ترامپ و راگەیاندنی جەنگی جیهانی دژ بە سۆسیالزم

Sunday, 24/02/2019, 23:28


رۆژی دوو شەمە 18ی فیبوریوەری ترامپ لە زانكۆی میامی" شوێنی گردبونەوەی توندڕەوە راستڕەوە كوبی و ئەمەریكاییە لاتینیەكان" هەرێمی فلۆریدا بە ئامادە بوونی ئەندامانی پارتی كۆماری و ئۆپۆزسیۆنی راستگەرای فەنزوێلی و كوبی, شەڕی جیهانی دژ بە سۆسیالزمی راگەیاند, كە پێشتریش لە مانگەكانی رابردوودا  لە چەند بۆنەو كاتدا وەك لە وتاری ساڵانەی حالەتی ئیتحاددا ئەم سەرۆكە ملیاردێرە پەلاماری بیری سۆسیالستی دابوو, ئامادە بووان بە دروشمی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا, وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ..... ترامپ  ترامپ  پێشوازیان لە هەڵمەتەكەی كرد, ئاوازەكانی پشتیوانی نەك هەڵمەتی مەكارسی 1950ی ئەمەریكای  وەبیر دەهێنایەوە, بەڵكە دروشمەكان هاوتای دروشمەكان هیتلەر و مۆسۆلۆنی ساڵی 1930 بوو, ئیدعای ترامپ بەوەی سۆسیالزم بە كەڵكی مرۆڤایەتی و حوكمڕانی نایات, لە گەڵ سەرەتایترین باوەڕی دیموكراسیەت یەك ناگرێتەوە, كە هەڵبژاردنی شێوازی حوكمڕانی بۆ هاووڵاتیانی هەر وڵاتێك دەهێلێتەوە.
هێرشكردنە سەر سۆسیالزم سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپە بۆ  هەڵبژاردنی ساڵی 2020, دەیەوێت لە رێگای هێرش بۆ سەر سۆسیالزم پەلاماری پارتی دیموكرات بدات تاكو بیخاتە حالەتی داكۆكی  و دوبەرەكییەوە, كە باڵێكی بەهێزی خۆیان بە چەپ و پێشكەوتنخواز و سۆسیالست دەزانن, ئەمە دەرخەری ئەوەیە  سۆسیالزم دەبێتە میحوەری سەرەكی هەڵبژاردنی ساڵی 2020ی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا, دیارە راستگەراكانی ئەمەریكا هەر هەنگاوێك بۆ بیمەی تەندروستی بۆ هەمووان و پاراستنی ژینگەو خوێندنی خۆڕایی و پشتیوان دەوڵتی بە سۆسیالزم دەزانن, رۆژگارێكی ساڵی 1961 بەرنامەی میدیكیر وەك تەندروستی سۆسیالستی سەیر دەكرا, لە لایەن پارێزگارە كۆمارییەكانەوە دەوترا بە هاتنی  ئازادی ئەمەریكی لەناو دەبردرێت بۆیە رەتی بكەنەوە.
ئەنجامی پەلامارەكانی ترامپ هەرچیەك بێت لە قازانجی سۆسیالزمدایە و خۆی وەك ئەلتەرناتیفی سەرمایەداری لە پێشكەوتووترین و بەهێزترین وڵات لە مێژوودا دەناسێنێت, بە تایبەتیش ئەمرۆ سۆسیالزم لای ئەمەریكییەكان وەك جاران ترسناك نییە بەڵكە بەشێكی بەرچاو لە هاووڵاتیان پشتیوانی لێدەكەن.
پەلامارەكانی ترامپ بە دوای بڵاو بونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەدا هات بیرنارد ساندەرز بڵاوی كردەوە و تیایدا رایگەیاند خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری ئەمەریكا لە 2020 كاندید دەكات, بۆ رۆژی دوای راگەیاندنی شەڕی جیهانی ترامپ دژ بە سۆسیالزم, هەڵمەتی خۆی لە هەرێمی فۆرمۆنتەوە بە فەرمی راگەیاند, بەو دەستەواژەو داواكاریانەوە هەڵمەتەكەی دەست پێكرد كە ترامپ بە سۆسیالزمیان دەزانێت وەك بیمەی تەندروستی گشتی, خوێندنی زانكۆ بە خۆڕایی, 15 دۆلار بۆ لانی كەمی سەعاتێك كار ......, ترامپ و ستافەكە تیئۆرسیۆنەكەی وا لە سۆسیالزم ترساون باوەڕ ناكەم لە ماوەی حوكمڕانیاندا سەردانی وڵاتێكی ئەسكەندەنافیش بكەن كە زۆر لەو بەهایانەی تێدا پراكتیزە كراوە.
پەلامارە یەك لەدوای یەكەكانی ترامپ بۆ سەر سۆسیالزم, كۆمەڵێك هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی خۆی هەیە, ترامپ گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی سۆسیالزم و كۆمۆنیزم  لە 9ی نۆڤەمبەری 1989 بە روخانی دیواری بەرلین كۆتایی نەهاتووە وەك ئیدعا دەكرا, بەڵكە شەڕەكە بە نیوەچڵی بەجێ هێڵراوە, ئەمڕۆ وەك قارچك لەهەموو كونج و كەلەبەرێكەوە سەری دەرهێناوەتەوە, تەنانەت فۆكۆیاماش خاوەند تیۆری لیبرالیزم كۆتایی مێژوو ئەمڕۆ دەڵێت  سۆسیالیزم پێویستە, دوای 26 ساڵ لە راگەیاندنی مەرگی یەكجاری سۆسیالزم, ئێستا تۆبە دەكات و بە پێویستی دەزانێت بۆ مرۆڤایەتی, ئێستا سۆسیالزم وەك بەرنامەیەكی ئابووری بۆتە ئەلتەرناتیڤی ئەنتەرناسیۆنالی سستەمی سەرمایەداری, لە هەموو شوێنێك بوونی هەیە و سنور ناناسێت و نازانێت وەك ترامپ لە میامی رایگەیاند,  گرنگترین ئەو هۆكارانەی پاڵنەری ترامپن بۆ راگەیاندنی شەڕی جیهانی دژ بە سۆسیالزم ئەمانەی خوارەوەن:
1- لە ناو ئەمەریكا تەواوی پارتە سۆسیالست و ماركسی و شیوعیەكان لەدوای بە دەسەڵات گەیشتنی ترامپ لە روی ئەندامگیرییەوە گەشەی بەرچاویان كردووە, نموونە پارتی سۆسیالست دیموكرات ژمارەی ئەندامانی بۆ 18ی دیسەمبەری 2018 گەیشتۆتە 55 هەزار ئەندام, 900% گەشەی كردووە, لە زۆربەی هەرێمەكان ستافی گەنج و چالاكیان هەیە بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان, لە گەڵ حیزبی شیوعی و پارتی ئەلتەرناتیفی سۆسیالستی نزیك 65000چالاكوانیان بۆ پارتی دیموكرات زیاد كردووە لە هەڵبژاردنەكان بە تایبەتیش بەهێزكردنی باڵی پێشكەوتنخواز, ئەم 3 پارتە باوەڕیان وایە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیان لە ریزەكانی پارتی دیموكرات بەرنە پێشەوە.
2- كیشما سوانت 35 ساڵەی بە رەچەڵەك هیندی لە شوباتی ساڵی 2013 بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی شاری  سیاتل لەسەر لیستی پارتی ئەلتەناتیفی سۆسیالستی"ترۆتسكیست", ناوبراو هەرچەندە تەنها بوو وەلێ توانی 15 دۆلار بۆ سەعاتێكی كار بسەپێنێت لە شارەكەی خۆیدا, لە ساڵی 1916ەوە  یەكەم ماركسییە لەم شارە دەیباتەوە, بۆ ئەوكات 6 ساڵ لەمەوپێش  ئەمە خەون بوو, لێ لە هەڵبژاردنی نۆڤەمبەری ئەمەریكا پارتی سۆسیالستی دیموكراتی ئەمەریكا 104 پۆستی بردەوە لەناویاندا دوو پۆستی كۆنگرێس, بەمەش ژمارەی پۆستەكانی بۆ 139 پۆست بەرز بوەوە, لە گەڵ  هەڵبژاردنەكاندا ژمارەی پۆستەكانی دەچێتە سەر و زیاتر ریشە لەناو دەزگاكانی حكومەت دادەكوتێت, دوو ئەندامەكەی كۆنگرێس كێشەی زۆریان بۆ ترامپ لە راگەیاندنەكان دروست كردووە, بۆیە ترس هەیە ئەم هەڵكشانە  بەردەوام بێت.
3- لە دوا هەڵبژاردنی كۆنگرێسدا 104 كۆنگرێسمانی پێشكەوتنخواز لە لیستی دیموكراتەكان دەرچوون, هەندێكیان بە نزیكایەتی لە شیوعییەكان و ماركسییەكان ناسراون,  بۆچونەكانیان لە داواكارییەكانی بیرنی ساندەرز و سۆسیالستەكان نزیكە وە تا هەنووكە ئەو دیموكراتانەی خۆیان پاڵاوتووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار تەرحەكانیان نزیكە لە پێشكەوتنخوازەكانەوە, بەشێوەی گشتی تێكەڵەیەك لە بیری سۆسیالستی و پێشكەوتنخوازی باڵی بەسەر ژینگەی بەرنامەكانیان كێشاوە.
4- ئۆكاسیۆ كۆرتیز لە گەڵ رەشیدە تڵێب ئەندامانی پارتی سۆسیالست دیموكرات بۆنەتە ئەندامی كۆنگرێس, كۆرتیز گەنجترین ئەندامی كۆنگرێسە و سۆسیالستخوازێكی پەیگیرو كەلە رەق و ئازایە, بۆتە ئەستێرەی سەر كەناڵەكانی راگەیاندن, ئێستا دوای ترامپ  خاوەند زۆرترین جامەوەر و پشتیوانی خەڵكیە لە سەرتاسەری ئەمەریكا و جەماوەری لە هەڵكشاندایە.
5- بە پێی راپرسی دەزگای گالوب , كەمتر لە نیوەی گەنجانی تەمەن 18 بۆ 29 ساڵ هەڵوێستی باشیان هەیە لەسەر سستەمی سەرمایەداری ,  رێژەی گەنجان  كە بە پۆزەتیف سەیری سەرمایەداری دەكەن لە 68%ەوە لە ساڵی 2010 ەوە دابەزیووە  بۆ 57% لە ساڵی 2016بۆ 45% لە ساڵی 2018, واتا لە ماوەی 8 ساڵدا بە رێژەی  323% دابەزیووە, ئەو گەنجانەشی بە باشە سەیری سۆسیالیزم  دەكەن گەیشتۆتە 51% , واتا پشتیوانی  سۆسیالیزم لەناو گەنجان  6 خاڵی زیاترە لە سەرمایەداری, لێ لەناو سەرجەم ئەمەریكیەكان  بە رێژەی 56% پشتیوانی لە سستەمی سەرمایەداری دەكرێت, بەڵام  لەناو دیموكراتەكان و بێلایەنەكان لەسەرجەم تەمەنەكان 57% بە باشە سەیری سۆسیالزم دەكەن.
هاوكات بە  پێی راپۆرتێك پێگەی  ئەكسیۆس بڵاوی كردۆتەوە, لەناو دەنگدەرانی پارتی دیموكرات لە هەرێمی ئەیوا سۆسیالزم زۆرینەیە, بۆیە لە ژینگەیەكی وا دا زەحمەتە دیموكراتە پێگەی سیاسی ناوەند و دەوڵەمەندەكان بتوانن بچنە پێشبڕكێی سەرۆك كۆمارییەوە. 
ئەم راپرسی و ئامارانە  مەترسیدارن بۆ سستەمی سەرمایەداری ئەمەریكی , تەنانەت رقی خەڵك لە ۆڵستریت گەیشتۆتە ئاستێكی بەرز, بە هەڵكشانی سامانی ملیاردێرەكان رقە چینایەتیەكان زیاد دەكات و متمانە  بە سستەمی سەرمایەداری دادەبەزێت, بزووتنەوەی ۆڵ ستریت داگیر بكەن لە ساڵی 2011 نموونەیەكی سەرەتایی بوو, ئیتر 99%ی كۆمەڵگا بەرەی خۆیان لە گەڵ 1% و  99,99% لە گەڵ 0,01% جیاكردۆتەوە, لێكگرێدانەوەی ئەستەمە لە كاتێك 3 هەرە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا سەروەت و سامانیان زیاترە لە داهاتی نیوەی هەژاری هاووڵاتیانی وڵاتەكە كە بە بەهەشتی خەونەكان ناسراوە.
6- خۆ كاندیدكردنەوەی بیرنی ساندەرز كە پێشتر لە ساڵی 2016ەدا زۆرینەی گەنجان و  زیاتر لە 13,5 ملیۆن كەس دەنگیان پێ دا, لە 9 یەكەم كاتژمێر خۆكاندید كردنەكەی  6 ملیۆن دۆلار كۆمەكی لە 225 هەزار بەخشەر  كۆكردەوە لە كرێكاران و قوتابیان و هاووڵاتیانی هەژار,كە بێوێنەیە لە مێژووی ئەمەریكا, هاوكات چاوی لەسەر كۆكردنەوەی ملیۆنێك خۆبەخشە بۆ ستافی بانگەشەی هەڵبژاردن, ئەو كۆمەك لە كۆمپانیا زەبلاحەكان و ملیاردێرەكان رەت دەكاتەوە, كاندیدكردنی ساندەرز  تەكانێكی دیكە بە بڵاو بونەوەی بیری سۆسیالزم لە كۆمەڵگای ئەمەریكا دەدات ئەگەر بە ناتەواویش بێت, كە ئێستا یەكێكە لەو وشانەی زۆرترین گەڕان بۆی هەیە لە گۆگڵ و شوێنەكانی دی لە وڵاتەكە.
كەواتا سۆسیالزم لەو وڵاتەی  رۆژێك ئومێد نەبوو ببێتە رێبازێكی سیاسی كۆمەڵایەتی ئەمرۆ لەناو كۆنگرێس و دەزگاكانی حكومەت و سەر كەناڵەكانی راگەیاندنی ناوخۆیی و شەڕی هەڵمەتی هەڵبژاردنی  پۆستی سەرۆك كۆمارییە, ئەمرۆكە لەناو زانكۆكان و لەناو دڵی گەنجانە و لە بەرزبونەوەی بەردەوامیشدایە, بۆیە شەڕەكە شەڕێكی بێ هودەیەو سۆسیالزم دوارۆژی مرۆڤایەتییە.
7- ترامپ لە هەڵمەتەكەی مەیامی سەرباری غەرق بون لە فاشیزم وەك ملیاردێرێك, هاوكات گەڕایەوە بۆ عەقیدەی مۆنرۆی ساڵی 1823 ی ئەمپریالستی, بە پێی ئەو عەقیدەیە بێت ئەمەریكای لاتین موڵكی تایبەتی ئەمریكایەو دەبێت خۆی تەنانەت شێوازی دەسەڵاتەكەی دیاریبكات بۆ وڵاتەكانی , وەك لە میامی رایگەیاند سۆسیالزم لە ئەمەریكای لاتین جێگای نابێتەوە, 
"سەرۆك جیمس مۆنرۆ لە ساڵی 1823 بۆ بەرەو روبونەوەی داگیركاری فەرەنسا و بەریتانیا بۆ ئەمەریكای لاتین دوای رزگاربونیان لە داگیركاری ئیسپانی باوەڕی مۆنرۆی داهێنا, بە پێی ئەم باوەڕە ئەمەریكای لاتین بە موڵكی ئەمەریكا دەزانن لە ژێر دروشمی ئەمەریكا بۆ ئەمەریكییەكان , لە نێوان 1846 بۆ 1848 مەكسیك نەك تیكساس بگرە كالیفۆرنیای سەرو و نیومەكسیكۆ و ئۆتاواو نیڤادا و ئەریزۆناو كوالادۆری رۆژئاوای لە دەست دا بۆ ئەمەریكا , لە نێوان ساڵانی 1898 بۆ 1994 دا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا  41 حكومەتی لە ئەمەریكای لاتین روخاند كە 17یان بە  بەشداری سەربازی  راستەوخۆ بوو", لێ ئەم هەوڵەی ترامپ بێهودەیە كە سۆسیالزم لە ئەمەریكای لاتین داببڕێت, بزاوتەكە بزووتنەوەیەكی جەماوەری رەگ داكوتاوە نەك پارتی مۆز وەك ئەوروپای رۆژهەڵات لە شەو رۆژێكدا هەرەس بهێنن, سۆسیالزم بەشێكەلە كلتوری ئەمەریكای لاتین و لە ریشە دەرهێنانی ئەستەمە.
ئەم شەڕەی ئەمجارەی ترامپ دژ بە سۆسیالزم دیوارەكان تیایدا ناروخێن, شەڕی مێشك و گیرفانەكانە, بۆیە سەركەوتن تیایدا ئەستەمە, تا گیرفانەكان زەبلاحتر بن, پروپاگەندەی ئازادیخوازی گاڵتەجاڕتر دەبێت, تاكە رێگا بۆ بەرگرتن بە گەورەبوونی زیاتر سۆسیالزم تا نەگەیشتۆتە بەرهەم هێنانی مرۆڤێكی باڵاتری بایەلۆجی سۆسیالزمێكی ئینسانییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە