چاوپێکەوتنی یواکیم مێدین لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵوم عەبدیدا


بەشداری پارتی لە شەڕی حاجی ئۆمەران لە نێوان مەسعود بارزانی و سەید كاكە!

Sunday, 31/07/2022, 10:54


تەنانەت كەناڵەكانی راگەیاندنی ئێرانیش هەموو دوبارەی دەكەنەوە كە پارتی شەریكە ئۆپەراسیۆنی سەركەوتووی فەجری دوو بووە, بە پێچەوانەی زۆرینەوە, مەسعود  بارزانی  سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەو كات و ئێستا, هاشا لەوە دەكات بەشداری راستەوخۆی ئۆپەراسیۆنی فەجری دوویان كردبێت, وەلێ هەر خۆشی دان بەوەدا دەنێت كە ئاگاداری پەلامارەكە بوونە و هەماهەنگییان لە دوو قۆڵەوە بە قازانجی ئۆپەراسیۆنی  فەجری دوو و  كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە, لە بەرەی قەسرێ  ناودەشت و سیدەكان, گرنتیان داوەتە كۆماری ئیسلامی ئێران لەم دوو قۆڵەوە بێخەم بن و دەیان پارێزن لە مەترسی پەلاماری سوپای عێراق, ئەوەی كەمترین هوشیاری كاری سەربازی هەبێت دەزانێت هەر ئەوەندە هەماهەنگی و بەشدارییە لە پرۆسەی جەنگ, بۆ هێرشی هێزێك بۆ ناو خاكێی ولاتێكی دیكە پاراستنی هێرش بەران لە دوو قۆڵ لە كۆی سێ قوڵ  زۆر زیاتریشە لە بەشداریكردن, هێزی پەلاماردەر لە قولایی 16 كم دەورەدراوە بە هێزی وڵاتی  هێرش بۆكراو كە لەوكاتەدا لە لوتكەی بەهێزی خۆیدا بوو.
 هەندێك لە بەشداربووانی ئەوكاتی بەرەی ناودەشت پێیان وایە  بەشێك بوونە لە بەرەی شەڕەكە ئەگەر لە ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران تاكە كەسێكیش بەشداری نەكردبێت, بەڵكە هاوكات و هاوتەنیشت بەرەیەكی دیكەیان كردۆتەوە لە مێژووی نوێی كورددا بە شەڕی قەندیلی دوو ناسراوە, بەڵام ساغبۆتەوە پارتی وەك چاوساغ و رێنیشاندەری كردووە لە حاجی ئۆمەران و هێزەكانی ئێرانی بردۆتە ناو قولایی خاكی عێراقەوە , بە قولایی 10 میل بۆ پشت سەنگەرەكانی حكومەتی عێراق لە بەرەی حاجی ئۆمەران و 24 كاتژمێر زووتر بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە, دیارە بارزانی ئەمەش بە بەشداری لە جەنگ نازانێت, چونكە فیشەكی تێدا نەتەقێنراوە, لە رووی سەربازییەوە كارەساتی خولقاندووە بۆ هێزەكانی عێراقی,  هەموو دەزانین هێزەكانی پارتی لە روی چەك و مرۆییەوە لەوكاتە لە ئاستی ئۆپەراسیۆنێكی وادا نەبووە, ئەوەی هەیبووە شارەزایی و ناسینی خەڵكی ناوچەكە و زانیاری هەواڵگری بووە, شارەزایانە ئەمانەی بەكار هێناوە وەك راگەیاندنەكانی ئێرانی ئاماژەی پێ دەدەن.
 بارزانی لە یاداوەرەكانیدا دەنووسێت "بە مەبەستی كەمكردنەوەی گوشار لەسەر بەرەكانی ناوەڕاست و باشوور, ئێران بڕیاری دا بەرەیەكی نوێ لە میحوەری حاجی ئۆمەران بكاتەوە لە ژێر ناونیشانی ( وەلفەجری دوو), بۆ ئەم مەبەستەش  پلانی گرتنی بەرزاییەكانی حاجی ئۆمەرانی داڕشت, بە پێی پلانەكە هێزەكەیان تا گەڵاڵە دادەبەزین بە مەبەستی كردنەوەی رێی قەسرێ بۆ ناودەشت.
سەرهەنگ شیرازی و موحسین رەزایی سەردانی خانێیان كرد, بە مەبەستی باس و گفتوگۆ لەسەر پلانەكەیان و داوای چاوپێكەوتنی منیان كرد. لەبەشێكی دیدارەكەدا داوای بەشداری پێشمەرگەیان لە هێرشەكەدا كرد, لە وەڵامدا بۆم روون كردنەوە كە پێشمەرگە ناتوانێت راستەوخۆ بەشداری لە هێرشەكەدا بكات, چونكە هێزی گەورە, ئیمكاناتی پێویست و ئەزموونی شەڕی سەربازیی گەورەمان نییە, شەڕی ئێمە شەڕی پارتیزانییە.
پێشم گوتن, ئێمە هێز دەنێرین بۆ ناوچەی ناودەشت و بەمەش ئێوە لە لایەكی بەرەی شەڕ دڵنیا دەبن و بۆ ئێمەش دەرگایەكی گەورە بەرەو ناوچەكانی رەواندز و قەڵادزێ دەكرێتەوە و ......, لە لای بەرەی رۆژئاواش, واتا لای سیدەكان, هێزمان هەیە و هەر هەڕەشەو مەترسییەك لەو دوو رێیەوە بۆتان بێت, پێشمەرگە بەریان پێ دەگرێت و رووبەروویان دەبێتەوە, چونكە دیار بوو مەترسیی ئەوەیان هەبوو لە دوو لاوە هێرشیان بكرێتە سەر, بۆیە بەم وەڵامەی من زۆر خۆشحاڵ بوون. هەروەها پێم گوتن كە بۆ ناوچەی ناودەشت لە رووی لۆجستیكەوە زۆر دوورەو كاتێكی باشی پێویستە تا رێی قەسرێ دەكرێتەوە, بۆیە ئەگەر ئێوە لە رووی گواستنەوەی بریندارو گەیاندنی پێویستییەكان بە هێلیكۆپتەر یارمەتیمان نەدەن, بە مانای ئەوەیە لەو بەرەیە تووشی كارەسات دەبین.
بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ هەموو لایەنەكانی بەرەی جود قسەمان كرد, لە مەكتەبی سیاسی پارتیش كۆبوونەوە كرا, هەموویان پێیان خۆش بوو هێزی جوود بچێتە ناوچەی ناودەشت. بڕیار بوو ئەگەر یەكێتیش رێی پێگرتن, لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە پێشمەرگەكانی حشع و حسك لە بەهاری 1983 كردبووی, تۆڵەی خۆیان لە یەكێتی بكەنەوە, كە دەیان پێشمەرگەی دیلی لێ شەهید كردبوون. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا كە كاك ئیدریس لە لایەن جودەوە سەرپەرشتی هێرشەكە بكات" لێرەدا ئایا بارزانی ئەنجامی كۆبوونەوەی خۆی لە گەڵ ئێرانییەكان بۆ لایەنەكانی بەرەی جود باس كردووە؟؟".
لەسەر وردەكاری پلانەكە, ناكۆكی كەوتە نێوان ژمارەیەك بەرپرسی سوپای پاسداران و جەیشی ئێرانەوە, كە نا كامڵ  و لە خۆبایی بوون. كەسێكیان بەناوی رەبیعی گوتی: هەزاران پاسدار شەهید بێت بۆتان گرنگ نییە, بەڵام ناتانەوێت پێشمەرگەیەك خوێنی لێ بێت. منیش بە توندی وەڵامم دایەوە, دواتر هەمووو رەخنەی توندیان لە رەبیعی گرت. بەشداربوانی كۆبونەوەكە بریتی بوون لە  سەرهەنگ ستاری, نوێنەری جەیش, سەرهەنگ جەلالی, نوێنەری لەشكری 64ی ورمێ و ئیستەكی, نوێنەری سوپای پاسداران).
رۆژی 20-7-1983, هێرشی ئێران بۆ بەرزاییەكانی باكوور و باشوور و رۆژئاوای حاجی ئۆمەران دەستی پێكرد. سەرەتا لە زۆر شوێن سەركەوتنی بە پەلەیان بە دەست هێنا و بەرزاییەكانیان گرت, بەڵام لەناو خودی حاجی ئۆمەران و شەقامەكانی بۆ دەربەند, عێراق بەرگرییەكی توندی كرد, بەڵام دوای شەڕێكی قورس حاجی ئۆمەران تا رایات و بەرزاییەكانی بەتەواوی كەوتنە دەست ئێران. دوای گرتنی ناوچەكە هەر زوو ناوی شوێنەكانیان گۆڕی و ناوی خۆیان لەسەر دانا, كە من بەم كارەیان نیگەران بووم و لە كۆبوونەوەی رۆژی 30-7-1983 لەگەڵ شیرازی و موحسین رەزایی ناڕەزایەتییەكی توندم نیشان دا, داوام لێ كردن رێنمایی و ئامۆژگاری بە هێزەكانیان بدەن واز لەم كارەیان بێنن و بە كردەوەش كردیان. ئێران نەیتوانی لە رایات  بچێتە خوارتر, بەهۆی ئەم شەڕەوە خەڵكێكی زۆر لە ناوچەكە ئاوارە بوون . بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەرگی چوارەم 1975-1990  شۆڕشی گوڵان  - ل 202, 203, 204".
پێی دەچێت  پارتی و ئێران بۆ ئۆپەراسیۆنەكە ژووری عەمەلیاتی هاوبەشیان پێك  هێنابێت, دەنا كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە  چۆن وا بە سانایی و زویی  رێكدەخرێت؟؟, ئەگەر پارتی بەشدار نییە چ پێویست دەكات بەم هەموو كۆبونەوانە,  لە لایەكی دییەوە ئەو مێژووەی بارزانی دیاریكردووە بۆ كۆبونەوەی دووەم و ناڕەزایی دەربڕین بۆ گۆڕینی ناوی شوێنەكان لە لایەن ئێرانەوە هەڵەیە, راستە لە 20ی یۆلی ئێرانینیەكان و  پارتی بەناو هێزەكانی بەعسدا 24 كاتژمێر زووتر چوونەتە پشت بەرەی شەڕەوە, لێ  هێشتا  تەقە دەستی پێ نەكردووە, شوێنەكان هەموو بەدەست عێراقەوەن, لە كاتژمێری یەكەمی هەینی رێكەوتی 22-7-1983 شەڕ دەستی پێكردووە, بۆ گۆڕینی ناوی شوێنەكانیش كەوتۆتە دوای رێكەوتی دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكەوە, بۆیە ئەو كۆبونەوەیە دوای ئەو مێژووە   ئەنجام دراوە كە بارزانی ئاماژەی پێی داوە لە یاداشتەكەیدا.
لە هەمان كاتدا ئەگەر بەشدار نین  لە ئۆپەراسیۆنەكە, پێویست بە ناڕەزایەتی دەكات لە گۆڕینی ناوی تەنانەت چیاكانیش؟.
"هێزەكانی ئێران لە لایەن شیرازی و موحسین رەزاییەوە  فەرماندەیی دەكران, هێزەكانی عێراقیش لە لایەن فەریق روكن , نەعمە حوسێن فارس ئەلمحیاوی, فەرماندەی فەیلەقی پێنجەوە سەرپەرشتیی دەكران. سەددام خۆیشی سەردانی دیانای كردبوو, لەم شەڕە عێراق چەكی كیمیایی بەكار هێنا.
لە بەرەی ناودەشتیش كە هێزەكانمان چەندین جار كەوتنە بەر هێرش و پەلاماری فڕۆكە و هێلیكۆپتەرەكانی عێراق, ئێران بە هیچ شێوەیەك هاوكاریی نەكردین. لە رۆژی 6ی ئاب هێزەكانمان بە چڕی بۆردومان كران و دوو پێشمەرگە شەهید بوون و سێیش بریندار بوون . بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەرگی چوارەم 1975-1990  شۆڕشی گوڵان- ل 205". بارزانی ئاماژە  بەوە ناكات, هێزەكانی  ئەوان كێ فەرماندەیی  دەكرد؟, شوێنی فەرماندەییەكە كوێ بوو؟.
" هەرچەندە شكستەكەی سەددام بەرانبەر بە ئێران, شكستێكی گەورە نەبوو, بەڵام كردی بە بیانوو بۆ تاوانە مێژووییەكەی بەرانبەر بە بارزانییەكان و لە رۆژی 31 تەمووزی 1983 دا هەشت هەزار كەسی بارزانی لە تەمەنی 12 تا 90 ساڵان جینۆساید كرا. بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەرگی چوارەم 1975-1990  شۆڕشی گوڵان-ل 206.".
لەوكاتەدا كە ئێرانییەكان لە فەجری یەك لە باشوور بە سەخی تێك شكابوون, سوپای ئێران دەهێنرێتە پشت جەبهەوە بە قەولی ئێرانییەكان, پانتاییەكی 380 كم چوارگۆشە لەو ناوچە سەختە داگیر دەكرێت, زیاتر لە 4000 كوژراو  بریندار و سەدان دیل دەدرێت, تەرزێكی نوێ لە جەنگ لەناو خاكی عێراق دادەهێنرێت, بە قازانجی كۆماری ئیسلامی ئێرانو بە بروای كاك مەسعود  بارزانی شكستێكی گەورە نەبووە؟, هەرچەندە هیچ بهانەیەك بۆ جینۆسایدكردنی ئەو بارزانییە سڤیلانە نەبووە, هیچ رۆڵێكیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا نەبووە,  ئەوەی كرا بڕیاری مەرگی دەرەوەی پرۆسەی دادگاو جینۆسایدێكی عیار 24 بوو.
دیارە بارزانی ئاگای لەوە نییە لەم شەڕەدا داهێنانی كردووە, بەوەی جەنگی ئێران عێراقی هێناوەتە ناو خاكی عێراقەوە, بە تایبەتیش  ناو كوردستانەوە, بۆتە ماڵوێرانی بۆ ناوچەیەكی بەرفراوان لانی كەم 43 گوند و شارە دێ , بووە سەرەتایەك بوو بۆ وێرانكردنی كوردستان و سوتاندنی لە ئاگری جەنگی كۆنەپەرستانەی ئێران عێراقدا. بەو كارەی هێزە چەكدارەكانی لە خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیی كردۆتە هێزێكی ئاراستەكراو لە لایەن ئێرانەوە.
بارزانی دەزانێت ئەمەی ئەو دەیكات ئینكاركردنە لە بەشداری لە جەنگێك بۆتە هۆكاری تاوانێكی مەزن, ئیتر قوربانییەكان چی ئەو بن گرنگ نییە, بۆ مرۆڤایەتی, گرنگ هەڵەی ئەو هۆكار بووە بۆ تاوانەكە و پێویستە دان بە راستییەكاندا بنێت و داوای لێبوردن لە قوربانییەكان وخەڵكی ناوچەكەو هەموو زیان لێكەوتووانی ئۆپەراسیۆنەكە بكات و بە سامانی پارتەكەی قەرەبووی مادییان بكاتەوە, وە تەواوی دۆكۆمێنتەكانی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنەكەو زانیارییەكانی ئاشكرا بكات, كاتێكیش دوای سێ بۆ پێنج ساڵ   هەمان پرۆسەو كار چەندین جار دووبارە دەكاتەوە, ئەمجارە لە گەڵ  ینك و حسیك و  بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبوڵاكان, دەربڕی ئەوەیە ژیانی خەڵكیان بۆ گرنگ نەبووەو  قوماریان بە چارەنووسی گەلەوە  كردووەو پەندیان لەو شكستە گەورەیە وەرنەگرتووە.

سەید  كاكە  پارتی بەشداری كردووە؟

سەید كاكە یەكێك لە فەرماندە مەیدانییەكانی ئەوكاتی حسك و  ئەندامی سەركردایەتی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یاداشتەكانیدا  دەنووسێت".... حیزب "مەبەستی حسیك ە"منیان نارد  بۆ ناوچەی حەسارۆست هەرێمی 9ی باڵەكمان لەوێ بوو ئەحمەد فەقێ رەش بەرپرسیان بوو ماڵ و منداڵی لەوێ بوون, كە چووم بارودۆخەكە زۆر باش بوو چەند شەڕێكمان لەگەڵ رژێم كرد. هەر لەو كاتەدا ئێران هێرشی كردە سەر ناوچەی حاجی ئۆمەران  ئێمە لەسەر شاخی بەردبووك بووین تەماشای ئەو شەڕەمان دەكرد چونكە شاخی بەردبووك لە ناوچەی چۆمان  و حاجی ئۆمەران  و رایات و ئازادی و زینوێی لێ دیاربوو سوپای عێراق  زۆر بەرهەڵستیان نەكرد حاجی ئۆمەران و زیوێ  و خەلان و ئازادی و رایات لە لایەن ئێران گیران و  پارتی 50  پێشمەرگەیەكیان لە گەڵ بەشی ئێران بوو تەنیا بۆ شارەزایی هاتبوون و شەڕیان نەدەكرد, بەلام هەندێك چەكی هەردوو لایان " عێراق و ئێران" یان بۆ خۆیان كۆكردەوە و زۆر كەس لە پاش گرتنی حاجی ئۆمەران و ناوچەكە پڕوپاگەندەیان دەكرد دەیانگوت پارتی دەوری باشی هەبوو.  ل 344-345 بیرەوەری پێشمەرگەیەك - سەید  كاكە-  چاپی چوارەم 2020.
سەید كاكە وەك شایەد حاڵێك و بینەرێكی هێرشەكە دان بەوەدا دەنێت كە پارتی بەشداری شەڕەكەی كردووە وەك  شارەزاو چاو ساغ,  وە دەستكەوتیشیان هەبووە.
لە روی سەربازییەوە شارەزاو چاوساغی  رۆڵی كاراترە  لە بەشداری سەربازی نە شارەزا بە تایبەت لە ناوچەیەكی سەختی وەك حاجی ئۆمەران, بۆ ئێرانییەكان ئەو شارەزایانە رۆڵی زیاتر لە سەدان جاری نا شارەزاكانیان بینیووە لە ئۆپەراسیۆنەكە.
ئەگەر پارتی بە یەك كەسیش  بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردبێت, هاتبێتە ناو سنووری گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنەكەوە, وە كارێكی دیاری كراوی لە بەرژەوەندی لایەكی شەڕكەرەكان بینیبێت   ئەوا بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی  كردووە لە رووی پراتیكەوە.
كۆماری ئیسلامی لە جەنگدا شەپۆڵَی مرۆیی لە پەلامارەكانی بەكار دەهێنا بۆ تەقاندنەوەی كێڵگەی مینەكان و بڕینی سەنگەرەكانی پێشەوەی سوپای عێراقی, هێزی زۆر بوو وە پێویستی بە چەكداری پارتی نەبوو لە بەرەی جەنگ,  بۆ ئەو ئەوە گرنگ بوو ئەو چاوساغانە 24 كاتژمێر زووتر, هێزەكانیانیان بردە پشت سەنگەرەكانی پێشەوەی سوپای عێراق و ئامادە كران بۆ چركە ساتی هاواركردنی ئەلاهو ئەكبەر و راگەیاندنی سەركەوتن, لە رووی سەربازییەوە ئەوە گەورەترین كار بووە لە مەودای ئۆپەراسیۆنەكە  كرابێت, خودی ئێرانییەكانیش لە لێدوان و نووسینەكانیان ئەو دەست راكێشانە بە سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكە دەزانن.

ئەی پرۆفیسۆر عەلی تەتەر چی دەڵێت؟

بە پێی ئاماژەی دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری ئێستای شاری دهۆك بێت لە وتارێك  بەناوی "  حكومەتی عێراق و جینۆسایدی بارزانییەكان" 
https://www.facebook.com/photo.php
كە لەساڵی 2013 لە ژمارە 940ی گۆڤاری گوڵان بڵاوی كردۆتەوە, پارتی بەشداری ئەو شەڕەی نەكردووە, ئەو هەڵوێستەكەی لە وتەی پێشووتری بارزانی وەرگرتووە, نەك ئەنجامی لێكۆڵینەوەو شیكاری پرۆفیسۆرێك بێت لێكۆڵینەوە لە روداوێكی مێژوویی بكات بۆتە هۆكاری كردەیەكی جینۆساید, ئەو دەنووسێت" مەسعود بارزانی دەڵێت:" ساڵی ١٩٨٣ ئێمە لە شەڕی حاجی ئۆمەران بەو شێوەیەی كە حكومەتی عێراق باسی لێدەكرد بەشداریمان لەو شەڕەدا نەكردبوو، هێزەكانمان لە ناوچەی (ناودەشت) بوون و بەرەی شەڕی ئێمە لەگەڵ ئەوان جیاواز بوو و ورژاندنی بەشداری پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەنگدا، تەنیا بیانوویەك بوو بۆ لەناوبردنی بارزانییەكان.«"لێرە پرۆفیسۆر تەتەر وەك شایەدحاڵێك  قسە ناكات راستییەكان دەربخات, بەڵكە وەك داكۆكیەرێك  بەرگری لە وتەی سەرۆكەكەی دەكات.
بە وتەی دكتۆر عەلی تەتەر بەڕێز مەسعود بارزانی ساڵی دواتریش دوبارە نكۆڵی لە بەشدارییكردنیان لە فەجری دوو كردۆتەوە, كە دواتر فەتحیشی بۆ زیادكرا "مسعود بارزانی لە پاییزی ١٩٨٤ لە وەلامی پرسیارێكی گۆڤاری (ئەلحوریە)دا كە ئایا ئەوان لە گرتنی حاجی ئۆمەران هاوكاری ئێرانیان كردبوو؟ لە وەلامدا وتبووی: ئێران هێزێكی زۆری مرۆڤی هەبوو و پێویستی بە هێزی ئەوان نەدەكردو ئەو قسانەی كە لەسەر زاری سەدام حوسێن بلاوببووەوە تەنیا بیانووییەك بوو بۆ بێسەروشوێنكردنی بارزانییەكان. ".
بەڵگەیەكی دی كاك دكتۆر تەتەر بۆ بەشدارینەكردنیان ئەوەیە" هەتا حكومەتی ئێران بەڕێوەبردنی ئەم ناوچەیەی نەدابووە دەست پارتی، لە كاتێكدا كە ناوچە و دەوروبەری لە ژێر كاریگەری پارتیدا بوون، بەڵكو بەڕێوەبەرایەتیەكەی دابووە دەست هێزەكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی.", ئەم بەڵگەیەش بۆ پرۆفیسۆرێكی یاریدەدەر زۆر لاوازە, قوتابی من بوایە سفرم دەدا پێی, خۆ دواتر لە هەڵەبجەش  ئێران هەر وای لێیان كردەوە, ئێران تەنها وەك مقاش و كرێگرتە ئەوانی بەكار دەهێنا, نەك بیانكات بە شەریك و حوكمڕان و سەرداری ناوچەكانیان, لەوەش  زیاتر بەعس  بە بەعسی خۆی ناوی چیاو بەرزاییەكانی ناگۆڕی, كەچی ئێران لە یەكەم چركەی داگیركردندا ناوی دەوروبەری حاجی ئۆمەرانی كردە شەهید سەدر.
ناودەشت خۆ لە بەتلیس نییە, بە چاو شەڕەكە ئەبیننن ئەگەر لە بەرزاییەكانی گابەڵەك و  سەری پایەو زینوێی گەز گەزەوە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەكە كرا بێت, لێ جەنابی پرۆفیسۆر نە ئاگای لە جوگرافیایە, نە مێژوو, نە شارەزای كاری سەربازیشە, لە هەمووشی خراپتر میتۆدی زانستی لێكۆڵینەوە نازانێت یان پەیڕەوی نەكردووە لە لێكۆڵینەوەكەی بۆ گەیشتن بە راستییەكان نەك بەرگریكردن لە سەرۆكەكەی.
لە كۆتاییدا پێویستە راستییەكان ئاشكرا بكرێن,نكۆڵی لە حەقیقەت نەكرێت, دان بە هەڵەكاندا بنرێت و لە یاداشتەكاندا راستییەكان بووترێت وە قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی فەجری دوو بكرێتەوە.

ماویەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە