هێقە ئاڵتونییەكان دافوس چییان لە هەژارانی جیهان دەوێت؟

Thursday, 24/01/2019, 21:38


لە كاتێكدا  جیهان بە قۆناغی تەڵەی سۆسیدیدیس دا تێدەپەڕێت, بەوەی سەركردایەتی جیهانی ئاڵوگۆڕی پێبكرێت, چین لە دەرگای هاتنە ژورەوەدایە و ئەمەریكاش نازانێت چۆن فەرمووی لێبكات, ئاشتی یان شەڕ, هەرچەندە لە سەدەی رابردوو تەڵە سۆسیدیدیسسەكان بە ئارامی رۆیشتوونە, بەریتانیا بە ئارامی جێی هێشت بۆ ئەمەریكی و سۆڤیەتییەكان, سۆڤیەتیش بۆ ئەمەریكای بێ قڕە چۆڵی كرد, پڕۆژە زەبلاحەكانی  مێد ئین چاینەی 2025  و  پشتێن و رێگا و گەیشتن بە بەشی تاریكی سەر مانگ و گەشەسەندنەكانی كۆمپانیاكانی هەواوی و عەلی بای و شیاومی و ..... و گەشەی پیشەسازی زیرەك و راگەیاندنی هەر رۆژەی داهێنانێك لە بواری پیشەسای زیرەك و سەربازی و گەیاندن بەتایبەت جی 5 و كاركردن لەسەر جی 6, ئەمەریكای خستۆتە ناو تارمایی تاڵی گومانی تەڵەی سۆسیدیدیسەوە, ترسی لە دەستدانی سەركردایەتی جیهانی دایگرتووە, بەوەی وەك پۆتین وتەنی ئەوەی سەركردایەتی پێشەسازی زیرەك بكات سەركردایەتی داهاتووی جیهان دەكات, لەم كاتەدا جیهان خەریكی چین و ئەمەریكایە و ململانێكانیان هەمووانی بە خۆیەوە خەریك كردووە, كەچی سەركردەكانی ئەوانیش بەشداری كۆبونەوەی  عەولەمە 4 ناكەن لە دافوس, لە كاتێكدا خۆیان ململانێیانە لەسەر سەركردایەتی شۆڕشی 4ی پیشەسازی, ئەسڵی كێشەكانن.
جیهان  بەهۆی زیرەكی  دەستكردەوە لە بەردەم ئاڵوگۆڕی هێزەكانە, لە نێوان براوەی نوێ و دۆڕاوی نوێ, وڵاتان, كۆمپانیاكان, كۆنە بەناو بانگەكانی وەك  كۆداك و بەریتانیا و فەرەنسا  دەڕۆن, ئەپڵ و ئەمازۆن و مایكرۆسۆفت و عەلی بابا و چین و هیند و بەرازیل دێن, عەولەمە لە پاشە كشەدایە, ناسیۆنالیزمی ئابووری لە پەرەسەندندایە, سەرمایەگوزاری لە كەرتە پێشكەوتووەكانی پیشەسازی بەربەست لەبەردەمی دروست كراوە, شەڕی بازرگانی لە نەشونمادایە,متمانە بە حكومەتەكان نەماوە , بە پێی راپرسی ئەدلمان ترێست, دانیشتوانی 20 وڵات لە كۆی 28 وڵات كە راپرسی تێدا كراوە متمانەیان بە حكومەتەكانیان نەماوە, متمانە  بە سەرمایەداری  تەنانەت لە وڵاتێكی وەك  ئەمەریكاش لاواز بووە, بە پێی راپرسی دەزگای گالوپ, كەمتر لە نیوەی گەنجانی ئەمەریكی  تەمەن لە نێوان  18 بۆ 29 ساڵ هەڵوێستی باشیان هەیە لەسەر سستەمی سەرمایەداری,  رێژەی گەنجان  كە بە پۆزەتیف سەیری سەرمایەداری دەكەن لە 68%ەوە لە ساڵی 2010 ەوە دابەزیووە   بۆ 57% لە ساڵی 2016  و  بۆ 45% لە ساڵی 2018, واتا لە ماوەی 8 ساڵدا 323% متمانە بە سستەمی سەرمایەداری دابەزیووە , ئەو گەنجانەشی بە باشە سەیری سۆسیالیزم دەكەن رێژەیان  گەیشتۆتە 51%, واتا لایەنگیری سۆسیالیزم 6 خاڵی زیاتر بووە لە سەرمایەداری , هەرچەندە هێشتا  سەرجەم ئەمەریكیەكان  بە رێژەی 56% پشتیوانی لە سستەمی سەرمایەداری دەكەن, بەڵام  لەناو دیموكراتەكان و بێلایەنەكان لەسەرجەم تەمەنەكانیان  57% یان بە باشە سەیری سۆسیالزم دەكەن.
لە 22ی ئەم مانگەوە  3100 لە دەستە بژێری سیاسی و ئابووری جیهانی لە دافوس وەك 40 ساڵی رابردوو كۆبونەتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سستەمی سەرمایەداری, ئەو كێشانەی تا ئێستا بەشداربووان قامكیان لەسەری دانەناوە, بۆیە چارەسەرەكەشیان نەدۆزیوەتەوە.
كۆڕبەندی دافوس دەسەڵاتێكی شاراوەی هەیە, ئەجندای بازاڕەكان دیاریی دە كات بۆ رزگار بوون لە قەیران, لە راستیدا نەك  قەیرانی هەژاری و نا یەكسانی و ژینگە و جیاوازی جێندەری چارەسەر ناكات وەك ئیدعای دەكەن, بگرە قولی دەكاتەوە, چونكە كۆبونەوەكە خودی خۆی بۆ رزگاركردنی سستەمی سەرمایەدارییە لە قەیرانەكان كە سەرچاوەی ئەو دەردو مەینەت و كێشانەن. 
دابەزینی رێژەی گەشەی ئابووری  جیهان بە تایبەت چین, زیادبوونی نایەكسانی ئابووری, مەترسی ژینگە, ئاڵۆزی سیاسی,  زیرەكی دەستكرد, شەڕی بازرگانی و بەدەسەڵات گەیشتنی حكومەتە راستگەرا پۆپۆلیستەكان..... گەشەی خەباتی چینایەتی , .... ئەمانەو زۆر كێشەی دیكەی بەرۆكی بە دافوسچییەكان گرتووە.
داڤۆس دەزگایەكە كاری پاراستنی سستەمی جیهانە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی ملیاردێرو كۆمپانیا فرە نەتەوەییەكان, بۆیە ناتوانێت دەست بۆ كرۆكی كێشەی پرۆلیتاریا و بریكاریا ببات كە كێشەی نایەكسانییە, وەلێ كاتێكی گونجاوە بۆ ژوانی پیاوانی سیاسەت و پیاوانی ۆڵستریت و كۆمپانیا زەبلاحەكان, لە دوری ژاوە ژاوی راگەیاندنەكان بە ئارامی گوێ بۆ  دەردە دڵی یەكتر بگرن و سەفقاتی ئابووری واژۆ بكەن.
دافوسی 2019  لە ژێر دروشمی " بەرەو چارەنوسێكی هاوبەش لە جیهانێكی پارچە پارچەدا " بەڕێوە دەچێت, كە خودی ئەوانەی سەرچاوەی پارچە پارچە بوون و نا یەكسانیەكەن بەشداری ناكەن, ترامپ كە هەڵگری دروشمی یەكەم بۆ ئەمەریكایە  بەهۆی داخستنی حكومەتەوە , تیریزای مای بەهۆی شكستەكانی برێكسەوە , ماكرۆن بەهۆی شۆرشی ئێلەگ زەردەكانەوە, مۆدی بەهۆی دۆڕانەكانی لە هەڵبژاردنی 3 هەرێمەوە, روسەكان بەهۆی  ئابلوقەی ئەمەریكاوە ... بەشداری دافوس ناكەن.
هاوكات ئەمساڵ فاشیستێكی وەك جایر بولسۆنارۆ سەرۆكی بەرازیل بەشداری دەكات, دەیەوێت بەهۆی دروشمی لە رەگ دەرهێنانی ماركسیزمەوە لە بەرازیل  تەواوی دەستكەوتەكانی هەژاران بتاوێنێتەوەو لە بیمە و دەستكەوتی بە سفر كردنی هەژاری سەرۆك لۆلا بێبەشیان بكات, هەژاران هەژارتر بكات, ئەو بە هەڵگرتنی دروشمی  ئابووری نەتەوەیی دژ بە دروشمی سەرەكی ئەمساڵی دافوسە , بە  بڕینەوەی دار لە ئەمازۆن  دەیەوێت مرۆڤایەتی بەرەو چارەنوسێكی نادیار ببات, دەبوایا ئەو وە ترامپ بەهۆی  كشانەوەیان  لە  رێكەوتنی ژینگە بانگی كۆڕبەند  نەكرابایان ئەگەر بە راستی لە گەڵ پاراستنی ژینگەدان.
جیاوازی چینایەتی ئەمڕۆ لەهەموو كات و ساتێكی نیو سەدەی رابردوو زیاتر  بۆتە كێشەی مرۆڤایتی لە بەشێكی زۆری  جیهاندا, رۆژ لە دوای رۆژ ئەم جیاوازییە لە بەرزبونەوەدایە, شۆرشی پیشەسازی زیرەك" زیرەكی دەستكرد"  زیاتر بەرەو هەڵكشانی دەبات, راپۆرتە ساڵانەكانی ئۆكسفام و مشتومڕەكانی دافوس بونەتە تیرمۆمەتری سەرمایەداری جیهانی, لە رێگەیەوە دەتوانین  لە ئەحواڵیان بزانین و ئاگداری گیرفان و قازانج و ترس و دڵەراوكێكانیان بین, ئەوان جار جارە لە كەناڵەكانی خۆیانەوە  باسی خزمەتی مرۆڤ  و دادپەروەری و پاراستنی ژینگەو نەخوێندەواری و نەخۆشی  دەكەن, وەلێ ساڵ لە دوای ساڵ سفری پارەكانیان زیاد دەكات و دەبنە سەرچاوەی زیادبونی نایەكسانی لە جیهاندا, ئەو دەستەبژێرە كە باسی چارەسەر دەكەن, بۆ خۆیان سەرچاوەی كێشەكانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتین, بەناوی مافی داهێنانەوە سەرچاوەی گرانی دەرمان و نەخۆشی بەردەوام و پیسی ژینگەو تاڵان كردنی رەنجی كارو سامانی سەر زەمینی  ژێر زەمینی ئەم گەردونەن. 
41ساڵە  سەرمایەدارانی جیهان لێرە لەم دافوسە بچكۆلانەیە, لە پەنای چیای ئەڵپ و لەناو بەفری ئەم شارە رەنگینە لە هۆڵ و ژورە گەرمەكانەوە كۆدەبنەوە, سیاسەتێكی رەش لەو شارە سپییەوە بۆ جیهان دادەڕێژن, كۆدەبنەوە   بۆ باسكردنی كێشەكانیان و لە رێگرییەكانی بەردەم كەڵەكەكردنی سەرمایەو دەرباز بوون لە قەیرانەكان , ساڵ لە دوای ساڵ بە پارەی زیاترو خانوی گەورەتر و كەشتی جوانترو هاوسەری گەنجتر و ئۆتۆمۆبیلی مۆدێل باڵاترەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەم بەهەشتە زستانیە, كەچی بەردەوام  باسی قەیرانیش دەكەن,  وەلێ  هەر غەمبارن و ناڕازین لە بەش و دەسەڵاتیان, شەوە دەنە دەم رۆژەوە بۆ كۆكردنەوەی زیاتر, كەچی باسی دادپەروەریش هەمیشە لەسەر زاریانە, لە  هەر 5  دۆلاری ئەم جیهانە 4ی لە گیرفانی  ئەماندایە, كەچی مستەری ملیاردێر لە گەڵ  ملیاردێردا گفتوگۆی ژیانی  كرێكاران دەكەن,باسی لانی كەمی كرێ و نا یەكسانی و كارە خێرخوازییەكانیان دەكەن, بە وتەی خۆیان كێشەی هەژاری چارەسەردە كەن, هەرچەندە ئەوەی هەیانە زۆر زۆر  زیاترە  لە نرخی چارەسەری هەژاری, نەخوێندەواری, نەخۆشی, كێشە كۆمەڵایەتییەكان, چارەسەری ژینگە, جێندەر...... كێشەی ئاو و تەوالێت و پیسی ژینگە و مردنی ژنان و ......دەیان دەردو ئافات كە سستەمەكەیان سەرچاوەین لە جیهاندا, وەلێ هەر حەكایەتی لەسەر گەرمە كەن كەچی  لەو رۆژەی كۆڕبەندی  دافوس دامەزراوە, جیهان بەرەو خراپتر دەڕوات و كێشەكان گەورەتر دەبن, جیاوازییەكان زۆرتر, هاوكات رۆژ لە دوای رۆژ بەشداربوانی دەوڵەمەندتر دەبن, لە پاڵیا ماوە ماوە كونجێكی جیهان دە كەنە جهەنەم بۆ ئەوەی جهەنەمەكان دیكەی پێ جوانتر بكەن و چەكەكانیانی پێ تاقی بكەنەوە.
كۆبونەوەی ئەم گروپە 3100 كەسیە كە 2019 كەسیان هاووڵاتی ئەوروپای خۆرئاواو ئەمەریكاو كەنەدان, تەنها 22%یان ژنن, كۆبونەوەی دەستبژێری سیاسی و  ئابوری جیهان و  ملیاردێرەكان و بەڕێوەبەری بانكەكان و سیاسەتمەدارانی سەرمایەدارییە, زۆریان ملیاردێرن,  سەرۆكی 1700  كۆمپانیا بەشداری دەكەن, سەرمایەی كۆمپانیاكانیان لە 5 ملیار كەمتر نییە,هەندێكیشیان سەركردەی ملیاردێرن, هەشیانە دەڵاڵی ملیاردێرەكانن, دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی دافوس كلكیان پێكەوە گرێ داوە, ئێستا زیاتر لە هەر كاتێك ئاشكرایە  دەسەڵاتداران بەرژەوەندی سەرمایەداران دەپارێزن,فاقی تەنافی سستەمی سەرمایەدارین, تەنها ئامرازێكن بۆ شەرعیەت دان بە تاڵانییەكان لە جیهاندا بۆ سستەمی سەرمایەداری, بەشێكی دیكەشیان بەڕێوەبەری راپەڕاندنی كۆمپانیاكانن كە موچەكانیان سەدان جاری كارمەندانی ناو دەزگاكەی خۆیانە وێڕای بەخششەكان و وەرگرتنی پشكەكان" لە هیندستان 0,35  رۆژ بەسە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرێكی راپەڕاندنی كۆمپانیایەك كار بكات, بۆ ئەوەی موچەی ساڵێكی كرێكارێكی ئاسایی وەربگرێت , لە ئەمەریكا 1,56 رۆژ , لە مەكدۆناڵد كرێكارێك پێویستە 3101  ساڵ  كار بكات تا موچەی ساڵێكی بەڕێوەبەرێی راپەڕاندن  وەربگرێت",بەڕێوەبەری راپەراندنی كۆمپیانیا ئەمەریكییەكان كە لە ساڵی 1965 دا  65 جاری كرێكارێكی ئاساییان وەردەگرت, لە ساڵی 1989 بەرزبوەوە بۆ  58 جار, لە ساڵی 2009 ەدا  گەیشتە 200 جار , ئەمساڵ كە بەشداری دەكەنەوە كرێكانیان 312 جاری كرێكارێكی ئاسایی ئەمەریكییە, بە پێی عەقلیەتی بەشداربووانی كۆڕبەندەكەش بێت زۆر ئاساییە, ئەوان زیرەك و داهێنەرو جێنتەڵ مانن شایستەی ئەو موچەیەو ئیمتیازاتەن.
كۆڕبەندەكە  وێڕای ئەوەی زوڵمی ژێندەری تێدایە, كە ژنان تەنها 22%ی بەشداربوانن, هاوكات هەموو ئەفریقا 118 كەس و ئەمەریكای لاتینیش 112 كەس بەشداری تێدا  دەكەن, نزیك بە 65%ی بەشداربووان هاووڵاتی ئەوروپای رۆژئاواو ئەمەریكا و كەنەدان, واتا كۆڕبەندی رۆژئاوایە نەك جیهان.

 هەر یەكە لە بەشداربووان 60 هەزار دۆلاری خۆیان دەدەن بۆ بەشداریكردن" جگە لەوانەی بانگ دەكرێن وەك سەرۆك حكومەت و دەوڵەتەكان, یان پێشكەشكەرانی توێژینەوەكان",كە هاوتایە بەكاركردنی 75 ساڵی كرێكارێكی هیندی و بەنگەلادشی و كەمبۆدی و دەیان وڵاتی دی, لەم دیدارەی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵاتداران,ئاسایشی ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە راستەقینەی جیهان هەزاران چەكداری سویسری دەیان پارێزێت,شارۆچكەیەك  فڕینی ئاسمانی و خۆپیشاندانی سەر زەوی تێدا قەدەغە دەكرێت لە رۆژانی كۆڕبەندەكە, هەرچەندە بریار وایە دیموكراسی راستەوخۆكەی سیوسرا نموونەیی بێت لە جیهان, بە ناچاری نەیارانی سەرمایەداری  لە دورەوە خۆپیشاندان لە دژیان ئەنجام دە دەن, ئەوان حەز بە بیستنی ژاوە ژاوی نەیارانی سەرمایەداری ناكەن, هەرچەندیشە  گوایە گفتوگۆكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی هەژارییە, وەلێ  ناشیانەوێت راستەوخۆ گوێبیستی داخوزی هەژاران بن.

ستیف بانون راوێژكاری راستگەرای دەركراوی ترەمپ, یەكێك لە مۆرە گرنگەكانی راستیزم و ئابووری نەتەوەیی لە جیهان,  ئەگەر هیچ  وتەو وشەیەكی راست نەبووبێت تا هەنووكە, ئەو وتەیەی راست بوو كە  لە ساڵی 2014 وتی" كرێكارانی جیهان بێزار بوون بڕیار  لە گروپێك لە دافوس وەربگرن", لە راستیدا هەموو بڕیارەكانی جیهان لە چەند كۆڕو كۆبونەوەیەكی واوە وەردەگرترێت, وەلێ  رو لە كرێكاران نییە بڕیارەكان رو لە سەرمایەدارانە بۆ چۆنیەتی بەرەو روبونەوەی كرێكاران.
پاپا فرانسیسیش بێزاری خۆی لە بەرز بونەوەی جیاوازی چینایەتی بۆ بەشدارانی دافۆس دەربڕی, وەلێ  بێزاریەكەی  نابێتە جێگای پێشوازی بەشداربووان بە ئاستی دابەزاندنی باج لە لایەن ترامپەوە لە ساڵی 2018ەدا  لە 35% ەوە بۆ 21%, ملیاردێرەكان سوپاسی ترامپیان كرد بۆ كەمكردنەوەی باج, لە نەیاری ترامپەوە بونە دۆستی نزیكی, هەواڵی ئەم مزگێنیەی حاكمە ملیاردێرەكە خۆشی بڕیاری ساڵ و دەیە بو بۆیان,ئەوان مردون بۆ سیاسەتی ئابوری ترامپ چونكە دەربڕی بەرژەوەندییە چینایەتییەكانیانە,  بەڵام نەیاری سیاسەتین كە زیان بە بەرژەوەندیەكانیان دەگەیەنێت, پێچەوانەی ئۆباما دژ بە بڕیارە ئابوریەكانی بوون شەیدای سیاسەتەكەی بوون, ئەوەبوو ساڵی 2018 بووە ساڵی قازانجی زیاتری سەرمایەداران و بەرز بوونەوەی بازاڕی پشك و دراو, ساڵی خێرو بەرەكەت بۆ سەرمایەداران بە گشتی وە ئەمەریكا بە تایبەتی.

راپۆرتی ئەمساڵی ئۆكسفام 2019 "  ئۆكسفام تۆڕی رێكخراوە خێرخوازییەكانە  بۆ كەمكردنەوەی  هەژاری لە ساڵی 1942 لە بەریتانیا دامەزراوە "  كە رۆژێك پێش دەستپێكردنی دانیشتنەكانی دافوس بڵاو كرایەوە واتا لە 21ی جەنیوەری 2019,  ئاگری بەردا لە جەستەی كۆبونەوەكە, بەوەی ئەمساڵ  سەروەت و سامانی تەنها 26 كەس لە ملیاردێرەكانی جیهان , هاوتایە  بە سەروەت و سامانی 3800 ملیۆن كەسی هەرە هەژاری جیهان , واتا نیوەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان, پارساڵ سەروەت و سامانی  42 ملیاردێر یەكسانە بە سەروەت و سامانی 3,8 ملیار مرۆڤی هەژار لە جیهاندا,2017 ئەم ژمارەیە 61 كەس و ساڵی 2016  تەنها 86 كەس و ساڵی 2009  بریتی بوو لە 390 كەس, بەم شێوەیە  دەبینین ساڵ بە ساڵ  ژمارەی ملیاردێرەكان لە كەمبونەوەدان و  ژمارەی هەژارە هاوتاكانیان لە بەرزبونەوەدایە, راپۆرتەكانی ئۆكسفامیش ساڵانە گڕی گەرماكەی كۆڕبەندەكەو  كاردانەوەكان لە بەرامبەری  بەتینتر دەبێت بە بڵاوكردنەوەی ئامارەكانی , وەلێ ناتوانێت هەرەس بە بەفری دافوس  بهێنێت, تا ئەوكاتە لایەنی بەرامبەر 3,8 ملیارەكە لە پێناو خۆیاندا نەیەنە مەیدان, چارەسەر لای ئۆكسفام نییە., بەڵكە لە هاتنە مەیدانی سەربەخۆدایە .
لە سەرەتای ساڵەوە تا رۆژی دەستپێكی كۆڕبەند واتا 22ی جەنیوەری , لە ماوەی ئەم 21 رۆژەی پێش كۆربەندەكە, سەرمایەی  ئەو 26 كەسە ,كە 17یان ئەمەریكین , 2  فەرەنسی , یەك مەكسیك, یەك هیندی, 3 چینی , یەك هۆنگ كۆنگ (چین)ین , كۆی گشتی لە ئێستادا تا دەستپێكی دافوس 2019  خاوەند 1357,3  ملیار دۆلارن, كە  لەسەری ساڵەوە  73,599 ملیار دۆلار سەرمایەكەیان زیادی  كردووە, واتا رۆژانە 3,3454 ملیار دۆلار چۆتە سەر سەرمایەی ئەم تەنها 26 كەسە,  بۆیە ئەگەر ئەمرۆ ئامارەكە نوێ بكرێتەوە , ژمارەكە دەبێتە 24  كەس , لەو 26 كەسە جگە لە دوویان ئەوانی دیكە  هەموو قازانجیان كردووە, تەنها  خاوەندی ئەمازۆن جیف بیزۆس 15,4  ملیار دۆلاری دەست كەوتووە , بیل گیتس 4,98 ملیار دۆلار" ئامارەكان دواین رێكخستنی تایبەتی خۆمن".
ساڵی 2018 سەروەت و سامانی ملیاردێرەكان بە رێژەی 12%  چووە سەر, كۆی گشتی 900 ملیارد  دۆلار قازانجیان كردووە, واتا رۆژانە 2,5 ملیار دۆلاریان دەستكەوتووەو دوو رۆژ جارێكیش ملیاردێرێكی نوێ لە دایك بووە , لە  بەرامبەردا سەروەت و سامانی 3,800 ملیار كەس كە نیوەی دانیشتوانی جیهانە , بە رێژەی 11% دابەزیووە.
هاوكات له  18,1 ملیۆنێری جیهان , سەرمایەكەیان  بە رێژەی 10,6%  زیادیكردووە  گەیشتۆتە 70,2 ترلیۆن دۆلار لە ساڵی 2017 , پێشبینی دەكرێت لە ساڵی 2025  دا, سەرمایەكەیان بگاتە  100 ترلیۆن دۆلار, كە لە ساڵی 2010  دا  42,2 ترلیۆن دۆلار بووە, لە ساڵی 2008 دا تەنها 32,8  ترلیۆن دۆلار بووە, واتا لە 10 ساڵی رابردوو زیاتر لە 110% زیادی كردووە,بەڵام ئەوملیۆنێرانەی  30 ملیۆن دۆلار زیاتریان هەیە, سەرمایەكەیان پارساڵ بە رێژەی  12% گەشەی كردووە  بووە بە  24,5 ترلیۆن دۆلار, ژمارەیان تەنها 174000 كەسە.
ئەمە لە كاتێكدایە گیرفانی ئەوان پڕتر دەبێت, كەچی قەرزی جیهانی گەیشتۆتە 244 ترلیۆن دۆلار , واتا 318%ی داهاتی نەتەوەیی جیهان.
  پیاوانی دافوس  ساڵ  لە دوای ساڵ بەهۆی زیادبوونی سەرمایەكانیانەوە دڵخۆشتر دەبن, ئەم كۆبونەوەیە  بۆ رێكەوتن و سەفقاتی ئابووری سیاسی بەكار دەهێنن, سەیر بكەن لە 10 ساڵی رابردوو كە بە ساڵەكانی قەیرانی دورو درێژی سەرمایەداری دەناسرێت , ئەمان مێش مێوانیان نەبووە, ژمارەكان وا دەڵێن نەك دروشمەكان, هەمیشە ژمارەو سەرمایەكەیان زیادی كردووە, لە ساڵی 2009 ژمارەی ملیاردێرەكان 793 كەس بووە, كە خاوەندی 3,6 ترلیۆن دۆلار بوونە, لە ساڵی  2018 بوونە بە 2208 ملیاردێرو  خاوەند 9,1 ترلیۆن  دۆلار, ژمارەیان 359%  و سەرمایەكەشیان 396% زیادیان كردووە.


ساڵی 2000ژمارەی ملیاردێرەكانی جیهان تەنها 470 كەس  و سەرمایەكەشیان 898 ملیار دۆلار بووە, لەوساوە سستەمی سەرمایەداری جیهانی چەندین قەیرانی درێژخایەنی توندی بڕی, وەلێ ئەمان لە روی ژمارەو  سەرمایەوە هەر زۆربوون و دەوڵەمەندتر بوون, لە كاتێكدا جان بۆل غیتی بەریتانی لەپەنجاكانی سەدەی رابردوو بووە یەكەم ملیاردێر لە جیهاندا, ساڵی 2019 ژمارەیان  بەرەو 2500 دەڕوات.
10 لە یەخە ئاڵتونییە ملیاردێرەكان كە بەشدار بوون لە دافوسی 2009 كە ئەمساڵیش  بەشداری دەكەنەوە, سەرمایەكانیان 6 جار زیادی كردووە , خاوەندی فەیس بووك سەرمایەكەی لە 10 ساڵی رابردوو لە 3 ملیار دۆلارەوە   بۆ 55,6 ملیار دۆلار بەرز بۆتەوە واتا 1853% گەشەی كردووە,ستیف شوارزمان سەرۆكی كارگێڕی گروپی بلاكستۆن سەرمایەكەی لە 2,1 ملیار دۆلارەەوە  بۆ 10,1 ملیار دۆلارزیادیكردووە .....
بە پێی راپۆرتی ساڵی 2018ی ئۆكسفام  82%ی زێدەی سەروەت و سامانی بەرهەم هاتوو لە ساڵی 2017  بۆ 1%ی كۆمەڵگا بووە, 99%ەكەی تریش بە هەر هەمویانەوە  18%یان بەركەوتووە,لە هیندستان 1% تەنها 73%ی بەركەوتووە,  لەوەش زۆر وڵات دەست بەتاڵ دەرچوونەو لە زێدەی سەروەت و سامان  هیچیان لە نیعمەتی گەشەی ئابوری و سەروەت و سامانی جیهان بەر نەكەوتووە, لە  ساڵی  2010 ەوە  كرێكاران كرێكانیان تەنها 2% زیادی كردوە, كەچی ملیاردێرەكان داهاتیان 13% چۆتە سەر, لە نێوان 1980 بۆ 2016 , 50%ی هەرە هەژارە دانیشتوانی جیهان 12 سەنتیان لە هەر دۆلارێكی داهاتی جیهان بەدەست هێناوە, كەچی 1%ی هاووڵاتیانی دەوڵەمەندی جیهان 27 سەنتیان بەدەست هێناوە.
ئەمەش هۆكاری ئەوەیە  رۆژ لە دوای رۆژ قڵشتی چینایەتی  لە جیهاندا دەچێتە سەر, بە پێی راپۆرتی جیاوازی داهاتی ساڵی 2018, 1%ی دەوڵەمەندە ئەمەریكیەكان داهاتیان لە 11% ەوە لە ساڵی 1980 بۆ 20% لە ساڵی 2014  بەرز بۆتەوە, لە روسیا لە 4% لە ساڵی 1980 بەرز بۆتەوە  بۆ 20% لە ساڵی 2015, لە چین 6% لە 1978  بۆ 14% لە 2015, ئەمەش پێچەوانەی ئاستی ژیری قەڵەم بەدەستانی بۆرژوازی كوردە كە وا دەزانن دیاردەی هەژاربوون  تەنها كوردستانییە,بە پێی ئاماری ناوەندی جیهانی نایەكسانی بۆ ساڵی 2018,  لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 10% دەوڵەمەندەكان  خاوەند 61% سامانن ئەمەش بەرزترین رێژەی نایەكسانییە لە ئاستی جیهان, كە هەرێمەكەی خۆمان بەشێكە لێی, لە هیندو بەرازیل و ئەفریقا55 - 54%و باكوری ئەمەریكا 47% و یەكێتی ئەوروپا37%,لە ئاستی جیهانیش1%ی هەرە دەوڵەمەندەكان خاوەند 27%ی سەروەت و سامانی جیهانن, لە ساڵی 1980 تەنها خاوەندی 16%ی بوون,هاوكات لە بەرامبەردا 50%ی هەرە هەژارەكانی جیهان تەنها خاوەند 9%ی سەروەت و سامانی جیهانن. 
ئۆكسفام رێگ گرتن لە هەڵاتن لە دانی باج  و بەرزكردنەوەی كرێی كرێكاران و سنور دانان بۆ موچەو داهاتی بەڕێوەبەری راپەراندنی كۆمپانیاكان بە  رێگا چارەی گونجاو دەزانێت بۆ رێگا گرتن لە بەرز بونەوەی نا یەكسانی, نەك هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی, وەلێ كاتێك ترمپ دەبێتە حاكمی جیهان, پێشنیارەكەی بستێك بڕ ناكات, چونكە حكومەت و چین و كۆمپانیا بونەتە یەك دەستگا, 41 ساڵە ئەم حكایەتە روو لە دافوس و دافوسچییە هێقە ئاڵتونییەكان  دەڵێنەوە, نەیتوانی بە نیو ئەندازەی راپەڕینی ئێلەگ زەردەكان كاریگەری دابنێت و تەخت و تاراجێك بلەرزێنێت, ئەدی كاتێك لە بری راپۆرتە ساڵانەكان برۆلیتاریاو بریكاریای جیهانی قسەی خۆیان بكەن و شەڕی هێقە رەنگاو رەنگەكان بێتە ناو باریكاردو سەر شەقامەكان چی رودەدات؟.
بە پێچەوانەی ویستی ئۆكسفامەكان,باج  لە ساڵی 1970دا بە رێژەی 62% بوو, بۆ 38% كەمبوەوە لە ساڵی 2013, لە وڵاتانی تازە گەشەكردوو 28% و لە وڵاتێكی وەك بەرازیل 10% ەیە.
دەوڵەمەندەكانیش نەك رێژەی باجیان بۆ كەمكراوەتەوە, بگرە  7600 ملیار دلاریان لە 2500 شوێنی جیهان لە باج شاردۆتەوە, بەشێوەی گشتی ئێستا دەوڵەمەندەكان و كۆمپانیاكان باجی كەمتر دە دەن وەك لەوكات, بگرە بە كۆمەڵ وڵاتان بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی باج دەدەن, كەواتا دافوس و ئۆكسفامەكان 41 ساڵە چی دەكەن و چ بەرهەمێك دەدورنەوە .
زیاد بوونی ژمارەی دەوڵەمەندەكان نیشانەی پێشكەوتنی ئابوری نییە, بەڵكە نیشانەی شكستی سستەمە كە ناتوانێت پارسەنگ رابگرێت و بەرئەنجامی گەشەی ئابووری دادپەروەرانە  لە نێوان مرۆڤەكان لە جیهان دابەش بكات, نەك  وەك سیاسییەكانی كوردستان پێیان وابوو بوونی هەزاران ملیۆنێر و 30 ملیاردێر نیشانەی پێشكەوتنی كوردستانە.
لە كاتێكدا 3,8 ملیار كەس هیچیان بەر نەكەوت لە  نیعمەتی گەشەی ئابوری جیهان بگرە قازانج سەری مایەشی خواردووە,تەنانەت كریستین لاغارد بەڕێوەبەری سندوقی دراوی جیهانی وتی"لە 15 وڵاتی جیهانی سێیەم داهاتی تاك دابەزیوە"كەچی لە لایەكی ترەوە  رۆژانە 2 ملیاردێری نوێ  چاو هەڵدەهێنن لەسایەی سستەمی سەرمایەداری جیهانی و ژمارەیان لە ئێستادا گەیشتۆتە 2208 كەس تا سەرەتای ئەمساڵ, كە نزیك 90%یان پیاون, لە كاتێكدا ساڵی 2017 ژنان بایی 10 ترلیۆن دۆلار كاری خۆبەخشیان ئەنجامداوە لە ماڵەكانیان, هەرچەندە ئەمساڵ بەشێك لە دانیشتنەكانی دافۆس ژنان بەڕێوەیان بردو 1%ی بەشداری ژنان زیادیكرد بۆ 22%.




دیاردەی جیف بیزۆس
پارساڵ ئەمساڵ  دوای 7 دەیە  لە دایك بوونی  یەكەم ملیاردێر لە مێژووی جیهاندا, یەكەم خاوەند سەت ملیار دۆلار لە دایك بوو,ئەویش  جیف بیزۆس " 12-1-1964 "ی ئەمەریكی  خاوەنی كۆمپانیای ئەمازۆنە" 5-7-1994 دامەزراوە, نرخەكەی ئەمساڵ ترلیۆنێكی دوای ئەپڵ تێپەڕاند كە دواتر دابەزییەوە, داهاتی ساڵانەی 177,9 ملیار دۆلارە, بیزۆس خاوەند16%ی پشكەكانی  كۆمپانیاكەیە, 550000 ژمارەی هێزی كارێتی,لە ئەمەریكا 12 دۆلار كرێی سەعات كاری كرێكارانێتی , بڕیاری داوە پەیوەست بێت بە كەمپەینی 15 دۆلار بۆ سەعاتێكی كار كە سۆسیالستەكان و  بیرنەر ساندەرز كاندیدی پێشووی سەرۆك كۆماری پشتیوانی لێدەكەن وەك یەكەم سەرمایەداری ئەمەریكا , لە هیندستانیش كرێكارانی مانگانە 233 دۆلار وەردە گرن, واتا كرێكارێك  150 هەزار ساڵ كاربكات ناتوانێت سەرمایەی بیزۆس وەربگرێت نەك كۆبكاتەوە, هەر خولەكێك بە ئەندازەی 12 ساڵی ئەوانی دەست دە كەوێت " تەنها22 رۆژی ئەمساڵ 14,5 ملیار دۆلار دەست كەوتی بووە ,  لە ساڵی 2016   ەوە هاتە ریزی 10 دەوڵەمەندەكەی جیهان و پلەی پێنجەمی بەدەست هێنا,لە ساڵی 2002 لە ریزی 293 ەمین و لە 2006 لە ریزی 147ەمینی ملیاردێرەكانی لیستی فۆربیسدا بووە,   ئێستا ناوبراو  خاوەند    140 ملیار دۆلارە و دەوڵەمەندترین كەسە لە مێژوی مرۆڤایەتی, بە سەرمایەەیەكەی دەتوانێت چارەسەری نەخوێندەواری وبەشێك لە  نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وڵاتانی هەژار  و ژینگەی جیهان بكات.

چین و  دافوس
عەولەمەی  چوار , شۆڕشی پیشەسازی چوار, رێژەی گەشەی ئابووری جیهان و  شەڕی بازرگانی .... ئەمانە  بابەتە گرنگەكانی دافوسی ئەمساڵن , لێرەوە دەچنە نێو پیشەسازی زیرەك یاخود زیرەكی دەستكرد و رۆبۆت و ..., هەمووشی  لە دەورو بەری چین  دەخولێتەوە, ئەگەر بەشداریش نەبێت لەناو ناوەندی بابەتەكاندایە.
چینییەكان 40 ساڵ لەمەوپێش بە شاندێكی چەند كەسی بەشداری دافوسیان كرد, تەنها گوێگر بوون نەك قسە كەر, لە كاتی دگمەندا نەبوبێت قسەیان ناكرد, ئێستا  پێشبڕكێ لەسەر هێزی یەكەم دەكەن لە جیهان , خاوەند  كۆمپانیای زەبلاحی داهێنەر و دووەم هێزی ئابووری و یەكەم هێزی بازرگانی جیهانن, چین  هەفتەی دو ملیاردێری زیاددەكات, كۆمپانیاكانیش لە پێشكەوتنی بەردەوامدان, لە روی داهێنانیشەوە هەنگاوی گرنگی ناوە, بۆیە چین بە شاندە 120 كەسیەكەیەوە كە نزیك 4%ی بەشدار بووانە, بەهۆی ئامادە نەبوونی شاندی ئەمەریكا و بەریتانیا و روسیا و فەرەنسا و هیندەوە , بونەتە بابەتی سەرەكی كۆڕبەندەكە, ئاخر چین 30%ی گەشەی ئابووری جیهان دابین دەكات, شادەماری گەشەی ئابووری جیهانە, بۆیە كرۆِبندی ئابووری جیهانیش ناتوانێت خۆ لەباسكردنی لا ببات, لە كاتێكدا بۆتە ئاڵا هەڵگری داكۆكی لە بازاگانی ئازاد لەمڕۆی جیهاندا.

ملیاردێرەكانی كوردستان

ئۆغستینۆس ئێژێت  لە وڵاتێك  دادپەروەری نەبێت دەبێتە وڵاتی دزان, كوردستانیش وای لێهاتووە دزە گەورەكان لە هەمووان رێزدارترو شەریفترن, بندیواری فەقیر پێی دەڵێن گەندەڵ, سەرمایەداری گەورە كە دز یان شەریكە دزی گەورەیە پێی دەڵێن وەبەرهێن, هەردوكیشیان یەك پرۆسەیان ئەنجامداوە, یەكیان بە خەفیفی ئەوی تریان بە خەستی, وەك سەردەمی شاخ خەفیفە زۆرجار سزاكەی قورستر بوو لە مەفرەزە خاسەی سەقیلە.
دیموكراتیەتی  دو بنەماڵە, دووی بچوكیش لەدایك بوندایە, ئەوانیش وەك ئەمیبا زیاد دەكەن بۆ بنەماڵۆكەی بچوكتر لە ئایندە , وەك دیموكراتیەتی رۆمانی وایە, تەنها بۆ خۆیانە , هەموو شتێكیان بۆ خۆیان و كۆیلەكانیان كۆنترۆڵكردووە.
ئێمە لە كوردستان خاوەند زیاتر لە 30 ملیاردێری ئاشكراو  هەندێكی سیاسی شاراوەین, كەچی ناوی ئاشكراو شاراوەیان  لە لیستەكانی فۆربیس و بلۆمبێر و ..... نین, حالەتێك نەبێت بەشداری كۆڕبەند و كۆنفرانسە ئابوورییەكان ناكەن, ناوی ئەوان تەنها لە لیستی خەڵكی كوردستانە, 10 لەوانە كە سەرمایەكانیان ئاشكرایە بریتین لە "ئەحمەد ئیسماعیل خاوەندی  كۆمپانیای ماس , خاوەند زیاتر لە  6 ملیار دۆلارە  ,  شێخ باز بارزانی خاوەندی گروپی كۆمپانیاكانی كار  و سەرمایەكەی زیاتر لە  4 ملیارد دۆلارە, شێخ فاخیر و براكانی خاوەندی كۆمپانیاكانی قەیوان  سەرمایەكەی نزیك 4 ملیار دۆلارە,  فاروق مەلا مستەفا  خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی فاروقە و خاوەند نزیك 4 ملیار دۆلارە,  سیروان بارزانی 80% كۆڕەك  سرمایەكەی نزیك 3 ملیار دۆلارە, هادی نەزیرو براكانی  یۆبی هۆڵدین زیاتر ل 3 ملیار دۆلار, ئاسۆ یامۆڵكی گروپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە  سەرمایە نزیك 3 ملیار دۆلارە , ئازاد حاجی یەحیا و براكانی گروپی كۆمپانیاكانی جیهان 2,5 ملیار دۆلار, پێشڕەو ئاغا دزەیی گروپی كۆمپانیاكانی فالكۆن  2 ملیار دۆلار, سەعد فایەق كۆڵەك  كۆمپانیاكانی كۆڵەك  زیاتر لە 1  ملیار دۆلار- 15  ملیاردێرو 5 هەزار ملیۆنێر هەیە   دیپلۆماتیك مەگەزین " , كۆی گشتی ئەم 10 ملیاردێرە كە ناوی هیچیان لە لیستە جیهانییەكان نییە, خاوەند 30,500 ملیار دۆلارن, خاوەند 5 ساڵ بودجەی سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستانن, دەبێت ئەم جیهانە چەند ملیاردێری شاراوەی وای هەبێت كە فۆربیس و دافوسەكانیش نایان دۆزنەوە.
لە كۆتادا دەڵێم لە سایەی دافۆسچییەكانەوە , 60% خەڵكی جیهان چاوەڕوانن هەلێكیان بۆ رێكەوێت كۆچ بكەن, كەواتە جەهەنەمەكەی كوردستان تەنها نییە , ئەگەر پرۆلیتاریای رۆمانی لەسەر كۆیلەكان دەژیان وەك ماركس وتەنی, ئەوا ئەمرۆ دافۆسچییەكان لەسەر پرۆلیتاریای جیهانی دەوڵەمەندتر دەبن, كەواتا تەنیا نیین 1000 هێندەی ئێمە خەڵك لە نیشتمانی خۆیان بێزارن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە