كۆڕبەند دافوس : چەوسێنەرانی جیهان یەكگرن

Thursday, 13/02/2020, 23:29


لە كاتێك رۆژ لە دوای رۆژ هێزی كڕینی دۆلار لە دابەزینە, كەچی هێشتا پێوەری 1,9  دۆر  بۆ رۆژێك بۆ دەرچوون لە هەژاری نەگۆڕاوە, كە تا هەنووكە 7,7%ی دانیشتوانی جیهان بە كەمتر لە 700 دۆلار لە ساڵێك دەژێن, ئەم رێژەیەش  خۆشبەختی و دەستكەوتە بۆ پیاوانی دافۆس, ئەفریقییەكان 17%ی دانیشتوانی جیهانن, كەچی 3%ی بەرهەمی نەتەوەیی جیهان دابین دەكەن, نزیك 1%ی سامانی جیهانیشیان بەردەكەوێت, ئەوان دەڵێن ئاوی خواردنەوە بۆ 1,6 ملیار كەس دابینكراوە, كەچی یەختەكەی بیل گیتس لەناو ئۆقیانووسە ئاو شوێرەكان ئاوی شیرین بۆ مەلەی ئەو دابین دەكات كە تێچوی 700 ملیۆن دۆلارە, ئاوی سامانی جیهان كە بەرز بۆتەوە, هەموو لە گەڵیدا هەڵساون, هەژاران بە سەنتیمەتر و ئەوانیش بە كیلۆمەتر, بۆیە رێژەی برسییەكان بە پێوەری رابردووی ئەوان دابەزیووە.
تا ئێستا 800 ملیۆن كەس لە جیهاندا كارەبای نییە, 2 ملیار مرۆڤیش  چێشتخانەی تەندروستیان لە ماڵەوە نییە, بە سەدان ملیۆنیش لە بونی دەبلیو سی بێبەرین, 470 ملیۆن كەسیش كاری شایستەیان نییە.
تا ئێستا كرێكارانی جلوبەرگی بەنگەلادیشی  كاتژمێرێك بە 39 سەنت كاردەكەن, سەعاتی زێدەكار كە دەبێت وەك ئەرك بیكەن, هەژمار ناكرێت بۆیان كە رۆژانە نزیك 3 بۆ 5 كاژێڕە.
تا ئێستا 260  ملیۆن منداڵ قوتابخانە نابینن, ئەوانەشی دەچنە بەر خوێندن 51%ی  خوێندن تەواو ناكەن.
هەر لە دایك دەبین, 32500 دۆلار قەرزارین , هەر یەكەشمان 70800 دۆلارمان بەردەكەوێت, كەچی زۆرینە لە ژیانین ئەو سامانە بە خەویش نابینن, وەلێ قەرزەكە دەبێت ببینە شەریك لێی,پێشبینی دەكرێت لە چارەكی یەكەمی 2020 قەرزی جیهانی بۆ 357  ترلیۆن دۆلار بەرز بێتەوە. لە ئێستادا 353 ترلیۆن دۆلارە, كە دەكاتە 322%ی بەرهەمی نەتەوەیی جیهانی ئەمەش گەورەترین كارەساتە بۆ مرۆڤایەتی.
    پیاوانی دافوس  ساڵ  لە دوای ساڵ بەهۆی زیادبوونی سەرمایەكانیانەوە دڵخۆشتر دەبن, ئەم كۆبونەوەیە  بۆ رێكەوتن و سەفقاتی ئابووری سیاسی بەكار دەهێنن, سەیر بكەن لە 11 ساڵی رابردوو كە بە ساڵەكانی قەیرانی دورو درێژی سەرمایەداری دەناسرێت, ئەمان مێش مێوانیان نەبووە, ژمارەكان وا دەڵێن نەك دروشمەكان, هەمیشە ژمارەو سەرمایەكەیان زیادی كردووە, لە ساڵی 2009 ژمارەی ملیاردێرەكان 793 كەس بووە, كە خاوەندی 3,6 ترلیۆن دۆلار بوونە, لە ساڵی  2018 بوونە بە 2153 ملیاردێرو  خاوەند 8,7ترلیۆن  دۆلار, ژمارەیان 271,8%  و سەرمایەكەشیان 241% زیادیان كردووە.
ساڵی 2000ژمارەی ملیاردێرەكانی جیهان تەنها 470 كەس  و سەرمایەكەشیان 898 ملیار دۆلار بووە, لەوساوە سستەمی سەرمایەداری جیهانی چەندین قەیرانی درێژخایەنی توندی بڕیوە, وەلێ ئەمان لە روی ژمارەو  سەرمایەوە هەر زۆربوون و دەوڵەمەندتر بوون, لە كاتێكدا جان بۆل غیتی بەریتانی لەپەنجاكانی سەدەی رابردوو بووە یەكەم ملیاردێر لە جیهاندا, ئێستا ژمارەی ملیاردێرەكانی جیهان بەرەو 2500 دەڕوات و سیانیان سەرمایەكەیان لە سەروی سەت ملیارەوەیە "جیف بیزۆس 115, بیل گیتس 115, بێرنارت ئەرنۆڵد 101  "و, ئەمە وێڕای هەزارانی تریش  ناویان لە لیستەكەدا هەر نییە, وەك ملیاردێرەكانی كوردستان,ئەم سێ كەسە  لە دەیەی رابردوو 231  ملیار دۆلاریان كۆكردۆتەوە ,سامانی 20  ملیاردێری یەكەمی جیهان  لە 8 ساڵی رابردوو لە 672 ملیار دۆلارەوە  گەیشتۆتە  1397  ملیار دۆلار, واتا بەڕێژەی 207% زیادی كردووە.لە ماوەی ساڵی 2019 ەدا  سامانی 500 هەر دەوڵەمەندەكانی جیهان 25% زیادی كردووە  گەیشتە 5,9 ترلیۆن دۆلار,لە ماوەی ساڵی 2019 ەدا  1,2 ترلیۆن دۆلار زیادی كردووە, هاوكات بازاڕی پشكی جیهانی ساڵی 2019  ساڵی گەشەو بەختەوەری بوو بۆی , لەو ساڵەدا بە رێژەی  24% زیادی كرد, دەجاری گەشەی ئابووری جیهان و 24 جاری گەشەی بازرگانی جیهانی, هاوكات نرخی بازاڕی دراوی جیهانی ساڵی 2019 , 17 ترلیۆن دۆلار چووە سەر, گەیشتە 70 ترلیۆن دۆلار.
ئەپڵ پار ساڵ  نرخی 622  ملیار دۆلار چووە سەر, گەیشتە 1,38  ترلیۆن, مایكرۆسۆفت 478 ملیار گەیشتە 1,26 ترلیۆن, گوگڵ 214 ملیار گەیشتە 934 ملیار , فەیسبوك 213 ملیار گەیشتە 587 ملیار , ئەمازۆن 193 ملیار گەیشتە 887 ملیار دۆلار.
بە پێی راپۆرتی ساڵی 2018ی رێكخراوی  ئۆكسفام  82%ی زێدەی سەروەت و سامانی بەرهەم هاتوو لە ساڵی 2017  بۆ 1%ی كۆمەڵگا بووە, 99%ەكەی تریش بە هەر هەمویانەوە  18%یان بەركەوتووە,لە هیندستان 1% تەنها 73%ی بەركەوتووە,  لەوەش زۆر وڵات دەست بەتاڵ دەرچوونەو لە زێدەی سەروەت و سامان  هیچیان لە نیعمەتی گەشەی ئابووری و سەروەت و سامانی جیهان بەر نەكەوتووە, لە  ساڵی  2010 ەوە  كرێكاران كرێكانیان تەنها 2% زیادی كردوە, كەچی ملیاردێرەكان داهاتیان 13% چۆتە سەر, لە نێوان 1980 بۆ 2016 , 50%ی هەرە هەژارە دانیشتوانی جیهان 12 سەنتیان لە هەر دۆلارێكی داهاتی جیهان بەدەست هێناوە, كەچی 1%ی هاووڵاتیانی دەوڵەمەندی جیهان 27 سەنتیان بەدەست هێناوە.
ئەمەش هۆكاری ئەوەیە  رۆژ لە دوای رۆژ قڵشتی جیاوازی چینایەتی  لە جیهاندا دەچێتە سەر, بە پێی راپۆرتی جیاوازی داهاتی ساڵی 2018, 1%ی دەوڵەمەندە ئەمەریكیەكان داهاتیان لە 11% ەوە لە ساڵی 1980 بۆ 20% لە ساڵی 2014  بەرز بۆتەوە, لە روسیا لە 4% لە ساڵی 1980 بەرز بۆتەوە  بۆ 20% لە ساڵی 2015, لە چین 6% لە 1978  بۆ 14% لە 2015, ئەمەش پێچەوانەی ئاستی ژیری قەڵەم بەدەستانی بۆرژوازی كوردە كە وا دەزانن دیاردەی هەژاربوون  تەنها كوردستانیە, نەك لەو رۆژەوەی دوای كۆمۆنەی سەرەتایی كەسێك شتێكی جیاكردەوە وتی بۆ خۆم, جیاوازی چینایەتی دەستی پێكردووە لە گەڵ پەیدابوونی موڵكداری تایبەتی, جیاوازی چینایەتی بەرهەمی موڵكداری تایبەتە, بە پێی ئاماری ناوەندی جیهانی نایەكسانی بۆ ساڵی 2018,  لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 10% دەوڵەمەندەكان  خاوەند 61% سامانن ئەمەش بەرزترین رێژەی نایەكسانییە لە ئاستی جیهاندا, كە هەرێمەكەی خۆمان بەشێكە لێی, لە هیندو بەرازیل و ئەفریقا55 - 54%و باكوری ئەمەریكا 47% و یەكێتی ئەوروپا37%,لە ئاستی جیهانیش1%ی هەرە دەوڵەمەندەكان خاوەند 27%ی سەروەت و سامانی جیهانن, لە ساڵی 1980 تەنها خاوەندی 16%ی بوون,هاوكات لە بەرامبەردا 50%ی هەرە هەژارەكانی جیهان تەنها خاوەند 9%ی سەروەت و سامانی جیهانن. 

لە ساڵی 2019  سامانی جیهانی 2,6% گەشەی كرد, بە پێی ئاماری كریدی سویس, نرخی كۆی سەروەت و سامانی جیهانی گەیشتە 360 ترلیۆن دۆلار, هەر تاكێك 70850 دۆلاری لەسەروەت و سامانی جیهانی بەردەكەوێت, ئەمەریكای باكور خاوەنی 158,3 ترلیۆن دۆلارە كە دەكاتە 44%ی سەروەت و سامانی جیهان, ژمارەی ملیۆنێرانیش بۆ 46,79 ملیۆن زیادی كرد, بە زێدەی 1,15 ملیۆن لە ساڵی پێشوو, كە 675000 بەر ئەمەریكا كەوت ژمارەكەیان گەیشتە 18,6 ملیۆن ملیۆنێر, ژاپۆن 187000 ملیۆنێری زیادی كرد ژمارەیان بووە 3,02 ملیۆن كەس و چینیش 158000 زیادی كرد بووە 4,45 ملیۆن كەس, هەندێك وڵاتیش ژمارەی ملیۆنێرەكانی كەمبوەوە لەوانە وەك ئوسترالیا 124000, بەریتانیا27000 و توركیا 24000,  هاوكات هەنووكە  55920 كەس لە جیهاندا خاوەند سەرمایەی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارن , وە 4830 كەسیش خاوەند زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارن, ئەمە جگە  لەوانەی پارەكانیان رەشەو نەناسراون .
ساڵی پار سەروەت و سامانی خێزانەكانی  وڵاتانی ئەمەریكای باكور 3,7% چووە سەر واتا 4,06 ترلیۆن دۆلار زیادیكرد, سامانیان گەیشتە 114,61 ترلیۆن دۆلار, چین 3,1% سەركەوت بە بڕی 1,889 ترلیۆن دۆلار بوە  63,83 ترلیۆن دۆلار تا ناوەڕاستی 2019 , ئەوروپا گەیشتە 90,75 ترلیۆن بە گەشەی 1,2% و هەموو ئەفریقا 4,1 ترلیۆن و ئەمەریكای لاتین 9,91 ترلیۆن دۆلار, كەچی سەروەت و سامانی  خێزانەكان لە ئوسترالیا 443 ملیار دۆلار و توركیا 257 ملیار دۆلار و پاكستان 141 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانیان كەمی كردووە لە ساڵی 2019.
لە ساڵی 2019 دا بە پێی ئامارێكی تایبەت و وردبینییەك ئەنجامم داوە, لە كۆی 2153  ملیاردێری دیار لە جیهاندا, تەنها 51 یان زیانیان كردووە, زۆرترینی ژمارە  بەر رۆبەرت ماردۆخ ئیمپراتۆری  راگەیانن كەوتووە, كە دەوڵەمەندی ژمارە 222 ی لیستەكەیە هەنووكە, كۆی گشتی 10,2 ملیار دۆلار زیانی كردووە, تەنها 7,79 ملیار دۆلار لە سەرمایەكەی ماوە, ئەوانی دی زۆرینەیان زیانەكانیان كەمتر بووە لە ملیارێك دۆلار, لەوانە 172   ملیاردێری ئەمەریكی سامانیان 500  ملیار دۆلار چووە سەر, بەشی 0,1%ی ئەمەریكییە هەرە دەوڵەمەندەكان لە سامانی وڵات لە هەموو كت لە دوای 1929 ەوە زیاترە.
ساڵی 1947 خێزانێكی ئەمەریكی 28491 دۆلار لە ساڵدا داهاتی بووە, لە 1973 گەیشتە 58539 دۆلار, لە ساڵی  2016 بەرز بوەوە بۆ 65063 دۆلار, بە چواردەیە 20% داهاتیان چووە سەر, بەڵام 1%ی هەرە دەوڵەمەندەكان نیوەی گەشەی داهاتیان بۆ چووە  لەو ماوەیەدا, ئێستا زیاترە, نیوەكەی دیش بۆ هەموو 99%ی كۆمەڵگا, كرێكاران لەو 50%ەش كەمترینیان بۆ چووە, چونكە لەخوارەوەی كۆمەڵگا جێگایان گرتووە, ئیتر رەش پێستەكان و ئەمەریكییە لاتینییەكان لە خواری خوارەوەن .
 1% دەوڵەمەندەكانی هیندستان ئێستا خاوەند  45% ی سامانی وڵاتن,  لە  ساڵی 2000 ئەو رێژەیە تەنها 38% بوو,  ژاپۆن 18% و ئیتاڵیا 22% و فەرەنسا 22% و بەریتانیا 29% و چین 30% و ئەڵمانیا 30% و ئەمەریكا 35% .
لە فەرەنسا حەوت  ملیاردێری یەكەمی وڵات  سامانەكەیان زیاترە لە سامانی 30% هەژارانی هەموو وڵات,  10% دەوڵەمەندەكانی فەرەنسا خاوەندی نیوەی سەروەت و سامانی وڵاتن.
لە كاتێكدا داهاتی تاك لە روسیا دابەزیووە, لە ساڵی 2019  ملیاردێرەكانی روسیا 50 ملیار دۆلار قازانجیان كردووە.

دیاردەی جیف بیزۆس

دوای 7 دەیە  لە دایك بوونی  یەكەم ملیاردێر لە مێژووی جیهاندا, ساڵی 2018 یەكەم خاوەند سەت ملیار دۆلار لە دایك بوو,ئەویش  جیف بیزۆس " 12-1-1964 "ی ئەمەریكی  خاوەنی كۆمپانیای ئەمازۆنە" 5-7-1994 دامەزراوە, نرخەكەی ئەمساڵ ترلیۆنێكی دوای ئەپڵ تێپەڕاند كە دواتر دابەزییەوە, داهاتی ساڵانەی 177,9 ملیار دۆلارە, بیزۆس خاوەند16%ی پشكەكانی  كۆمپانیاكەیە, 550000 ژمارەی هێزی كارێتی,لە ئەمەریكا 12 دۆلار كرێی سەعات كاری كرێكارانێتی , بڕیاری داوە پەیوەست بێت بە كەمپەینی 15 دۆلار بۆ سەعاتێكی كار كە سۆسیالستەكان و  بیرنەر ساندەرز كاندیدی پێشووی سەرۆك كۆماری پشتیوانی لێدەكەن وەك یەكەم سەرمایەداری ئەمەریكا , لە هیندستان كرێكاران مانگانە 233 دۆلار وەردە گرن, واتا كرێكارێك  155 هەزار ساڵ كاربكات ناتوانێت سەرمایەی بیزۆس وەربگرێت نەك كۆبكاتەوە, هەر خولەكێك بە ئەندازەی 12 ساڵی ئەوانی دەست دە كەوێت " لە 15 دەقەدا 13,2 ملیار دۆلار قازانجی كرد بەهۆی بەرز بونەوەی نرخی پشكی كۆمپانیای ئەمازۆن بە رێژەی 12% لە كۆتایی مانگی یەكی ئەمساڵ " لە ساڵی 2016   ەوە هاتە ریزی 10 دەوڵەمەندەكەی جیهان و پلەی پێنجەمی بەدەست هێنا,لە ساڵی 2002 لە ریزی 293 ەمین و لە 2006 لە ریزی 147ەمینی ملیاردێرەكانی لیستی فۆربیسدا بووە,   ئێستا ناوبراو  خاوەند    132 ملیار دۆلارە و دەوڵەمەندترین كەسە لە مێژوی مرۆڤایەتی, بە سەرمایەەیەكەی دەتوانێت چارەسەری نەخوێندەواری وبەشێك لە  نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وڵاتانی هەژار  و ژینگەی جیهان بكات.
ساڵی 2019  لە هاوسەرەكەی ماكینزی بیزۆس  كە جیا بوەوە ,  37,1 ملیار دۆلاری لێ وەرگرت, ئێستا 11%ی پشكی ئەمازۆنی هەیە, پێشتر 16%,5%ی بۆ هاوسەرەكەی چوو, وا نەبوایە ئێستا سەرمایەكەی لە 200  ملیار دۆلار نزیك دەبوەوە.
سەرمایەی ئێستای بیزۆس هاوتایە بە داهاتی ساڵانەی 2087175 ئەمەریكی, وە نرخی 7,65%ی سەرجەم خانووەكانی ئەمەریكا.

ملیاردێرەكانی كوردستان

ئۆغستینۆس ئێژێت  لە وڵاتێك  دادپەروەری نەبێت دەبێتە وڵاتی دزان, كوردستانیش وای لێهاتووە دزە گەورەكان لە هەمووان رێزدارترو شەریفترن,وڵات وڵاتی خۆیانە, بندیواری فەقیر پێی دەڵێن گەندەڵ, سەرمایەداری گەورە كە دز یان شەریكە دزی گەورەیە پێی دەڵێن وەبەرهێن, هەردوكیشیان یەك پرۆسەیان ئەنجامداوە, یەكیان بە خەفیفی ئەوی تریان بە خەستی, وەك سەردەمی شاخ خەفیفە زۆرجار سزاكەی قورستر بوو لە مەفرەزە خاسەی سەقیلە, چونكە پشت و پەنای نەبوو, ناكریایە رێكخستنی ناوخۆیی.
دیموكراتیەتی  دو بنەماڵە, دووی بچوكیش لەدایك بوندایە, ئەوانیش وەك ئەمیبا زیاد دەكەن بۆ بنەماڵۆكەی بچوكتر لە ئایندە , وەك دیموكراتیەتی رۆمانی وایە, تەنها بۆ خۆیانە , هەموو شتێكیان بۆ خۆیان و كۆیلەكانیان كۆنترۆڵكردووە.
ئێمە لە كوردستان خاوەند زیاتر لە 30 ملیاردێری ئاشكراو  هەندێكی سیاسی شاراوەین, كەچی ناوی ئاشكراو شاراوەیان  لە لیستەكانی فۆربیس و بلۆمبێر و ..... نین, كۆمپانیاكانیشیان لە لیستی كۆمپانیا یۆنیكۆرن نییە, حالەتێك نەبێت بەشداری كۆڕبەند و كۆنفرانسە ئابوورییەكان ناكەن, ناوی ئەوان تەنها لە لیستی خەڵكی كوردستانە, 10 لەوانە كە سەرمایەكانیان ئاشكرایە بریتین لە "ئەحمەد ئیسماعیل خاوەندی  كۆمپانیای ماس , خاوەند زیاتر لە  6 ملیار دۆلارە,  شێخ باز بارزانی خاوەندی گروپی كۆمپانیاكانی كار  و سەرمایەكەی زیاتر لە  4 ملیارد دۆلارە, شێخ فاخیر و براكانی خاوەندی كۆمپانیاكانی قەیوان  سەرمایەكەی نزیك 4 ملیار دۆلارە,  فاروق مەلا مستەفا  خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی فاروقە و خاوەند نزیك 4 ملیار دۆلارە,  سیروان بارزانی 80% كۆڕەك  سرمایەكەی نزیك 3 ملیار دۆلارە, هادی نەزیرو براكانی  یۆبی هۆڵدین زیاتر ل 3 ملیار دۆلار, ئاسۆ یامۆڵكی گروپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە  سەرمایە نزیك 3 ملیار دۆلارە , ئازاد حاجی یەحیا و براكانی گروپی كۆمپانیاكانی جیهان 2,5 ملیار دۆلار, پێشڕەو ئاغا دزەیی گروپی كۆمپانیاكانی فالكۆن  2 ملیار دۆلار, سەعد فایەق كۆڵەك  كۆمپانیاكانی كۆڵەك  زیاتر لە 1  ملیار دۆلار- 15  ملیاردێرو 5 هەزار ملیۆنێر هەیە   دیپلۆماتیك مەگەزین " , كۆی گشتی ئەم 10 ملیاردێرە كە ناوی هیچیان لە لیستە جیهانیەكان نییە, خاوەند 30,500 ملیار دۆلارن, خاوەند 5 ساڵ بودجەی موچەی سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستانن.
لە كۆتادا دەڵێم لە سایەی دافۆسچییەكانەوە , 60% خەڵكی جیهان چاوەڕوانن هەلێكیان بۆ رێكەوێت كۆچ بكەن, كەواتە جەهەنەمەكەی كوردستان تەنها نییە , ئەگەر پرۆلیتاریای رۆمانی لەسەر كۆیلەكان دەژیان وەك ماركس وتەنی, ئەوا ئەمرۆ دافۆسچییەكان لەسەر پرۆلیتاریای جیهانی دەوڵەمەندتر دەبن, كەواتا تەنیا نیین 1000 هێندەی ئێمە خەڵك لە نیشتمانی خۆیان بێزارن, بۆیە دەڵێن پرۆلیتاریای پەنابەر, رۆڵی سەركردایەتی شۆڕشی داهاتووی جیهان دەبینێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە