3ی ئاب
Saturday, 03/08/2019, 15:34
زیاتر لە 1200 ساڵە ئێزیدییەكان لەسەر ئەم خاكە جینۆساید دەكرێن, هەموو ئەو تاوانانەی داعش ئەمرۆ ئەنجامی داوە, بە درێژایی ئەو مێژووە , سەدان جار لە دوبارە بونەوەی بەردەوامدا بووە , لە ماوەی دوانزە سەدەی رابردوودا بەردەوام جینۆساید و تاڵان كراون و كچان و ژنانیان كراوە بە كەنیزەك و لە بازاڕی گەرمی كۆیلەی شارەكان فرۆشراون, پیاوان و مناڵانیشیان كراون بە كۆیلە و لە زۆربەی جارەكانیش بۆ خۆ رزگاركردن بە زۆر ئاینیان پێ گۆڕدراوە , تەواوی ئەو تاوانانەش بەرگی پیرۆزییان بەبەردا كراوەو بە جیهاد و غەزا ناوزەد كراون, لەو 73 فەرمانەی پێشوو وەك ئاماژەی پێ دەدەین , پیاوانی موسڵمانی كورد لە ژێر پەرچەمی ئایندا بەشداریان لە كۆی تاوانەكاندا كردووەو شانازیشیان پێوەی كردووە , هەندێك جاریش خۆیان سەركردایەتی فەرمانەكانیان كردووەو تاكە بكەر و فەرماندەری تاوانەكان بوونە, لە مێژووشدا هەندێكیان بە پاڵەوانی ئەفسوناوی نەتەوە هەژمار كراون و ئێستاش شانازییان پێوە دەكرێت , وەلێ لە دوا فەرماندا, فەرمانی رۆژی چوار شەمە رەشەی 3ی ئۆگستسی ساڵی 2014 ەدا, كە پیاوانی ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سونە مەزهەب پێی هەڵسان لە ژێر ناوی داعش, بە بەرچاوی كەناڵەكانی راگەیاندنی جیهانەوە تاوانەكان رابردوویان دوبارە كردەوەو بەرهەم هێنایەوە, ئیتر ئێستا پیاوانی كورد نەك بەشێك نین لە پرۆسەكە و ئەكتەری چالاك نین لە تاوانەكەو شانازیكەر نین بە جینۆسایدەوەو تاڵان كەر نین بە ماڵ و ژنی ئێزیدیەكانەوە, بگرە بە پێچەوانەوە بە هەڵمەتی هەموو ئێزیدین قۆناغێكی نوێ دێتە پێشەوە , بۆ یەكەمجار ئێزیدی بوون دەبێتە شانازی بۆ دەستە بژێریكی گەل, ئەو چوار شەمە رەشەی 3-8 لە تاوانەكانی داعشدا, بە بەردەم راگەیاندنەكانەوە چەندە رەشە قێزەونترە بێت , دوا فەرمانی 3-8 دەبێتە دوا كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و كۆی73 فەرمانەكەی پێشوو , لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندو دەكاتەوە و لە گەڵیدا مێژووش دادگایی دەكاتەوە, دەیانكات بە بەشێكی بێزلێكراو لە خۆی و مێژوو, مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە, مێژوو قێزەون دەبێت بە درۆو تاوان , 3ی ئاب لە شانازییەوە دەگۆرێت بۆ دادگاییكردنی مێژووی تاوانە هاوچەشنەكانی رابردوو, 74 دەبێتە پرۆسەی دادگاییكردنی 73 فەرمانەكەی پێشوو, داعش دەبێتە ئاوێنە پیاوە پیرۆزەكانی رابردووو لە تاوانەكانی ئەودا دادگایی دەكرێنەوە.
لێرەدا هەست بە گۆڕانكارییەكی هێمنانە دەكەین لە عەقڵی تاكی كورددا, هەرچەندە بەشێكیشی لە ژێر كاریگەری ئیسلامی سیاسیدان, كەم تا زۆر هاوسۆزن لە ناوەڕۆكدا لە گەڵ داعش, كەمایەتیەكی زۆر بچوك نەبێت, بە ئاشكرا ئەوی دی هەموو رەتی تاوانەكەیان كردەوە , ئیتر ئێزیدییەكان مرۆڤی پێش چوار رەش نین , ئیتر شەمەی 3-8-2019 , هەموو بە بێدەنگ چركەیەك رادەوەستن و رێز لە قوربانیان دەگرن , ئیتر هەموو 3-8ی ساڵێك نەفرەت لە هەموو فەرمانەكان دەكەینەوە, ئیتر فەرمان بەرگی پیرۆزی لەبەر دادەكەنرێت و ناشرین و بێزلێكراوە, ئیتر هەموو رقمان لە وشەی فەرمانە, بە رێزگرتن لە قوربانیان رەتی مێژووە رەشەكانی هاوشێوەی رابردوو دەكەینەوە , ئیتر فتوادەرانی فەرمانەكانیش لە پیرۆزی دەخەین و لە تاوانەكانی داعشەوە دادگاییان دەكەین, هەر بەوەندەشەوە نا بگرە بڕۆین بەرەو دادگاییكردنی مێژوویانەی ئەوانەی لە 12 سەدەی رابردوودا بەشدار بوونە لە تاوانە هاوچەشنەكانی چوار شەمە رەشەكە,ئیتر هەموو 3-8 ێك بووە بە بەشێك لە یاداوەری گەلێك , بووە بە دابڕان لە گەڵ مێژووی 1200 ساڵەی رابردوو و هەر 73 فەرمانەكەی پێشو تر, بووە بە دابڕان لە كلتورو تاوانی داعشیانە.
لە فتوكانی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل ( 780-855 م ) ەوە , تا فتواكانی لەیسی سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبو سعودی عەمادی بەم هەموو پلەو پایە ئاینییەوە ("خگیب المفسرین" شیخ الإسلام, مفتی القسگنگینیە,) كە ئێزیدییەكانی بە لە كافر كافرتر ناو زەد كرد, فتوای كوشتنی پیاوان و بە كەنیزەك كردنی ژنانیانی دەردەكرد, هەموو ئەوانەی بە فتواو فەرمان بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەكانیان لە مێژوودا كرد,جارێكی دیكە لەبەردەم ئاوێنەی تاوانەكانی داعش خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژوو, ئیتر لێرەوە عەمادی شێخ الئیسلامی ئومەیەك نیە لای ئێمە, بەڵكە فتوا دەری تاوانێكی مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدەو تاوانباری جینۆسایدە , كە سەدان فەرمان لە بەر رۆشنایی فتواكەیدا دەردە چێت و پێكهاتەیەكی گرنگ كە ناوی ئێزیدییە هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت ,ئەوەی ئێستا داعش دەیكات , عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە چوار سەدەو نیو لەمەوپێش دەریكرد بەرامبەر بە ئێزیدییەكان, بە پیرۆزیش زانراو كەسیش بە یەك دێر دژی نەوەستایەوە.
قڕ كردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی 224ی كۆچییەوە , لە سەردەمی خەلیفە موعتەسەمی عەباسییەوە دەستی پێكرد, وەلێ فتوای ئەبو سعودی عەمادی لە ساڵی 1560 رەوایەتی ئاینی پێ بەخشی و پیرۆزی دا بە قڕ كردنەكە لە پۆششی ئایندا, ئەم فتوایە بووە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ, چڕترینیان فەرمانەكانی قڕكردنەكانی سەدەی نۆزدە بوو , سەدەیەكی پڕ نەهامەتی و تاوان بوو بۆ ئێزیدییەكان, ئەم فەرمانانە تەنها خەلیفە و پاشا توركەكان پێی هەڵنەستان ,لە ساڵانی 1832 و 1834 پاشای كۆرەی رەواندز و فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی 1844 لە ناو فەرمانە زۆرو زەبەنەكاندان, بۆیە لە بەر رۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەكانی داعشدا, دەبێت بە پێگەی كەسایەتی ئەو كەسایەتیانەدا بچینەوەو لە دادگای مێژوودا دادگایی بكرێنەوە, راستە هەر مرۆڤێك لە مێژوودا مرۆڤەكان بە شێوازێك دەیخوێننەوە, بۆیە پاشای كۆرە ئیتر پاڵەوانە مێژووەكە نابێت ببێت , ئەو بكەری تاوانی گەورەیەو دەبێت دادگاییبكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست