بارزانی و روپێوی پرۆسەی ئەنفال, راستكردنەوەی هەڵەیەكی زەق

Friday, 08/04/2022, 22:07


دیاریكردنی روپێوی جوگرافیای تاوان بەشێكی گرنگی  دیاریكردنی قەوارەو سنووری تاوانە, لە پاڵ  شوێنی تاوان و ناوچە ئاوەدانەكانی بەر تاوان كەوتوو, ئەوانە هەموو ژمارەی نەگۆڕن و بە سانایی دەكرێت  ئامار بكرێن و  دیاریبكرێن لەسەری رێك كەوتن بكرێت و  ژمارەیەكی هاوبەشمان هەبێت, كە بە داخەوە بۆ تاوانێكی گەورەی وەك ئەنفال  كە تاوانی تاوانەكانە تا ئێستا نیمانە. بۆ دیاریكردنی روپێوی تاوانی  ئەنفال و ژمارەی گوند و شارو شارۆچكە روخاوەكان, دەبوایە ئاماری ورد بكرابایا و لەسەر ژمارەی هاوبەش  رێكەوتن  بكرابایە, بە بێ ئەم رێكەوتنە سەختە بتوانرێت داوای قەرەبووش  بكرێتەوە.
بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی بەرەی كوردستانی, هەموو پۆستەكانی وا دەكەن زانیاری دگمەن و راستی هەبوایە لەسەر ئەو تاوانانەی لە سەردەمی هەر یەك لە دەسەڵاتەكانی و پێشتر رویان داوە هەبێت. ئەو  لە بەرگی چوارەمی كتێبەكەی " بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد "  ئاوا ئاماژە بە پانتایی جوگرافیای ئەنفال دەدات " لە پرۆسەی ئەنفالەكاندا, 90%ی گوندەكانی كوردستان و زیاتر لە 20 شارو شارۆچكە  لەسەر نەخشە سڕانەوە. ناوچە گوندنشینەكان بە 15000000 مین, مینڕێژكران, نزیكەی 1500000 كورد لە گوندەكانیان بۆ ئوردوگا و كۆمەڵگا زۆرە ملێكان گوازرانەوە. نزیكەی 10%ی  كوردی باشوور لەناو بران. بەمەش نزیكەی 7729 كم دووجا لە روبەری هەرێمی كوردستان بەر شاڵاوی ئەنفال كەوت . ل 331 ".
هەرچەندە  هەموو ژمارەو  رێژەكانی هاتوو  لەم پەرەگرافە جێگای گفتوگۆو  لەسەر راوەستانن,  بۆ خۆشی  بۆ سەرجەمیان وشەی نزیكی وەك پێشگر بۆیان نووسیووە, سەلمێنەری ئەوەیە ئامارە بەكارهاتووەكانی ورد نییە, هەر ئەمە بۆ خۆی گەورەترین كەماسییە, لێ ئەوەی زیاتر جێی سەرنجی منە ئەو پانتایی جوگرافیا دیاریكراوەیە  كە ئەنفالی  گرتۆتەوە, كە دیاری كردووە بە 7729  كم دووجار, ئەمەش نەك نزیك نییە لە راستی بگرە بە فرسەخ لێوەی دوورە.
ئەنفال جگە لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان كە روپێوەكەی 41220 كم دووجارە, زۆرینەی  ناوچە كورد نشینەكانی شارەكانی موسڵ, كەركوك, دیالەو سەلاحەدینیشی  گرتەوە, كە ئێستا  بەناوچە دابڕێنراوەكان بەناو بانگن, واتا هەموو باشووری كوردستانی گرتەوە كە پانتاییەكەی بە 83643 كم دووجار دیاریكراوە.
 
سەرچاوەی  زانیاریەكەی  بارزانی كێیە؟
بە پێی زانیاری من بۆ یەكەمجار لە  كۆنفرانسی زانستی ئەكادیمی ئەنفال لە شاری هەولێر لە رێكەوتی 14-16-4-2002 پرۆفیسۆر  دكتۆر خەلیل ئیسماعیل  محەمەد  ئەم ژمارەیەی بەكار هێناوە, دواتر هەمان لێكۆڵینەوە لە ژمارە 24ی  گۆڤاری سەنتەری برایەتی بڵاو كرایەوە, ئیتر نووسەران و توێژەران وەك سەرچاوە بەكاریان هێناوە, بێ ئەوەی كەمترین بەشی زیرەكی و توانای مێشكیان بەكار بهێنن, لە خۆیان بپرسن  كە ئایا ئەو ژمارەیە  لە گەڵ واقعی بەرفراوانی شاڵاوەكانی ئەنفال كە بە 8 قۆناغ بەڕێوە چوو دێتەوە یان نا؟, لە كاتێكدا ژمارەكە كەمترە لە پانتایی ئەنفالی 8 كە ناوچەی بادینانی ژێر قەڵەمڕەوی پارتییە "  10.360" , تەنانەت  سنوری ئەنفالەكانی 3 و " 5,6,7" یش هەر یەكەیان نزیكن لەو ژمارەیە كە بەكاریان هێناوە.
دكتۆر خەلیل لە نووسینەكەیدا دەڵێت " نزیكەی 7729 كم دوجار لە روبەری هەریمی كوردستانی عێراق تووشی شاڵاوەكانی ئەنفال بوەوە ...... " .
لەگەڵ  رێزم بۆ دكتۆر خەلیل كە جوگرافیا زانێكی بەتوانایە, وەلێ ئەم ژمارەیە كەمتر لە 9,2% خاكی باشوووری كوردستان دەگرێتەوە؟,  ئایا ئەم ژمارەیە بۆ روپێوی ناوچەكانی 8 پرۆسەی  ئەنفال گونجاوە؟؟؟؟ كە سەرتاپای كوردستانی گرتەوە؟؟, لە كاتێكدا پرۆسەی بەدناوی ئەنفال هەموو سنوورەكانی دەرەوەی شارو شارۆچكەكانی باشووری كوردستانی  بە هەندێك یەكەی  ئیداریشەوەی  گرتەوە, جگە لەو ناوچانەی ببوونە ناوچەی جەنگی  ئێران عێراق لە پاڵ ناوچەی هەڵەبجە كە بەرەیەكی دیكەی هاوزەمان لە گەڵ  ئەنفالی یەك لێكرایەوە , هەروەها هەندێك ناوچەی دی لە قۆناغی یەكەمی روخاندنی لادێیەكان لە بەهاری 1987  كۆتاییان هات, هەرچەندە ئەو قۆناغەش لە چوارچێوەی پرۆسەی ئەنفال هەژمێردراون, وە هەندێك لادێ دانیشتووانەكەی چەكی رژێمیان هەڵگرتبوو جاش بوون.
لە ماوەی  197 رۆژی 8 قۆناغی ئەنفالدا, كە 6 جوگرافیای جیای گرتەوە, تەنها ئەنفالی 1و4و8 پانتایی جوگرافیاكەیان دیاریكراوە بە " 1154, 3985,  10.360 كم دووجار",  بە هەرسێكیان دەكاتە  15499كم دووجار, واتا زیاتر لە دووجاری ئەو ژمارەی بارزانی لە پەرتووكەكەی بەكاری هێناوە كە دەكاتە 15458 كم دووجار,  سێ جوگرافیایەكەی دیكەش ئەنفالی دو, سێ, پێنج, شەش, حەوت روپێوی زیاتر نەبێت  لەو ژمارەیە كەمتر نییە. 
واتا ئەو ژمارەیەی كە بەكار هاتووە كەمتر  لە 25%ی ئەو روپێوەیە ئەنفالی گرتۆتەوە, ئەم ژمارەیەش  هێشتا پێویستی بە لەسەر راوەستانە. وێڕای ناوچەكانی هەڵەبجەو سەید سادق و خورماڵ و سیروان و هەورامان شارەزوور و پێنجوێن و ناوپارێزو بەشێكی زۆری شارباژێڕو و حاجی ئۆمەران و نەوسوود بۆ خوارو  .....ببونە گۆڕەپانی شەڕی عێراق ئێران لەو كاتەدا, خەڵكی لێ ناژیا. 
هەروەها لەو شەڕەی هەڵەبجە كە ئێران ناوی لێنابوو فەجری 10, یەكێتی نیشتمانی و  پارتی و  سۆسیالست و بزووتنەوەی ئیسلامی ناویان  نابوو رزگاركردنی هەڵەبجە, ئێران توانی 800  كیلۆمەتر چوار گۆشە خاك و 102  گوند و شاری هەڵەبجە و چەندین شارۆچكەی دی وەك تەوێڵەو بیارەو خورماڵ و سیروان و.....بگرێت, مەزەندە دەكرێت  بەرەی شەڕ زۆر لەوەش  بەرفراوانتر بووبێت, بۆ خۆی وەك كات بەشێك بوو لە تاوانی ئەنفال, هەرچەندە كرا بە كەیسێكی سەربەخۆ.
هەروەها وە ناوچەی سێگۆشەی سنووری عێراق ئێران توركیا " خواكورك " كە هاوزەمان لە گەڵ ئەنفالی 5,6,7 دا شەڕی قورسی تێدا ئەنجامدرا, وە ناوچەی كەندیناوەو شەمامك و قەرەچوغیش لە دەشتی هەولێر پێشتر لە هەڵمەتەكەی بەهار و هاوینی ساڵی پێشتر پاك كرابوەوە لە ژیان , خانووی تێدا بە پێوە نەمابوو, هەرچەندە ئەو پرۆسەیەش لە چوارچێوەی پرۆسەی ئەنفال دێتە ژماردن, هەر هەموو ئەمانەشمان بە بەشێك لە روپێوی پرۆسەی ئەنفال هەژمار نەكردووە.
بە گشتی روپێوی تاوانی ئەنفال زیاتر لە چوارجاری ئەو روپێوەیە كە بارزانی  دیاریكردووە, راستە بارزانی لەوكاتەدا  دوور بوو لە روداوەكان, وەلێ دەبوایا نەكەوتایەتە ناو ئەم هەڵەیەوە, چونكە دەیزانی ئەنفال هەموو كوردستانی گرتەوە, پێم وایە راوێژكارەكانی  نەزانانە ئەویان خستۆتە ناو ئەو هەڵەیەوە, هیوادارم لە چاپی داهاتووی پەرتووكەكەیدا بە هەموو ئەو ئامارو  ژمارەو بۆچونانە بچێتەوە كە تایبەتن بە پرۆسەی جینۆساید, وە  زانیاری زیاترو ژمارەی گونجاوترمان بداتێ, باسی رۆڵی پارتی لە شەڕی هەڵەبجەو 7 قۆناغی ئەنفال لە 1 بۆ 7 مان بۆ بكات .
لە لایەكی دیكەشەوە, هەموو ئەوانەی ئەو ژمارەیەیان بۆ روپێوی ئەنفال بەكار هێناوە, هەڵوێستەیەك بكەن و ئامارەكە لە گەڵ واقعی سەر خاكی جوگرافیای ئەنفال بەراورد بكەن.

سەرچاوەكان:

1-بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەرگی چوارەم 1975-1990  شۆڕشی گوڵان
2- ژمارە 24ی  گۆڤاری سەنتەری برایەتی- لێكجیاكردنەوەی  شوێنی شاڵاوەكانی ئەنفال لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا – پرۆفیسۆر دكتۆر خەلیل ئیسماعیل محەمەد
3- ئاكامە جوگرافییەكانی پرۆسەی جینۆسایدی گەلی كورد ئەنفالی چوار وەك نموونە  پ ی د  یاسین هاشم حەمەدەمین.
5-

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە