وێنای قاسم سلێمانی وەك خۆی

Friday, 10/01/2020, 16:03


دەمەوێت جیا قسە بكەم, نە وەك گەشتیارانی شیمالی ئیران, نە وەك پڕۆ ئیرانییەكان, نە وەك ئەو نووسەرانەی لە مانای ئازادی و ئەخلاق لە نووسیندا تێنەگەیشتوون, نە وەك ئەو پرسەو شەیپورەی سیاسی و كەناڵەكانی راگەیاندن بۆ قاسمی سلێمانیان بەرپا كردووە, دەبێت مێژوو چی لەسەر ئەو نووسین و راپۆرتانە بڵێت؟, نەوەكانی داهاتوو چی دەڵێن دەبینن گەلێكی قەسابی كراو چۆن ستایشی جەلادەكەی خۆی دەكات و چەقۆكە دەلێسَتەوە.
لە 10ی ئازاری 1957 لە گوندی قەنات مەلكی سەر بە شارۆچكەی رابور لە پارێزگای كرمان لە خێزانیكی جوتیاری زۆر هەژار منداڵێك چاوی بە ژیان هەڵهێنا ناویان نا قاسم,بەناوی قاسمی كوڕی حەسەنی كوڕی ئیمام عەلییەوە, ئەویش كە گەورە بوو وەك هەمان قاسم پێیی وابوو مردن وەك هەنگوینە لە پێناو عاشوراو حوسێندا, هەنگوینەكەی بە نسیب بوو, ئەو
5 براو 5 خوشكی هەبوو, یەكێك لە براكانی سلێمانی بەناوی سوهراب سلێمانی بەڕێوەبەری زیندانی تارانە, بە دڵڕەقی بەرامبەر بە زیندانیان و پێشێلكەری مافی مرۆڤ وەك جەلادێك لای ئازادیخوازانی ئێران ناسراوە, هەروەها خۆشی 3 كورو 2 كچی هەبوو, ئەو لەبەر هەژاری تا پۆلی 5ی سەرەتایی خویندوو لە تەمەنی 13 ساڵی بۆوە كرێكاری بیناسازی بۆ هاوكاریكردنی خێزانەكەی, دواتر لە فەرمانگەی ئاو ئاوەڕۆی كرمان بووە كارمەند, پێش شۆرشی گەلانی ئێران لەو كاتەی شۆڕش كڵپەی سەندبوو لە لایەن گەنجە چەپگەراكانی ئێرانەوە, ئەو لە رێگای مەلایەك بەناوی رەزا كامبابەوە پەیوەندی دەكات بە ئیسلامیە شیعەكانەوە, پەیوەندیەكەی تەنها زارەكی و هیچ چالاكیەكی نەبوو لە كاتێك وڵات كڵپەی دەداو لاوانی چەپی هاوتەمەنی ئەو پۆل پۆل بەرەو مەرگ دەچوون بۆ روخانی رژێمی پاشایەتی, دوای سەركەوتنی شۆرش بۆ سەركوتكردنی بەرەی شۆرش و سەپاندنی حوكمی ئیسلامی, ئیعلانی سوپای پاسداران دەكرێت لە لایەن خومەینیەوە لە 22ی نیسانی 1979, قاسم سلێمانی لە شارەكەی خۆیان كرمان زو پەیوەندی پێوە دەكات ,45 رۆژ خولی سەربازی دەبینێت و یەكسەر بە دوری زیاتر لە 1500 كیلۆمەتر لە كرمانەوە دەچێت بۆ مهابادو ئازەرباینجانی رۆژئاوا بۆ سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان, لە شاری مهاباد و ئازەربایجانی رۆژئاوا بەشداری شەڕەكان دەكات لە هاوینی ساڵی 1979 دا, كە لەو ماوەیەدا تاوانەكانی ئیعدامی مەیدانی دەرەوەی دادگا و تاوانی كۆمەڵكی كوژی قاڕناو قەڵاتان و ئیندرقاش ئەنجامدران لەو دەڤەرە , لێ ئەوكات بەهۆی بەشداری چالاكانەی لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان, هەرچەندە پلەی بەرز كرایەوە لێ بە ئەندازەی ئاغای ئیسماعیل قانی فەرماندەی ئێستای سوپای قودس ناو ناوبانگی نەبوو لە سەركوتكردنەكە.

بەشداریكردن لە شەڕەكان
قاسمی سلێمانی یەكەم كاری بەشداریكردن بوو لە سەركوتكردنی جوڵانەوەی گەلی كورد كە بۆ خودموختاری تێدەكۆشا, ئەویش یەكێك بوو لەو جەنگاوەرانەی بە فتوای خومەینی پۆستاڵی لە پێ كرد و بەشداری كرد لە سەركوتكردنی جوڵانەوەی گەلی كورددا, تەنانەت دوای بەنی سەدریش پۆستاڵەكەی دانەكەند, ئەمەش لە دوو هەنگاوی دواتریدا بووە هۆی بەرزكردنەوەی پێگەی سەربازی , بە زوویی دوای بەشدارییەكە كرایە فەرماندەی لەشكری پاسدارە كرمانیەكان , دوای 3 ساڵ بووە فەرماندەی تیپ, دواتر لە ساڵی 1998 لە كاتی هاتنە سەر كاری تاڵبان لە ئەفغانستان, كە سوپای قودس دامەزرا, ئەو وەك فەرماندەیەكی مەزهەبگەرای توندڕەو و خاوەند ئەزموون لە سەركوتكردنی گەلی كورد كرایە فەرماندەی سوپاكە, چونكە كارەكانی هاوشێوەی كارەكەی كوردستانی بوو, بەهۆی جیایی مەزهەبەوە ئەوەندە رقی لە تاڵبان بوو شەیتانی گەورەی لەبیر بردبوەوە, لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی ئێرانی بە ئاشكرا داوایكرد هاوكاری شەیتانی گەورە بكەن بۆ روخانی .
قاسم سلێمانی وەك باسی دەكەن فەرماندەیەكی سەربازی سەركەوتوو نەبووە , ئەو لە كۆمەڵێك جەنگی گەورە لە ماوەی 8 ساڵەی شەڕی عێراق ئێران بەشداری كردووە, وەلێ بەهۆی هەڵە سەربازیەكانیەوە هۆكار بووە بۆ بەكوشت دانی دەیان هەزار كەس, كە خۆی لە نزیك سەت هەزار كەس دەبینێتەوە لە شەڕەكانی " فاوی 4, نەسری 5 و كەربەلای 5 " دا, موحسین رەزائی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت ئەو سێ جەنگە سێ كارەساتی گەورە بوو بۆ سوپای ئێران لە ماوەی شەڕی عێراق ئێراندا, هەرسێكیشی سلێمانی هۆكاری شكستەكان بوو, نەیارانی چونە پێشەوە سلێمانی دەگێڕنەوە بۆ نزیكایەتی بۆ خامنەئی بە " جانتا هەڵگری مەڵا" ناوی دەبەن نەك ئەو سێڵڤیانەی دوای جەنگەكان دەیگرێت, وا باسی دەكات هەمیشە لە دوای نیشتنەوەی شەپۆڵەكان ئامادەیە.
قاسم سلێمانی لەماوەی هەشت ساڵەی شەڕی كۆنەپەرستانەی عێراق ئێراندا, فەرماندەی سوپای چل و یەك ی ساروڵای كرمان بووە, لە شەڕە گەورەكانی "كەربەلاكانی 1 و 4 و 7 , نەسری 4 , فەتح مبین, فەجری 1 و 3 و 4 , رەمەزان, بیەت الموقەدەس 1 و 7 و رێگای قودس... لە سەرتاسەری بەرەكانی شەڕ بەشداری كردووە".
قاسم سلێمانی لەو شەڕانەی بووە هۆی ماڵوێرانی بۆ خەڵكی كوردستان و وڵاتیان كردە بەشێك لەو كارەساتە, لە پاڵ بەشێك لە هێزە كوردیەكان باشوور بەشداری كردوە , لە شەڕی فەجری چوار لە ساڵی 1984 لە ناوچەی پێنجوێن, شلێر تا سورێن, سەرباری ئەوەی ئەم شەڕە بووە هۆی ئەوەی ناوچەكە وێرانبێت, هاوكات بووە هۆكارێك كە شاری مەریوان بە بۆردومانی فڕۆكە لە لایەن بەعسەوە كۆمەڵكوژی بكرێت , هاوكات لە نەسری پێنج لە ناوچەی ماوەت بەشداری كرد لە 21-6-1987 , تیایدا بەهۆی هەڵەی ئەوەوە دەیان هەزار لە سوپای ئێرانی كوژران, هاوكات بووە هۆكارێك كە بەعس شاری سەردەشت كیمیاباران بكات لە 28ی هەمان مانگدا.
ئەمەو لە گرتنی شاری هەڵەبجە و شەڕی بەیتوالمقەدەسی 4 لە چیای شەمێران بەشداری كردووە كە دوای تاوانی هەڵەبجە ئەنجامدرا, ئیتر تاوانی هەڵەبجە لە 5000 قوربانی شارەكەو دزینی سەروەت و سامانی خەڵك تا دەگاتە لێدانی هێزەكانی رۆژهەڵات قوربانیەكانی گوردانی شوانی كۆمەڵەو سوپای رزگاری و حیزبی دیموكرات و گرتن و ئیعدامی سەدان كەسی دیكەی رۆژهەڵاتی پێویست بە تەفسیر و شڕۆڤە ناكات, هەموو ئەو شەڕو نەسرو شتە عاجباتیانەشی بە هاوكاری یەكێتی و پارتی و سۆسیالست و بزووتنەوەی ئیسلامی ئەنجامدا, واتا شیوەن گێڕانی ئەمڕۆی قاسمی سلێمانی.
لە باشوری كوردستانیش لە رێگای پێشمەرگەوە لە زۆر ئیستڵاع بۆ شەڕی هاوبەش لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان ئامادەیی هەبووە, كە دواتر بەهۆی ئەو شەڕە هاوبەشانەوە گەلەكەمان تووشی كۆمەڵكوژی گەورە هات, پاشان ئێران بەشێك لەو خەڵكە لێقەوماوە بە پەناهەندە وەردە گرێت ئێستا بە فەزیلەت پێمانی دەفرۆشنەوە, كە خۆی هۆكاری تراژیدیاكە بووە نەك هاوكاریكەر.

قاسم سلێمانی و قودس
قاسم سلێمانی فەرماندەی 21 ساڵەی فەیلەقی قودس, بەهۆی نزیكایەتی لە خامنەئییەوە ئەو پۆستەی وەرگرت, بڕیار بوو كاری سەرەكی ئازادكردنی قودس بێت, وەلێ ئەو بەرەیەی چۆڵ كردو خەریكی گەرمكردنی شەڕی عەلی و عومەرەكان بوو لە كۆمەڵێك وڵات, تەنانەت یەك فیشەكیشی لەپێناوی قودس نەتەقاند, ئەو ریمۆن كۆنترۆڵی حەشدی و شەعبی و حیزبولڵای لوبنان و حوسییەكان و هەزارەكان و تەواوی گروپە چەكدارە شیعەكان لە دەرەوەی ئێران لە گیرفانی بوو بە حەماس و جیهادو ئەنسار ئیسلامیشەوە, وەلێ نەیتوانی یەك كار دژی جولەكە لەناو ئەرزی خۆیان بكات, بگرە تەقەیەك خۆشیشی بەسەریاندا نەتەقاند, تەنانەت ئەو كارە سەربازیانەی لە ماوەی شەڕی ئێران عێراق بەناوی قودس و بەیتوالمقەدەسیش كردی تیایدا سەركەوتوو نەبوو,ئاكامەكەی بەوە گەیشت خومەینی پێش مەرگی بایەلۆجی پیاڵە ژەهرەكەی خواردەوە بووە هۆی مەرگی ئایدۆلۆجی .
لێ لە سەركوتكردنی گەلی كورد و بلوج و راپەڕینی گەلانی ئێران رۆڵی هەبووە, پاڵەپەستۆی خستە سەر خاتەمی كە راپەڕینی قوتابیان لە حوزەیرانی ساڵی 1999 سەركوت بكات " لە گەڵ 23 لە كەسایەتییەكان داوای لە خاتەمیكرد راپەڕینەكە بە زویی سەركوت بكات, وتەیەك بەناو بانگی هەیە لەو بارەیەوە كە وتی: ئەمڕۆ سەركوتیان بكە سبەی درەنگە ناتوانین بیگەڕێنینەوە ", هاوكات رۆڵی هەبوو لە سەركوتكردنی بزاڤی سەوزەكان لە ساڵی 2009 دا, بە گشتی لە كوێوە هەناسەیەك بۆ رزگاربوون لە چنگ كۆماری ئیسلامی هەبوبێت ئەو بۆ سەركوتكردن ئامادە بووە, تەنانەت بە عەمامە لەسەرە بە رواڵەت نەرمەكانی وەك خاتەمی و روحانیش رازی نەبووە, لە سوریاو عێراق و لوبنان و یەمەن هۆكاری كوشتنی سەدان هەزار كەس بووە, جگە لەو فەزا رەشەی ئەو هێزانەی ئەو هاوكاری كردوون دایان سەپاندووە بەسەر خەڵكدا, بۆ ئەمەش دەیان و سەدان ملیار دۆلاری خەرج كردووە, بە گشتی ئەو تارمایی كوشت و بڕو سەركوت و فاشیەت بوو, پێگە جەماوەریەكەی پێگەی شیعەگەرایە و تواناكەی توانا مادییە كە ئەژماری بێسنوور بوو لە لایەن خامنەئییەوە , دەیان كارگاو كۆمپانا و بەندەر ... لە خزمەت پڕۆژەكانیدا بوون.

قاسم سلێمانی و نەكەوتنی هەولێر
لە بەر چاومە, تەنها 40 داعش مەخموریان گرت, هێزێكی بچكۆلەی گەریلاو پێشمەرگەو مەدەنی لە باخچەی بان مەخمور مابونەوە, بە چاو داعشەكانیان دەبینی, وردە وردە ئەو هێزە بچوكە گەورەوە بوو, هەڵاتووەكان مەخمور هاتنەوە, باخچە مایەوە نەكەوت, دواتر لەوێوە هێرشی بەرپەرچ كرایەوە و مەخمور ئازاد كرایەوە, كورد نەگبەتە باسی ئەو هێزە ناكات كە لەوێ چەقی كوردەو یەكێك لەوان ناوی پكك یە, كە دواتر بارزانی چوو سوپاسیانی كرد, یان ئەو هێزەی لە سلێمانیەوە هات, یان ئەو كۆنە پێشمەرگانەی بوونە فیدایی و شاخیان گرت و چەقین, خۆ سەنگەر حاجی عەوڵای نەگبەت یەكەم كەس لێدوانی دا لە بەردەم قایمقامیەتی مەخموردا پاش ئازادكردنەوەی, لەچركە ساتەكانی یەكەمی گرتنی مەخمور كە بەرپرسانی ئێستای هەولێر زۆریان هەڵاتبوون بە كاكە ئاری هەرسینیشەوە, جیفاراكەی نەتەوایەتی, چ لەكاتی ئازادكردنەوەی شتێك , دەعبایەك بەناوی قاسمی سلێمانی و 70 پاسدار بوونی نەبووە, كە ئێستا فلیمەكەیان گۆڕیووە گوایا لە ئازادكردنەوەی مەخمور بەشدارییان كردووە, نەك لە نەكەوتنی هەولێردا, دیارە لە ترسا كەس نەیوێرا بە فەرمی وەك حكومەت و وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی بداتەوە,پێچەوانەی ئەوە قاسم سلێمانی فەرماندەی گرتنەوەی كەركووك و دوزو ناچەكانی دی بوو لە 16ی ئۆكتۆبەردا, واتا نەك شوێنی بۆ كوردان ئازاد نەكردووە و نەپاراستووەو فەززیلەتی نییە بەسەرمانەوە بگرە پانتاییەك زۆری لێ داگیر كردەوە, نەك لەم قۆناغەشدا كوردستان قەرزاری نییە , بگرە بەرپرسە لەهەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلەكەمان لە پاش ئەو مێژووە رەشەوە هات, ئەو لە رابردوو ئێستا مایەی نەهامەتیمان بێت ئەم هەموو ستایش و شیوەنە لە پای چی؟, ئەو دەیزانی باشوری كوردستان پاروە چەورەكەی ساڵی 1979 ی رۆژهەڵات نییە, بەهۆی بوونی ئەمەریكا لە عێراق دەنا بێ یەك و دوو هەمووی قوتە دا, نەك خاڵخاڵی و حەسەنییەك دەیانی بۆ ئامادە دەكرد.

رۆستەمی زاڵە یان ئەبو موسلمی خوراسانی یان عەلی حەسەن مەجیدە

لای شیعەكان, یان ئێرانیەكان جگە لە ناوە ئاینیە پیرۆزەكان كە لیستەكەیان زۆرە چ ئەوانەی كوژران یان ئەوانەی قەول وایە بێنەوە دوای مردن, دوو كەسایەتی وەك پاڵەوان نمایش دەكرێن كە ئەوانیش ئەبو عەباس موسلم خوراسانی " 718-754 ز" , كە ئەمەوییە كافرە بكوژەكانی عەلی و حەسەن و حوسێنی و قاسمیش لە دەسەڵات روخاند, لە گەڵ رۆستەم و زۆرابی شانامەی فیردەوسی كە ئەبو قاسم فیردەوسی " 935-1020 " نووسیویەتی, هەردووك ئەفسانەی پاڵەوانیەتی ئێرانیەكانن و لای ئەوان لە هیزو پاڵەوانێتیدا نموونەیان لە جیهاندا نییەو نابێت, ئێستا هەندێك قاسمی سلێمانی لە زیندوكردنەوەی خەلافەتی شیعە بەناوی مانگی شیعە دەبەنەوە سەر موسلم خوراسانی, لە پاڵەوانێتی و هێزیشدا دەیبەنەوە سەر رۆستەم و زۆراب , لێ لە راستیدا هیچكام لەوانە نەبوو, بەڵكە بۆ خۆی عەلی حەسەن مەجید" 1944-2010"ێكی شیعەگەرای ئێرانی بووە, عەلی حەسەن مەجید چۆن پێشتر نایب عەریفێكی فاشیل لە سوپای عێراق بوو, بەو دەسەڵاتە زۆرەی لەدوای 30-6-1987 ەوە پێی درا, بە وەحشیەت و دڕندەیی توانی ژیان لە لادێكانی كوردستان بسڕێتەوە و زیاتر لە 200000 كورد بكوژێت و هێزی پێشمەرگە لە باشوری كوردستان دەربكات, وەك لایەنی سەربازی ئەمە بۆ ناسیۆنالستی عەرەبی سەركەوتنە, لێ بۆخۆی دڕندەیی و وەحشیەتێكە, لای كورد عەلی حەسەن مەجید نایب عەریفێكی فاشیلی وەحشی بوو , بۆ نەتەوەییە عەرەبیەكانیش ناوبراو فەرماندەیەكی گرنگی سەربازی بووە , بەهەمان شێوە بۆ ئێران ئیسلامییە شیعە گەراكان سلێمانی خەونی دزراوی بۆیان گەڕاندۆتەوە, فەرماندەی ئەساسی سەربازی تا مردن بووە, ئەوان لە باوەشی حوسێندا دەیبیننەوە, وەلێ بۆ ێمە دەبێت هەر پاڵەوانەكەی شەڕی سێ مانگەی رۆژهەڵات و كەركوك دوز بێت, ئازادی و ئەخلاق رێگامان نادات ستایشی قاتلانی خۆمان و مرۆڤایەتی بكەین, بۆ ئازادیخوازانی ئێرانیش هەر لە جەلادێك زیاتر نییە.

ستایش بۆ قاسم سلێمانی
قاسم سلێمانی یەكەم تەقەی بە كوردەوە نا لە سەركوتكردنی گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و گرتنەوەی شارو شارۆچكەكانی و كۆمەڵكوژیكردنی خەڵكەكەی , هاوكات شوێندەستی بە تەواوی تراژیدیاكانی سەر گەلەكەمانەوە لە دوو پارچەی كوردستان باشورو رۆژهەڵات لە ماوەی 8 ساڵی شەڕی عێراق و ئێران دیارە, هەڵەبجەو سەردەشت دوو شاری كیمیابارانكراو بەرهەمی چالاكی سەربازی ئەون سەرباری ئەنفال.
ئەوێك سەری نێزەی سەركوتكردنی راپەڕینەكانی خەڵكی ئێرانە, سەرباری وڵاتانی دیكە , ئیتر ئەمە نە جیفارایەو نە تارماییەو نە رۆستەمی زاڵەو نە خوراسانیشە, بەڵكە تاوانكارێكە و پیاهەڵدان بەسەریدا چ وەك كوردێك كە كورد كوژ بووە تاوانە, چ وەك كەسێك بەشدار لە تاوانی گەورە بە پێوەرە جیهانییەكان, پیاهەڵدان بەسەریدا كارێكی نا ئەخلاقییە ویڕای نكۆڵیكردنە لە تاوانەكانی هاوكات سڕینەوەو جوانكردنی تاوانەكانیشێتی, هەقی سزا دانی هەیە.
راستە سیاسیەكان كورد رزگاریان بوو, بە مردنی سلێمانی هەمووو نهێنیەكانیشیانی لە گەڵ خۆیدا بردە گۆڕەوە ,ئەو لە نەخشە دانان بۆ لەناو بردنی نەیارانی نزیكی خۆی سڵی نەكردبێتەوە دەبێت چی لەم وڵاتانە و لەم عێراق و كوردستانە كردبێت, چەند تاوانی نهێنی لەگەڵ خۆیا بردبێتە گۆڕەوە.
لە كۆتاییدا بە قسەیەكی هادی عامری كە لە یەنایەری 2015 كردی كۆتایی پێ دێنم كە وتی قاسم سلێمانی نەبوایە عەبادی نابووە سەرۆك وەزیران, ئەمە وێنایە بۆ هەموو ئەوانەی لە عێراق لەسەر كورسی داندران نەك هەڵبژێردران, هەموو تەنها داشی شەترەنجی ئەو بوونەو بە چرای سەوزی ئەو داندراون,بە ئەوان شیوەن و قوڕ پێوان هێشتا كەمە بۆ ئەم دڕندەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە