هەڵوێستی جەلال تاڵەبانی و نوشیروان مستەفا لەسەر هۆكاری جینۆسایدی بارزانییەكان !!

Thursday, 11/08/2022, 0:43


لەسەر هۆكاری تاوانی كۆمەڵكوژی بارزانیەكان, هەندێك لە سەركردەكانی ی ن ك هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە, ئەوانەی من بزانم بەڕێزان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا, وەك دوو كەسی یەكەمی ینك لەناو ئەوانەدان, هەموو لەگەڵ ئەوەدان پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران واتا فەجری دووی كردووە, وە ئەمەش بە هۆكاری جینۆسایدكردنی بارزانیەكان دەزانن.

مام جەل: بارزانییەكان دووجار خائینن!

هەڤاڵ  كوێستانی لە پەرتووكی ئەو  رۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو دەنووسێت" لە گۆڤاری الگلیعە العربیە  ژمارە 52ی مانگی ئابی 1984,  مام جەلال  وتویەتی:" سەدام حەكەمە و دوژمن نییە", بارزانییەكان دووجار خائینن, جارێكیان لەبەر ئەوەی دژی كوردی ئێران شەڕ دەكەن, جارەكەی كەش لەبەر ئەوەی پێش پاسدارانی ئێرانی دەكەون و دژ بە سوپای عێراقی شەڕ دەكەن"  ل 350-351 .
مام جەلال: سەبارەت بەوەی بارزانیەكان, وەڵامدەداتەوەو دەڵێت: ئەمن نەمگوتووە بارزانیەكان, گووتوومە كوڕانی بارزانی- ل 351 - ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو - هەڤاڵ  كوێستانی -سلێمانی 2017- چاپخانەی كارۆ.
مام جەلال پێش پاسداركەوتن و شەڕ كردن لە گەڵ سوپای عێراق بە خیانەت دەزانێت, دوای خۆی جوڕِِی پارتی دایەوە و لەو جۆرە خیانەتە هەموویانی رەت دا, پارتی و حسك فەجری دوویان كرد, ئەو فەجری دە, پارتی فەتحی 3 و 8 ی كرد, ئەو نەسری 4 و 5 و 7, كەربەلاو بیت الموقەدەس و فەتحیش بخەرە سەریان.
لە كاتێك تاڵەبانی ئەم قسانە دەكات, دواتر خۆی بە زێدەوە هەمووی دووبارە دەكاتەوە, پارتی بە تۆزی بەرپێیا ناگات, پارتی ئەگەر لەسەر سنوور شەڕی هاوبەشی كرد, ئەو 150 كیلۆمەتر لە قوڵای عێراق و  پاسداری بردە بن كەركووك.

نەوشیروان مستەفا و ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو

بەڕێز نەوشیروان مستەفا, كە یەكێك بوو لە كەسایەتییە گرنگەكانی ئەو سەردەمەی ی ن ك, لە پەرتووكی پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق (1979-1983), دەربارەی ئەم كارەساتە و هۆكارەكانی  نوسیوویە: 
" گیرانی بارزانییەكان ئەوكاتەی ناوچەی حاجی هۆمەران بوو بوو بە مەیدانی گەرمی جەنگی عێراق - ئێران بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پدك بە ئاشكرا هاوكارییان لەگەڵ هێزەكانی ئێران ئەكرد دژی جەیشی عێراقی. كۆكردنەوەی دەنگ و باسی عێراق و هێزەكانی و, چاوساغی و ڕێبەری هێزەكانی ئێران و , هێنان و بردنی دێدەوانی تۆپخانەی ئێران ئەمە بەشێكی كەمی ئەو هاوكارییە ئاشكرایە بو. لە هێرشەكانیش دا ئەوان وەكو هێزی یارمەتیدەر و خەریككەر و لێدانی پشتەوە بەشدار ئەبوون (( پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن, لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983  ل321, نەوشیروان مستەفا )), كەچی ئەمان دواتر خۆیان بوونە هێرش بەر نەك خەریككەر.
بەڕێزی بەردەوام دەبێت لەسەر بۆچونەكەی و دەنووسێت:" بەشدار بونی بنەماڵەی بارزانی و هێزەكانیان لە هێرشەكانی ناوچەی حاجی هۆمەران دا, لە لای صەدام جگە لەوەی بە خیانەتی نیشتمانی دا ئەنرا, بۆ خۆیشی بە خیانەت و دەسبڕین و فێڵ لێكردن ئەژمارد".
لێرەدا نەوشیروان مستەفا تەئكید دەكاتەوە لەوەی پارتی بەشداری شەڕی حاجی هۆمەرانی كردووەو ئەو هاوكارییەی پارتی لەگەڵ ئێران لای بەڕێزی خیانەت بووە, پاداشتی خیانەتكارانیش لای دەسەڵاتێكی فاشی دیارە چییە؟, كەچی دوایی خۆی هەمان تەرز بە زیاتریشەوە دووبارە دەكاتەوەو داهێنانی تێدا دەكات؟.
نەوشیروان مستەفای كۆچكردوو درێژەی پێدەداو دەنووسێت: بارزانی یەكان لە عێراق مابونەوە لە ئۆردوگای بەحركەو قوشتەپەدا كۆكرانەوە. زۆری پیاوەكانیان بووبوون بە چەك هەڵگری جەیشی شەعبی و بە دڵسۆزی ئەركەكانی خۆیان بەجێ ئەهێنا (( پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن, لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983  ل322 , نەوشیروان مستەفا )).
مێژوو نووس جەماڵ نەبەز دەڵێت" نەوشیروان مستەفا جگە لەوەی ئێرانی بە دۆست لە قەڵەم دابوو, هاوكارییە سەربازییەكانی ئێران و كارە هاوبەشەكانی لە گەڵ ئەو وڵاتەدا بە كارێكی باش و دروست لە قەڵەم دەدا - جەماڵ نەبەز -ئێستەو پاشەرۆژی ل 98 , كۆمەڵكوژی كورد لە جەنگی ئێران - عێراقدا.....  ل 194".

رەوایەتی دان بە كۆمەڵكوژی

لە ڕاستیدا لەوكاتە ژمارەیەكی زۆری هاوولاتیانی كوردستان تێكەڵ بە هێزە چەكداری و حیزبیەكانی بەعس ببوون, نەك تەنها بارزانیەكان, وێڕای ئەوەی جەیشی شەعبی بوونەكەی ئەو بارزانییە سڤیل و سادەو ساكارە نەخوێندەوارانە ئەگەر راستیش بێت؟؟, كە لە ڕابردوودا قوربانی و بەرداشی هەموو جوڵانەوەیەكی چەكداری بوونە لە كوردستان, بە ئەندازەی پەیامەكانی هەندێك لە سەرانی ئەو كاتی ینك شەرمەزاری نەبووەو نییە كە لەهەمان رۆژگاردا لە ساڵانی 83-1984, بۆ هەزاران قوتابی كوڕِ و كچی مانگرتووی زانكۆی سەلاحەدین دایان  كە دەست بەرداری خوێندنەكەیان ببون, لە بەر ئەوەی ئامادەیی لەبەركردنی بەرگی جەیشی شەعبیان نەبوون, كەچی پارتەكەی ئەوسای  كۆچكردوو بەڕێز نەوشیروان مستەفا كە لەو كاتەدا بۆ خۆشی دووەم كەسایەتی بوو تیایدا, داوای لەبەركردنی بەرگی جەیش شەعبیان لەو خوێندكارە مانگرتووانە دەكرد یاخود نەرمیان دەنواند لە بەرامبەری, لە ترسی ئەوەی نەوەك گفتوگۆكەیان لە گەڵ ڕژێمدا هەڵبوەشێَتەوە, لەوكاتەی كە چەند مانگێك بوو لە بیابانەكانی سەماوە لە سوتگەی جهەنمی ئەو گەرمایە بە كۆمەڵ بارزانییەكان گولە باران كرابوون.
سزادانی سەرجەم عەشیرەتێك لە بەرامبەر كردەوەی پارتێكی سیاسی, كە سەركردایەتیەكەی بە دەست ئەو بنەماڵەیەوە بوو, ئەمە بۆ خۆی سزادانێكی  فاشیستانەیە, بارزانیەكان ئەم خێڵە پارێزگارە داخراوەی كوردەواری, كە بە توندی بە سەركردایەتی خێڵەوە گرێدراون, لەوێشەوە بە پارتییەوە, چونكە لە لوتكەدا سەركردایەتی پارتی و خێڵی بەرزانی یەك دەگرنەوە.
 لە كاتێكدا ئەو خەڵكەی كۆمەڵكوژی كران, بۆ خۆیان لەو چركە ساتە و لەحزە مێژوییەدا سڤیل بوون و هیچ پەیوەندییەكی سیاسی و ڕێكخستنیان بەو پارتەوە نەبووە, بگرە بەشێكیان بە پێچەوانەی بەرژەوەندییان كاریان دەكرد, بۆیە سەپۆرتكردنی ئەو كۆمەڵكوژییە زەقە بەهەر بەهانەیەك بێت بۆخۆی تاوانەو شەریكە بەش بوونە تیایدا.

نازم دەباخیش قسەی هەیە

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران, تەئكید لە بەشداری پارتی لە ئۆپەراسیۆنی فەجری دووی ناوچەی حاجی ئۆمەران دەكاتەوەو دەڵێت: ئێستا لە هەرێمی كوردستان پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموان پتەوترە. ماڵی مەلا مستەفا هەشت هەزار كەسیان ئەنفال كرا، لەسەر هاوكاریكردنی كۆماری ئیسلامی لەناوچەی حاجی هۆمەران. 
...... ئەگەر بێتە سەر ئەوەی هاوكارییەكان بەچاوی یەكدا بدەینەوە، پێموایە كوردیش كەمی نەكردووە، یەكێك لەوانە خانەوادەی "ماڵی مەلا مستەفا" هەشت هەزار كەسیان ئەنفال كرا، لەسەر هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ كۆماری ئیسلامی لەناوچەی حاجی هۆمەران لەشەڕەكانی ئێران دژ بە عێراق. 

لێرەدا لەبەر ئەوەی پێویستی سیاسی هەبوو بۆ ئەم بە چاو دانەوەیە, راستییەكە وتراو  كەسیش نەیووت  وا نییە.

بۆ ئەزموون  وەرنەگرترا؟؟

ئەوەی شایانی باسە وێڕای پارتی كە ئەزموونی فەجری دوویان چەندین جار دووبارە كردەوە, ی ن ك یش نەك ئەزموونی لەم تاوانەو شوێنەوارە مەرگ هێنەرەكانی وەرنەگرت, كە سەرانی سەپۆرتی سزادانەكەی خەڵكە سڤیلەكەیان كردووە بەهۆی هەڵەیەك سەركردەكان پارتی كردیان لە هاوسەنگەری لە گەڵ ئێرانییەكان دژ بە سوپای عێراق, بگرە دوای سێ ساڵ بۆخۆیان بوونە سوارچاكی هەمان تەرز لە چالاكی هاوبەش لەگەڵ ئێرانیەكان, ناسراوترینیان ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك و هەڵەبجەن, كۆی گشتی نزیك 20 كاری سەربازی هاوبەش لەو ماوەیەدا بەناو فەتح و فەجرو كەربەلاو نەسرو ....  ئەنجامدرا, كە زۆرینەی هێرش بوو بۆ سەر پڕۆژە ئابورییەكان, بە لێدانی نەوتی كەركوك لە 11 ی  ئۆكتۆبەری 1986, كە بە 11 ی سەپتمبەر پێشتر ناوم بردووە دەستی پێكرد.
 ئەم تەرزە جەنگە هاوبەشانەی پاسدار-پێشمەرگە لەناو خاكی باشووری كوردستان, ئاكامەكان و كاردانەوەكانی بەعسی فاشی دەكەوێتە ئەستۆی هەر یەك لە "جەلال تاڵەبانی, مەسعود بارزانی, ئیدریس بارزانی, نەوشیروان مستەفا, رەسوڵ مامەند, حەمەی حاجی مەحمود, مەلا عوسمان عەبدوالعەزیز, مەلا عەلی, ئەدهەم بارزانی و شێخ محەمەد خالید" بڕیار دەری سەرەكی بوون تیایاندا, پێویستە دان بە راستییەكاندا بنێن و  بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.
 ئەگەر بەشداری پارتی لە شەڕی حاجی ئۆمەران تاوانێك بێت, ئەوا  ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی  دیكە كە ینك و پدك و حسك و بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبواڵلای كورد  كردیان لە 5 ساڵی دواتردا, پاش تاقیكردنەوەی كاردانەوەی بەعس بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو لە حاجی ئۆمەران, چەندین بار تاوانە, چونكە لە حاجی ئۆمەران كاردانەوەی بەعس زانرا, هەموو ئۆپەراسیۆنەكان یاریكردن بوون بە چارەنووسی خەڵكەوە, پەند لەو كاردانەوە دڕندانەی بەعس وەرنەگرترا, بە هەمان رێگادا بۆ بە گورگان خواردن دانی كورددا رۆیشتن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە