ئەخلاقی چەپگەرایانە

Saturday, 02/06/2018, 20:33


چەپایەتی چەندە دروشمەكەی قورس و گرانە و هەموو جەستەیەك بە هەڵگرتنی ناتوانێت لەبەری نەچەمێتەوە، هاوكات باجەكەشی لەوە قورسترە، بڤەو حەرامی زۆری تێدایە، حەرامەكانی خەونی گەورەن، ئەگەر لە هەمبەر ئاڵوگۆڕەكان و زانست و تازەگەری تەواو كراوەبێت، لێ بەها ئەخلاقییەكانی گرانە و هەموو مرۆڤێك ناتوانێت پارێزیان بكات ، جاران دەوترا كە مردیت تەنها 2 مەتر كفنی سپی خام لە گەڵ خۆتدا دەبەیتە ژێر گڵەوە، كەچی ئێستا سیاسیەكان كورد خەریكە فیرعەون ئاسا ببێتە نەرێتیان شاخ و گردیش لە گەڵ خۆیاندا دەبەن، ئەگەر سیاسەت بڕیار بێت بۆ چاكەی گشتی بێت، نەك بەشێك لە كاسبی ئەوا پێوی ستە سیاسیەكان لە هەموو ئیمتیازاتێك داماڵدرێن، گشتیش زۆرینەی هەژاران دەگرێتەوە، نەك كەمایەسیەكی قارونی، بۆیە حەرامی چەپەكان ئەوەیە نابێت لە عەوام خۆیان جیابكەنەوەو سیاسەت پێویستە لۆ ئەوان و بۆ ئەوان بێت، بگرە دەبێت هەمیشە وەك سولاحی داچەمێنەوە بۆ پیاڵە، بە تایبەتیش ئەوانەی دەیانەوێت بارودۆخی ئێستا بەرەو باشتر بگۆڕن، دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئازادی و یەكسانی بەدی بهێنن كە پێیان دەوترێت هەڵگرانی پەیامی چەپ، لەم نێوەدا سیاسییە بەناو چەپەكان بێبەری نین لەم دابڕانە ئەخلاقییە لەگەڵ بەهاو نەرێتی چەپگەرایانە، چونكە تەرازوی ئەوان هەستیارترە، تاڵە موەكانیش دەكێشێت، بەشێكی زۆری پاشەكشەی چەپیش لە ئەستۆی داڕمانی ئەخلاقی بەناو ئەو سەركردە چەپانەیە، ئاخر تۆ نەتوانیت لە ریزی رێكخستنەكانی خۆتدا تا رادەیەك هاوسەنگی لە یەكسانی رابگریت، سبەی چۆن دەتوانیت لە كۆمەڵگادا ئیدعای یەكسانیخوازی بكەیت، خۆت موچەت دەی ن جاری ئەندامان بێت و منداڵت لە قوتابخانەی تایبەتی بخوێنێت، چارەسەرت لە نەخۆشخانەی هاندەران بێت، هەندێكیش لە ماڵەوە كارەكەیشیان هەبێت، هەر گەرما هات لە خانووی هاوینە بیت و شەوان خەریكی كەیف و سەفای پێك لێدان بیت ..... بەم نەرێتانەوە كێ باسی یەكسانیخوازیت لێ دەكڕێت؟ دیارە ئەمانەی باسم كرد بۆ حیزبی بۆرژوازی قەترەیەكە لە دەریایەیەك بۆ هەرە پاكیزەترینیان، لێ هەڵگرتنی ئاڵای خەباتی چینایەتی ئەگەر ئیمتیازی خەبات بۆ دادپەروەری لە هێقەت دەدات، هاوكات دەبێت تۆش رێز لە بەهاو پرنسیبەكانی یەكسانیخوازی بگریت، پارێزی حەرامەكانی بكەیت، دەبێت موچەی باڵا رەتكەیتەوە وەك چەپەكانی بەلجیك و نەمسا و ..... دەیان نموونەی دی، دەبێت قوتابخانەی تایبەت وەك شیوعیەكانی نیپاڵ تەحریم بكەیت بۆ مناڵەكانت، دەبێت و دەبێت هەرچی بەهای جوانی چەپی جیهانە لە ژیانی تۆدا رەنگ بداتەوە، بەدوای جوانیەكانی هاوڕێیانت لەم جیهانە بگەڕێیت، خۆ ئەوان تەنها بۆ ریكلام هاوڕێ تۆ نین، لە بەهادا چاو لە مۆخیكا بكە، لە وردبینی و سیاسەتدا ماركست هەمیشە لە یادبێت، نابێت تەنها ئاڵا هەڵگربیت و شەق وەشێنی بەهاكان بیت.
لەم رۆژانەدا لەناو پارتی پۆدیمۆسی ئیسپانی- دەتوانین"7 ساڵ  لەمەوپێش  لە  گۆڕەپانەكانی مەدرید, گەنجان رژانە سەر شەقامەكان و داوای دیموكراسیەتی راستەوخۆو  دابەشكردنی دادپەروەرانەی سەروەت و سامانیان كرد, لە شارو شارۆچكەكانیش بەرەو روی ئەو پۆلیسانە بوونەوە كە دەیانەویست هاووڵاتیانی هەژار لە خانووەكان دەربكەن بەهۆی نەدانی قستی خانووەكانیانەوە, وردە وردە لە هەناوی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەوە بزووتنەوەیەكی سیاسی بەرفراوان لە دایك بوو بەناوی پۆدیمۆس" ئازار –نۆڤەمبەری 2014  دامەزراوە خاوەند 71 كورسی پەرلەمانە,  505545 ئەندامی هەیە"   . یەكێك لەو گەنجانە لەناو ئەو لەشكرە گەنجە ناڕازییە لە دواییدا لە هەمووان  زیاتر  بەرجەستە بوو , پێشكەشكارێكی تەلەفزیۆنی لێ هاتوو و كادیرێكی قوتابی شیوعی پێشوو و مامۆستای زانستە سیاسییەكانی زانكۆ,  هەموو كات بڵندگۆ بە ملیەوە, شەقامەكانی ئیسپانیای بە پێیەكانی تەی دەكرد بۆ گەیاندنی بانگەوازەكەی, بە بێدەنگی و بە سادەیی بڵندگۆكەی   بۆ قسەكەرانی رادەگرت تا پەیامەكانی خۆیان بگەیەنن, ئیتر ئەوانە بێكارێك بونایە, یان سیاسیەكی دیار, جیاوازی ناكرد,  ئەو گەنجە روح  سوك و خۆنەویستە ناوی بابلۆ ئیغلیسیاس بوو " 17-10-1978  -مەدرید "  , دوایی  5 ساڵ  بووە یەكێك لە سەركردەو ئەكتەرە  قسە رۆیشتووەكانی ئەو وڵاتە."  مشتومڕێكی توندی بەرفراوان هاتە ئاراوە, سەرجەم ئۆرگانەكانی ئەم حیزبەی  لە سەر تا خوارەوەی گرتەوە, ناڕازییەكان كەوتنە رەخنەگرتن, تۆڕە كۆمەڵایتییەكان گەرمتری كرد, چیرۆكەكە ئەمە بوو, كڕینی ڤیلایەك بوو لە لایەن ئەو دو  گەنجەوە, بابلۆ ئیغلیسیاس و ئێرنی مۆنتیرۆ" 13-2-1988 "  كە ئەمینداری گشتی پارتەكەو وتەبێژی پارتەكەن و لە ساڵی 2017 بوونە هاوسەری یەكتر,ئەو دووە  ڤیلایەكیان بە ناوی  "شالی  " بە 615 هەزار ئیرۆ بە قەرزی 30 ساڵ كڕی لە قەراغی شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا, كە چاوەڕوان دەكرێت لە پایزی ئەمساڵ دوانەیەكیان ببێت و لەو ڤیلایە ژیان بەسەر بەرن. 
لە  هەمبەر ئەو  كارە رەخنەی  زۆریان لێگیرا, بابلۆ ئیغلیسیاس و هاوسەرەكەی ئیرینی, فشاری گەورەیان خرایە سەر, بڕیاریان دا لە ریزی حیزب راپرسیەك بكرێت لە بەرامبەر ئەو داخوازییەی داوای دەستلەكار كێشانەوەیان لێدەكرێت لە ریزی حیزب, لە پرسیاری راپرسیەكەدا هاتبوو " پێویست دەكات ئیغلیسیاس و ئیرینی لەسەركردایەتی حیزبدا بمێننەوە ,وەڵام بە یەكێك لە  بەڵێ و نا ", ئیرینی رایگەیاند هەردوكیان دەیانەوێت لەسەركردایەتی حیزب بمێننەوە وەلێ بڕیار بۆ زۆرینەیە, وە وتی كڕینی ئەو ڤیلایە دەستێوەردانە لە ژیانی تایبەتیمان , ئلیغیسایسشیش وتی ئەگەر رێژەی بەشداربووانی راپرسیەكەش كەم بێت دیسان دەست لەكار دەكێشمەوە, دیارە ئەندامانی پۆدیمۆس مافی خۆیان بوو, چونكە ئەوكارە ئاستی دەتوانینیانی هێنایە خوارەوە, كە ناوی پارتەكەیە, چونكە پایەی حیزب لەسەر دژایەتی بەهای سەرمایەداری بنیات نراوە هێنرایە لەرزین, ئەوان كە بە جوتە بەرزترین بەرپرسیارێتی حیزب دەگرنە ئەستۆ پێویستە هەڵسوكەوت و ژیانیان لەگەڵ بەهاكانی حیزبدا بێتەوە.
ڤیلای شالی پانتاییەكەی 260 مەترە و مەلەوانگەو مەزرەعەیەكی 2300 مەتری لە گەڵدایە كە دەڕوانێتە سەر مونتەزایەك لە قەراغی شاری مەدرید, نرخەكەی 615000 ئیرۆیە, ئیغلیسیاس و ئیرینی هەردوكیان پەرلەمانتارن و هەر یەكەیان موچەكەیان 2200 ئیرۆیە لە مانگێكدا, وەك پەرلەمانتار دەتوانن قەرزی 540000 ئیرۆ بكەن بۆ ماوەی 30 ساڵ,كە  بەو قەرزە ڤیلاكە دەكڕن, هاوكات ئەمینداری گشتی پۆدیمۆس پێشكەشكاری بەرنامەشە لە كەناڵی حیسبانی ئێرانی كە بە زمانی ئیسپانی پەخش دەكرێت, لەوێش موچەیەكی هەیە, ئەم دووە پێویستە بۆ ماوەی 30 ساڵ مانگانە 1600 ئیرۆ  قەرز بدەنەوە, ئیلیغیساس پێشتر ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپی بوو موچەكەی زیاتر لە 9000 ئیرۆو ئیمتیازاتی زۆریشی لە گەڵدا بوو, وەلێ بۆ سەركردایەتی پارتەكەی ئەو پۆستەی رەتكردەوە " پەرلەمانتاری ئیسپانی موچەیان 2813087ئیرۆیە مانگانە پێش بڕینی باج, لە كۆتادا 2200 ئیرۆی لێدەمێنێتەوە ".
كڕینی ڤیلاكە بەشێوەی سروشتی بووەو دوور لە هەر ئیمتیازی تایبەتی و گەندەڵییەك بووە, وەلێ پاش كڕینی ئەو ڤیلایە بە قەرز لە لایەن سەرۆكی پارتێكی چەپگەراوە كە ئیدعای دژی كاپیتیالیزم دەكات پرسیاری ئەخلاقی گەورە كرا لە ئاستی سیاسی ئیسپانیا, چونكە گوتاری سیاسی پۆدیمۆس دژ بە سەرمایەدارییە, بەمەش دروشمەكە هێنرایە ژێر پرسیارەوە, كە لەسەر ئەو بنچینەیە  دامەزراوە, رەخنەی توند ئاراستەی ئەم دوو سەركردەیە كرا, رایان گەیاند " ئەمانە شێوە ژیانێكیان هەڵبژاردووە پێچەوانەی ئەو بەهایانەیە حیزب خەباتی بۆ دەكات, چالاكانی حیزب رایان گەیاند ئێمە ژیانی سادە دەژێین, بۆ ئەوەی بتوانین نوێنەرایەتی خەڵكی ساد بكەین, پێویستە دەست بەرداری ئیمتیازات وەك موچەی باڵا و شێوە ژیانی سەرمایەداریانە ببین.
هەڵسوڕاوانی  حیزب پێیان وایە بە كڕینی ئەو ڤیلایە  زیانێكی زۆریان بە وێنەی حیزب و پێگەكەی گەیاندووە, هەموو دژایەتی نایەكسانی كۆمەڵایەتی و نەمانی ئیمتیازاتی چینایەتی حیزبیان  هێناوەتە ژێر پرسیارەوە . ئەم كارە هەڵەیەكی ئەخلاقی و مەعنەویە كاریگەری زۆر  لەسەر دەنگەكانی پۆدیمۆس لە هەڵبژاردنی داهاتوو دادەنێت, چونكە حیزبی بەناو  نوێنەرایەتی چینەكانی خوارەوە  بەرگە ئەم جۆرە لەرزینە ناگرن و كاردانەوەكان توندە بن و  فەلسەفەی بوونی پارتەكە و مانەوەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بۆ پارتەكانی دی ئاساییە, وەلێ كەسانێك پێگەی جەماوەرییان لەسەر دادپەروەری و تەقەشوف و زوهد بنیات نابێت نا ئاساییە. لە ئەنجامی راپرسییەكەدا كە 178188 كەس بەشداریان تێدا كرد, 70%یان دەنگیان بەمانەوەی  ئەو دوو سەركردەیە دا لە سەرۆكایەتی حیزب, كە پارساڵ لە ململانێیەكی تونددا لە گەڵ باڵی ریفۆرمخواز بۆ سەركردایەتی پارت 82%ی دەنگەكانیان هێنابوەوە, لە كۆی 190155 كەس كە بەشداری هەڵبژاردنەكەی كردبوو, بەمەش وەك لە ژمارەكان دەبینین  پێگەی سیاسیان هاتە خوارەوە, تەقەبولی ڤیلایەكی سپی شەرعی نەكرا, نەك ئیمتیازی دەسەڵاتداران.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە