كورد و تێوە گلان بە جەنگی عێراق ئێرانەوە (بەشی یەكەم)

Tuesday, 26/07/2022, 8:07


بەهۆی جەنگی ئێران - عێراقەوە دەرفەت رەخسا بۆ حكومەتی عێراقی پەلاماری دڕندانەی كوردستان بدات, بە بەهانەی تێوە گلانی بە جەنگەوەی پارتی, یەكێتی, حسك, بزووتنەوەی ئیسلامی, حیزبواڵلە بەهەردوو باڵەكەیەوە, بە هێنانی پاسدار بۆ ناوەوەی باشووری كوردستان, لە ئێرانیش جەنگەكە رێگای بۆ سەركوتی گەلانی ئێران و ئۆپۆزسیۆن خۆشتر كرد.
ئەم هێزانە جەنگەكەیان بە نیعمەت دەزانی و دروشمیان گەرمكردن و درێژەدان بە جەنگ بوو, نەبووە هێزێكی سیاسی پشتیوانی لە جەنگ بكات كە روباری خوێنی لە بەر دەڕۆیی,  لێ ئەمان نزاو تكایان  درێژەدان بە جەنگ و هەڵسانی لافاوی خوێن بوو.
هەموو جەنگێكیش ئەنجامەكەی كۆتاییە, كە جەنگی ئێران-عێراق كۆتایی هات, بەهۆی تێوە گلانیان بە جەنگەكەوە, كوردستانێكی ویچرانكراوو تەعریبكراو, گەلێكی قڕكراوو زیندانیكراو لە ئۆردوگاكان, بزووتنەوەیەكی چەكداری هەرەسهاتوو مایەوە.

فەجری دوو راهێنان بۆ جینۆسایدی كورد

ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو واتا ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران بووە سەرمەشقی جەنگە هاوبەشەكان, رۆڵی راهێنان و  ئەزموونی گێڕا بۆ ئەو جۆرە تەرزە لە چاوساغی و جەنگی هاوبەش, چ بۆ شەڕی هاوبەشی ئەم لایەنانە لە گەڵ ئێران, وە كاردانەوەی عێراق لە هەمبەر جەنگە هاوبەشەكان و دەست نەپاراستن لە خەڵك لە بەرامبەری, كە بە دوایدا كوشتاری بارزانییەكان لە لایەن بەعسەوە هات, كە رۆڵی راهێنان بینی بۆ كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستان  لە ئەنفال و هەڵەبجە و روخاندنی لادێكان و سڕینەوەی شوێنەواری ژیان لە دەرەوەی شارەكان.
لە كۆدا ئەم لایەنانەی ئاماژەمان بە ناوەكانیان دا, ژمارەیەك شەڕی هاوبەشیان كرد  شان بە شانی سوپای پاسداران هەمووی ماڵوێرانی بوو بۆ خەڵك,  ناسراوترینیان ئۆپەراسیۆنەكانی  فەجری 2, كەربەلا 10, فەتحی 5, نصر 4 , نەسری 5, نصر 7, نصر 8, بیت المقدس 2 , بیت المقدس 4 و فەجری 4, والفجر10, زەفەری 7,  ...... بوو.
رێكەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان-پدك لە گەڵ  ئێران بۆ ئەنجامدانی كاری سەربازی هاوبەش لەناو جوگرافیای عیراقدا لە ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو, یەكەمین داهێنان و رێكەوتنی پارتێكی كوردی باشوور بوو لە گەڵ ئێران بۆ شەڕی هاوبەش, داهێنانی بەهانە بەدەستەوەدان بوو بۆ جینۆسایدكردنی گەلەكەمان لە لایەن بەعسی فاشیستەوە.

فەجری دوو كەی؟

فەجری دوو بە پێی عێراق لە 22-07-1983, وە بە پێی ئێرانییەكان لە 20-7-1983 ئەنجامدرا, جیاوازییەكەش لەوەدایەو لە دوا چركەكانی شەوی 20ی مانگەوە هێزەكانی ئێران و پارتی دزەیان كردە پشت هێزەكانی عێراقەوە, لە چركەكەكانی یەكەمی 22ی مانگ جەنگ دەستی پێكرد.
كاتی ئۆپەراسیۆنەكە پاش شەڕی قەڕناقاو پشت ئاشان و دەركردنی لایەنەكانی بەرەی جود"پارتی,شیوعی,حسیك,پاسۆك" لە ناوچەكانی كەركوك و گەرمیان و زۆرینەی ناوچەكانی سلێمانی و هەولێر, هاوكاری لۆجیستیكی حكومەتی عێراقی هات.
دوای 2 ساڵ لە فەجری دوو, ینك و سۆسیالست و حزب و اڵلە و بزووتنەوەی ئیسلامیش هاتنە ناو هەمان گەمەوە, بەم تەرزە پەیماننامەیە یارییان بە چارەنووسی كوردەوە كرد, كوردیان كردە شەریكە دۆڕانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە جەنگی كۆنەپەرستانەی ئێران -عێراق, دوای قوناغەكانی ئەنفال و كیمیابارانەكان لە 6ی ئەیلولی 1988 دا دەست بە تاڵ و دۆڕاو لێی دەرچوون, ئەوەی بۆیان مایەوە  مانگانە تمەنێك و بارەگایەك لە سونێ و قاسمە رەش و زێوەو كارتی گەڕان بۆ شارەكانی ئێران بوو.
 ئەوان بەم جەنگە هاوبەشانەیان نزیك 10%ی هاوڵاتیانی كوردستان و 2451 لادێیان بە جینۆسایدكردن و وێرانكردن دا, دەریاچەیەك خوێن و جیهانێك وێرانكارییان دورییەوە لەو شەڕە هاوبەشانە, هاوكات  بزاڤی چەكداری كوردیان وەك بزاڤێكی كرێ گرتە بە جیهان  ناساند.
 بە هێنانی سوپای ئێران لە 29-7-1996 بۆسەر كۆیەو هێنانەوەی سوپای عێراق لە 31ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبەر و چاوساغی بۆ سوپای توركیا, سەلماندیانەوە هەمان تاكتیك تێكەڵ بە خوێنیان بووەو بۆتە ستراتیژی كاریان و بەردەوامی هەیەو لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت, بەردەوام گەلی كورد لە هەڵدێرو ماڵوێرانییەكەوە بۆ یەكی دی دەبەن.

ئەمەریكا كۆدی جیهازەكانیانی لابوو؟

لە كاتێكدا راگەیاندەكانی جیهان غەرقی هەواڵی دەریای خوینی جەنگی ئێران-عێراق ببوون, رێگا گرتن لە پەرەسەندنی پان ئیسلامیزمی كۆماری ئیسلامی شەرق و غەربی یەكخستبوو, كۆمەلكوژی كوردان ببوە جەنگێكی لەبیركراو, بە بەرچاوی كەشتیە ئاسمانیەكانەوە, كە دەرزی لەسەر زەوی دەبینن و كۆنترۆڵی هەموو جیهازەكانی سەربازی و سیخوڕییان كردبوو, لەو ساتەی كوردستان خاپورو خەڵكەكەشی قەسابی دەكران رۆژانە تەنها لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا 924 كەس كۆمەڵكوژ دەكرا, لەناو ئەو دەریای خوێنەدا كەس گوێبیستی نوزەی ئەم قڕكردن و كاولكارییە گشتگیرە نابوو, كۆمەڵكوژی كورد ببووە هۆلۆكۆستی نوێ, بێ هەواڵ ئەنجام دەدرا, ئەمجارە كراینە قوربانی سەرانی پدك  وینك و سۆسیالست و بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبواڵلەكان, چونكە گلاندمانیانە جەنگێكی پیسی دۆڕاوەوە, كەچی دوای راپەڕین لە بڕی سزادانیان خودی قوربانیانیش لە ریزە دورو درێژەكان وەستان تا دەنگیان پێبدەنەوە, تەسكیەیانیان كردنەوە, كەوتنەوە لێستنەوەی ئەو چەقۆیەی سەریانی لە جەستەیان جیا كردبوەوە.
ئێران و عیراق لە پاڵ وڵاتانی زلهێز لەو وڵاتانە بون كۆدی كریبتۆی سویسریان بەكار دەهێنا لە پەیوەندییە نهێنییە ناوخۆییەكانیان, كە لە لایەن سیای ئەمەریكیەوە كۆدەكە دەشكێنرا, وەك لەو ئابڕوچونەی سەرەتا 2020 لە كەناڵەكانی راگەیاندنی سویسرا ئاشكرا كرا, بۆیە  هەمووان ئاگاداری تەواوی كوردۆسایدی كورد بوون.

دۆڕاین

ئێمە لە هەموو ئەو  جەنگانە لە هەموو رویەكەوە دۆڕاوین, بۆیە دەبێت زیاتر بگەڕێین بە دوای ئەو خاڵەدا كە تێیدا بووە هۆی دۆڕانمان, دەبێت گومان بخەینە سەر رابردوو, بە پراتیك و كارەكتەرەكانیەوە, چونكە رابردوو بە تایبەت ساڵانی بزاڤی چەكداری, مێژوییەكە پڕە لە دۆڕان, با ئەو مێژووە بنووسرێنەوە كە دۆڕاوەكان دەینووسنەوە نەك براوەكان, چونكە ئەم تۆمەتبارانە دۆڕانی خۆشیان بە بردنەوە دەزانن و مێژووی براوەمان پێ نیشان دەدەن, خۆیانیش دەكەن بە خاوەندی راپەڕین و كۆڕەو  روخانی سەدام.
سەرانی  كورد توانای  باشی خۆ  كوێر  و كەڕ  و لاڵكردنیان هەیە,  كاتێك  نۆرەی دۆران و هەڵەو تاوانەكان خۆیان باس دەكرێت, دەبنە نەتەوەییخواز و دادپەروەر و هەزار و یەك پاساو بۆ شكست و دۆڕانەكانیان دەهێننەوە, ئەوان وەك مێگەلە مەڕ سەیری گەل دەكەن خۆشیان وەك شوان رەفتار دەكەن, هەر كاتێك  بیانەوێت بماندەنە دەم گەلە گورگەوە, دەبێت رازی بین و گورگبونی ئەوانیش ئاشكرا نەكەین. لە هەر قۆناغێكدا گورگیەكەیان دڕندەترو پڕ لە خیانەتر دەبێت, بە دەستاو دەستكردنی فەرمانڕەوایی لە لایەن نەوەكانیانەوە یەكجاری بۆنی بۆگەنییان چۆتە كەشكەلانی ئاسمان.

یاداوەری درۆینە 

ئەمانە لە مێژوو دەترسێن, یاداوەرییەكانیان, پاككراوە لە تاوان و شكستەكانیان, دەیانەوێت لە رێگای كرێگرتەكانیانەوە مێژوییەكی دیمان پێ نیشان بدەن, شەڕە هاوبەشەكانی حاجی ئۆمەران و هەڵەبجە و كەركوك و .....وەك شەڕی سەركەوتن و رزگاری وێنا بكەن, نەك كرێگرتەیی و قوماركرن بە چارەنووسی گەل.
هێرشی هاوبەشی پارتی وئێران بۆ ناوچەی حاجی ئۆمەران و گردمەند  لەساڵی 1983 دا لای كۆماری ئیسلامی ئێران بە فەجری دوو ناسێنراوە, بە یەكەم نموونەی ئەنجامدانی  شەڕی هاوبەشی پارتە كوردییەكان لە گەڵ ئێران دژ بە سوپای عێراق دێتە ژماردن, لێرەوە ئەم تەرزو شێوە هاوكارییە سەربازی سیاسییە, دەبێت بە تەرزو مۆدێلێكی  كارو خەباتی بەشێك زۆری لە لایەنە كوردییەكانی دیكەی باشوور و ئیلهامی لێ وەردەگرن " ینك, پارتی, سۆسیالست, حزب اڵلە, بزووتنەوەی ئیسلامی", پێنج ساڵی پڕِ لە دۆران و شكست و ماڵوێرانی بەردەوام دەبێت, لە پشت پەرتووكە سورەكان و ئاڵاكانی كوردستانەوە دەست لە گەڵ پاسدار تێكەڵ دەكرا و پرۆژەی شەری هاوبەشیان دادەڕشت, لێرەوە  بوونە ویڵی  ڕێگای پەیوەندییەكانیان لە گەڵ ئێران, وایان دەنواند بەخت یاریان  بووەو رێوی  بەرەو پیرییانەوە چووە, دڵیان بەوە خۆش بوو, ئێران كاری هاوبەشیان لەگەڵ دەكات, چەند دۆشكەیەكیان دەداتێ, دیارە ئەم جۆرە چالاكییە هۆكاری كردنەوەی دەرگایەكیش بوو بۆ سەرانیان تا بگەن بە ئیمتیازات و سەفەركردن, ئەم شەڕە هاوبەشانەی دوو دەرگایان لێدەبوەوە, دەرگای گەل بۆ جهەنەم , بۆ سەرانی خۆشیان كردنەوەی دەرگایەكی بەختەوەری و ئیمتیازات.

پەند وەرنەگرتن لە هەرەسی ساڵی 1975

ئەمانە بە پشت بەستن بە ئێران دەیانەویست ببنە هێزی یەكەم و چوار مشقی لەسەر باڵادەستی لە كوردستان  دابنیشن, ینك وپدك خولیای بوون بە یەكەم هَێز بوون لە كوردستان, بەردەوام لەمێشكیان خولی دەخوارد, بۆ گەیشتن پێی دەست تێكەڵ كردن لە گەڵ شەیتانەكانی كورد ئاسایی بوو بە لایانەوە, پاش ئەوەی چەكیان لە ئێران وەرگرت ئومێدیان باڵای دەكرد, پەندیان لە هەرەسی ساڵی 1975 وەرنەگرت, ئێران بووە قیبلەنامای كاریان, زیاتر وەك داردەستێكی ئێران خۆیان دەنواند نەك هێزێكی كوردستانی, رابردویان دوبارە دەكردەوە" لە یاداشتەكانی موكەرەم تالەبانی وا هاتووە: دوا كوبونەوەی نوێنەری بارزانی لەگەل حكومەتی ناوەندی لە بەهاری 1974 كە منیش تێدا بەشدار بووم، سەروكی شاندی بەعس كە سەدام بوو، بەم شێوەیە دەستی بە قسەكانی خۆی كرد، پێویستە ئێوە ( مەبەستی پارتی بوو) پەیوەندیەكانتان لەگەل ئیران بپچرێنن و سنورەكان بەرامبەر ئیران داخەن. كاك سامی عەبدولرحمانیش كە سەروكی شاندی پارتی بووە بەم شێوەیە وەلامی دایەوە: بارزانی پەیوەندیەكانی خۆی لەگەل ئیران بە پەیوەندیەكانی لەگەل بەغداد ناگۆرێتەوە!! سەدامیش بە سەرسورمانەوە وەلامی دایەوە. ئەگەر ئێوە پەیوەندیتان لەگەل ئیران بە پەیوەندی لەگەل بەغدا ناگورنەوە، چ داوایەكتان لە ئێمە هەیە و بەردەوامی گفتوگۆ چ مانایەكی هەیە! ئێوە لە ئێستاوە خۆتان بە بەشێك لە عیراق نازانن، ئەوەش لە دەرەوەی ناوەرۆكی یاساكانی ئوتۆنومیە. كۆبونەوەكە بەبێ ئەنجام كوتایی هات و شەر لە كوردستان دەستی پێكرد.", ئەوەی پەند لە رابردوو وەرنەگرێت داهاتووشی نییە, بۆیە ئێستا زیاتر كەوتنە باوەشی  ئێران و توركیاوە, ئەوان زیاتر ئێرانی و توركیاین  لەوەی كوردستانی و عێراقی بن.

ژەهرەكەیان پێ نۆش كردین

بە بێ  ئەوەی گوێی پێ بدەن بەوەی دەست راكێشانی ولاتێكی وەك ئێران لەو كاتە بە بۆچوونی عێراق و گەلی كوردیشەوە  خیانەت كارییە لە گەل بە دوو بۆچوونی جیاوە, لای فاشیەكان كە لە جەنگی مان و نەماندا بوون لە گەڵ ئێراندا, كاری سەربازی هاوبەش گەلی بەرەو چارەنووسێكی ڕەش برد, بەم كارەشیان كەوتنە ناو تەڵەی ئێرانەوە چارەنووسیان تێكەڵ بوو, بە پێچەوانەی شەپۆڵی جیهان سەبارەت بە ئێران, گەلیان لە گەڵ خۆیان بەرەو دۆزەخ برد, كاتێك خومەینی پیاڵە ژەهركەی نۆش كرد, كوردیش لە پێك لێدانی ژەهردا لە گەڵیدا هاوبەش بوو بە سایەی ئەوانەوە, چونكە چارەنووسیان پێكەوە گرێ درابوو, لە یادمان نەچێت, دووبارە كردنەوەی ژەهر نۆشی گەلانیشیان پێ خواردینەوە".... زۆربەی‌ جینۆسایدەكان لەكاتی قەیرانەكاندا رودەدەن وەكو جەنگ. هەڵوەشانەوەی‌ دەوڵەت, شۆرش. و ئەنجامدەرانیشی‌ قوربانیەكان تاوانبار دەكەن لەسەرهەڵدانی‌ ئەو قەیرانانەدا. هەروەها حكومەتی‌ وڵاتانی‌ دیكەش ڕەنگە دەستێوەردەن یاخود بێدەنگ بن لەئاست جینۆساید لەوڵاتیكی‌ تردا وەیا پشتگیری‌ لە ئەنجامدەرانی‌ بكەن بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەپێی‌ ئەوەندەی‌ لە توانایاندا هەبێت."هیڤاڵ هیلان وەرگێڕانی‌: نەریمان عەلی‌-ئەم لێكۆڵینەوەیە پێشكەشكراوە بۆ بەدەستهێنانی‌ دیبلۆم لە خوێندنی‌ یاسادا (لەزانكۆی‌ ئۆكلاند نۆڤەمبەر 2000)".

پێش  فەجری دووو ئەزموون لە گەڵ ئێران

پێش ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو, پارتی دیموكراتی كوردستان ((عێراق)) زۆر جەنگی هاوبەشی شان بە شانی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە پێشمەرگەی كوردستانی خۆرهەڵات (بە تایبەت دیموكرات و كۆمەڵە) ئەنجام دابوو, لەگرتنەوەی زۆر دەڤەر و شار و شارۆچكەی وەك شاری شنۆ كە رۆڵی سەرەكی تێدا گێرابوو, نموونەیەكی سەركەوتووی لە كاری سەربازی -سیاسی هاوبەشی خستبووە سەر سفرەی بۆگەنی كۆماری ئیسلامی ئێران.
 لە بەرەی لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان, لە مانگەكانی پێش شەڕی حاجی ئۆمەران, شەڕە هاوبەشەكان لە ناوچەی شنۆو مەرگەوەڕ ئەنجامدرابوو, ئەم هاوپەیمانییە بۆیان پەیماننامەی فاوست بوو ( لەو پەیماننامەیە فاوست روحی خۆی بەشەیتان فرۆشت), بەلام فاوستەكانی ئیمە دوایی  بوون بەدو و سێ و چوار وپێنج, نەك تەنها ڕوحی خۆیان بەڵكە جەستەی هەموو گەلیان بەشەیتانە ڕیشنە دِرندەكەی ئەودیو سنوور فرۆشت, بەم كارەشیان بوونە دیلی پەیوەندییەكانیان لە گەڵ  ئێران, تاكتیكی ماڵویرانكەر سەدان  هەزار كەسی كردە قوربانی, یرۆسەكە پێنج دانە ساڵ و مانگێك و پانزە رۆژی خایاند, بەم كارە ناشرینەشیان دۆزی رەوای دژ بە ستەمی نەتەوایەتی كوردیان لە جەنگی كۆنە پەرستانەی عێراق ئێران خنكاندو شەڵاڵی خوێنیان كرد, ڕەوایەتی گیانی بزووتنەوەی دژ بە ستەمی نەتەوەییان  تیایدا كوشت و ناشرینیان كرد, ئەگەر كەمۆكەیەك پێشتر جوانیان تێدا هێشتبێتەوە, بە پەیوەندییە گوماناویەكانیان و پێش پاسدار كەوتنیان هەموو سیمایەكی ئامانجداریان تێدا كوشت. 
ئەم جەنگە هاوبەشانە دەستپێكی خۆكوژی بە كۆمەڵی ( خێڵێك دواتر گەلێك ) ی  لێكەوتەوە, هەرچەندە پارتی بۆ خۆی هاشا لەوە دەكات, لەو شەڕە (( حاجی ئۆمەران )) بەشدار بوو بێت و  پێش بە سوپای  پاسداران كەوتبێت و چاوساغی بۆیان كردبێت بە درێژی دێینە سەری, بەڵام بۆ خۆی تاوانەكە بەو بەهانەیەو بەو ناوەوە ئەنجامدراو لەژێر ئەو كارە خۆی شاردەوە, بەعس تاوانبارە, چونكە هیچ بەهانەیەك بۆ ئەنجامدانی تاوان قەبوڵ نییە, لێ ڕەتكردنەوەكانی پارتیش لاوازە, لە بەرامبەردا زۆر ئەزموون وەرنەگرتن لە تاوانی جینۆسایدی بارزانییەكان سەرچاوە ئاماژە  دەدەن  بەوەی ئەو  كارە سەربازییە  هاوبەشە  بەرفراوانە ئەنجامدراوە, تاڵی لەوەدایە هەمان پارتی سیاسی  دوای 3 ساڵ لەو كارەساتەی هاشا لە ڕۆڵی خۆی دەكات تیایدا, دێت هەمان تاكتیك جارێكی تر هەڵدەبژێرێتەوە و پیادەی دەكاتەوە,  جارێكی دیكە بە ئاشكرا بە شێوەی بەرفاوانتر  و بەربڵاوتر و ئاشكراتر و بەبەرچاوی خەڵكی كوردستانەوە دووبارەی دەكاتەوە" پارتی لە فەتحی سێ  لە هێرش  بۆ سەر گەراجی نەوتی زاخۆ  و فەتحی هەشت لە ناوچەی ئەتروش بە تەنها دوبارەی كردەوە, لە هەڵەبجەش هاوبەشیكرد لە ئۆپەراسیۆنەكانی فەجری 10 و زەفەری 7", ئەگەر پێشتر ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان وەك فەجری دوو لە سەرسنوورەكان بوو, ئێستا لە ناو شارەكان و خەڵكی كوردستانە, پاسدار بە ئاشكرا لە گوندەكان دەسوڕانەوە, ئەزموون لە فەجری دوو وەرناگرێت, فەجری 10 دوبارە دەكاتەوە؟؟, هەرچەندە لە دوا ساتەكانی نزیك لە هێرشەكە" هەڵەبجە"  ناڕەزایەتی لە نێو سەركردایەتی پارتیدا بەرز بوەوە,  لە ترسی دوبارە بونەوەی روداوەكەی حاجی هۆمەران و كارەساتی بارزانییەكان, وەلێ هەر كراو بوونە برا بچوك لە شەراكەتەكە"كۆمەڵكوژی كورد لە جەنگی ئێران -عێراقدا, عادیل سدیق عەلی, ل260-261 .".
 دەبینین ئەزموون لە دڕندانەترین پەرچەكرداری تا ئەو دەمی ڕژێم  وەرناگرترێت  بەرامبەر بە گەلەكەی تەنانەت كەسە نزیكەكانی سەرۆكەكانی قوربانی بوون, لە داهاتوو دێت زنجیرەیەك چالاكی سەربازی هاوبەش, لەگەڵ هێزەكانی ئێرانی دژ بە سوپای عێراق بە ئاشكرا و لە قولایی وڵاتدا لە زاخۆوە بۆ هەڵەبجە ئەنجام دەداتەوە, بە درێژایی 459 كم, بەم كارەشیان بوونە پۆلیسی ئیران لە كوردستان, وەلێ  مەخفەرەكەیان  لە ئێران بوو, لەو  دیوەوە نەخشەیان بۆ دادەڕێژرا, لەم دیو  كوردیان دەكردە سوتەمەنی نەخشەكانیان, بەم شێوەیە بەشداربووانی شەڕە هاوبەشەكان هەموویان بەشدارن لە مێژوویەكی هاوبەش لێ  هەتیوی بێ باوك تا ئێستا دانی پێدا نانێن.

بۆچی حاجی ئۆمەران هەڵبژێردرا ؟

ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران بۆ هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو, بۆ ئێرانیەكان لە پاڵ سەركەوتنە سەربازییەكە بەسەر عێراقدا, هاوكات دەروازەیەكیش بوو بۆ ئەوەی كوردستان بكاتە بەشێك لە جەنگەكە و بەرەی جەنگەكە بەرفراوان بكاتەوە كە خاوەند هێزێكی زۆری مرۆیی بوو, بەرفراوانكردنەوەی بەرەی جەنگ لە بەرژەوەندی بوو, هاوكات دەیانویست لە رێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە بەسەر نەیارەكانیدا لە هێزە كوردییە رۆژهەڵاتیەكان سەركەوێت, كە بارەگاكانیان لەو ناوچانە بوو, ناوچەیەكی بەرزایی ستراتیژی دەیتوانی لەوێوە جوڵەی هێزەكانی دیموكرات و كۆمەڵە لە ناوچەكانی پیرنشار و شنۆو .... كۆنترۆڵ  بكات و بارەگاكانی پشت بەرەیان پێ  چۆڵ  بكات و سنووری چالاكیەكانیان بەرتەسك  بكاتەوە,كەواتە  بۆ ئێران سەركەوتنەكە دوولایەنە بوو هەم بەسەر عێراق  و هەم بەسەر  كورددا. هاوزەمان ئێران پێویستی بەسەركەوتنێكی لەم چەشنە هەبوو, كە 104  رۆژ لەوە پێش لە 10ی ئەپرێلی 2003, لە فەجری یەكدا لەناوچەی دیزفول تووشی تێكشكانێكی كەمەر شكێن ببووەوە لە هەمبەر هێزەكانی عێراق, زیانە مرۆییەكانی سێ هێندەی زیانەكانی سوپای عێراق بوو, چوو بۆ سەركەوتن تا بەسرا لە بەغدا داببڕێت, كەچی نە یا اللە ی دەستپێكی شەڕەكە و نە تەم و تومانی ئەو بهارەی زەلكاوەكانی عەمارە فریای نەكەوت, فڕۆكە مەرگ هێنەرەكانی عێراق درەوی سوپاكەیان كرد لەو بیابان و زەنكاوە پان و بەرینە, فەجری یەك بووە یەكێك لە گەورەترین شكستەكانی سوپای ئێران لەماوەی 8 ساڵەی شەڕی عێراق ئێراندا.
 ئامانجی فەجری 2 بۆ ئێرانیەكان وەك خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە: " لێدانی دژ بە شۆرش" حدكا", 2- بەهیز كردنی كوردە موسڵمانەكانی عێراق وەك خۆیان دەڵێن, مەبەستی هاوكارانی لە هێزە كوردییەكان لەو كاتدا كە پارتی دیموكراتی كوردستانە, 3-زەمینە خۆشكردن بۆ ئەنجامدانی شەر لەناو خاكی عێراق, 4- پاراستنی شاری پیرانشار لە هەر جۆرە پەلامارێك, 5-خۆشكردنی زەمینە بۆ لێدانی چاڵە نەوتیەكانی كەركووك " مروری بر عملیات والفجر ۲
 لە هەمووشی گرنگتر بۆ ئەو چركە ساتە ساڕێژكردنەوەی برینی شكستی فەجری یەك بوو, لە پێناو بەرز كردنەوەی ورەی سوپا شكست خواردووەكەی.

ئێران چی دەڵێت لەسەر بەشدار بووانی فەجری دوو؟

پەلامارە دوو هەفتەییەكەی فەجری دوو پێویستی كۆماری ئیسلامی بوو, بۆ كۆتایی هاتنی هاتووچۆی پێشمەرگەكانی كۆمەڵەو دیموكرات بۆ ناوەوەی رۆژهەلاتی كوردستان و تۆڵەكردنەوەی شكستی فەجری یەك و  شكستی پەلامارەكانی باشووری عێراق و بەرینكردنەوەی بەرەی جەنگ. 
بۆ ئاگاداربوون بزانین چی لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە نووسراوەو چۆن بووەو زەرەرو زیانەكانیان چەند بووە,  وە رۆڵی پارتی و  قەبارەی هێزەكەی چەند بووە لە ئۆپەراسیۆنەكە, ئەوەی لە حاجی ئۆمەران ئێران كردویەتی لە داگیركردن و  گۆڕینی ناوی  شوێنەكان دواتر لە هەڵەبجەش  دووبارەی كردۆتەوە:
پێشتر  شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی عێراق و ئێران لە بەرەی باشوور بەرەو چەقبەستوویی رۆیی, ئێران نەیتوانی هیچ دەستكەوتێكی سەربازی بە دەست بهێنێت. هێزەكانی ئێران چەندین جار هێرشی شەپۆلی مرۆیییان لە زەلكاوەكان  و بیابانەكانی باشوور ئەنجامدا، وەلێ هێزەكانی عێراق شكستیان بە هەموو شەپۆڵە مرۆییەكانی ئێران هێنا, كە ئێران لەو سەرو بەندە ژمارەی دانیشتووانی سێ جار ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاتریش بوو,  بەلام پارتی دەرگایەكی گرنگی سەربازی بۆ ئێران بەڵام ماڵوێرانكەر بۆ خەڵكی كوردستان كردەوە , دەرفەتی گواستنەوەی جەنگی بۆ كوردستان خۆش كرد و زەمینەی ساز كرد, ئێران بێ شەپۆڵی مرۆیی و تەقاندنەوەی كێڵگە بەرینەكانی مین سنوورەكان ببڕێت و بێتە ناو عێراقەوە.
ئامانجی سەرەكی ئەم ئەركە دەستپێكی میحوەری حاج عومران بوو كە لەسەر سنوور هەڵكەوتووە و بە زەوییەكی شاخاوی دەورە دراوە. پێشمەرگەكانی  پارتی دێموكراتی كوردستانی عێراق بە لە بەرچاوگرتنی شارەزاییان لە ناوچەكەو پەیوەندییان لە گەڵ خەڵكەكەی  سەرمایەیەكی گەورەیان بۆ ئێرانییە هێرش بەرەكان دروست كردو توانیان بیان بەنە پشت بەرەی عێراقییەكانەوە.
لە میانی ئۆپەراسیۆنەكە ئێران 284 كوژراوو 487 بریندار و 134 بێسەرو شوێنی هەبوو, وێڕای زیانی مادی.  بەڵام  عێراق زیانەكانی زیاتر بوو "4000 كوژراو یان بریندار , 164  دیل, هاوكات  5 فرۆكەی جەنگی و 8 كۆپتەری بەردرانەوە, 40 تانك 45  ئۆتۆمۆبیلی سەربازی  تێك شكێنراون , وە 20 تانك و  12 تۆپ  و 50 ئۆتۆمۆبیلی سەربازی و دەیان پارچە چەكی دی دەستكەوتی هێزەكانی  كۆماری ئیسلامی بوونە.
https://en.wikipedia.org/wiki/Operation_Dawn_2#cite_note-2
زۆربەی سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە فەجری دوو  هێزی چەكداری كۆماری ئیسلامی ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان بە هاوبەشی ئەنجامیان داوە لە رێكەوتی 20-7-1973  تا 4-8-1983, تیایدا 390 كیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاكی عێراق داگیر كرا, لەم ئۆپەراسیۆنەكە 1000 پێشمەرگەی پارتی بەشداری كردووە:
"هێزەكانی ئێران لە رێگای چاوساغەكانیەوە دزەی كردە ناو عێراقەوە بە قوڵایی 16 كیلۆمەتر و دەستی بەسەر زۆر چیا و سەربازگەو 43 گونددا گرت, لەناویاندا بارەگای سەركردایەتی حدكا, بە پێی بۆچون ئێرانییەكان ناوچەكە لە روی ستراتیجیەوە گرنگی نەبوو, بەڵام ئۆپۆزسیۆنی كوردی رۆژهەڵاتی لاواز كرد, هاوكات لەو ناوچەیە حكومەتی عێراقی لە دەربەدەری دامەزراند, بەدوای ئەم شەڕە  دوو روداو رویاندا, رێكەوتنی عێراق لە گەڵ توركیاو واژۆكردنی پەیمانی ئەمنی هاوبەش, رێكەوتنی ی ن ك لە گەڵ بەغدا-
"لە 29ی تیرماهی 1362  “20-7-1983” لە میحوەری پیرانشار- حاجی ئۆمەران لە لایەن هێزە چەكدارەكانی ئێران و هێزەكانی كوردی عێراقەوە هێرش ئەنجامدرا, بە دروشمی یا ئەڵا , یا ئەڵا, یا ئەڵا و  بەناوی فەجری 2, لە ژێر سەركردایەتیەكی هاوبەشدا, لە ئەنجامی شەڕەكە سەربازگەی تەمەر چین و سەربازگەی حاجی ئۆمەران, گومرگی سنور, وە چەندین چیای بەرزی وەك كۆدۆ  3000 مەتری و گردمەند2519  مەتری  و ئازادی  3700 مەتری و  چەندین شارە دێی وەك رایات و ئازادی و زینیوێ و , مەمی خەلان و .... دەستیان بەسەردا گیرا . لە ئۆپەراسیۆنەكە  24 گوردانی هاوبەش پاسدارو سوپا لە بەرەی ئێرانەوە بەشدارییان كرد, كە 17یان لە هەرێمی فارسەوە هاتبوون-
https://what.sapp.ir/emtedad_fars
"فەجری 2 ناوی ئەو شەڕە هاوبەشەیە, كە هێزەكانی ئێران بە هاوكاری كوردەكانی عێراق" لەوكاتە هەر پدك بوو"ئەنجامیاندا, تیایدا توانرا بەرزاییەكانی 2519, 2120, 1970,2062 و 80 رەبایە, 200 كیلۆمەتر چوار گۆشەو  60 تانك و 150 زرێپۆش بگرترێت و هاوكات بووە هۆی  4000 كوژراوو برینداری عێراقی, 510  دیل و  خستنە خوارەوەی 9 فرۆكەو زیانێكی زۆری مادی دی بە سوپای عێراقی گەیشت,.
هێرشی دوو هەفتەیی ئێران و پارتی دیموكرات بۆسەر ناوچەی حاجی ئۆمەران لە 20ی تەموز و گرتنی هەردوو چیای كۆدۆ و گردە مەندیل و ئازادی و كۆمەڵێك چیای بەرزی دیكە، هەروەها ناوچەكانی شیوەڕەش، ماوەتان، حاجی ئۆمەران، خەلان، زینوێ، ئالانە، ئازادی، بابكراوە، رایات، رەشەمێ، گوندە ژێر و گەلە ژێرو بەشێوەی گشتی ئێران 43 گوند و شارە گوندی  داگیركرد. لە هێرشی هاوبەشی سوپای ئێرانی و كوردەكان, 390 كیلۆمەتر دووجار لەخاكی عێراق ئازاد كراوە 
https://fa.wikipedia.org/wiki/
فەجری دوو نەك  نەبووە دابینكردنی ناوچەی نفوز بۆ پارتی, بەلچكە قازانج سەری مایەی خوارد, بووە كاولكردنی ناوچەكە, تەنها ئێران گۆڵی خۆی كرد.
پاش شكستی ئێران لە فەجری یەك, بانگەشەی ئەوە كرا كە توانای هێرشی نەماوە, بۆیە ئێران پێویستی بە سەركەوتنێك  هەبوو, بەم ئۆپەراسیۆنە بە دەستی هێنا. لەم ئۆپەراسیۆنە هێزێكی بچووك بەكار هێنرا, زیانی كەم كرا و مسۆگەركردنی سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكە كرا.
لە حاج عۆمران لە سەرەتای شەڕەوە هیچ جموجۆڵێك لەلایەن ئێرانەوە لەم قۆڵەوە نەكرابوو, بەم ئۆپەراسیۆنە  ناوچەكە هێنرایە ناو جەنگەوە.  پێش هێرشەكە بە 24 كاتژمێر زووتر, دزە كرایە پشت سەنگەرەكانی عێراق, ئەم كارە  عێراقییەكانی توڕە  كردو  ئەمەی خستە ئەستۆی پارتی.
دوای  گرتنی  ناوچەكە, ئێرانییەكان سەربازگەی حاجی ئۆمەرانیان ناونا حمزە سید الشهدا و  بەرزاییەكانی حاجی ئۆمەرانیشیان گۆڕی بۆ "شەهید سەدر".
لەو كاتە لەتیف نسەیف جاسم، وەزیری ئەوكاتی راگەیاندنی عێراقی رایگەیاند كە زلهێزێكی جیهانی و هەروەها حیزبی شیوعی عێراقی" دروشمی راوەستانی دەست بەجێی جەنگی ئێران و عێراق بوو لەو كاتەدا, یان بەشداری حشع ی لە قەندیلی دووی بە بەشداری لە فەجری دوو زانیووە, یاخود لە خۆیەوە ئەم لێدوانەی داوە, حشع هیچ شەڕێكی هاوبەشی لە تەك ئێرانییەكان نەكردووە" لە ئۆپەراسیۆنی فەجر 2 یارمەتی هێزەكانی ئێرانیان داوە. ڕاستەوخۆ دوای سەركەوتنی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەكە، ڕادیۆی لەندەن رایگەیاند كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەركێكی لەسەرە بۆ بەكارهێنانی هێز, ئێران ناچار بكەن كۆتایی بە جەنگەكە بهێنێت. هەروەها ڕادیۆی ڕیاز لە سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەكانی لە پاریسەوە رایگەیاند تاران بەردەوامە لە كڕینی چەك لە تەلئەبیب بۆ درێژەدان بە جەنگ.
https://www.hamshahrionline.ir/news/1430
بەم شێوەیە بینیمان فەجری دوو كاردانەوەی جیهانی بوو, بەمەش پارتی بە دەستی خۆی بەنزینی كرد بەسەر خۆی و گەلدا.
ئۆپەراسیۆنەكە كاتژمێر 12ی شەو بە دروشمی "یا الله یا الله یا الله" دەستی پێكرد, لەم ئۆپەراسیۆنەدا ١٦ كەتیبەی سوپای پاسداران و شەش كەتیبەی پیادە و یەك كەتیبەی میكانیكی سوپا بەشدارییان كرد. لە میانی ئۆپەراسیۆنەكە حوجەتول ئیسلام مستەفا ڕادانی پوورو  زەبیحوڵڵا ئەسیزادە فەرماندەی لیوای ١٨ی غەدیر كوژران:
https://www.imna.ir/news/589467
بەشێك لە هێزەكانی ئێران ٢٤ كاتژمێر پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە جوڵەیان كردە پشت هێزەكانی عێراقەوە. لە جەنگەكە هێزەكانی ئێران پێك هاتبوون بوون لە 24 كەتیبەی پیادە و میكانیكی, وە هێزەكانی عێراق بریتی بوون لە ٣٦ كەتیبەی پیادە و كۆماندۆ. ژمارەی كوژراوەكانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنەكە ٤١٦٤ كەس بوو:
لە تۆڵەی ئەم هێرشە هاوبەشە, سەرباری ئەوەی 5 رۆژ مابوو ئۆپەراسیۆنەكە كۆتایی بێت, بەعس كەوتە بێسەروشێنكرردنی بارزانییەكانی قوشتەپە, هاوكات دەرگای جهەنەمی بەكارهێنانی چەكی كیمیاویشی بۆ یەكەمجار لە كوردستان كردەوە"بە گازی خەردەل 100 كەس لە سوپای ئێران و كوردە هاوپەیمانەكانی پێوە بوون, بە هۆی بێ ئەزموونییەوە گازی كیمیاوی سوپای عێراقیشی لە مەرگ  بێبەری نەكرد -
https://ar.wikipedia.org/wiki

ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو

ئۆپەراسیۆنەكە بۆ ئێرانییەكان لە 20ی یۆلی 1983 و بۆ عێراقییەكان لە 22ی یۆلی 1983 دەستی پێكردووە, پارتی چاوساغی بۆ هێزەكانی ئێران كردووەو دەستی سوپای ئێرانی راكێشاوەتە پشت سەنگەرەكانی عێراقەوە بە قولایی 16 كیلۆمەتر, بەهۆی جەنگەكەوە 43 شارۆچكەو گوند وێران بووەو كراونەتە گۆڕەپانی جەنگ, 200 بۆ 390 كیلۆمەتر چوارگۆشە خاك لە لایەن ئێرانەوە داگیركراوە.
كۆماری ئیسلامی لە یەكەم چركەی هاتنە ناوەوەی دەستی كردووە بە گۆڕینی ناوی شوێنەكان كە بەعس ئەوەی نەكرد لە رابردوو. ئامانجێكی جەنگەكە لێدانی كۆمەڵەو دیموكرات بوو لە ناوچەكە كە لەو كات و ساتە دوژمنی هاوبەشی  ئێران و پارتی بوون, بارەگاكانیان هێنابووە ئەم دیو سنوور  و  لەوپەڕی چالاكی سەربازی خۆیاندا بوون.
لە جەرگەی ئۆپەراسیۆنەكە بەعسی فاشی كەوتە شوێنبزر كردنی هاوولاتییە سڤیلە بارزانییەكانی قوشتەپە و بەحركەو ......  . پارتی دیموكراتی كوردستان بە هێزێكی هەزار كەسییەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی  كردووە.
دوای فەجری دوو, ئێرانییەكان دوو ئۆپەراسیۆنی دیكەیان لە هەمان ناوچە ئەنجام دایەوە, كەربەلای 2 لە دوی سەپتەمبەری 1986, وە كەربەلای 7 لە رێكەوتی 4ی ئازاری 1987, لێ لەبەر ئەوەی هێزی كوردی نەگلابوونە ئۆپەراسیۆنەكەوە بۆیە بەعس كاردانەوەی نەبوو بەرامبەر بە خەڵك.
بۆ زانیاریش  هیچ ئۆپەراسیۆنێك هاوبەش یان تەنهای ئێرانییەكان لە كوردستان, ناوی كوردی یان ناوی جێگاو شارێكی كوردستانی هەڵنەگرتووە.
لە كۆتادا بۆمان دەردەكەوێت پارتە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لەگەڵ  ئێران  لای چەوتی مێژوویان  گرتووە لەو كاتە, بۆیە پێویستە دان بە هەڵەكانی خۆیان بنێن و زانیاری تەواو بدەنە خەڵكی و داوای لێبوردن لە خەڵك بكەن و لە سامانی سەركردەو پارتەكانیان قەرەبووی هاولاتیانی ئەو ناوچانە بكەنەوە.

ماویەتی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە