ئەمەریكا و عێراق و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ICC

Thursday, 18/07/2019, 11:48


ڕۆژی17-7 بە ڕۆژی دادپەروەری لە جیهان دەناسرێت و ساڵانە لەو یادە بەشێوەی جۆراو جۆر لە سەرتاسەری جیهان رێزی لێدەگیرێت و یاد دەكرێتەوە, لەم ڕۆژەدا پەیماننامەی ڕۆما لە ساڵی1998 لە دایك بوو, كە بووە سەرەتایەك بۆ پێكهێنانی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ئای سی سی, ئەمەش خەونی لە مێژینەی عەدالەتخوازان بوو.
ساڵی1998 ئەنجومەنی نەتەوە یەكگرتووەكان پڕۆژەی بڕیارەكەی پەسەند كد بۆ دامەزراندنی دادگایەكی جیهانی تایبەت بە تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆساید, لە دەنگداندا 130 وڵات لەگەڵ و21 بێدەنگ و7یش دژ بوون, دژەكانیش بریتی بوون لە: "ئامەریكا, ئیسرائیل, چین, عراق, قەتەر, لیبیا, یەمەن".
لە راستیدا ئێستا وڵاتانی ئەندامی دادگا تەنها نزیك بە چارەكێكی دانیشتووانی جیهان پێك دەهێنن, چین و هیند و ئەمەریكا و روسیا و ئەندەنوسا و پاكستان كە زۆرینەی حەشاماتی دانیشتوانی جیهان پێك دەهێنن ئەندام نین, لە روی دەسەڵاتیشەوە وڵاتە بەهێزەكان وەك ئەمەریكا و چین و هیند و روسیا, كە چوارگۆشەی هێزی ئابووری و سیاسی و سەربازی هەنووكەو ئایندەی جیهانن ئەندام نین لە ئێستادا.

ئامەریكا و دادگا و پێشینەی مێژووی لە گەڵیدا

ئەمەریكا هەموو كات لە هەوڵوێستەكانی دوو لایەنە بووە, بەرژەوەندی لە كوێ بووبێت ئامادە بووەو پشتیوانی لێكردووە, چەك و پارەی دەدا بە عێراق بۆ كیمیاباران و جینۆسایدی كورد, ئاگاداری هەنگاو بە هەنگاوی سوپای عێراقی بوو, كەچی تا دوای پرۆسەكە لە 8ی ئەیلولی 1988 نەهاتە قسە, كە 6ی ئەیلول كۆتایی ئەنفال راگەیەنرا, دوای 10 ساڵ لەو تاوانەش ئەوجا بۆ یەكەمجار وشەی ئەنفالی بەكار هێنا, دواتریش تاوانی هەڵەبجەی كردە یەكێك لە بەهانەكانی تۆمەتباركردنی سەدام و روخاندنی, ئیتر گوێی بە دادپەروەری و ڕەوایی نەداوە, پشتیوانی لە دەست بەكار بوونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تایبەت بە یۆغسلاڤیا و ڕواندای كردووە لە ساڵەكانی"1993,1994"دا, هەروەها دادگای نیمچە نێو دەوڵەتی بۆ سیرالیۆن لە ساڵی"2000" و كەمبۆدیا لە ساڵی"2003" و لبنان لە ساڵی"2006", بەڵام بەهەموو شێوەیەك بەرەو ڕووی ICC وەستاوەتەوە.
بەرپرسانی ئیدارەی كلنتۆن بەشداربوون لەو دانوساندنانەی كە بە ڕێككەوتن گەیشت لەسەر یاسای بنچینەیی پەیماننامەی ڕۆما, ئەو پەیمانامە نێو دەوڵەتیەی لەسەر بنچینەی پەسەندكردنی لە ساڵی 1998دا , دواتر لەبەر رۆشنایی ئەو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ئای سی سی دامەزرا.
ئامەریكا دەیەویست بە هەمواركردنی پەیمانامەكەوە پەیوەست بێت بە دادگاكەوە, بەڵام نەیانتوانی قەناعەت بە وڵاتانی دیكە بهێنێت بۆ هەمواركردنی بەرنامەی دادگا تاكو ببێتە ئەندام تیایدا, بەهۆی ترسی دەزگای سەربازی ئامەریكا"پنتاگۆن" لە دادگایی بارگاوی بە سیاسەت, بەرۆك بە هاوڵاتیانی بگرێت, كە رۆژانە بەهۆی دەستخستنە ناو كارووباری وڵاتان و شەڕەوە دەگلێنە تاوانەوە.
ئامەریكا لە ڕۆژی كۆتایی وادەی واژۆكردندا لە 31-12-2000دا , واژۆی لەسەر یاسای پەیمانامەی ڕۆما كرد, هاوكات نیگەرانی خۆی لەوە ڕاگەیاند كە پەیمانامەكە زۆر خاڵی زیاندار بۆ ئەو و كەلەبەری گەورەی تێدایە, كلنتۆن وتی خۆم و ئەو سەرۆكانەی لە دوای من دێن ڕێنوێنیان ناكەم ئەم رَێككەوتنامەیە پێشكەش بە ئەنجومەنی پیران بكەن بۆ پەیوەست بوون بە دادگاكەوە, تاكو ئەو خاڵانەی جێگای گومانی ئێمەن لانەبردرێن, واتا دادگایەكی دەویست بە باڵای بەرژەوەندییكانی ببڕدرێت و پارێزراو بن لە دادگاییكردن لە پای ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات لە جیهاندا, بە تایبەتی لە وڵاتانی زۆنی جەنگ.
كلنتۆن پێش سێ هەفتە لە بەجێهێشتنی كۆشكی سپی, لە دوا ڕۆژی دیاریكراو بۆ واژۆكردنی پەیماننامەكە لە بەرواری31-12-2000 دا, پەیماننامەكەی واژۆ كرد و وتی : ئامانج لە واژۆكردن قەت بەمانای ئەوە نییە پابەند بین بە پەیمانامەكەوە یان پەیوەست بین پێوەی, لە درێژەی قسەكانیدا وتی:ئامۆژگاریم بۆ جێگیرەوەم ئەوەیە پەیممانامەكە نە نێرێت بۆ ئەنجومەنی پیران بۆ بڕیاردان لەسەری و پەسەندكردنی.
لە بەرواری 6-5-2002 ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند, ئامەریكا بە فەرمی ڕایگەیاندووە نایەوێت بەشێك بێت لە دادگاكە, هەروەها هیچ پابەندبونێكی یاسایی بە واژۆكردنی لە 31-12-2000 دا ناكات, بەمەش بڕیاری پاشگەزبوونەوەی دا لە واژۆكردنی پەیمانامەكە.
ئامەریكا لە گەڵ ئەوەدایە دادگا لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشدا بێت, بۆ ئەوەی هەر كاتێك ویستی ڤیتۆ لە دژی بڕیار و كارەكانی بەكار بهێنێت و بكەوێتە ژێر ڕەحمەتی خۆیەوە, لە بەرواری 6-5-2002 ەوە ئامەریكا هەوڵوێستی نەیارانەی لەسەر دادگاكە وەرگرت, پاش ئەوەی بە فەرمی واژۆكردنەكەی ڕەتكردەوە, ڕامسفێڵد وەزیری بەرگری ئەوكاتی ئامەریكا دوای پاشەكشەكردنی ئامەریكا لە دادگاكە وتی: دادگا شەرعیەتی نییە, تەنانەت هەڕەشەی تەداخولی سەربازی كرد دژ بە هەر وڵاتێك هاووڵاتیانی تەسلیم بە دادگا بكەن, هەروەها پەیماننامەی دوو قۆڵی لەگەڵ وڵاتان بەست بۆ پێشگرتن لە تەسلیمكردنی هاووڵاتیانی بە دادگا, تەنانەت لە ساڵی2004 یاسایەكی دەركرد بە ناوی نزركت, تیایدا قەدەغەی كرد هاوكاری ناسراو بە یوسید پێشكەش بەو وڵاتانە بكات كە پەیمانامەی دوو قۆڵی لەگەڵ واژۆ ناكەن سەبارەت بە تەسلیم نەكردنی هاووڵاتیانی بە دادگاكە.
لە ساڵی 2002 دا, كۆنگرێسی ئەمەریكی بڕیاری لەسەر یاسایەك دا بەناوی پەلاماری لاهای, بە پێی ئەو یاسایە سەربازانی ئەمەریكی دەپارێزێت لە بەرامبەر لێپرسینەوەی ئەم دادگاییە, هەروەها یاساغیكرد فەرمانبەرانی دەوڵەتی هاوكاری دادگای نیونەتەوەیی تاوان بكەن كە بە "یاسای پەلاماری لاهای ناسراوە", بە پێی ئەو یاسایە هەموو مافێك دەدرێتە سەرۆك هەر ڕێگایەك بگرێتە بەر بۆ ئازادكردنی هەر هاووڵاتیەكی ئەمەریكی یان هەر كەسێك لە هاوكارانی ئامەریكا بهێڵرێتەوە یان زیندانی بكرێت لە لایەن دادگای ناوبراوەوە یان بە فەرمانی ئەو دەست بەسەر یان زیندانی بكرێت.
بۆش یاسای پاراستنی تاكەكانی سەربازی ئەمەریكی واژۆ كرد, كە ڕەخنە بوو لە دادگای تاوانی نێو نەتەوەیی, هەروەها هەڕەشەی بڕینی هاوكاری هەموو ئەوانەی كرد كە هاوكاری دادگا دەكەن دژ بە هاووڵاتیانی.
ئیدارەی بۆش كەوتە بەر ڕەخنەی توند سەبارەت بە هەڵوێستی دژایەتیانەی بۆ دادگای تاوانی نێونەتەوەیی لە سەروبەندی چوار ساڵی یەكەمی دەسەڵاتیدا, هەرچەندە تەحەفوزاتی وڵاتە یەكگرتووەكان لەسەر دادگای ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی بۆش و بە دیاریكراوی لە سەردەمی كیلنتۆنەوە دەستی پێكرد, وەك چاوەڕان دەكرا لەسەردەمی باراك ئۆباما لە هەڵوێست و مامەڵەكردنیدا نەرمتر بوو لەبەرامبەر دادگاكە وەلێ بەشێوەی گشتی گۆڕانكاری نەكرا, زۆر هۆی ناوخۆیی لە ئارادابوو بۆ ئەوەی وڵاتە یەكگرتووەكان پەیوەست نەبێت بە دادگاكەوە گرنگترینیان دژایەتیكردنی پنتاگۆن و كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران و هەواڵگری و.....بۆ دادگاكە , هاوكات دەزگا سەربازییەكان نەیارن بۆ دان نان بەو دادگاییە لە لایەن وڵاتە یەكگرتووەكانەوە, بە تایبەت وڵاتە یەكگرتووەكان هێزی زیاتری لە دەرەوەی سنوورەكان هەیە بە تایبەت لە هەردوو وڵاتی "ئێراق و ئەفغانستان"ئەگەری زۆرە بكەوێتە بەر تۆمەتباركردن بە ئەنجامدانی پێشێلكاری و لێپرسینەوەو دادگاییكردن, كاتێك خۆی و ئەو وڵاتانە واژۆی پەیمانامەكە بكەن!, وەك لە ئەفغانستان بۆ ئەمەریكا و لە عێراق بۆ بەریتانیا.
كاتی خۆی لە لایەن ئەندامانی پارتی كۆماری لە ئەنجومەنی نوێنەران, تەنانەت لە لایەن زۆر لە ئەندامانی لیستی دیموكرات لە ئەنجومەنی پیران, لە ناویاندا ئەندامی ئەنجومەنی پیران خاتوو هیلاری كیلنتۆن دژایەتی واژۆكردنی ئەم پەیمانامەیە كرا, وەلێ دواتر هیلاری كلنتۆن سەبارەت بە پەیوەست نەبوونی ئامەریكا بە دادگاكەوە لە كینیا وتی: هەست بە داخ و كەسەرێكی قول دەكەین بە هۆی ئەوەی وڵاتە یەكگرتووەكان ئەندام نییە لە دادگای تاوانی نێو نەتەوەیی كە دا مەزرا بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی جەنگ و ئەنجامدەرانی كۆمەڵكوژییەكان و تاوانەكانی دیكەی دژ بە مرۆڤایەتی".
پابەند نەبوون بە دادگای نێو دەوڵەتی تاوان لە لایەن ئامەریكاوە لە ڕاستیدا كەسەرێكی گەورەیە بۆ ئامەریكا كە پابەند نەبێت بە دادپەروەری نێو نەتەوەیەوە, كە ئیدعا دەكات و خۆی بە پارێزەری دادپەروەری لەجیهاندا دەزانێت, هاوكات هەڵوێستی نەگەتیفی ئامەریكا دەردەخات بەرامبەر بە دەزگا نێو دەوڵەتیەكان, كە لە زۆربەیان بەهۆی یەكان نەگیری بەرژەوەندیەكانی كشاوەتەوە.
ئیدارەی ئۆباما لە ڕێگەی هیلاری كلنتۆنەوە لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 6-8- 2009 لە شاری نایرۆبی پایتەختی كینیاوە, لە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا, لێدوانێكی دا بە قازانجی دادگای نابراو, لە لێدوانەكەیدا هیلاری كلنتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نیگەرانی خۆی دەربڕی كە ئامەریكا تاكو ئێستا بەشێك نییە لەو دادگاییە, ئەمە لە كاتێكدا بوو حكوومەتی نایروبی ڕایگەیاند ویستیان هەیە تاوانبارانی خۆپیشاندانەكانی دوای هەڵبژاردنەكانی كینیا كە زۆر پێشێلكاری گەورەی تێدا ئەنجامدرابوو لە دادگای ئای سی سی دادگایی بكرێن , كە دواتر دۆسیەی بۆ كرایەوە.
ئۆباما لە دیسەمبەری 2014 رایگەیاند ئەمەریكا ئەشكەنجەی لە زیندانی ئەبوغرێب ئەنجامداوە و كەرامەتی مرۆڤی روشاندووە, لە راستیدا هێزەكانی ئەمەریكا لە زیندانەكانی ئەبو غرێب و باغرام و غوانتنامۆ تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە, بگرە لە پاكستانیش.
ئۆباما ئەو كاتەی سێناتۆر بوو لە ساڵی 2004 رایگەیاند پێویستە هاوكاری لێكۆڵینەوەكانی ئای سی سی بكەین , كە بووە سەرۆكیش ئەمەریكا لە ساڵی 2009 وەك ئەندمی چاودێر بەشداری كۆنگرەی ساڵانەی دادگایكرد.
بۆ پەیوەست بوون بە دادگاوە, ئیدارەی ئۆباما رێگایەكی دوورو سەخت و نەگەیشتن بە ئەنجامی لە پێشدا بوو, پێویستی بەوە هەبوو قەناعەت بە دەزگای سەربازی بهێنێت بۆ پەیوەست بون بە دادگاكەوە,ئەوەش پاش ئەوەی ئەو پێشنیارانەی ئیدارەی بۆش و كلنتۆن پێشكەشیان كرد بۆ هەموار كردنی دادگا, پێش ئەنجامدانی ئەو هەموار كردنە 67 سەناتۆر لە ئەنجومەنی پیران لە كۆی 100 كەس بەهیچ شێوەیەك پشتیوانی ناكەن لەو هەوڵە, ئەمەش بۆ خۆی دەربڕی ئەوەیە پەیوەست بوون بە دادگا لە توانای ئیدارەی ئۆباما نەبوو بە تەنها, بە زۆر تەلبەند دەورە دراو بوو , لە كۆتادا نەك ئەمەریكا نەبووە ئەندام بگرە ئۆباما نەیتوانی لە ئەنجومەنی پیران بیخاتە دەنگدانەوە, كارەكە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوەوە بوو, پەیوەست بوو بە پنتاگۆن و ئێف بی ئای و دەزگا ئەمنی و سیخوڕییەكان و ئەنجومەنی پیرانەوە, ئەو لە بەرامبەر ئەو هەنگاوە سەرۆكی لا حەولە وەلا قوە بوو.
ئەگەر ئەمەریكا وڵاتانی روسیاو چین و ئیسرائیل ببنە ئەندام گرنگە, هاوكار دەبن لە هاوكاری سیخوڕی و دیبلۆماسی و پشتیوانی سیاسی و لۆجیستیكی و دارایی, هەرچەندە دادگا زۆر پێویستی بە پەیوەست بوونی ئامەریكا و وڵاتانی دییەوە هەیە, بەڵام زۆر لە ئەندامەكانی بەرگری دەكەن لە ئەنجامدانی ئەو چاكسازیانەی ئامەریكا دەیەوێت, بۆ ئەوی وا نیشان بدەن ناكەونە ژێر پاڵەپەستۆی ئامەریكاوە, هەرچەندە لە دۆسیەی ئەفغانستان ئەمەریكا شكستی بە دادگا هێنا.
لە سەردەمی بۆشدا, كاتێك دۆسیەی دارفۆر بووە ڕۆژەڤی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بەرامبەر بەو پێشێلكاریانەی حكوومەتی عومەر بەشیر ئەنجامی دا لەو هەرێمە, ئامەریكا هەڵوێستێكی دیكەی وەرگرت و بڕیاری پشتیوانی و كۆمەكی داواكاری گشتی دۆسیەكەی دا, تەنانەت كار گەیشتە سەر ئەوەی كۆندەلیزا ڕایس هەڕەشەی بەكار هێنانی ڤیتۆی كرد دژ بە هەوڵی وڵاتانی چین و فەرەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایش, كە دەیانەویست ڕێگربن لەبەردەم دەرچوونی بڕیار سەبارەت بە عومەر بەشیر , كەواتە هەموو كات ئامەریكا دوو فاقیانە هەوڵوێستی وەرگرتووە, تەنانەت لەو سەردەمەی بە تەواوی دادگای ڕەتكردۆتەوە, وەلێ كە لە گەڵ بڕیارێك بەرژەوەندیەكانی جووت بووبێت چاوی لە ئاست هەڵوێستەكانی پێشتری نووقاندووە.

سەردەمی ترامپ خراپترین پەیوەندی

لە بەرواری 21-11-2016 فاتۆ بن سۆدا رایگەیاند سیا و هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا لە نێوان ساڵانی 2003 و 2004 تاوانی جەنگیان لە ئەفغانستان ئەنجامداوە, بە ئەشكەنجەدانی 61 كەس لە زیندانیان, ئەشكەنجەی جەستەیی و نەفسی و روشاندنی كەرامەتی لانی كەم 27 كەس لەوان و لاقە كردنیان كراوە, بنسۆدا داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە نۆڤەمبەری 2017 رێگای دا بە لێكۆڵینەوە لە تاوانی جەنگ كە لە ئەفغانستان ئەنجام درابوو, ئەمەش یەكەمجار بوو كار لەسەر تاوانەكانی سوپای ئەمەریكا بكرێت لە مێژووی دادگا.
لێ كاتێك دادگا ویستی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی ئەمەریكا بكات لە ئەفغانستان و دەست بە كردنەوەی دۆسیەكە بكات, ئیدارەی ترامپ بە شێوەی هیستریا كاردنەوەی دەربڕی ,جۆن بۆلتون راوێژكاری ئاسایشی ئەمەریكی رایگایەند تۆمەتباركرنی سوپای ئەمەریكا بە تاوانی جەنگ لە ئەفغانستان هیچ بنچینەیەكی نییە,هەڕەشەی نە دانی ڤیزاو ئابلوقەی ئابووری خستنە سەر دادگای كرد,هەروەها وتی بە هیچ شێوەیە هاوكاری دادگا ناكەین, نابینە ئەندام, دادگا وا لێدەكەین بۆ خۆی بمرێت.
هاوكات مایك بۆمبیۆ وەزیری دەرەوە وتی: ئەمەریكا ڤیزا بەوانە نادات بەشداری لێكۆڵینەوە دەكەن لە تاوانی سەربازان و هەواڵگری ئەمەریكا لە ئەفغانستان و وڵاتانی دی هاوپەیمان, مەبەستی ئیسرئیل بوو لێرەدا.
لە بەرامبەردا سەرۆكی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی شیلی ئیبۆی ئۆسۆ جی بۆ هێور كردنەوەی تەنگژەكە وتی: قوربانیانی ئێستاو رابردوو دوارۆژ ی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید خوازیارن ئەمەریكا ببێتە ئەندامی دادگاكە.
یەكێك لە بەندەكانی یاسای فیدرای ئەمەریكی ماف بە سەرۆك دەدات كە هێز بەكار بهێنێت بۆ ئازادكردنی هەر سەربازێكی ئەمەریكی كە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەستگیری كردبێت, ئەمەش بۆخۆی دەست ئازادكردنێكی ئاشكرای لەشكری ئەمەریكایە بۆ ئەنجامدانی تاوان لەودیو سنورەكانەوە.
لە كاتێك ئەمەریكا رەخنەی گرت لە روسیا كە هەڕەشەی كشانەوەی كرد لە دادگا كە ئەویش وەك ئەمەریكا ئەندام نەبوو, تەنها پەیماننامەكەی واژۆ كردبوو, كەچی بۆ خۆشی بەم شێوەیە مامەڵە لە گەڵ دادپەروەری دەكات.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەفغانستان بۆ خۆی ئەندامە لە دادگاو یەكێكە لە وڵاتای پێكهێنەر لە چوارچێوەی 123 وڵاتە ئەندامەكەی دادگا, ئەو وڵاتەی لەسەر خاكەكەی تاوان بكات لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت و دەچێتە چوارچێوەی پسپۆڕی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە.

پێشتریش كۆنگریسی ئەمەریكی لە ساڵی 2015 دا بڕیاری ئەوەی دابوو, هاوكارییەكانیان بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی رادەگرن و هاوكارییەكانیان پەیوەست كردبوو بە سكاڵانەكردن لە ئیسرائیل لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی .

تەنانەت ئەمەریكا بە هەڕەشەكردن لە وڵاتانی هاوپەیمانی رۆژئاوای وەك " یابان و ئەڵمانیا و كەنەداو ئوسترالیا" بەوەی پشتیوانی مادی خۆیان بكشێننەوە لە دادگا, لە كاتێكدا ژاپۆن یەكەم وڵاتی پارە بەخشە بە دادگا لە جیهان دوای ئەویش فەرەنسا و ئەڵمانیا دێن.




هاوكات لە سەردەمی ترامپدا ئەمەریكا لە پەیمانی بازرگانی چەك كشایەوە , وە لێبوردنی بۆ ئەو سەربازە تاوانبارانە دەركرد لە وڵاتانی زۆنی جەنگ گلاونەتە تاوانەوە , لە ناویاندا دادگای سەربازی سان دیغۆ لە هەرێمی كالیفۆرنیای ئەمەریكا ئەفسەری هێزە تایبەتیەكانی ئەمەریكا نیڤی سیلیزی بێ تاوان كرد, كە لە ساڵی 2017
ەدا هەرزەكارێكی برینداری 15 ساڵانە لە دەرەوەی دادگا لە شاری موسڵ كوشت , دواتر بە كۆمەڵ وێنەیان لە گەڵ تەرمەكەی گرتبوو, دەركردنی لێبوردن بۆ تاوانبارانێك پێشێلی یاساكانی جەنگ و پەیمانی جنێفیان كردووە, بۆ خۆی تاوانە, كە ترامپ ئەنجامیدا .



ئێراق و واژۆ كردنی پەیمانامەكە
واژۆكردنی ئەم پەیماننامەیە لە لایەن دەوڵەتی ئێراقەوە ئەهمیەتێكی زۆری بۆ سەر دواڕۆژی كورد لەم وڵاتە هەیە, هەرچەندە توركیا و ئێران و سوریاش ئەندامی دادگا نین, گرنتی زامنی دوبارە نەبوونەوەی كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگە لە هەمبەری, وەك لە شەنگال و دوزو كەركوك و گوندەكانی دی بینیمان, لە كاتێكدا كورد بە زۆر پۆستی گەورە بەشدارە لە دەسەڵاتدارییتی ناوەند, دەبوایە لەم ئاستەیا هەنگاوی هەڵبهێنایە,"هەرچەندە ئێراق لە بەرواری15-2-2005 پەیوەست بووە بە پەیماننامەكەوە, پاشان بێ هێچ ڕونكردنەوەیەك پەشیمان بۆتەوە", كە لەوكاتەدا وەزیری دەرەوەی عێراق هوشیار زێباری بووەو پەشەكشەكەش لە لایەن ئەوەوە ئەنجامدراوە, سەرۆك كۆماریش عجیل یاوەر و زاوای كوردان بووە, سەرەك وەزیرانیش ئەیاد عەلاوی بووەو خۆی بەلیبراڵ دەزانێت.
بە بڕوای من گرنگترین هۆكار بۆ كشانەوەی عێراق لە دادگاكە و واژۆ نەكردنی ئەم پەیماننامەیە لە لایەن عێراقەوە بۆ 3 خاڵ دەگەڕێنمەوە:
1-بوونی ئامەریكا لە ئێراق, ئەمە بەهێزترین خاڵە, ئەگەر ئێراق ببێتە ئەندام ڕاستەوخۆ لە كاتی پێشێلكاریدا دادگا دەبێتە تەرەف بەرامبەر بە پێشێلكاری وڵاتی داگیر كەر و ئەندامانی هێزی ئامەریكا ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن دادگایی دەكات, دیارە ئەمەریكا لە دادگایی ئەندامەكانی و سزا دانیانیەوە باكی نییە, بەڵكە لە بڕیارەكانی دادگا دەترسێت بە سزا دانی هاووڵاتیانی بە تاوانە گەورەكان, نایەوێت سیناریۆی ئەفغانستان دوبارە بێتەوە.
2-نەزانینی گرنگی دادگاكە و نزمی ئاستی هوشیاری و هەست نەكردن بە ڕۆڵی ئەم دادگاییە لە لایەن هێزە دیموكراسییەكان و هێزە نەتەوەییە كوردییەكان و عەرەبییە سونەكانەوە, كە زامنی ئاسایشیانە لە وڵاتی زۆنی جەنگ.
3-مانی ڕوحی شەڕخوازی لە ناو دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست بە تایبەت دەسەڵاتدارانی مەزهەبی شیعە كە گلاونەتە زۆر تاوانی گەورەوەو دەیانەوێتیش لە داهاتوودا درێژەی پێ بدەن, بە ئاشكرا ئەوان دژ بە ئەندامبوونی عێراقن لە دادگاكە .
لە كۆتاییدا هیوادارم پاڵەپەستۆیەكی وا پێك بهێنرێت لە لایەن كەسوكاری قوربانیان و پارت و لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیەوە دەسەڵاتدارانی كورد وئێراقی ناچار بكەن ئەم پەیماننامەیە واژۆ بكەن , یان هەر نەبێت بە ئەندام بوونی عێراق لەو دادگایە ببێتە خاڵێكی رێكەوتنی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق.

رێكخەری تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی



009647503714620

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە