1194ساڵ جینۆسایدی ئێزیدیەكان و نۆبڵەكەی نادیە موراد

Sunday, 07/10/2018, 22:57


كاتێك 4 ساڵ لەمەوپێش  رێكخراوەكانی ژنانی عێراقی و ئێمەش پشتیوان,  دەستكرا بە هەڵمەتی نۆبَڵی ئاشتی بۆ نادیە,  هەوڵەكە سادەو ساكار هاتنە پێش چاو, وەلێ هاتە دی, نایشارمەوە پێشتر 12 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ خەونم بەوەوە  دەبینی خەڵاتەكە بۆ لەیلا زانا بێت و بە هەوڵەكانمان چوە پێشبڕكێكەوە" یەكەم هەوڵی كوردان بوو", لێ ئێسستا كە بەخشرا بە نادیە زیاتر دڵ خۆش بووم, وەك خێزانە گەورە مرۆڤایەتیەكە, خەڵاتەكە وەڵام بو بە 1194 ساڵ جینۆسایدی بەردەوامی ئیزیدییەكان و 74 فەرمان لە دژیان, ئەوانەی هاواریان لێ هەڵستاوە بەهۆی ئەوەی نادیە نەیوتووە كوردم, هیچ ئەركێكی ئەخلاقیان لە ئاست 1194 ساڵ جینۆسایدی بەردەوامی ئێزیدییەكان نەنواندووە, بۆیە هاوارەكەی ئەمرۆیان بێنرخە.
لەو 72 فەرمانەی پێشوو ( پێش 2003), پیاوانی موسڵمانی كورد لە ژێر پەرچەمی ئایندا بەشداریان لە كۆی تاوانەكاندا كردووە, هەندەك جاریش خۆیان سەركردایەتی جێبەجێكردنی فەرمانەكانیان كردووە, لە مێژووشدا هەندێكیان بە پاڵەوانی ئەفسوناوی و قارەمانی نەتەوەیی بەمڕۆكەشەوە هەژمار كراون,  پیاوە  كوردە  ناسیۆنالست وئیسلامییە سونیەكانیش تا ئێستا شانازییان پێوە دەكەن, هەرچەندە ئەوان لە مێژوودا تاوانبارن بە ئەنجامدانی جینۆساید,  لە فەرمانی 74 یشدا وەك نادیە لە یەكەم دیداریدا گێڕایەوە " گەنجێكی تەلەعفەری و  كوردێكی سۆرانی و عەرەبێكی سوری" بۆیەكەمجار لە موسڵ پەلاماریان داوە, واتا لە فەرمانی 74 یشدا كوردە سۆرانیەكەی بارگاوی بە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی ئامادەیە و  چالاكانە بەشدارە لە تاوان, كچێكی ئێزیدی لە لایەك كراوە بە كەنیزەك, كوڕێكی كوردی سۆرانی ئیسلامی لە لایەكی دیكەی چیرۆكەكە, قوربانی و تاوانكار كوردن, یەكیان كوردی ئێزیدی ئەوی دی كوردی ئیسلامی سونی, ئێمەش سەرزەنشتی قوربانییەكە دەكەین و داوای لێبوردن لە هەمبەر تاوانی تاوانبارەكە ناكەین.
  لە دوا فەرمانی 74ی رۆژی یەك شەمە رەشەكەی 3ی ئۆگستسی ساڵی 2014 ەدا, كە بە سەركردایەتی  پیاوانی ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سونە مەزهەب و بە بەشداری پیاوانی دەیان نەتەوەی دیكەی ئیسلامی سیاسی سونی  ئەنجامدرا, لە ژێر ناوی سوپای  داعش, لێ بەشی زۆری  پیاوانی كورد نەك ئەمجارە پێچەوانەی جارانی پێشوو, بەشێك نین لە پرۆسەكە و ئەكتەری چالاك نین لە تاوانەكە, داگیر كەری گەلی عەلی بەگ و بەردەڕەشە نین, بگرە بە هەڵمەتی هەموو ئێزیدین قۆناغێكی نوێ دێننە پێشەوە, پێچەوانەی فەرمانەكانی پێشوو, دەستە بژێرێك بەرەو روی تەواوی رابردووە رەشەكە دەبنەوەو زۆربەش شانازی بە نادیە مورادەكەیانەوە دەكەن, یەك شەمە ڕەشەكەی نادیە  دەبێتە دوا  فەرمان و دوا كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان و دادگاییكردنی كۆی تاوانەكانی پێشوو , سەرجەم  فەرمانەكانی رابردوو لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندو دەكاتەوە, دەیانكات بە بەشێكی بێزلێكراو لە مێژوو , مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە , 3ی ئاب لە تاوانەوە دەگۆرێت بۆ دادگای مێژووی تاوانە هاوچەشنەكانی رابردوو, دادگاییكردنی 72 فەرمانی رابردوو كە لە ژێر ناوی ئایندا ئەنجامدراوەو  پیاوانی كوردیش لە بەشێكی تاكە قارەمان و تاكە تاوانبارن و لە بەشەكانی دیكە ماشینی تاوانەكەن, بەخشینی نۆبڵی ئاشتیش بە نادیە موراد رابردووی پڕ تراژیدی ئێزیدیەكانی كردە دادگایەكی نێو نەتەوەیی.
لە فتواكانی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل( ( 780-855 م  ەوە , تا فتواكانی لەیسی سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبو سعودی عەمادی بەم هەموو پلەو پایە ئاینییەیاوە ("خگیب المفسرین" شیخ الإسلام, مفتی القسگنگینیە,) كە ئێزیدییەكانی بە لە كافر كافرتر  لە جوو و كریستان و .... ناو زەد كردبوو, فتوای كوشتنی پیاوان و بە كەنیزەك كردنی ژنانی وەك نادیە مورادەكانی  دەردەكرد, هەموو ئەوانەی بە فتواو فەرمان بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەكانیان لە مێژوودا كرد, جارێكی دیكە لەبەردەم ئاوێنەی تاوانەكانی داعش خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژوو و ویژدانەوە, ئیتر لێرەوە عەمادی شێخ الئیسلامی ئومەیەك نیە لای ئێمە, بەڵكە فتوا دەری تاوانێكی مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدە و تاوانباری جینۆسایدە,و قوربانیەكەشی سومبلی ئاشتیخوازی جیهانە, سەدان فەرمان لە بەر رۆشنایی فتواكەیدا دەردەچێت و پێكهاتەیەك هەوڵی سڕینەوەی لە بنەچەوە دەدرێت, ئەوەی داعش كردی, عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە چوار سەدەو نیو لەمەوپێش بڕیاردەری بوو, بەرامبەر بە ئێزیدییەكان بە تاوانكاری زیاترەوەو دڵڕەقانەتر لەوەی ئەمڕۆ جێبەجێكرا .
قڕ كردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی 224ی كۆچییەوە, لە سەردەمی خەلیفە موعتەسەمی عەباسییەوە دەستی پێكرد, وەلێ فتوای ئەبو سعودی عەمادی لە ساڵی 1560 ی زاینی رەوایەتی ئاینی و پیرۆزی پێ بەخشی لە پۆششی ئایندا, ئەم فتوایە بووە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ هەموو رەشتر و دڵەڕەقتر لە 3-8-2014, چڕترینیان فەرمانەكانی قڕكردنەكانی سەدەی نۆزدە بوو , سەدەیەكی پڕ نەهامەتی و تاوان  بوو بۆ ئێزیدییەكان , ئەم فەرمانانە تەنها خەلیفە و پاشا عەرەب و توركەكان پێی هەڵنەستان ,لە ساڵانی 1832 و 1834 پاشای كۆرەی رەواندز و فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی 1844 دا لە ناو فەرمانە زۆرو زەبەنەكاندان, لە موسڵیش دوای 3ی ئاب پیاوانی كورد ئەگەر بە لاوازیش بێت شوێن پێی پاشای كۆرەو بەدرخان بەگ هەڵدەگرنەوە, ئەمجارە كچۆڵەیەك دەبێتە قوربانی ترسی لە گێڕانەوەی تاوانەكە نییە و دەبێتە حكایەتخوانی,  ئەو تاوانە لە پیرۆزییەوە دەكاتە  ناشرینترین , حكایەتخوانی ئەمجارەمان بەشان و باڵی میرو بەگ و شا و خەلیفەكاندا هەڵنادات, بگرە لە ئاوێنەی تاوانەكانی  موسڵمانە سونییە تەلەعفەری و كوردە سۆرانییە سونیەكەو عەرەبە سوریە سونەكەوە  یەك مێژووی 1194 ساڵەی رابردوو دادگایی دەكات, زاكیارەكان لە ویژداندا دەژێنێتەوەو مرۆڤایەتی بەرەو روی مێژویەكی رەش دەكاتەوە, دەبێتە حكایەتخوانی زیاتر لە هەزارەیەكی پڕ لە تاوان, حكایەتێك هەزاران چیرۆكی ناو پەرتووكە پیرۆزەكانی رابردوو ناشرینە كات, حكایەتەكەی ئەو پیرۆزییەكان وردو خاش دەكات و مێژوو سەرەو واژوو دەكاتەوە, ئەو حەكایەتەی ژنانی ئەنفال نەیانتوانی ببنە سوارچاكی  لەو دیو پەردەكانەوە چیرۆكەكانی خۆیان لە ترسی داب و نەرێت بە شاراوەیی و كزی گێڕایەوە.
دەبێت نۆبڵەكەی نادییە  ببێتە  هۆكارێك بۆ پێداچونەوە بە مێژووی 1194 ساڵەی رابردوو, بۆیە لە بەر رۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەكانی داعشدا, دەبێت بە پێگەی كەسایەتی ئەو كەسایەتیانەدا بچینەوەو لە دادگای مێژوودا دادگایی بكرێنەوە, راستە هەر مرۆڤێك لە مێژوودا مرۆڤەكان بە شێوازێك دەیخوێننەوە, وەلێ تاوان بە تاوانی دەمێنێتەوە,  تاوانكار لە سزا نابێت رزگاری  بێت, دەبێت پێگەی راستەقینەی خۆی پێببەخشرێتەوە لە گۆڕیشدا بێت, نابێت گۆڕەكانیان ببێتە شوێنی پیاوچاكان و دڵنەوایی نزای لێقەوماوان كە تاوانكاری ئەنجامدەری جینۆسایدە , هەموو هێماكانی  گەورە نیشاندانی ئەو تاوانكارانە لە مێژوو و یاداوەری گەلدا پێویستە تێك بشكێنرێت .
دیارە  نادییە  ئەگەر نەفیسەی كۆهنەوەرد بۆ یەكەمجار چیرۆكەكەی بە جیهان نەناساندایە, وێڕای ئازایەتی خۆی كە یەكەم ژنە حكایەتخوانی ئێزیدی بوو, ئەوا ئەستەم بوو بتوانێت ببێتە خاوەند گەورەترین حەكایەتی تاوانلێكراو.
نادیە لە بازنەی قوربانی  دەستدرێژی دەرچوو, كاتێك شووی كرد,دوای وەرگرتنی نۆبڵ ئەركی قورسترە لە جاران, خەبات بۆ داكۆكی لە مانەوەی  ئێزیدی و بەرەو روبونەوەی كۆمەڵكوژی لەسەر بنچینەی ئاینی و نەتەوایەتی, خەبات بۆ كۆمەڵگایەكی ئێزیدی پێشكەوتنخوازی كراوە , بەرەو روو بونەوەی داب و نەرێتی كۆنەخوازی ئێزیدی, بەرەو روبونەوەی جینۆساید ورێزگرتن لە  یاداوەری قوربانیانی جینۆساید لە جیهان بە گتشی و ئێزیدی بە تایبەتی, پشتیوانی لە مافی گەلان و كەمایەتی ئاینی و مافی ژنان وەك سومبلێكی جیهانی خەباتی ئەوی قورستر كردووە, ئەو بۆ ئەوەی گەورەتر بێت پێویستە خەڵاتەكەی ببەخشێتە قوربانیانی ژنانی ئێزیدی لە 1194 ساڵی رابردوو, مۆنمێنتێك بە ئەندازەی گەورەیی قوربانیانی  1194 ساڵ جینۆسایدی بەردەوامی پێ دروست بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە