راپۆرته كانی ئۆكسفام و كۆڕبەندی دافوس

Saturday, 25/01/2020, 19:00


راپۆرتی ئۆكسفامی ساڵی 2019 " ئۆكسفام تۆڕی رێكخراوە خێرخوازییەكانە بۆ كەمكردنەوەی هەژاری لە ساڵی 1942 لە بەریتانیا دامەزراوە " كە رۆژێك پێش دەستپێكردنی دانیشتنەكانی دافوس بڵاو كرایەوە واتا لە 21ی جەنیوەری 2019, ئاگری بەردا لە جەستەی كۆبونەوەكە, ئەوەی ئەمساڵیس تەزاندی, ساڵ لە دوای ساڵ راپۆرتەكان كاریگەر تر دەبن, ئەو ئامارانە كە تەنها دڵۆپێكن لە ئۆقیانووسی نا دادپەروەرییەكانی سستەمی سەرمایەداری, بەهۆی هاوكێشەیەكی زۆر ساناوە, رۆژ لە دوای رۆژ هەژاران هەژارترو دەوڵەمەندان دەوڵەمەندتر دەبن لە سایەی ئەم سستەمە , راپۆرتەكان هەرچەندە سەرنج هەیە لەسەریان, بەهۆی زیادەڕۆیی ئۆكسفامەوە نا, بەڵكە بەهۆی نەبوونی راپۆرتی وڵاتانەوە لەسەر سامان و داهاتی تاك, بەهۆی ئەوەی هێشتا ناتوانێت نا رەواییەكانی سستەمی سەرمایەداری وەك هەیە دەربخات و ببێتە ئاوێنەی واقعی كۆمەڵایەتی سیاسی ئێستای جیهان, زۆر مرۆڤ لە كونجی و كەلەبەری جیهان پەراوێزخراون ئامارەكان ئاگایان لێی نییە, پارساڵ سەروەت و سامانی تەنها 26 كەس لە ملیاردێرەكانی جیهان , هاوتابوو بە سەروەت و سامانی 3800 ملیۆن كەسی هەرە هەژاری جیهان , واتا نیوەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان, كە لە 2018ەدا سەروەت و سامانی 42 ملیاردێر یەكسان بوو بە سەروەت و سامانی 3,8 ملیار مرۆڤی هەژار لە جیهاندا, لە ساڵی 2017ەدا ئەم ژمارەیە 61 كەس و ساڵی 2016 تەنها 86 كەس و ساڵی 2009 بریتی بوو لە 390 كەس, بەم شێوەیە دەبینین ساڵ بە ساڵ ژمارەی ملیاردێرەكان لە كەمبونەوەدان و ژمارەی هەژارە هاوتاكانیان لە بەرزبونەوەدایە, لە ساڵی 2009 ەوە ژمارەی ئەو ملیاردێرانەی سامانەكەیان هاوتایە بە داهاتی نیوە هەژارەكەی دانیشتوانی گۆی زەوی بیست جار چۆتە سەر, ئەمە گەورەترین كارەساتە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا, ئەم ئامارانە هەمووشی بە پێی راپۆرتەكانی ئۆكسفامن كە ئەویش سەرچاوەی سەرەكی لێكۆڵینەوەكانی بانكی كریدی سویس و گۆڤاری فۆربیسە كە دوو دەزگای لێكۆڵینەوەی سەرمایەدارین, راپۆرتەكانی ئۆكسفام ساڵانە گڕی گەرمای ناو هۆڵی كۆڕبەندەكەو كاردانەوەكان لە بەرامبەری بەتینتر دەكات بە بڵاوكردنەوەی ئامارەكانی , ئۆكسفام چارەسەری بۆ ئەم جەنگەڵستانە تەنها باجی زیاترو دادپەروەرانەیە, واتە هەژاران هەر لەبر رەحمەتی ملیاردێرەكان دەهێڵێتەوە, بۆ خێرو سەدەقەی دادپەروەرانە, دادپەروەری بە مانەوەی ملیاردێرەكان لێ بە تێركردنی مەمرەو مەژی هەژاران, ئەوان رەخنەیان لە مردنی لە برسانە لە سایەی سستەمی سەرمایەداری نەك هەوڵدان بۆ یەكسانی ئابووری.
ئەو 26 ملیاردێرە ی پارساڵ 17ەیان ئەمەریكی , 2 فەرەنسی , یەك مەكسیك, یەك هیندی, 3 چینی , یەك هۆنگ كۆنگ (چین) بوون لێ ئێستا ئەو هاوكێشەیە گۆڕاوە بە پێی قازانج و زەرەری ئەوان, سەری ساڵی 2019 خاوەند 1357,3 ملیار دۆلاربوون , لێ بۆ سەری ساڵی ئەمساڵ سەرمایەكەیان بە بڕی 316,3 ملیار دۆلار زیادی كرد بە رێژەی 23,3% بووە 1673,6 ملیارد دۆلار" ئامارەكە تایبەتە بە خۆم " .


ئامارەكانی 2020ی ئۆكسفام
ئۆكسفام ئەگەر ئەمساڵیش بە پێوەری ساڵانی رابردوو ئامارەكانی بڵاو بكردایەتەوە, ئەوا ژمارەی ئەم ملیاردێرانەی كە سامانەكەیان هاوتا دەبوو بە داهاتی نیوەی دانیشتوانی هەرە هەژاری جیهان لە نێوان 16 بۆ 19 ە دەبوو, بەمەش ترس و موچڕكی زیاتری بڵاو دەكردەوە بە جیهاندا, جەوی دافۆسییەكانی زیاتر تێك دەدا, زیاتر هەستیا دەكرد ئەوانن سەرچاوەی دڕندەییەكان.
بەڵام ئامارەكانی ئەمساڵیشی دیسان هەر بارمۆمەتری قینی لە سستەمی سەرمایەداری بەرز كردەوە , رایگەیاند:
سامانی ملیاردێرەكانی جیهان كە ئێستا ژمارەیان 2153 كەسن" پارساڵ بەهۆی قەیرانی ئابوری و هەڵكشان و داكشانی بازاڕی بازاڕی دراو و پشكەوە 55 كەسیان لە لیستەكە چونە دەرەوە", هاوتایە بە سامانی 60%ی دانیشتوانی جیهان, كە 4,6 ملیار كەسن, وە سامانی 1%ی هەرە دەوڵەمەندەكانی جیهان هاوتایە بە دووجاری سەروەت وسامانی 92%ی سەرجەم هاووڵاتیانی جیهان, هاوكات سامانی 22 پیاوی هەرە دەوڵەمەندی جیهان هاوتایە بە سامانی هەموو ژنانی كیشوەری ئەفریقا, كە زیاترە لە 600 ملیۆن كەس.
هەر بە پێی ئاماری ئەمساڵی دافۆس بێت , ژنان رۆژنە 12 ملیار كاتژمێر كاری خۆراِیی دەكەن, كە ساڵانە بایی 11 ترلیۆن دۆلارە , كە دەكاتە 12,6%ی بەرهەمی نەتەوەیی جیهانی.

چارەسەرییەكانی ئۆكسفام

ئۆكسفام رێگ گرتن لە هەڵاتن لە دانی باج و بەرزكردنەوەی كرێی كرێكاران و سنور دانان بۆ موچەو داهاتی بەڕێوەبەری راپەراندنی كۆمپانیاكان بە رێگا چارەی گونجاو دەزانێت بۆ رێگا گرتن لە بەرز بونەوەی نا یەكسانی, نەك هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی, وەلێ كاتێك ترمپ دەبێتە حاكمی جیهان, پێشنیارەكەی بستێك بڕ ناكات, چونكە حكومەت و چین و كۆمپانیا بونەتە یەك دەستگاو لە خزمەت یەكتر كاردەكەن, ئەمڕۆ لە جیهاندا لە رێگای پارتە راستگەراكان و بە بەهانەی راكێشانی سەرمایەگوزاری بیانی و هەڵنەهاتنی سەرمایەی ناوخۆیی هەڵمەتی توند بۆ كەمكردنەوەی باج هەیە لەسەر سەرمایەداران, 50 ساڵە ئەم حكایەتە روو لە دافوس و دافوسچییە هێقە ئاڵتونییەكان دەڵێنەوە, نەیتوانی بە نیو ئەندازەی راپەڕینی ئێلەگ زەردەكان فەرەنساو دەمامك دارەكانی شیلی كاریگەری دابنێت و تەخت و تاراجێك بلەرزێنێت, ئەدی كاتێك لە بری راپۆرتە ساڵانەكان پرۆلیتاریاو بریكاریای جیهانی قسەی خۆیان بكەن و شەڕی هێقە رەنگاو رەنگەكان بێتە ناو باریكاردو سەر شەقامەكان چی رودەدات؟.
بە پێچەوانەی ویستی ئۆكسفامەكان, باج لە ساڵی 1970دا بە رێژەی 62% بوو, بۆ 38% كەمبوەوە لە ساڵی 2013, لە وڵاتانی تازە گەشەكردوو 28% و لە وڵاتێكی وەك بەرازیل 10% ەیە.
دەوڵەمەندەكانیش نەك رێژەی باجیان بۆ كەمكراوەتەوە, بگرە 7600 ملیار دلاریان لە 2500 شوێنی جیهان لە باج شاردۆتەوە, بەشێوەی گشتی ئێستا دەوڵەمەندەكان و كۆمپانیاكان باجی كەمتر دە دەن وەك لەوكات, بگرە بە كۆمەڵ وڵاتان بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی باج دەدەن, كەواتا دافوس و ئۆكسفامەكان 50 ساڵە چی دەكەن و چ بەرهەمێك دەدورنەوە .
زیاد بوونی ژمارەی دەوڵەمەندەكان نیشانەی پێشكەوتنی ئابوری نییە, بەڵكە نیشانەی شكستی سستەمە كە ناتوانێت پارسەنگ رابگرێت و بەرئەنجامی گەشەی ئابووری دادپەروەرانە لە نێوان مرۆڤەكان لە جیهان دابەش بكات, نەك وەك سیاسییەكانی كوردستان پێیان وابوو بوونی هەزاران ملیۆنێر و 30 ملیاردێر نیشانەی پێشكەوتنی كوردستانە.
لە كاتێكدا 3,8 ملیار كەس هیچیان بەر نەكەوت لە نیعمەتی گەشەی ئابوری جیهان بگرە قازانج سەری مایەشی خواردووە,تەنانەت كریستین لاغارد بەڕێوەبەری پارساڵی سندوقی دراوی جیهانی و ئێستای بانكی ئەوروپی وتی"لە 15 وڵاتی جیهانی سێیەم داهاتی تاك دابەزیوە"كەچی لە لایەكی ترەوە 27%ی گەشەی جیهان دەوڵەمەندەكان دەیبەن . ساڵی 2009 ژمارەی ملیاردێرەكان 793 كەس بوو, كۆتایی 2019 گەیشتە 2153 كەس , سەرمایەكەشیان گەیشتە 8,7 ترلیۆن دۆلار.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە