لە بری سەرماچكردن دەست بەجێ داوای لێبوردن بكەن!

Monday, 14/09/2020, 20:52


17 ساڵی تەواوە، لە پای ئەو تاوانانەی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان لە رابردوودا ئەنجامی داوە، داوا دەكرێت سەرۆك كۆماری عێراق وەك رەمزی باڵای وڵات داوای لێبوردن بكات، ئەركی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی و فوئاد مەعسوم بوو پێشتر ، " بارزانیش مانگێك بووە سەرۆك كۆمار"دەبوایە ئەو ئەركەیان جێبەجێ بكردبایا، دەیان جار ئەم داوایەی بەرەو رویان كرایەوە، وەڵام هەر نەبوو، ئەوان نەیانتوانی بە ئەركی ئەخلاقی خۆیان هەڵبستن و سەروەریەك بۆ مرۆڤایەتی و مێژوو تۆمار بكەن، تەنها بۆ كورد نەبوو بەڵكە بۆ مرۆڤایەتی بزز، ناویان لە ریزی ئەوانەدا تۆمار بكرێت لە وڵاتانی خۆیان بەو شێوە هەڵوێستە هەڵستاون،مێژوو لە یادیان ناكات, چەندین بۆنەیە, هەمان داوا لە دكتۆر بەرهەم ساڵحیش دەكرێت , جارێكی دیكە بە جوتە هەمان داواكاری دەخەینە بەردەست هەردوكتان , ئێمە پێویستمان بە وتەی سۆزداری و كردەی پۆپۆلیستی نییە, ئێمە دەمانەوێت لە گەڵ مێژووی ئەم وڵاتە ئاشتمان بكەنەوەو دڵنیاشمان بكەنەوە , ئەوجۆرە تاوانانە دوبارە نابنەوە, بەوەی داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكرێت , بەڵگەنامە شاراوەكان ئازاد بكرێن, تۆمەتباران دادگایی بكرێن, عێراق ببێتە ئەندامی ئای سی سی, قەرەبووی قوربانیانیش بكرێتەوە.
لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە كە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە كە ناوی كوردستانە، شوێنێك پنتێك نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەكان، روباری خوێن، دنیایەك هەڵە، وەحشیەت بونەتە بەشێك لە كلتوری ئێرە., بۆیە دان نان بە راستییە تاڵەكان و داوای لێبوردن كردن بەشێكە لە ساڕێژی برینەكان.
مێژوویەك ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە لە ناو خوێن و ئێسك و پروسكدا غەرق بووە، بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە دادپەروەرییە، لێ دادپەروەری و ئاشتەوایی پێكەوە گرێدراون، بە بێ یەكەم ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە و هەرگیز بەدی نایات، وەك ئەوەی سیاسییەكانی كورد لەمڕۆدا دەیكەن، لێبوردەیی هەموو كات دوای دان نان بە راستیەكانی تاوانەكان و دادپەروەریەوە دێت، تاوانبار و قوربانیەكان لە ئاوێنەی دەرخستنی هەقیقەت و راستیەكانی رابردوەوە وەك ئەوەی هەن دەردەكەون نەك وەك ئەوەی لە تاوانەكانی رابردوو بشورێنەوە، كارێكی زۆر ناشایستەو ناڕەوایە داوا لە قوربانیانی تاوانەكان بكرێت ئاشتەوایی بكەن، لە كاتێكدا هێشتا دادوەری بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەسابێت و دان بە راستیەكان و هەقیقەتی تاوانەكان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەكرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە سزاو بە دكۆمێنت كردنی تاوانەكان و دەرخستنی راستیەكان و نووسینەوەی روداوە تاڵەكان !!.
لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە فێر بین كە "باسكردنی سەرچاوەی تاوانەكان، دانپێنان، قەرەبووكردنەوە، دان نان بەو تاوان و ئەو كارەساتانەی لە رابردوو روویان داوە، هەندێك جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەكانی بابەتەكە، ئەگەر چی مەرج نییە هەموو ئەو كەسانەی كە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن كردن هەبێت بەشێوەیەكی ڕەسمی تا ناكۆكیەكان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە، لێكۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی "كۆمسیۆنی حەقیقەت و پێكهاتنەوە لە باشووری ئافریقا" ئەوە پیشان دەدات كە قەبوڵكردنی سەرەنجامەكان تا ئەندازەیەكی زۆر زیاد دەكات، كاتێك قوربانیان ی ان كەسوكاری قوربانیەكان دانپێنانێك و داوای لێبوردنێكی شەرعییان پێ دەگات. "پێكهاتنەوە چارلس ڤیلا ڤیسیستۆ".
قەرەبووكردنەوە تەنها پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان كەوتووە, بەڵكە خۆی لە پاداشتی مادی یان ڕەمزی یان پێكەوە دەبینێتەوە, ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنكردن بێت لە قوربانیان یاخود هەردووكیان پێكەوە, نابێت لە یادمان بچێت كە بژاردن هەم قەرەبووكردنەوەیە و هەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەكردنەوەی تاوانەكانی ڕابردوو لە ئایندە, ئێمە لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاتر كە روداوەكان رابردوو دوبارە نەكرێنەوە, وەك دەبینین بەردەوام لەناو بازنەكەداین, لە كاتێكدا نە قەرەبو كراوینەتەوە نە داوای لێبوردنیشمان لێكراوە, نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆیە روداوەكان لە ژینگەیەكی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە, وەك بەردەوام دوبارە دەبنەوە لە شەنگالەوە بۆ دوز و لە داهاتووشدا بۆ ناوەكانی دی, راستە ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە, وەلێ ژیان بۆ داهاتوو دور لە تاوان زەمانەت دەكەن .
قەرەبووكردنەوە كەرامەتی مرۆڤایەتی و هەندێك لە زیانە مادیەكان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان, بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل كراوە, بۆیە مافی قەرەبوو مافێكی بێ ئەملاو ئەولای سازش هەڵنەگرتنی قوربانیانی كوردستانە, كەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بكات ئەگەر لە ترۆپكی دەسەڵاتیش بێت, دەبێت تەنها خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە بەم كارە هەڵبستن.
دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان كە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی كارەكانی ڕابردووی تاوانەكان هەلبَێت, عێراقی ئێستا كە داوای لێبوردن دەكات و قەربووی قوربانیان دەكاتەوە, لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و هەڵەكان ڕابردووی سەدام, بەڵكە لە بەر پابەند بوونیەتی بە بەرژەوەندی گشتییەوە و كاركردنیەتی بۆ دووبارە تێكەڵكردنەوەی قوربانیەكان بەكۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی كەرامەتە بۆیان و متمانەیان دەداتێ بەوەی عێراقی داهاتوو ئەوەی رابردوو نییە, لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش هێنانەوە, لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە هاتۆتە سەر واژۆكەرانی پەیمانامە نێودەوڵتیەكانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەكان, تا ئەمانە نەكات یانی دوبارە بونەوەی تاوان لەكات و ساتدایەو هیچ گۆڕانكارییەك نەكراوە.
بە داوی لێبوردن كردن بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون , تاكە زەمانەتی هاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانكاران, دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و كاری فەرمانڕەواكانی پێشووی خۆی, ئەو بەرپرسیارییەتیە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت, بەڵكە خۆ پاككردنەوەو شۆردنەوەیە لێی, پاككردنەوەی دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانە كە لەم وڵاتە رویانداوە, ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ..تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانكاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیزم ئاپارتاید و دیكتاتۆریەت پەیرەو كرا, كوردیش چاوەڕوانی دەكات لە ئێراقی نوێ كە ئێستا ئێوەی بەڕێز سەرۆك و سەرەك وەزیرانین ببێتە پرنسبێكی دەسەڵاتداریەتی داهاتوو .
سەرۆكی شیلی لاگۆس هەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو هێنانەوەی كەسی یان داوای لێبوردنكردن بۆ سەرجەم كەسوكاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی پێشوو بە سەركردایەتی بینۆتشە, ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1996 ەوە بۆ 2008 درێژەی كێشا, كەچی خۆی و بیروباوەڕەكەی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوون كە تاوانی ئەنجام دابوو, ئەو نامانەی ناردی بۆ سەرجەم قوربانیان ئەویان نەكردە تاوانبار, بەڵكە نامەكانی وڵاتی لە تاوانەكانی بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو ناشرینیەكانی پاككردەوەو خۆشی بردە ریزی سەركردە مەزنەكانەوە, بۆیە دەبێت عێراق لە تاوانەكانی سەدام حوسێن بشۆردرێتەوە., بۆ ئەوەی ئەوكارە بكرێت پێویستمان بە مرۆڤی مەزنە بۆ مێژوو.
قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش, لە پاڵ قەرەبووی مادی, هەر یەكەیان نامەی سەرۆك كۆمار "یوهانز راو" یان پێگەیشت, كە لە نامەكەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی هیتلەر كردبوو."تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی ", لە دوا هەڵوێستیشدا بڕیار درا جووە جەزائیرییەكان كە زۆرینەیان لە فەرەنسا دەژێن , ئەوانەی لە مەحرەقە رزگاریان بووە, هەر یەكەیان بە 2300 ئیرۆ قەرەبوو بكرێنەوە , هەروەسا سەرۆكی ئەڵمانیا یواكیم غاوك دانی بەوەدا نا كە ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی بەشێك لە جینۆسایدی ئەرمەنی دەكەوێتە ئەستۆ .
لە تەیموری ڕۆژهەڵاتیش گەل داوای قەرەبووی ماوەی داگیركاریشی كردەوە لە دەسەڵاتی ئەندەنوسی لە پاڵ قەرەبووی پێشێلكارییە گەورەكان, ئەمەش بۆ كورد جێگای هەڵوێستەیە و پێویستە وانەی لێ وەرگرترێت, لەوكاتەی زەمەنی سزادانی بكەرانی داگیركاری وەك كۆیلەداری ئێستا دوای جۆرج فلۆید هاتە پێشەوە, كە لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر كراوەو سامانەكەی تاڵان كراوە. , دەبینین هەنووكە وڵاتانی كاریبی تەنها بە داوا لێبوردنكردن رازی نابن, لە پاڵیا داوای قەرەبووش دەكەن لە وڵاتانی بەریتانیاو فەرەنساو پورتوگال لە هەمبەر سەردەمی كۆیلەداری.
شیراك سەرۆكی كۆچكردوی فەرەنسا داوای لێبوردنی كرد لە بەرامبەر گرتنی 13 هەزار جولەكە لە پرۆسەی ئەلفیل دیف لە ساڵی 1942 لە میانی جەنگی جیهانی دووەم و پاشان بە كۆمەڵ كوشتنیان لە لایەن هیتلەرەوە, هەرچەندە ئەو وەك بیروباوەڕ و پرۆسە لێی بێبەرییە.
هەرچەندە ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا سەبارەت بە جەزائیر وتی نە ئینكار كردن وە نە داوای لێبوردن كردن, لێ ئەنجومەنی یاسایی فەرەنسا لە 8ی شوباتی 2018 بڕیاریدا هەموو قوربانیانی جەنگی نێوان ساڵانی 1954 بۆ 1962 كە لە جەزائیر دەژیان لەو كاتەدا قەرەبو بكرێنەوە, هەرچەندە هێشتا فەرەنسا دانی بە هەقیقەتی یاسایی تاوانەكانی خۆی لە جەزائیر نەناوە كە ملیۆن و نیوێك قوربانی لێكەوتۆتەوە , تەنانەت جەزائیریەكان نەك داوای لێبوردن و قەرەبووی تاوانەكانی سەردەمی داگیركاری دەكەن, بگرە داوای قەرەبووكردنەوەی روداوی تاقیكردنەوی چەكی ناوكی لە ناوچەی رقانی وڵاتیش دەكەن , كە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژماریان كردووە, كەلە لایەن فەرەنسیەكانەوە ئەنجامدراوە.
لە سیرالیۆنیش لە ساڵی 2010 سەرۆكی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی لەو ژنانە كرد كە قوربانی ململانێ چەكداریەكان بوون, لە كەمبۆدیا سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی كەمبۆدی بڵاو كرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێكرا, لە 23ی نۆڤەمبەری 2011 ەش ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورك بە شێوەی زارەكی داوای لێبوردنی كرد, بەڵام داوای لێبوردنەكان پێویستە بە نوسراوبن و بڕیاری فەرمییان بۆ دەرچێت و هەڵوێستەكان دوربن لە بەرژەوەندی سیاسی, لە ویژدانەوە دەرچوبێت, ئەگەر مامەڵە وەك تاوان دەكات ئەوا پێویستە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنیەكانیش بنێت و كۆتایی بە نكۆڵی كردن بهێنێت, كۆتایی بەو شەڕە سەختەی لەبەرامبەر دەرخستنی حەقیقەتی یاسایی كۆمەڵكوژی ئەرمەن گرتویەتیە بەر, ملكەچی حەقیقەتە مێژویەكان بێت, تۆنی بلێر سەرەك وەزیرانی پێشوی بەریتانیا داوای لێبوردنی لە سەردەمی كۆیلەداری و ماندێلاش داوای لێبوردنی لە قوربانیانی كردارە سەربازییەكان لەسەردەمی خەبات دژ بە ئاپارتاید كرد.
لە ساڵی 1998 دا بیل كلنتۆن لە سەردانی بۆ وڵاتی رواندا داوای لێبوردنی كرد لە رواندیەكان, بەهۆی هەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكاەوە لەو گەل كوژیانەی لەو وڵاتە رویان دا, شینزۆ ئەبی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن, رەتی كردەوە سەبارەت بە دۆسیەی ژنانی رابواردن داوای لێبوردن لە كۆریەكان بكات, وەلێ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن تۆمیشی مۆرایاما لە 15ی ئۆگستسی 1995 بە بۆنەی 50 ساڵەی كۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە لە بەیاننامەیەكدا داوای لێبوردنی لە هەموو ئەوانە كرد چ وڵاتەكەیانی داگیر كردووە وە یان وڵاتەكەی لە میانی جەنگدا زیانی پێ گەیاندوون, ژاپۆن و كۆریای باشور پەیوەندی بەرزی ئابووریان هەیە, ساڵی رابردوو بازرگانی نێوانیان گەیشتە 80 ملیار دۆلار, بەڵام شەڕیان لەسەر یادەوەریەكانی رابردووە, ئەمەش كاری لەسەر ئەو پەیوەندییە ئابووریە زەبلاحە داناوە, كێشەی ژنانی رابواردن بەردەوام سەر هەڵدەداتەوە, هەرچەندە لە ساڵی 1965 لەسەری رێكەوتوونە و ژاپۆن بە بڕی 9,3 ملیۆن دۆلار قەرەبویانی كردۆتەوە, كۆریەكان داوای قەرەبوو بۆ ئەو كرێكارانەش دەكەن, كە ژاپۆنیەكان بە سوخرە كاریان پێكردوون, هەرچەندە ئەو كرێكارە كۆریانەی بردران بۆ كاری زۆرە ملێ لە ژاپۆن, دواجار بونە ناوكی گەشەی ئابووری كۆریا,لەو بارودۆخە زۆر شت فێر بوون.
لە فبرایری 2008دا سەرۆك وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا داوای لێبوردنی كرد لە هەمبەر تاوانێك كرد كە بەرامبەر هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیا بە تایبەت دزینی 17000 لە منداڵەكانیان, لە كەنەداش پەیكەری یەكەم سەرەك وەزیران جۆن مەكدۆناڵد شكێنرا, بەهۆی سیاسەتی پڕ لە زەبرو زەنگی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی رەسەنی كەنەدا, كە لە نێوان 1863 بۆ 1896 سەرەك وەزیرانی كەنەد بووە, بە زۆر 150000 منداڵی لە هاووڵاتیانی رەسەنی كەنەدی لە خێزانەكانیان سەندووەو ناردویانیەتە 130 قوتابخانەی تایبەتەوەو لە بەشی ناوخۆیی زیندانیانی كردووە, زۆریان ئەشكەنجە دراون, تەنانەت هەندێكیان مردوونە, ناوی 2800 كەسی لەو قوربانیانە ئاشكرا كراوە , زمانی رەسەنیان قەدەغە كراوە و كلتوریشیان یاساغ, ساڵی 2008 سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی كەنەدا ستیفن هاربەر داوای لێبوردنی لێیان كرد, هاوكات قەرەبووی قوربانیانیش لە روی مادیەوە كرایەوە بە 2,3 ملیار دۆلار, لە ساڵی 2017 سەرۆك وەزیران جاستن ترۆدۆ داوای كرد پاپای ڤاتیكانیش هاوشێوە داوای لێبوردن بكات, بەهۆی هەڵوێستی ئەوكاتی كەنیسەوە , لێ سەرۆك وەزیرانی نەمسا سیباستیان كۆرتز داوای لێبوردنی كرد سەبارەت بە پێشوازیكردنی وڵاتەكەی لە سوپای هیتلەر.
بە پێچەوانەی نموونەكانی سەرەوە حكومەتی راستگەرای پۆڵەندا سزای 3 ساڵی دانا بۆ ئەوانەی پۆڵەندیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست و دان دەنێن بە رۆڵیان لە تاوانەكە, ئەمەشیان بە داكۆكی لە كەرامەتی نیشتمانی دانا, بۆخۆی ئەمەش داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت, ئەمەو نموونەی زۆری دیكە لە بەردەستدان و نموونەكانیش لە زیادبوندان.
ئەو قەرەبووە مادیانەی بە بێ یاسا و ئاشكرا كردنی ڕاستیەكان و داوای لێبوردنكردن لە لایەن دەوڵەتی بكەری تاوانەوە دەبەخشرێت وەك خوێن بایی و هەوڵی كڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەكرێت لە بڕی سڕینەوەی رابردووی خوێناوی , كورد پێویستی بە خوێن بایی عێراق نییە, بەڵكە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بكەری تاوان بە فەرمی لە رێگای بەرپرس و سەرۆكەكەیەوە بە بڕیاری رەسمی داوای لێبوردنی لێ بكات, بەڕێز بەرهەم ساڵەحیش كە هەنووكە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە و كازمیش سەرۆك وەزیرانە ئەركە لەسەریان بەمكارە هەڵبستن, وەك ئەو سەرۆك وەزیران و سەرۆكانەی ئاماژەمان بە ناوەكانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نامە بۆ یەك بە یەكی قوربانیانی جینۆساید لە كوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی بنێریت, ئەمە وەك تاك وەك نەتەوەش داوای لێبوردن لە كورد و توركمان و ئاشور و كلدان و شیعە و كریستان و ئێزیدی و سائیبە .... بكرێت, هیوادارم بەم ئەركە هەڵبستین و هەڵەكانی تاڵەبانی و بارزانی و مەعسوم و عەلاوی و عەبادی و مالكی و عادیل مەهدی دوبارە نەكەنەوە.
چاوەڕوانین هەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلكاری گەورە لە كوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆك و سەرۆك وەزیرانەوە نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات لە زوترین ماوەدا, ئەوە گەورەترین پەیام و بەرزترین دڵنەوایی و چاكترین هەنگاوی پاككردنەوەی رابردووە, ئەگەر بەو ئەركە هەڵنەستن بە ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی خۆتان هەڵنەستاون .
داوای لێبوردنكردن بەشێك لە برینەكانی قوربانیان سارێژ دە كات, چاككردنی پەیوەندی تەنها بە داوای لێبوردن كردن و دادگاییكردنی تاوانباران و قەرەبووكردنەوەو زەمانەتی دووبارە نەكردنەوەی تاڵییەكان دەبێت, نەك بەناوچەوان ماچكردن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە