خانەنشینیتان باش پەرلەمانتاران

Friday, 03/07/2020, 0:20


11 ساڵ و نیو زیاتر بەسەر ئەو كاتەدا تێدەپەڕێت , بۆ یەكەمجار نەك لە كوردستان بگرە لە عێراق و جیهانی عەرەبیش , دەستمان كرد بە راگەیاندنی هەڵمەتێك لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و كەمكردنەوەی موچەكانیان بە تایبەتی و پلە باڵاكان بە گشتی لە هەرێمی كوردستان, لەو ماوەیەدا 34 خۆپیشاندان و سەدان چالاكی جۆراوجۆرمان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدا, تا داواكاری هەڵمەتەكە بووە داواكاری گەل و شەقام , ئەوە نەبێت نەمان زانیبێت بیرە نەوت و گازەكان و شاخە پڕ كان و چەمەنتۆو زەوییە پان و بەرینە ستراتیژییەكان و قاچاخچێتی بڤەو سپیكردنەوەی پارە رەشەكان و چاوساغی فڕۆكە بێ فرۆكەوانەكان و كاركردن بۆ دەزگا سیخوڕییەكان و ... سەرچاوەی دەوڵەمەندییە زەبلاحەكانن, نەك موچەی پلە باڵاكان, بەڵام جیاوازی زۆری موچە لە كەرتی گشتی دەرخەری نیشانەیەكی زەقی نادادپەروەرییە لە هەر وڵاتێكدا, پێوەرێكی بنچینەییە بۆ دەرخستنی نا دادپەروەری لە دابەشكردنی سەروەت و سامانی وڵات.

لەو ماوە دورو درێژەدا زۆر موزایەدەی بێ كردار, زۆر واژۆی بێ بەرهەم , زۆر پڕۆژەی بێ خاوەند لە كۆتاییدا, زۆر بەڵێنی بێ بەجێ گەیاندنمان بینی, زۆر سوێندی ئاینی و عەلمانی بە موقەدەساتەكانی خواو شەهیدان و قوربانیانمان لایە بێ خاوەند لە ئەرشیفەكان كەوتوونە, زۆر حیزبی یەكسانی خوازی موچە پەرست, زۆر پارتی ئاینداری حەرامخۆر....زۆر مناڵی زمان ئاگراوی بە موچەی 51 وەرەقەیی تا مردن خانەنشین بوومان بینی, دەتوت ئەو هەموو بەڵێن و وەعدو ئیمزایەی كردبویان ئەوان نەبوونە و مێش میوانیان نەبوو...... لەم 11 ساڵەدا هێندەی موزایەدە بەم دۆسیەیەوە كرا, بە هیچەوە نەكرا, كەسی وا هەیە واژۆی لەسەر چەندین پڕۆژە یاسای لەم چەشنە كردووە, كە هەمووی لای بەندە پارێزراوە, بەڵام هێشتا مەرەكەبی واژۆكانی وشك نەببوەوە, خانەنشینی 51 وەرەقەیی خۆی خستە تەنگەی باخەڵ و ببڕای ببڕ ورتەی لێوە نەهاتەوە, وەك ئەوەی ئەوان نین موچەی خانەنشینییەكەیان نەك كاتی پەرلەمانتارییەكەیان لە موچەی نیوەی سەرۆكەكانی جیهان زیاترە , زۆری ئەمەش لە ژێر ناوی ئەوەی گوایە حكومەتەكەمان دزە و ئەمین نییە بۆیە وەریدەگرن.
بڕیارە ئەمڕۆ 1-7 كە رۆژی لە دایك بوونی نیوەی هاووڵاتیانی كوردستانە , پەرلەمانی كوردستان دەرگای رەتكردنەوەی خانەنشینی بۆ ئەندامە كۆن و نوێكانی بكاتەوە , كە ئەمەش باشترین دیارییە بۆ رۆژی لەدایك بوونی لایەكی كوردستان, لەماوەی رابردوو هەر لەم خولەی پەرلەمان چەندین كەس بڕیاریان داوە ئەو خانەنشینیە رەت بكەنەوە , ئێمەش لە كاتێك كە جوڵەو كردەی پراتیكیمان لێ سەنراوەتەوە, لەم وڵات و شارە ئازادەدە لەماڵەوەش لە ژێر چاودێری پزیشكی نا, بگرە سیاسی و ئاسایشداین, بۆیە ناتوانین بە چالاكی پێشوازی لەم حەدەسە بكەین, چاوەڕوانین قەولەكان چ بۆ پەرلەمانتارانی ئێستا وە چ بۆ رابردوو ببێتە كردار, بڕیاری ئەمڕۆ موزایەدە ناهێلێت , قسە زلەكان پوچە كاتەوە, فەرمووون ئەمە كردار و رەتی بكەنەوە , دەنا ئەوانەی چەندین ساڵە موزایەدە دەفرۆشنەوە ئیتر سیحری فشەو درۆكانتان بەتاڵە بێتەوە ئەگەر رەتی نەكەنەوە .
كاتی ئەوە نەما بە شەو لە شاشەكان لە گەڵ بن , بە رۆژیش لە مەیدانی پراتیك دژ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە