ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران سەرەتای سزادان بە كۆمەڵكوژی (بەشی دووەم)

Thursday, 28/07/2022, 14:04


لەسەر ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو ناسراو بە هێرشی حاجی ئۆمەران دەبوایە ئێستا كۆمەڵێك زانیاری لە بەردەستدا بوایا, كە بۆ راڤە كردنی هەمە لایەنەی ئۆپەراسیۆنەكە پێویستن, وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە بە سانایی لە ئەرشیفدا جنگ بكەوتنایە كە دەكرێن, ئەركی پارتییە سەرەتا داوای لێبوردن بكات لەو نكۆڵی كردنەی لە بەشداریكردنی لە ئۆپەراسیۆنەكە تا هەنووكە كردویەتی, بە دوایدا راستییەكان ئاشكرا بكات سەبارەت بە پرۆتۆكۆڵی واژۆكراوی نێوان پارتی و ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە و ئەو هێرشە سەربازییە هاوبەشە, ئایا ئەندزیار و خاوەند بیرۆكەی كارەكە كێ بوو؟ ئەدی واژۆی رێكەوتننامەكە كێ كردی؟, بەرپرسی سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازییەكانی كێن؟, هێزەكانی بەشداربوو كامانەن ؟, چەند بوون ؟ لەسەر چی ڕێك كەوتن؟, چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو كارە سەربازییە ؟؟ روداوەكانی ناو بەرەكانی جەنگ؟, دەستكەوت و زیانەكانی پارتی؟, قوربانی و بریندار وشەهیدەكان, كاریگەری ئۆپەراسیۆنەكە لەسەر ناوچەی جەنگەكە؟, زیانی گیانی و مادی هاووڵاتیانی سڤیلی ناوچەكە؟, رۆڵی پارتی و فەرماندەكانی  لە پەلامارەكە ؟؟, چۆنیەتی بەشداریردنیان لە ئۆپەراسیۆنەكە؟ بەشدار بوون لە بەرەكان یان تەنها كاری چاوساغی و هەواڵگرییان دوور بەدوور دەكرد؟, هەڵوێستیان لە سەر پێشمەرگەكانی ڕۆژهەڵات چی بوو؟, پابەندبوونی ئێران بە رێكەوتنەكانەوە؟ سەبارەت بە هەموو ئەم پرسیارانە نە بە بەڵگە نامە وە نە یاداشتنامە و وتاری بەرپرسانی بەشدار بووی ئۆپەراسیۆنەكە, وە هەڵسەنگاندنی لە كۆنگرەو كۆنفرانسەكاندا...هیچ زانیاریەك لە بەردەستدا نییە, بۆیە لێكۆڵینەوە لە سەر ئەم پەلامارە بەهۆی ئازاد نەكردنی زانیاریەكانەوە زۆر سەختە, ئۆباڵیش لە ئەستۆی پدك ە, نەبوونی هەموو ئەم زانیاریانەو شاردنەوەیان لە مێژوو وامان لێ ناكات بڵێین پارتی بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی نەكردووە, وەك خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن, بەڵكە نووسراوەكانی ئێرانی و بیانی و ئاماژەكانی كەسایەتیەكان ناوخۆو خەڵكی حاجی ئۆمەران دەیسەلمێنن  پارتی بەشدار بووە.

ئامانجی پارتی چی بوو لە بەشداریكرنی؟

پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەشداریكردنی لە ئۆپەراسیۆنی فەجری 2, لە لایەكەوە دڵسۆزی خۆی سەلماندەوە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران كە لەو كاتە پەیوەندیەكانیان لە مانگی هەنگوینی شیرنتر بوو, لە ڕێگەی ئەو كارەوە شەرعیەتی مانەوەی لە ئێران و هاوكاریكردنی لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە توندوتۆڵتر و تازەكردەوە, كە لەو رۆژگارە دەركردنی پارتی ببوە خاڵێكی بەرنامەی هێزەكانی رۆژهەڵات لە گفتوگۆكانیان لە گەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران, هەروەها پێشتر لە ناوچەكانی پیرانشارو شنۆو تەرگەوەڕو مەرگەوەڕ زۆر چالاكی هاوبەشیان لە گەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام دابوو, ئەو چالاكیانە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران لە ریزبەندی ناوخۆیی بوو,  لە لایەكی دیكەوە پارتی دەیەویست تۆڵەی خۆی لە ینك بكاتەوە كە 86 رۆژ  لەوەپێش لە دوا سەنگەر لە قەڕناقاو پشت ئاشان دەركران, شەڕی حاجی ئۆمەران هاوكات بوو لە گەڵ شەڕێكی دی بەناوی قەندیلی 2, كە ناوچەكانیشیان هاوسنووری یەكترن كە ناوچەی دەشتێوە.
ئەمەو دەڤەری حاجی ئۆمەران ناوچەیەكی ستراتیژی سەربازی گرنگ و ناوچەی قەڵەمڕەوی ینك بوو وەك پشتیوانی جەماوەری, لێ هاوسنوور بوو لەگەڵ ناوچەكانی قەڵەمڕەوی پارتی و حسك, پارتی بەسانایی دەیتوانی پاش جەنگ كۆنترۆڵی ناوچەكە بكات و بیخاتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی, كە شوێنی سەركردایەتی پارتی بوو لە بزاڤی چەكداری ئەیلولدا, هیلتەرمان ئاوا باسی ئەم لایەنەی ئاماژەمان پێی دا دەكات (( پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان, بە جارێ عێراقییەكانی نیگەران كردبوو, لە پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی بارزانی لە ساڵی1975دا, سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان (كە لە مەلا مستەفاوە چووبووە لای ئیدریس و مەسعودی كوڕی) بە ئاوارەیی لە ئێران دەژیان, دەستدرێژی عێراق, هیوای بە (پ د ك) پەیدا كردەوە لە ساڵی1983دا پاڵپشتییەكی چالاكانەی شەڕی هێزەكانی ئێرانی دەكرد وەك ڕێنماو شارەزایی زانیاری تەواوی بارزانیەكان, بە تایبەت لەسەر ناوچەی عەشیرەتی برادۆستی كە هاوسنوور بوون لە گەڵیان, یارمەتییەكی گەورە بوو بۆ ئێرانییەكان, كە توانیان لە كۆتایی تەمووزدا حاجی ئۆمەران و دەوروپشتی بگرن, كوردۆسمان واگنەر ڕاپۆرتی ئەوە دەدەن كەوا ئێرانیەكان لەو كاتەدا نزیكەی دە میل هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوەو "سەربازگەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە فەیلەقی یەك, بەرزاییە سەرەكییەكان و بنكەكانی تۆپخانە لە ناوچەكەدا, نزیكەی 43گوندی كوردنشین, بنكەیەكی سەرەكی حدكا و زۆربەی كەلو پەل و تفاقی جەنگیی حدكایان گرت" كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنەل39 )).
 هاوكات پارتی لەو كاتەدا دەیەویست كێشكەیەكی دیكەش بە هەمان بەرد بكوژێت ئەویش لێدانی عەشیرەتی برادۆستە, كە ناوچەكانیان هاوسنووری ناوچەكانی فەجری دووە, بە پێی بۆچونی هیلتەرمان ((  هێرشی حاجی ئۆمەران هەلێكی بۆ پدك ڕەخساند حساباتی خۆی لەگەڵ عەشیرەتی برادۆستدا یەكلا بكاتەوە, كە ناحەزییەكی كۆنیان لە نێواندا بوو, بەهۆی پێگەی ئەم عەشیرەتەوە لە نێوان قەڵەمڕەوی بارزانی و سنوری ئێراندا. میلشیاكانی برادۆست بە پشتگیریی بەغدا رۆڵێكی بەرچاوی بەرگریكردنیان بینی لە ناوچەی عەشیرەتەكەیان. بە پێی سروشتی سیاسەتی كوردی, ئەوە بوو كە دوژمنایەتی پدك بۆ عەشیرەتی برادۆستی و دژایەتی مێژوویی نێوان پدك و ینك, هاوپەیمانییەكی تەكتیكی لێكەوتەوە یەكەم لە نێوان ینك و برادۆستییەكان و دواتر لە نێوان ینك و ڕژێمی بەغدا - كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنە ل118)). 
هەروەها هەمان ئۆپەراسیۆن لێكەوتەی دیكەشی لێكەوتەوە بەهۆی گرتنی بنكەكانی دیموكرات لە حاجی ئۆمەران ((  حاجی ئۆمەران ناكۆكی ینك و پدكی قولِتر كردەوە, پەیوەندی بەهێز بوو لە گەڵ قاسملوو - كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنەل42)).

حاجی ئۆمەران ینكی بەرەو گفتوگۆ برد

ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران یاخود فەجری دوو, نەیارانی ئۆپەراسیۆنەكەی یەك خست, هەر ئەمەش  وایكرد دوای شەڕەكە بە ماوەیەكی كورت گفتوگۆی بەعس لە گەڵ ینك ئاشكرا ببێت و ئاگربەس رابگەیەنن, هەرچەندە پەیوەندییەكان بۆ ماوەیەك پێشتر  دەگەڕێتەوە" ... رژێم لە كانوونی دووەمی 1983دا لە رێگەی عەبدوالڕەحمان قاسملووە بە نهێنی كەوتە گفتوگۆوە لە گەڵ ینك - كۆمەڵكوژی كورد لە جەنگی ئێران- عێراقدا, عادل سدیق عەلی, 2018, ل 105" , لە مانگی فیبریوەری هەمان ساڵ شاندی بەعس لە سر سنوور بینراوە.
پارتی لەو كاتەدا ململانێ و شەڕی توندی لەگەڵ حدكا هەبوو,  ئەوەش  بە بەشێك لەو جەنگە هاتە ژماردن, لە ساڵی 1979ەوە لە گەڵ یەكدا چەند خولی شەڕی قورسیان ئەنجام دابوو, تا گەیشتە ئەوەی پارتی بەشداری لە هەندێك شەڕی گرتنەوەی شارو ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكات, هلتەرمان ئاوا باسی ئەم لایەنە  لە جەنگەكە دەكات (( یەكەمین تۆماركردنی هێرش و پەلامارەكانی گاز بە شێوەیەكی ورد و تۆكمە, لە تەموز و ئابی ساڵی1983دا بوو, كاتێك هێزەكانی ئێران و عێراق كەوتنە شەڕێكی سەختەوە لە چیاكانی سەروی حاجی ئۆمەرانەوە, كە شارۆچكەیەكی سەر سنوورە لە كوردستانی عێراقدا, شەڕەكە , بێجگە لە هێرشی وەلفەجر دووی ئێرانی, بەشێوەیەكی سەرەكی مەبەستی دەرپەڕاندنی یاخیبووە كوردە ئێرانیەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان(حدكا)ی سەر بە عەبدالڕەحمان قاسملوو بوو, پاشان جێگیربوون لەو شوێنەدا كە یاخیبووان چۆڵیانكردو بۆ ناو عێراق پاشەكشەیان كردبوو, لەم هێرشەدا گرووپە ئۆپۆزسیۆنەكانی عێراق دایانە پاڵ هێزەكانی ئێران و بەرچاوترینیان (پ د ك)ی مەسعود بارزانی بوو, لە گەڵ هەندێ تاقمی تازە پەیدا بووی فەیلەقی بەدر و میلیشیای چەكداری سەر بە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق, كە گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی شیعە بوون, ساڵی1982 لەسەر دەستی ئێران درووست بوون و بنكە و بارەگاكانیان لە تاران بوو, لەملاشەوە نەك تەنها (حدكا) پاڵپشتی هێزەكانی ئێراقی دەكرد, بەڵكو ئەو كوردە ئێراقیانەی ناوچەكەش كە ناحەزی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون و بە تایبەتی هێزێكی عەشیرەتی برادۆستی كەوا سەرۆكەكەی كەریم خانی برادۆستی موستەشار بوو, دواتر سەدام چەندین جار مەدالیای ئازایەتی پێ بەخشی - كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنە(ل38-39))).

ئێران و پارتی پێویستان بە فەجرێك هەبوو!

هەردوولای لایەنی پەلاماردەر" ئێران و پارتی" پێویستیان بەو جەنگە هاوبەشە هەبوو, هەردوولاشیان پێویستیان بە سەركەوتن هەبوو لەو كات وساتەدا, پارتی بەهۆی سەركەوتنەكانی ینك بەسەر بەرەی جود لە قەندیلی یەك ناسراو بە قڕناقاو پشت ئاشان, بە سەركەوتنێكی سەربازی دەیەویست ساڕێژی برینەكە بكاتەوە, چونكە هەیبەت كە بە كاری سەربازی تێكشكا, تەنها بە لولەی تفەنگ دەگەڕێتەوە, هەرچەندە ئەو تەنها لە روی قەڵەمڕەوییەوە دەركرابوو, دەنا زیانە مرۆییەكانی پەلامارەكان زیاتر لە شیوعی و حسك و پاسۆك كەوتبوو. ئێرانیش بۆ بەرینكردنەوەی بەرەی جەنگ و قەرەبووی زیانەكانی باشوور پێویستی بەم سەركەوتنە هەبوو تا ورەی هێزەكانی پێ بەرز بكاتەوە, ئەم  پێویستییە بووە دەستپێكی مۆدێلێكی كاری هاوبەش  لە نێوان هەندێك  لایەنی كوردی و ئێران, ئێران وەك سودمەندی یەكەم لەم تاقیكردنەوەیە دەرچوو و براوەی  كایەكە بوو.

حسك هەڵوێستی چی بووە لەسەر فەجری دوو؟

بۆ مێژوو بە وتەی شایەدحاڵێك پێش هێرشەكەی ئێران بۆسەر حاجی ئۆمەران, هێزێكی چەند نەفەری پاسداران دێنە كوێستانەكانی هەلگۆرد, لەوێوە پەیوەندی دەكەن بە هێزێكی حسیك ەوە كە لەو ناوچەیە دەبێت داوای هاوكاریان لێدەكەن, تا مەفرەزەیەكیان بچێتە دۆڵی روستێ، دواتر ئاشكر دەبێت كە مەبەستیان لە گەیشتن بەو ناوچەیە تەقاندنەوەی پردەكان بووە لەسەر رێگای هاملتۆن بە تایبەت پردی بەرسیرین, سەبارەت بەو داوایە هەریەك لە سەید كاكە و مامۆستا سەعد عەبدوڵا رازی دەبن, بەڵام ئەو هێزەی ح س ی ك كە خەڵكی ناوچەكە دەبن و فەرماندەكەیان شەهید ئەحمەد فەقێ رەش دەبێت لەگەل كادیرەكانی حسیك دژ بەو داوایە دەوەستنەوە بە تایبەتیش ئەنوەری سمایل ئاغا, بۆیە هەوڵی سوپای پاسداران لە تەقاندنەوەی پردی بەرسیرین لەسەر جادەی هاملتۆن شكست دێنێت, تەقاندنەوەی ئەم پردە رۆڵی تەقاندنەوەی پردی زەڵمی دەبینی لە كاتی گرتنی  هەڵەبجە لە رووی سەربازییەوە, بگرە بەهۆی هەڵكەوتەی ناوچەكە كاریگەرتریش  بوو.
 وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر هاوكاری نەكردنیان لە لایەن حسكەوە هێزەكەی پاسداران ئەو چەند چەكە دەبەنەوە كە بڕیار بوو بیدەنە هێزەكەی سەید كاكە, كە بریتی بوو لە قەناسێك و بیكەیسیەك و چەند چەكێكی سووكی تر, بەم شێوەیە حسیك كە لەو كاتە هێزی یەكەمی ناوچەی هەولێر بوو بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە نابێت.

چی وتراوە لەسەر هۆكاری جینۆسایدكردنی بارزانییەكان؟

بەهانەی بەعس بۆ نێر قڕِِكردنی بارزانییەكان كە ژمارەیان 8000 نێرینە بوو, تۆڵە كردنەوە بوو لە پارتی و سەرۆكەكەی لە ئاكامی ئەو هێرشە هاوبەشەیان لە گەڵ ئێرانییەكان كردیان بۆ سەر ناوچەی  حاجی ئۆمەران  وگردمەند بەناوی فەجری دوو لە 20-7-1983 بۆ ماوەی دوو هەفتە, با بزانین لە روانگە جیاجیاكانەوە, ئەوانەی بەشێك نین لە ململانێی ینك و پدك بە تایبەت بیانییەكان چی وتراوە سەبارەت بە هۆكاری ئەو پەرچە كردارە فاشیستانەیەی بەعس.
سامانسا پاوەر نووسەری ئەمەریكی بە ڕەچەڵەك ئێرلەندی و باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت: كوردەكان هەمیشە فورسەتخواز بوون, كاتێكیش جەنگی ئێراق-ئێران دەستیپێكرد, هەردوو حیزبە سەرەكییەكەی كورد بونە هاوپەیمانی ئێران. لە ساڵی 1982 دا یەكێك لەم لایەنە سەرەكیانە (لایەنگری بارزانی) یارمەتی هێزەكانی ئێرانیان دا بۆ گرتنی شارێكی سنووریی, بە ناوی حاجی هۆمەران. هێزەكانی ئێراق بە شینەیی تۆڵەیان كردەوە نزیكەی 8000 پیاوی كوردی سەر بە خێڵی بارزانیان دەستگیركرد, لە ناویاندا 315 منداڵ هەبوون, تەمەنیان لە نێوان هەشت و حەڤدە ساڵاندا بوو.
سەدام گوتی: خیانەتیان لە وڵاتەكەیان و لە یاسا كرد, ئێمەش سزایەكی تووندمان بۆ بڕینەوە و چوونە بۆ دۆزەخ." بەشی 3  ئەمەریكا و ئانفال ئەنفال و ئامەریكا-سەمانسا پاوەر -و.بەختیار كەریم ".
هەرچی یۆست هلتەرمان بەرپرسی پێشووی دۆسیەی ئەنفال لە رێكخراوی هیومان رایتس لەو بارەیەوە دەڵێت: روداوەكانی حاجی ئۆمەران سێ دەرەنجامی گرنگی لێكەوتەوە, بۆ سزادانی (پدك) لە بەر ئاسانكاریی كردنی بۆ سەركەوتنی ئێرانیەكان لە حاجی ئۆمەراندا, ڕژێمی بەعس تەواوی نێرینەی سەر بە عەشیرەتی بارزانی ڕاپیچكرد, كە زۆریان لە پاش هەرەسی شۆڕشی ساڵی1975ی بارزانیەوە ناچاری نیشتەجێی كۆمەڵگاكانی دەوروپشتی هەولێر كرابوون, لە30تەموزدا لە نێوان  5000تا8000 پیاوی بارزانی, كە ژمارەی ڕاستەقینەیان بە تەواوی نازانرێت-گیران و ڕاپێچكران و هەرگیز جارێكی دیكە نەبینرانەوە, دوو مانگ دوای سەدام حوسێن لە وتاردانێكدا بێ سێ و دوو وتی:" ئەوانەی خیانەتیان بە نیشتمان وپەیمان كرد و ئێمە بە سزای سەختمان گەیاندن و ڕەوانەی دۆزەخمان كرد". ئەم تۆڵە سەندنەوەیە, بۆ ئاگاداركردنەوەیەكی هاوشێوەی میتۆد و ئەنجامی شاڵاوی ئەنفالی ساڵی1988ی تێدا بوو, كوشتاری بارزانیەكان بۆ ڕژێم رۆڵی ڕاهێنان و خۆ ئامادەكردنی بینی بۆ كوردیش خۆی تامكردن و چەشنێكی بچووك بوو بۆ ئەوەی كە دواتر روویدا (كارێكی كیمیاوی -ل41-42 ). باشە بۆ سەركردایەتی ئەو پارتانەی بوونە چاوساغی ئێران بۆ تامی تاوانەكەیان نەكرد و لەو راهێنانە ساقیت بوون سەدام كردی, كوردیان جینۆساید خواردی كرد بە هێنانەوەی ئێران  نزیك 20 جاری دی.
هەردوو ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ  و چاودێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش باس لەم شەڕە هاوبەشەی پارتی و ئێران دەكەن بەم شێوەیەی خوارەو ئاماژە بە هۆكاری قڕكردنەكە دەدەن: KDP ئەو دەمە یەكێك لە كوڕانی بارزانی, كە مەسعود  بوو, سەركردایەتی دەكرد و هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ تاراندا زیندوو كردبوەوە و لە ساڵی 1983 دا دەستەكانی KDP یارمەتی هێزەكانی ئێرانیان دا لە گرتنی شارۆچكەی حاجی ئۆمەرانی سەر سنوور.
تۆڵەی ئەمەش خێراو كتوپڕی بوو! لە عەمەلیاتێكی لە ناكاودا بۆ سەر ئەو كۆمەڵگایەی بارزانییە ڕاگوێزراوەكانیان تێدا نیشتەجێ كرابوو , هێزەكانی عێراق لە نێوان پێنج بۆ شەش هەزار نێرینەیان رفِاند كە تەمەنیان لە دوانزە ساڵ وەبان بوو. ئەوانە جارێكی تر هەرگیز نەبینرانەوە بە زۆری وا پێدەچێت كەوا پاش ئەوەی چەندین مانگ بە دەست بەسەری ماونەتەوە, هەموو كوژراون (( جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد ,وەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە , چاپخانەی خاك -  ل53  )) .
هەر لە پەیوەند بەم دۆسیەیە رۆژنامەنوسێكی عەرەب دەنوسێت"....‌ ئێران توانیی‌ هەردوو ناوچەی‌ حاجی‌ ئۆمەران (9) لەمانگی‌ تەمموزی‌ 1983 و پێنجوێن(10) لەتشرینی‌ یەكەمی‌ هەمان ساڵدا(3) داگیر‏بكات، لەبەرامبەر ئەوەدا سەدام حسێن هەستی‌ بەمەترسیی‌ رەوشەكە كرد لەبەرەی‌ باكوور، بۆیە بەدوو شێواز هەوڵیدا رووبەڕووی‌ ئەو مەترسییانە ‏ببێتەوە: ‏
یەكەم: تۆڵەكردنەوە لەو بارزانیانەی‌ كە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لە كوردستانی‌ عیراق نوێنەرایەتی‌ دەكردن، بە بیانووی‌ یارمەتیدانی‌ ئێران ‏بۆ داگیركردنی‌ ناوچەی‌ حاجی‌ ئۆمەران.   ‏
لەو پڕۆسانەی‌ هێزەكانی‌ رژێمی‌ سەدام حسێن لەساڵی‌ 1983دا ئەنجامیدا، ئەوەبوو هێزەكانی‌ ئەمنی‌ عام (11) و موخابەرات (12)  نزیكەی‌ هەشت هەزار كەسی‌ مەدەنییان لە بارزانییەكان دەستگیركرد كە لە كۆمەڵگەی‌ (قوش تەپە)ی‌ نزیك هەولێر نیشتەجێبوون‌و لەپاش گواستنەوەیان بە ‏لۆرییە بارهەڵگرەكان، سەرجەمیان بەدەستی‌ رژێمەكەی‌ سەدام كوژران‌و لەگۆڕە بەكۆمەڵەكاندا ژێرخاك نران(13). ‏هەڵوێستی رۆژنامەگەریی میسری لەبارەی‌ جینۆسایدی گەلی كوردەوە رۆژنامەی ئەهرام بەنموونە  د.مەحمود زاید‌ 28/4/2013.
سەدام حوسێن لە وتەیەكدا لە ساڵی 1983 سەبارەت بە هەمان ڕوداو  وتی: ئەوانە خیانەتیان لە وڵات و خیانەتیشیان لە پەیمان كرد. بۆیە ئێمەش بە سزای توند و سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن - (( جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد ,ەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە , چاپخانەی خاك - ل107-108 ) . دیارە سزادانەكەی سەدام بێ  لێكۆڵینەوە بووە, چونكە هێشتا ئۆپەراسیۆنەكە"20-7-1983-4-8-1983" كۆتایی نەهاتبوو, ئەو دەستیكرد بە دەستگیركردنیان لە ڕێكەوتی 31-7-1983, هیچ بەڵگەیەك نییە ئەو خەڵكە سڤیلە پەیوەندییان بەو ئۆپەراسیۆنەوە  هەبووبێت.
(( سەدام لەسەر تەلەفزیۆن وتی ئەمانە خیانەتیان  لە وڵات و لەپەیمان كرد و بۆیە ئێمەش بە سزای توند و سەختمان گەیاندن و  ڕەوانەی دۆزەخمان كردن- ل204 )).(( گرتنی بەشێك لە ناوچە ستراتیژییەكانی حاجی ئۆمەران و  دەوروبەری و شكستی لەشكری عێراقی لە ناوچەكەدا بەرامبەر بە لەشكری ئێران. ئەمەش بۆ دروستكردنی دووبەرەكی لە ناو بارزانییەكاندا و دڵدانەوەی هەڤاڵان و هەوادارانی بەعسییەكان و زیندوكردنەوەی دەروون و ورەی روخاوی سەربازانی جەنگی قادسیە )).
(( میدل ئیست ۆچ لە پەرتووكی جینۆساید لەعێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆسەر كورددا دەڵێت: هۆكاری گرتنی بارزانییەكان گرتنی شارۆچكەی  حاجی  عومەران بوو - شێواز میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان  -رَێكار مزوری - ل204كۆنگرەی بەجیهانناساندی جینۆسایدی گەلی كورد-2008-چاپخانەی دەزگای ئاراس )) .
كەواتە بۆچوونێكی هاوبەش هەیە لەسەر ئەوەی فەجری دوو هۆكاری جینۆسایدی بارزانییە بێ تاوانەكان بوو, لە هەمبەر هەڵەی پارتێكی سیاسی, خەڵكانی سڤیل باجەكەیان داو سزا دران لە لایەن بەعسی  فاشییەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە