کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیاسەتی تورك و پرسی كورد لە باكوری كوردستان

Sunday, 08/04/2012, 12:00


سابیر كەریم عەلی




ڕەخنە و دەربڕینی ڕاو بـۆچوون دەربارەی ھەر پرسێك بە مەبەستی بنیاتنان و بتەوكردنی و بەرەو پێشبردنی ئەركی ھەر كەسێكە ھەست بە بەرپرسیارەتی بكات بەرامبەر بە گەلەكەی .
ڕۆژھەڵاتی ناوین بەبارو دۆخێكی ھەستیار تێدەپەڕی ڕووەو گۆڕانكاری ھەنگاو دەنێ. گەلانی ناوچەكە بەھۆی سەركوتكردنو زوڵم وزۆرداری و نەبوونی سادەترین لە مافەكانی مرۆڤ ، بۆیە ڕاپەڕین و ھاتنە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و مەدەنی ھەر لە باكووری ئەفریقیا تا دەگاتە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دژ بە ڕژێمە دیكتاتۆرییەكان و كۆنەپەرستەكان كە دەیان چەوسێننەوە و مافیان پێشێل دەكەن .
لەو بارو دۆخەدا ئەوەی گرنگە بۆ گەلی كورد بەتایبەتی بۆ باكووری كوردستان و بزوتنەوەكەی ئازادی خوازی قۆستنەوەی ئەو ھەلەیە كە لەناوچەكەدا ڕەخساوە و ھەڵكەوتووە كە گونجاوترین و لەبارترین زرووفە بۆ پەرەپێدانی چاڵاكییەكانی گەریلا لە گۆڕەپانەكانی شەڕ و ڕووبەڕوونەوەدا . لەھەمان كاتدا برەودان بە خەباتی سیاسی و مەدەنی ، وە پشتگیریكردنی جەماوەر لە ناوەوە بۆ ڕاپەڕین وھەڵسان دژی دەوڵەتی توركیای فاشیست .
ئەو ھاوكاری و ھەماھەنگییەی نێوان توركیا ، ئێران و سوریا وە ھەندێ جار كە عێراقیش لەخۆدەگری و دەبیتە ھاوبەشیان لە دژی بزاڤی ئازادی گەلی كورد لە كوردستانی باكوور بەتایبەتی و نەتەوەی كورد بەگشتی وا خەریكە بەرەو پچڕان و لاوازی دەچی. ئەوە ڕژێمی ئەسەدی سوریا وا تووشی دەردی خۆی ھاتییە و قەیرانی سیاسی ، ئابوری و كۆمەڵایەتی بەرۆكی گرتییە لە ئەنجامی ڕابوونی گەلانی سوریا ، گەلی كوردیش لەم وڵاتە ڕاپەڕیوە و لەسەر پێیانە و خەریكی خۆئامادەكردن و سازدانە بۆ ئەو گۆڕانكاریانەی كە پێشبینی دەكرێت لە ئایندەدا ڕووبدات . ئێران بارودۆخی گەلێك باشتر نییە لە سوریای ھاوپەیمانی ئەو قەیرانەی تێیكەوتییە لە ئەنجامی بەردەوام بوونی لەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمیەكەی و ھەڵوێستی نێو دەوڵەتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تووندتر دەبی و فشارە سیاسی و ئابوریەكان لە زیاد بووندایە دژی كە دەبیتە ھۆی بەرزبوونەوەی ناڕەزایی زیاتری گەلانی ئێران لە ناوەوەی وڵاتدا .
ئەگەر باسی عێراق بكەین ئەوە لەبەر چاوە كە لەچ بارێكی ناھەمواری ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاسایشدا دەژی . ئەم سێ دەوڵەتە كە ھەریەكەكیان بەشێك لە گەلی كورد و پارچەیەك لە خاكی كوردستانی لەژێر دەستە ، خەریكە كۆنتڕۆڵ لە دەست دەدەن ، ئەوەی دونێ پێیان دەكرا ئەوڕۆ پێیان ناكرێ .
لێرەدا توركیا لە گۆڕەپانەكەدایە كە بەھەموو توانای و بەپاڵپشتی ئەوڕوپا و ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریكا كە جەرەوی بۆ شۆڕكردییە لەگەڵ ھەڵكردنی تیشكی سەوز بۆی كە ڕۆڵ لەناو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بگێڕی بەمەبەستی پیادەكردنی ڕێبازە سیاسییەكەی و پشتگیریكردنی لە دامەزراندنی شێوەی ڕژێمە سیاسییە ئیسلامییەكەی كە گوایە ئەم ئیسلامە سیاسییەی ئەردۆغان دیموكراسی و مامناوەندی و میانڕەوی ئیسلامە و دەسازێ و دەگونجێ لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكادا لە ناوچەكەدا .
ئەو بارودۆخە زۆرلەبار و مێژووییە بۆ نەتەوەی كورد ، ئەگەر بێت و بەسەربچێت و ئەو ڕژێمە داگیركەرانەی كوردستان لەو قەیرانانە دەربازییان ببی و سەریان تێنەچی و خۆیان بگرنەوە ، ڕەوشەكە سەبارەت بە كورد ئاڵۆزتر و سەختتر دەبی بەتایبەتی دەربارەی بزوتنەوەی ئازادی گەلی كورد لە باكوری كوردستان . جا لێرەدا ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبكەم ئەوەیە كە (عەبدڵڵا ئۆجەلان) وھەڤاڵانی ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان لە 1978 دا ، وە بڕیاردانی خەباتی چەكداری لە 15 ی تەباخی 1984 دا و پەروەردەكردنی گەریلاكان لە بواری سیاسی ، فكری و سەربازی ئامادە دەكران بۆ خەبات و تێكۆشان لە ئەكادیمیای شەھید (مەعسوم كۆركماز) لە دەشتی بیقاع لە لوبنان ، كە دەگەڕانەوە بۆ كوردستان دەستیان بە چاڵاكی وخەباتی دژوار و شەڕی پارتیزان دەكرد . لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ كە ئایا دەیانتوانی بگەنە ئەو ئاستەی كە دەنگ و ناوبانگیان لەھەر چوار پارچەی كوردستان بـ‎ِڵاوبیتەوەو ببیسترێ ؟ لەھەمان كاتدا ترس و لەرز و تۆقاندن بچینن لەناو دڵ و دروونی ئەرتەشی تورك وكوردی خۆفرۆش و جاش و بیژی و شیر حەرام ؟ ئەگەر سیاسەت و تاكتیكی ھێرش بردن و پەلاماردان و دەستوەشاندن نەبوایە لە دوژمن لە كات و شوێنی گونجاو و سوود وەرگرتن لە خاڵە لاوازەكانی كە بووە ھۆی ھەرەسان و پەرێشانی لە نێو سەربازان و دامودەزگا سەركوتكەرەكانی ڕژێم و ئەوانەی ھاوكاریان دەكردن و چاوساغیان بۆ دەكردن لە كوردی ناپاك و داردەست . لەھەمان كاتدا ورەو ھێزی دەبەخشیە ڕۆڵەكانی گەلی كورد لە گوند و دێھات و شار و شارۆچكەكان بۆ خۆڕاگری و بەرخودان لە دژی گرتن و داپڵۆسین و پێشێل كردنی سادەترین مافەكانیان . لێرەدا پێویستە ئەوە بگوترێ كە ھیچ داگیركەرێك لە مێژووی كۆن و نوێی مرۆڤایەتیدا لە خۆڕا و لە ڕوانگەی پرەنسیپە ئەخلاقیەكان و بڕواھینان بە مافی گەلان لە ئازادی دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین دا كە نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری لەسەر داوە ، بێ چەند و چوون و ھینان و بردن دانبنێن بەو مافە سروشتییە دوور لە خوێن ڕشتن و كاوڵكاری . بەڵكو بە پێچەوانەوە ، تا ئەو كاتەی گورزی كاریگەر و كوشندە ئاڕاستەی ھێزەكانی چەكدار و دامودەزگا و بەرژەوەندییەكانی نەكرێت و ئێش و ئازار نەگاتە بڕبڕەی پشتی و تووشی قەیران و ئیفلیجی و پەككەوتن نەبی ، داننانێت بە مافە ڕەواكانی ئەو گەلە و ناێتە بەر بار و مل كەچ ناكات بۆ داخوازییەكانی ئازادی و سەربەخۆییدا . ئەوەی بەدی دەكرێت لەم یەك دوو ساڵەی دواییدا سەبارەت بە بزوتنەوەی ئازادی گەلی كورد لە باكوری كوردستان دا بەرزبوونەوەی ڕادەی ھێرش و ئۆپەڕاسیونەكانی سوپای داگیركەری توركە لە دەرەوەی سنووری باكوری كوردستان و ناوەوەیدا كە شەھید بوونی دەیان گەریلای قارەمان و بەوەج و دلێر و نازداری لێكەوتیتەوە ، تەنانەت لە كاتی بڕیاردانی ئاگربەستنەكانیشدا ھێرشەكانی تورك ڕانەوەستایە و ھەر بەردەوام بووە . لە ناوەوەش ، گرتن و دەست بەسەر كردنی ھەزاران سیاسەتمەدار، بەڕێوەبەری شارەدارەكان ،پەرلەمانتار ، پارێزەر ، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس بە تۆمەتی پەیوەندی بە كەچەكەوە زیندانی كران بە بەر چاوی جیھانی دیموكراسی و پارێزەر لە مافەكانی مرۆڤ. وەنەبی خۆیان ھەر كەڕ وڵاڵ كردبی لە ئاستی ئەم تاوانانە و بن پێنانی مافەكانی مرۆڤ ، بەڵكو بەردەوامن لە ھەمەھانگی و پاڵپشتیكردن لە سیاسەتی ڕەگەز پەرستی و دڕندانەی دەوڵەتی فاشیستی تورك دژی گەلی كورد . وە بێجگە لەمانەش ، تووند و تۆڵكردنی گۆشەگیری و فشاری زیاتر دەرھەق بە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) كە ھەشت مانگ وا بەسەر دەچی كاربەدەستانی تورك ڕێگایان بە پارێزەرەكانی و كەس و كاری نەدایە سەردانی بكەن بە بیانووی تێكچوونی كشتییەكە و ھەندێ جاریش بە ھەنجەتی نالەباری كەش و ئاو و ھەوادا . تا ئێستا ھیچ زانیارییەك لەمەڕ تەندروستی و زروفی ژیانی نەزانراوە . جگە لەو كارەساتانەی ئەم دواییانە ، ھەر لە شەھید بوونی ئەو 35 گەریلایە بە چەكی كیمیایی و سووتانیان كە تەنانەت تەرمەكانیشیان نەدەناسرانەوە ، ھەروەھا ئەو ژمارە ھاووڵاتییە بێ تاوانانەی گوندی ڕۆبۆسكی كە لە ئەنجامی ھێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی تورك شەھید بوون.
بەرامبەر بەم سیاسەتەی نكۆڵیكردن ، قڕكردن و پاكتاوكردندا ، پارتی كرێكارانی كوردستان سیاسەتی بەرگریكردنی ڕەوا پەیڕەو دەكات و چاوەڕێی ھێرشەكانی ئەرتەشی توركە كە بەھەموو شێوەیەك و بە تازەترین چەك و تەكنۆلۆژیای سەربازی ناتۆ و ئەمریكی ئەنجامیان دەدات . ئەمە وایكردیە دەستی تورك كراوە و ئازاد بی لە وەشاندنی گورزی كاریگەر لە كات و شوێنی دیاری كراو و ھەستیاردا لە گەریلاكان و خەڵكی سیڤیلدا . ھەموو ئەو لایانانەی ھاوكاری و پاڵپشتی لە سیاسەتی تورك دەكەن ، باش دەزانن كە PKK ھێزێكی تێرۆریستی نییە و لە ئەنجامی سیاسەتی تاواندنەوە و كۆمەڵ كوژی و وێران كردنی كوردستان لە دایك بووە و پارێزگاری مافەكان و بوونی گەلێك دەكات . بەڵام بەرژەوەندییەكانیان لە بواری ئابوری و سیاسی لە سەرووی مافەكانی نەتەوەی كوردە . ئەمانە بەرژەوەندییەكانیانە بڕیار دەدات لەسەر دانانی ئەم لایەن یا ئەو لایەن لە ناو لیستی تێرۆریستیدا و دەرھینان و لابردنیان لە ناویدا . ئەوە كە گوایە ئەمریكا شەڕی تیرۆریزم دەكات و بەو ئامانجە چوویتە ئەفغانستان ، كەچی لە ئەنجامی ئەو زەرەر و زیانانەی كە بە بەردەوامی لێی دەكەوێت لە شەڕی دژ بە تالیبان ، بە ناچاری و بە نھێنی وە بە ناو بژیكردنی ئەم و ئەو لە ھەوڵ و تەقەڵادایە لەگەڵ سەركردەكانی تالیبان گفتوگۆ و دانیشتن ئەنجام بدات بە ناوی ئاشتەوایی نیشتیمانی و بەشداری كردنیان لە حكومەتەكەی حامید كارزایدا ، بەو مەبەستە ناوی چەندین لێپرسراوی تالیبانی لە لیستی تێرۆر دەرھینا و نووسینگەیەكیشی لە قەتەر بۆ كردنەوە. كەچی تالیبان دوای كوژرانی ئەو شازدە ھاووڵاتییە ئەفغانییە كە سەربازێكی ئەمریكی ئەنجامیدا ، دوای ئەم كارەساتە یەكسەر گفتوگۆیەكەیان ھەڵپەسارد . نموونەیەكی دی ، سوپای كۆماری ئێرلەندا كە دژی بەریتانیا دەجەنگا و بە تێرۆریزم ناوی دەھێنرا ، كەچی لە ئەنجامی چاڵِاكییەكانی و ھێرشە یەك لە دوای یەكەكانی گورزی كاریگەر و زەرەر و زیانی لە ڕادە بەدەر كە بەریتانیا لێی دەكەوت و ھەر بستێكی خاكی ئێرلەندا بووە دۆزەخ لە بن پێیاندا . بەریتانیا ناچار كرا بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ بدات و پەنا بۆ وتووێژ و دانوسان ببات بۆ چارەسەركردنی پرسەكە ئاشتیانە . جا لێرەدا ئەوەی لە پێش سەركردایەتی PKK ە لە بەرامبەر سیاسەتی تورك كە نیازی نیە مل كەچ بكات بۆ مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە بەشە داگیركراوەی كوردستاندا ، وە بە تایبەتی كە دوای زیاتر لە ھەشت جار ڕاگەیاندنی ئاگر بەست بە مەبەستی ئامادەیی بۆ چارەسەری پرسی كورد بە ئاشتی و دیموكراسی ، بەڵام لایەنی داگیركەری توركی تێنی بە خینی كورد ھەرگیز وەڵامێكی ئەرێنی بەرامبەری نەداوە . لەم بار و دۆخەدا تەنیا ڕێگا گۆڕینی تاكتیكی شەڕ و بەگژدا چوونە لە بەرگری ڕەوا بۆ ھێرش بردن و پەلاماردانی ڕەوا لە ھەموو ئاستێك و لە كات و شوێنی پێویست و لەبار و گونجاودا دژ بە ئەرتەشی تورك و دامودەزگاكانی كە زەرەر و زیانی گەورەی لێ بكەویتەوە و تووشی ھەرەسان و دڵە ڕاوكێ وتۆقانی بكات ، وە ھەر بستێكی خاكی كوردستان ببیتە دۆزەخ لە ژێر پێیاندا . لەناو شارەكانیشدا چاندنی ترس و لەرز و تۆقاندن و دڵە ڕاوكێ و نائارامی لە نێو لێپرسراوان و كاربەدەستانی دەوڵەتی دوژمن بە كورد . جگە لەمانە دروست كردنی ھەڕەشە و فشاری كاریگەر و كوشندە دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئابوری بەتایبەتی بواری گەشت و گوزار كە تەنیا ساڵی پار(2011) داھاتەكەی خۆی لە (23) ملیار دۆلار دایە ، وا مەزەندە دەكرێ ئەم ساڵ بگاتە (30) ملیار دۆلار ، كە دەبیتە ھۆی ناڕەزایی و بێزاری خەڵك لە سیاسەتەكانی ڕژێم ، لەلایەكی دی ڕاستەوخۆ كاردەكاتە سەر پلان و نەخشەكانی دەوڵەت لە بواری سەربازی و شەڕدا .
لە ھەمان كاتدا پەرەپێدان و جۆش و خرۆشی زیاتر و بەگوڕتر بە ڕاپەڕینی گەلی كوردستان لە ھەموو ئاستێك و گشت شار و شارۆچكەكانی كوردستانی باكوردا بەناوی دەست پێكردنی بەھاری كورد و بەردەوام بوونی تا سەر شۆڕكردن و چۆك پێدانی داگیركەری تورك و داننان بە ناسنامە و بوون و مافە ڕەوەكانی كورد .
ئەم ھەنگاوانە لەو قۆناغەدا كە ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ وەڵامی دروست و ڕاستەوخۆیە بۆ سەرانی تورك كە سوورن و جەخت لەسەر سیاسەتی شەڕ و ئاگر و ئاسن بۆ چارەسەری پرسە ڕەواكەی گەلی كورد دەكەن. پەندێكی لاتینی دەڵێ (ئاسن ھەتا گەرمە بیكوتە) یانی ئەگەر زروف و بارو دۆخت بۆ ڕەخسا لە دەستی مەدە چونكە دووبارە نابیتەوە ، ھەروەھا دەگوترێ ئەگەر ئاشتیت دەوێ و مەبەستە خۆت بۆ شەڕ ئامادە بكە .
بۆیە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بەرامبەر ھەر كار و كردەوەیەكی دڕندانە و تاكتیكەكی نوێی تورك ڕێباز و تاكتیكی تازەی دادەھینا وھەنگاو و قۆناغی دواتری دیار و دەست نیشان دەكرد بۆ خەبات و بەرخودان و ڕەتدانەوە و تۆڵەسەندنەوە كە چەندین كەڕەت جەرگ بڕتر و بە ئازارتر لەوەی تورك ئەنجامی دەدا ، ھەر ئەوە بوو وای لە تورگوت ئۆزال كرد لە داننان بە پرسی كورد نزیك بیتەوە و داوای ئاگر بەست بكات ، كە بووە ھۆی لەناو چوونی . نەتەوەی كورد چاو لە دەست و بازووی گەریلا نەبەرد و دلێرەكانە كە تەنیا ئومێد و تروسكاییە بەدی دەكرێ لە ئاسۆی كوردستان دا و چاویان تێبڕیوە بەو ھیوایەی گەشتر و پرشنگدار تر بی و بگات بە بەرھەم كە چاوەڕوانی لێدەكرێت . بەردەوام بوونی ئەم بارودۆخە چەقبەستو و مەییوە گەر گۆڕانكاری ڕیشەیی تێدا نەكرێ كە ڕژێمی ڕەگەزپەرستی تورك خوازیارە بەردەوام بی ، پێشبینی ھەندێ خاڵی نەرێنی لێدەكرێت وەك :
1 - دروست بوون و پەیدا بوونی بێزاری و وەڕس بوون لەنێو ڕێزەكانی گەریلادا كە ئەمەش خاڵێكی ترسناك و مەترسیدارە كە دەوڵەتی داگیركەری تورك و كوردانی ناپاك و زۆڵ گرەوی لەسەر دەكەن .
2 - دابەزینی ورەی خەڵك و لەق بوونی باوەڕیان بە چارەنووس و ئایندەی بزوتنەوەی ئازادی گەلی كورد ، ئەمەش ئەو قۆناغەیە كە دوژمن چاوەڕێی دەكات .
3 سەردەرینانی كوردی خۆفرۆش و خزمەت كاری تورك لێرەولەوێ و دەست كردن بە ستایش كردن و پێداھەڵدان بە سیاسەتی ئینكار و قڕكردنی كوردان لە باكوری كوردستان ، وە ناولێنانی بەكرانەوەی دیموكراسی لە ڕووی كورد و چارەسەری پرسەكەیان بە ئاشتی و دیموكراسی كە ھەوڵدانە بۆ ئارایشكردن وماكیاجی ڕووە ڕەشەكەی ئەردۆغان و پارتەكەی .
4- بەردەوام بوون و پێداگرتنی سەرانی تورك لەسەر شەڕ و چارەسەری سەربازی بە پشتگیری و ھەماھەنگی زۆرتری ئەوڕوپا و ڕۆژئاوا لە پێناو كۆتایی پێھینان و ھەرەسھینان بە بزوتنەوەی ئازادی گەلی كوردستان لەو بەشە داگیركراوەدا ، بەڵام دەبی ئەو خەون و خەیاڵە لەگەڵ خۆیان ببەنە ئەو جێیەی كە
چاوەڕێیان دەكات و چارەنووسیانە كە زبڵدان و گوفەكی مێژووە.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە