجامى كردەوە و هەڵسوكەوتەكانیان توشى دەبێت و رو لە زیادبوونە , ئەوەى لایان گرنگ و مەبەست نیە و بیرى لێ ناكەنەوە و خەمی ناخۆن چارەنوسی یەكێتی و داهاتووى و شكستخواردن و لەیەكداترازانێتی... تەنها روكەشی مەبەستەكان و قاوغەكەى دەبینن . ئەوەشی بیەوێت ئەوانە باس بكات و هەولى بەرزكردنەوەى بوارى فیكرى یەكێتى بدات و یەكریزى بپارێزێت و لە شكست دورى بخاتەوە , نەوەك هەر گەلەكۆمەكەى لێ دەكرێت و بە هەموو شێوە و رێگایەك (بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆى و نا مشروعیش) روبەروى دەبنەوە و لە هەموو كارێك دورى دەخەنەوە و هەوڵ دەدەن ئازۆلەى بكەن , بەڵكو روبەروى هەڕەشەى جۆراوجۆر و پروپاگەندەى هەمە لایەنەش دەبێتەوە ، رەنگە شتی تریشی بەرامبەر بكرێت ... تەنها لە بەر وتنى راستى و داواى پێداچونەوە و راستكردنەوەى ناتەبایی و نادروستیەكان .... (كە ئێمەمانان هەوڵماندا چەندین جار و بە هەموو شێوازێك لە گەڵ خۆیان باسی بكەین و بە هۆى بەشێكیان چاك بكرێت , بەڵام هیچ گوێبیست نەبوون) ئەمەش یەكێك لە هۆ هەرە گەورەكانى لاوازى یەكێتى و ئەگەرى شكستی داهاتویەتى ، جگە لەوە و نەبوونى یكریزى و یەكهەڵوێستى ، بەشێكی زۆرى قیادە و كارەكتەر و كەسایەتیەكانی لە گەل یەك تەبا نین و یەكتر دەسڕنەوە و دەشێت هەڵویستیشیان دژ بەیەك بێت لە زۆربەى كار و كرداریاندا و گەر ئێستا لە ترسی ئەو بەتاڵیە زۆر ئاشكرایەى نەبوونى مام جەلال دروستى كردوە و مەبەستی هەڵبژاردن نەبوایە رەنگە بە راشكاوى دژى یەكیش گوتار و لیدوان و باسیشیان بكردبایە , تەنانەت لە ناو خۆشیاندا كۆك نین لە سەر ئەو كەسانەش كە دانراون بۆ بەریوەبردنى كاتى كارەكانی بەكێتی و هاوكاریشیان ناكەن . ئەو خەڵَكانەشیان لا باشە كە لاواز و بێ هەلوێست و بێ توانان بۆ ئەوەى هەمیشە دەستیان بەسەریاندا زاڵ بێت و عەبدى مأمور بن , وا دەزانن ئیتر هەموو كەس دەست و پێی بەستراوەتەوە و دەبێت هەر تەماشاى دەستى ئەوان بكات و خۆراگرتنى كادیرە باشەكان لە هەڵویست وەرگرتن لە بەر زۆر ئیعتبار بە لاوازى و نەفامی و گێلی لە قەڵەم دەدەن ، یان حساب بۆ یەكێك ناكەن و قەدریان نازانن تا هەڵوێست وەرنەگرێت و نەرواتە لایەنێكى تر , زۆر جاریش ئەوانەى چەند جار مەوقفیان گۆڕیوە و ئەملا و ئەولایان كردوە وبێ هەڵوێست و دیار نەبوون ئیمتیازیان لە بەردەمدا دادەرێژن . وا دەزانن بەوانە یەكێتى بەهێز دەكەن (تۆ جارێك لە خەڵَكە بە هەڵوێست و بە توانا و شارەزا و پاك و ئەكتیڤەكانی ناوخۆت بگە وبۆچونەكانیان بزانە و بە پیرى داواكانیانەوە بڕو و رایانگرە و مەهێلە بڕوِن گەر راست دەكەیت و ناتەوێت یەكێتى ببێتە كۆمەڵێك تاقمى بێ ناوەروك ...) ئەمانە ئەوە ئاشكرا دەكات كە بەشێكی زۆرى قیادە یەك ناخوێنێتەوە وتوانا و كفائەتى ئیدارەكردنى یەكێتی نیە و یەكێتى تا ئێستا زیاتر بە مام جەلالەوە بەسترابەوەوە و لە یەك درابوو و بە غیابى تەواوەتى ئەو لە ناو یەكێتی هێلەكانى بەیەكبەستنەوەى دەبچرێت ... حیزبى سوشیال دیموكرات بە هیچ شێوەیەك ناشێت وا بێت، تەنانەت گەورەترین و مەزنترین سەركردەشی لە سەحەكەنەمێنێت ... ئەوەش ئەنجامى خۆ نەبەستنەوە و پەیڕەو نەكردنى بیر و پرنسبەكانی سوشیال دیموكرات و ئەو مومارەساتانەیە كە باسم كرد ..
كە زۆربەى قیادەكە بە تەنگ ئەوەوە نایەت و لاى گرنگ نیە و گوێش لە كەس ناگرێت ، بە هۆى كردار و رەفتارەكانیشی خەریكە پێگەكانى یەكێتی لە شوێنەبنەڕەتیەكانی كە بەشوێنی سەوز ناسراوبوون لە دەست دەدات و بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە تەواوەتی ئەوە روو دەدات , ئیتر وادەى ئەوە هاتوە كە كادیرە دلسوز و خاوەن فیكر و بە هەڵوێست و بە تواناكان و تێكڕا ئەندام و لایەنگیرانى بە ئەمەكی یەكێتی و ئەو بەشەى قیادەى كە بە راستى دەركى ئەوەى كردوە و بە تەنگەوە دێت و ئامادەیە پشتگیرى ئاراستەیەك بكات كە یەكێتى لە تەنگوچەلەمە و قەیران و پارچەپارچەیی و تاقم و دەستەگەرى بەرژەوەندى رزگار بكات و بە رێڕەوێكی سۆشیال دیموكراتانەى راسەقینەى واقعی (نەوەك بە روكەش) دا بیبات - بیرێك لەوە بكەنەوە و نەهێلن یەكێتى و داهاتووى ببێتە قوربانى بەرژەوەندى و ویست و ئارەزوى كاتی چەند كەسێك وتوانایەن یەك بخەن و فشار بكەن و هەموو هەوڵیان بخەنە كار بۆ پێداچونەوەى بنەڕەتى هێمنانەى بابەتی بە هەموو مەبەستە فیكرى و ریكخراوى و كار و كردار و رەفتار و هەڵویست و هەلسووكەوت و پەیوەندیەكان و هەموو مەبەستەكانى ترى یەكیتیدا تا كار لە كار نەترازاوە و كۆنگرەى نا ئاسایی ببەستێت بۆ راستكردنەوەى هەموو لایەنەكان و نەوەك وەك كۆنگرەكانی پێشوو لە تەركیبە و بەرنامە, نویبونەوەى راستەقینە بكات لە عەقڵیەت و قیادە نەوەك بە شێوەى شكلى ، گرنگى دروستی راستەقینە بە گەنجان و ژنان بدرێت و رولى خۆیانیان پێ بسپێرێت و كەس نەبێتە وێایەچی بەسەریانەوە ... دیموكراتى شكلى كونترولكراوى زیانبەخشی ناوخۆ بگۆردرێت بە دیموكراسیەكى فعلى راستەقینەى هوشیارانەى دروست ، بۆیە لە سەرەتاوە دەبێت مینبەرێك و رەوتێكى فیكرى راستەقینە گەڵالە بێت تا بتوانێت كادیر و ئەندامە بە هەڵوێستەكان لە تاك تاكى و پەرتەوازەیی و بڵاوى رزگار بكات و لە یەكیان نزدیك بكاتەوە بۆ ئیستقتاب بوون .
گەر ئەو كاتەش ئەو بەشەى قیادە هەر سور بوون لە سەر مەوقفیان و دەستبەردار نەبوون و بە هەموو شێوەیەك بەرژەوەندى خۆیانیان پێش جەماوەر و یەكێتی خست وا هەڵبژاردنی رێگا و شێواز و ئەلتەرناتیڤی تر فرە دەبێت و دروسترینیان هەڵدەبژێردرێت , گەر لە ئێستاشەوە هەوڵی رێگاگرتن لەوە درا و دەست كرا بە پڕوپاگەندەى نابابەتی (وەك ئیسلوبە كونەكە) یان هەڕەشە یاخود شێوازى ترى ئیرهابی فیكرى یان ئامرازى تۆقاندن بەكار هات , وا مەوقفى تر وەردەگیرێت .
گومانیشم نیە كە بەرژەوەندخوازەكان بە هەموو شێوەى و شێواز و ریگا و كارێك بەڕەنگارى ئەم مەبەستە ببنەوە و بە پروپاگەندەى جواراوجۆر و هەڕەشە و شێوەى تریش درێغی نەكەن ، بەڵام كارى دروست و رێڕەوى مێژوو بەرى لێ ناگیرێت گەر قوربانیش بیخوازێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست