وەلامێك بۆ حەمەی حاجی مەحمود، خۆزگە بێدەنگ بوویتایە

Sunday, 08/01/2023, 16:17


لە یادی سێ ساڵەی مەرگی جەلادی گەلانی ئێران قاسم سلێمانی لە شاری سلێمانی یەكێك لەوانەی بەشداربوو وە وتەی پهەبوو لەو یادە ڕەشەدا بەڕێز كاك  محەمەدی حاجی مەحمود بوو, گوایە لە وتەكەیدا زانیاری نەبیستراوی بڵاوكردۆتەوە, وەك لە مانشێتی هەواڵێكی پێگەی شارپرێسدا هاتووە" محەمەدی حاجی مەحمود زانیاریی نەبیستراو ئاشكرا دەكات".
 بەڕێزی لە سەرەتای  وتەكەیدا  دەڵێت: "سەركەوتنی ئێران وایكرد نەفەسێك بۆ خەڵكی كوردستان دروستبێت‌و هێزی پێشمەرگەش لەڕوی چەندایەتی‌و چۆنایەتیەوە زیادبكات".....  كاكە  حەمە لێرە لە یەكەم وشەوە دەكەوێتە ناو هەڵەوە,  سەركەوتنی ئێران نا, چونكە ئێران لەوكاتە لەگەڵ كەس شەڕی نەبوو, بەڵكە سەركەوتنی شۆرشی گەلانی ئێرانە بەسەر پاشەیەتیدا, ئەو شۆرشەی گەلانی ئێران بە گشتی و لاوانی چەپگەرا بە تایبەتی ئالاكەیان هەڵكرد و  حوكمی پاشایەتیان روخاند, كە قاسم سلێمانییەكان كەمترین بەشدارییان تێیدا نەبوو, دواتر بووە جەلادی ئالاهەڵگرانی شۆرش. 
بەڕێزی  یان زاكیرەی لاواز بووە یان فێڵ لە مێژوو  دەكات, ئەوە شۆرشی گەلانی ئێران و گەلی رۆژهەلات بوو بۆ دیموكراسی و مافی نەتەوەیی دژ بە فتوای خومەینی بۆ  جیهاد و قەتڵ و عامی خەڵكی كوردستان , وایكرد بوژانەوەیەك بە بزووتنەوە چەكدارییەكانی ئەوكاتی باشوور بدات, دەرگایەكیان بۆ بكرێتەوە لە دەست گەیشتن بە چەك و بوونی ناوچەی ئازادكراو و  ئیمكانات, نەك  كۆماری ئیسلامی ئێران , كە بۆخۆی ئەوكات یەكێك بوو لەو جەنگاوەرانەی لە هەندێك كاتی مێژوودا سەنگەری لە كۆماری ئیسلامی گرتبوو, سەیرە كەسێك رابرووی خۆی لە یاد نەمابێت زانیاری بڵاو نەكراوەش بڵاو بكاتەوە.
مەگەر ناوی شەهیدەكان و بەرەكانی شەڕتان لە یاد نەماوە لە رۆژهەڵات؟, لە یادتان نەماوە لەو رۆژگارەی باسی دەكەی سەنگەرتان لە كێ گرتبوو؟و بەرامبەر كێ دەجەنگان؟, ئەنوەر سوڵتانەكان لەكام بەرەی جەنگ گیانیان بەخش؟؟.  
لە بارەی قاسم سولەیمانیەوە دەڵێت "حاجی قاسمی سولەیمانی پیاوێكی هەڵكەوتوو و بەتوانا بوو لە كۆماری ئیسلامی ئێران‌و هەر لەپێناو ئەو كۆمارەشدا خەباتیكردو شەهیدیش بوو".
 ئەوانەی بەسەر قاسمی سلێمانی هەڵە دەن, تەنها پێاهەڵدانە بەسەر كۆماری ئیسلامی و رازی كردنی ئەوانە, نەبووە لە مێژوودا لەناو گەلانی قڕكراوی جیهاندا وەك هەندێك لە سیاسییەكانی كورد ستایشی تاوانبارانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بكەن, ئابڕووی هەموو خەڵكی باشووریشتان برد, ئەمجارە ئاوارە بینەوە چۆن داوا بكەین دەرگامان لێبكەنەوە.
 تۆیەك شەو رۆژ لە یادی هەڵەبجەو ئەنفال و بارزانی و.... بیت , كەچی ستایشی كەسێك دەكەیت بەشداری كاریگەری لە جینۆسایدی كورد و بلوج كردووە, هۆكاری تاوانی وێرانكردن و قەتل و عامی خەڵكی مەریوان و كیمیابارنی شاری سەردەشت و  هەڵەبجە بووە, لە كەمپی ئەشرەف تاوانی  دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە, تەنانەت  دادگای ئیسپانی وەك تاوانی دژی مرۆڤایەتی بڕیاری لەسەر داوە, مندالانی بە كۆمەڵ هانداوە بەسەر كێڵگە لوغمەكاندا بچن و خۆیان بتەقێننەوە, كلیلی بەهەشتی كردۆتە ملیان, كەسێك بڕیاری تیرۆری سەدان كوردی رۆهەلات  و نەیارانی سیاسی  دابێت, بەرپرسیارێتی دەیان تاوانی  كردبێت بە پێوەرە نێو دەوڵەتییەكان دەچنە چوارچێوەی تاوانە مەزنەكانەوە, لە یەمەنەوە بۆ پاكستان, لە لوبنانەوە بۆ كینیا, لە هەمووشی شەرمندە تر سەركردایەتی گرتنەوەی 51%ی خاكی كوردستان حەبیبەی كردبێت,  تاپۆ ڕەشەكەی ریفراندۆمی سوتاندبێت؟؟, كە كوڕێكت كردە قوربانی لە یەكێك لە بەرەكانی جەنگ, ئێستاش ستایشی  بكەیت؟؟؟,  چ شەرمێكە؟, دەزانی بە دیار وتەكانتەوە  سەدان هەزار كەس تنۆك تنۆك ئارەقیان دەخستە سەر زەوی, خۆ جیهان لەو نۆكەرانەی ناو هۆڵەكە چڕ نەبۆتەوە.
 پاشان  دەڵێت:"حاجی قاسم تەنها كەس‌و دەوڵەت بوو لەكاتی بەرەنگاربونەوەی شەڕی داعشدا، یەكەم كەسبوو لەگەڵ 48 كەسی شارەزای لەبواری چەك‌و تەقەمەنیدا گەیشتنە كوردستان‌و بەرگریكردو دوان لەو 48 كەسەش لەناو مەخمور شەهیدبون"

سەرەتا هیچ پاسدارێك  لە بەرگریكردن لە شاری هەولێر و ئازادكردنی مەخمور بەشداری نەكردووە, تەنانەت لەوێش نەبووە, ئەمە كردنی جەلادی گەلە بە قارەمانی ئەفسانەیی, ئەو دوو پاسدارەی  باسیان دەكەیت و  دەكەن كە كوژران بەشێك بوون لە تیمێكی 5 كەسی  شارەزا لە بەكارهێنانی راجیمەی ١٢ یو و هاوەنی ١٢٠ ملم,  رێك دوو هەفتە دوای گرتنەوەی مەخمور 10-8-2014 واتا لە رێكەوتی 24-8-2014 لە ناحیەی باقرتە "قەراج" بە گولەی هاوەن كوژران" پێشتر بڵاوم كردبوەوە بە لوغم كوژراون" .....
 بۆ شەڕی مەخمور تەنها 40  داعش  شارەكەی گرت , لە یەكەم چركەدا گروپێك گەریلاو چەند خۆبەخش و پێشمەرگەیەك  ژمارەیان لە پەنجەكانی  دەست تێپەڕی ناكرد  لە باخچە مابوونەوە, ئەوی تر هەموو هەلاتبوون بۆ ئەو دیوی فلكەی گوێڕ -دیبەگە, زەندەقیان چووبوو لەوەی داعش لە گوێریشەوە هێرش بێنێت, تەنانەت گەریلاكان ئاگایان لەو چیرۆكە نەبوو, من زانیاریم داپێیان بۆ ئەو ئەگەرەو ئاگاداریانم كردەوەو  رێگای بەدیلیشم  دیاریكرد بۆ هەر ئەگەرێك.
لەو ساتەو رۆژانی دواتریش خەبەڕێك لە حاجی قاسمەكەو 48 كەسەكەی  نەبوو, دیارە ئەو رۆژە ورە روخابوو هەولێر بەشێكی هەلاتبوو, بە تایبەت بەرپرسەكان, لێ   پێشمەرگە دێرینەكانی زۆرینەی لایەنەكان  و پێشمەرەگەی رۆژهەڵات و گەریلا چەقین و مانەوەیان لە قەرەچووغ  پارسەنگەكەی گۆڕی  و ورەی بەخشییەوە بە  حكومەت  و بەرپرسان و خەڵكی  هەولێر, رۆژانی دواتر پێش ئازادكردنەوەی مەخموریش ژیان بوەوە ئاسایی.
لە راستیدا  هێزەكەی  داعش  زۆری پاتاڵ خۆر بوون, لە یەكەم دەقەوە كەوتنە تاڵانی گەنمی ناو سایلۆكە بە بەرچاومانەوە , داعش هێزی  گرتنی شارێكی گەورەی  وەك هەولێری نەبوون , هەولێر جیایە لە موسڵ , موسلاوییەكان  خۆیان بوون بە داعش , بەلام هەولێر جیابوو, گروپێكی زۆر بچووكی ئیسلامییەكان نەبێت لایەنگریان نەبوو, بۆیە هێزی كۆنترۆڵكردن و پاراستنی شارەكەیان نەبوو, دەنا دەهاتن بۆ تاڵانیش  بوبێت.
دەشێت  دوایی سلێمانی خۆی و ستافەكەی 48 كەس بێت  یان حەفتا, هاتبێتنە كوردستان و عێراق بۆ بەرەو رووبوونەوەی داعش وەك ئەركی كارەكەی خۆی, چونكە ئەو كەسی یەكەمی عێراق بوو, وە عێراقیش ئێستا ولایەتێكی ئێرانەو چۆن مهاباد  و زاهیدان  و تەبرێز و ئەهواز و گومبەت كاوس دەپارێزێت لە جودا خوازە كوردو بلوج  و عەرەب  و توركمان و  ئازەرییەكان ئاواش ئەركی بوو عێراق بپارێزێت  لە گەڕانەوە بۆ ژێر دەستی عەرەبی سوونە, ئەمە ئەركە نەك فەزڵ , ئەمە پاراستنی هیلالی شیعییە نەك لەبەر خاتری چاوی كاڵی كاكە حەمە هاتبێت.
دواتر لە برگەیەكدا دەڵێت "كاتێك هەڵەبجە كیمیاباران كرا تەنها لەڕێگەی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەنگی خەفەكراوی كورد گەیشتە وڵاتانی دونیا، هەر لەڕێگەی ئێرانیشەوە بریندارەكانیان ناردە دەرەوە بۆ چارەسەر، تائەوكاتەش زۆربەی وڵاتانی دونیا پشتیوانییان لەحكومەتەكەی سەدام دەكرد،....".
پرسیارێك  دەكەم,  كێ ئەو كارەساتەی بەسەر شاری  هەڵەبجەدا  هێنا؟؟, مەگەر تۆو  ینك" شەوكەت و حامید و  ساڵەح ژاژەڵەیی.."  و پدك " حەمیدە فەنی" و حیزبەكەی حاجی كامیل  نەبوو, بوونە شاگردی حاجی قاسم سلێمانی؟, ئێرانتان  هێنا بۆ هەڵەبجە, ئەوە هاوكێشەیەكی ئاڵۆز نییە, منداڵی سەر بێشكەش ئێستا دەزانێت ئێوەو ئێران تاوانبارن لەو دۆسیەیە , تاوانی ئێوە زۆر كەمتر نەبوو  لە تاوانی بەعس , تا ئێستاش  غیرەتی ئەوە ناكەن داوای لێبووردن لەو خەڵكە بكەن, ئێستا وێنە گرتنی قوربانیان و چارەسەری بریندارەكان بە فەزڵی ئێران  دەفرۆشنەوە بەسەر ئەو خەڵكەیا, لە كاتێكدا ئێران خۆی هۆكار بووە نەك هاوكار ..... كاتی ئەوە هاتووە بێنەوە سەر خۆتان و راستییەكان بڵین  و دەرخەن و داوای لێبوردن  لە خەڵك بكەن, بەم قسە هەلەق و مەلەقانەتان  زیاتر كەرامەتی گەلێك مەشكێنن.
كە هەموو جیهان  دژ ئێران بوو, ئێوەش  چووبوونە باوەشییەوە,  ئەمەش  گەمژەییەكی دیكەی بەناو سەركردایەتی كوردە هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی 10%ی گەلی كورد  بكەنە قوربانی بەرگەی هاتوچۆتان بۆ كەرەج  و سەقز.
دەقی  چاوپێكەوتنەكەی كاك محەمەدی حاجی مەحمود

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە