كورسی بۆ فرۆشتن

Sunday, 13/05/2018, 0:50


دەوڵەمەندەكان بەشی زۆریان  لەو دیو پەردەوە كار دەكەن وەك لۆبی فشاری بەهێز, نایانەوێت راستەوخۆ دەربكەون, كەمایەتیكیشیان بەناوی گەلەوە حوكمە كەن یان رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن, بۆ ئەوەی بەرژەوەندی خۆیان بسەپێنن و پارێزگاریش لە هەبووەكانیان بكەن, تا دەزگا حكومیەكان لاواز بن, دەوڵەمەندەكان باشتر دەتوانن پارەكانیان بۆ ئاراستەكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكان بەكار بهێنن, بۆ ئەوەی بڕیارەكان لە بەرژەوەندیان دەربچێت, جیاوازییەكان لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا  تەنها سەروەت و سامان و  داهات نییە, بگرە دەسەڵاتی سیاسیشە, تا دێت لە بەرز بونەوەدایە لە بەرژەوەندی قارونەكان, تا دێت لە رێگای پارەوە, بە بان پشتی پارەیا, بە پێپلیكانی سەروەت و ساماندا, دەوڵەمەندەكان دەچنە سەر بەرەو ترۆپكی دەسەڵاتداری و هێزیان زیاتر دەبێت, ئەوان نەك حیزب و حكومەت دەكڕن بە پارەكانیان, بگرە دیموكراسیەتیشان لە زووەكەوە كڕیوە لە رێگای رۆڵی پارەكانیان لە هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكانیاندا, لە ئاراستەكردنی حیزب و رێكخراوەكاندا, خەریكە پەراوێزەكەش كۆتایی پێ دەهێنن بۆ گەل, مرۆڤ ناتوانێت هاوكات خزمەت بە مرۆڤ و گیرفان بكات, بۆیە سەرجەم چونەتە بەرەی خزمەت بە پارەوە, ئەمڕۆ دەسەڵات لە خزمەتی گیرفانەكانیاندایە,  باڵادەستی پارە بەسەر بڕیاری سیاسی و تەواوی جومگەكانی بڕیارداندا رێگرە لە بەردەم هەموو دەستپێشخەریەكی پێشكەوتنخوازانەدا, هەموو ئەو بڕیار و  هەنگاوانەی لە خزمەتی مرۆڤ  و لە ئەنجامی قشاری هێزی هەژارانەوە لە دەیەكانی رابردوو بەدەست هاتن, هێزی ئەمرۆی پارە لە گۆڕی دەنێتەوە, گیرفان سەركەوت بەسەر مرۆڤایەتی لەمڕۆدا.
لە ماوەی رابردوودا 200 كۆنگرێسمانی پارتی دیموكرات  لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا  سكاڵایان كرد, لەوەی ترامپ پۆستەكەی بۆ قازانجی شەخسی بەكار دەهێنێت, وەبەرهێنە چینیەكان لە میوانخانەی فۆرسیزۆنزی هۆنگ كۆنگ  كۆبونەوە, بۆ ئەوەی بە نیو ملیۆن دۆلار بەشداری بكەن لە پرۆژەی دروستكردنی دوو باڵاخانە لە هەرێمی نیوجێرسی كە خاوەندارێتی  بنەماڵەی جارید كۆشنەری زاوای ترامپە, تاكو مافی مانەوە لە ئەمەریكا بە دەست بهێنن, دەبینین چۆن دەسەڵاتی سیاساسی لە پێناو كۆكردنەوەی پارە بەكار دەهێنرێت, تەنانەت پێشێلی یاساكانی خۆشیان دەكەن, لەولاوە  هندۆراسی و (DACA)  ەكان كە بە حالمین ناسراون بە كۆمەڵ دەردەكرێن یان بێبەش دەكرێن لە ئیمتیازاتەكانیان, تەنانەت ئەوانەی لە منداڵییەوە  لە ئەمەریكان, لە بەرامبەردا  لە خزمەت بنەماڵە مافی مانەوە دەبەخشرێت بەوانەی بەرتیل دەدەن, لەمەش خراپتر لە  زەواجی دەسەڵات و پارە  راوێژكاری ترامپ كیلیان كونوای ریكلامی بۆ بەرهەمی جل و بەرگی ئیفانكا ترامپ كرد لە تەلەفزیۆن, دەبینین راوێژكاری سیاسی رۆڵی نمایشی جلوبەرگی كچی خاوەند شكۆ دەگێڕێت, چۆن لە بەرژەوەندی بنەماڵە شكۆی پلو پۆستەكانیان دەهێننە خوارەوە,  والتەر شوب بەڕێوەبەری بیرۆی رەوشتی حكومەتی ئەمەریكی لە 19ی تەموزی 2017 دەستی لەكار كێشایەوە وەك ناڕەزایەتیەك لە هەمبەر ترامپ كە بەرژەوەندی كەسی  و حكومەتی تێكەڵ  كردووە,  پێشتر ئۆباما سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا جاین هارتلی كردە سەفیری وڵاتەكەی لە فەرەنسا وەك پاداشتێك كە خۆی و پیاوەكەی نیوملیۆن دۆلار كۆمەكیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی كۆكردبوەوە, هیچ ناڕونیەك نەماوە لەوەی  دەسەڵاتی سیاسی  نوێنەرایەتی تەواوی  كۆمپانیا گەورەكان دەكەن  لە ئەمەریكا, یاسای كەمكردنەەی باج لەو روانگەیەوەیە, كەمكردنەەی باج  كە ترامپ دەریكرد لە بەرژەوەندی 1%ی كۆمەڵگایە, پاداشت بوو درا پێیان لەبەرامبەر ئەو هەموو پیتاكەی بەخشیان بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ, كەمكردنەوەی باج  بەشیان لە كۆی داهات لە 22%ەوە  بەرز دەكاتەوە بۆ 23% , وە 0,01%ی كۆمەڵگاش كە دەوڵەمەندە زەبلاحەكانن  بەشیان لە داهات لە 5,1%ەوە بۆ 5,5% بەرز دەكاتەوە, هەر بەم هۆیەشەوەیە 44%ی هاووڵاتیان پێیان وایە گەندەڵی لە كۆشی سپیدایە, 8% زیاتر لە ئەنجومەنی پیران, واتا 36%ی هاوڵاتیان پێیان  وایە ئەنجومەنی پیران گەندەڵەو بڕیارەكانی لە خزمەت ۆڵ ستریتە, ئەمەو بە پێی راپرسی دەزگای بێوی ئەمەریكی كە ساڵی 2015 ئەنجامدراوە 80%ی هاووڵاتیان متمانەیان بە حكومەتی فیدراڵی نییە,  هەر ئەمەشە  وا دەكات دەسەڵاتە سیاسییەكان لە 20 وڵاتە بەهێزەكەی جیهان بەرەو ناسەقامگیری بچێت, ماوەی دەسەڵاتی سەرۆك لەم وڵاتانە لە 6 ساڵی 1946 ەوە دابەزێت بۆ 3,7ساڵ لە ئێستادا" التغلب علی قصر النڤر الدیمقراگی-Dambisa Moyo " .
پەرلەمانەكان كە بەرهەمی هەڵبژاردنە ناهاوسەنگەكانن,  لۆبی فشار بوونی هەیە, بۆ داكۆكی لە  بەرژەوەندییە ئابورییەكان, پاراستنی بەرژەوەندی ئەوانەی بەخششە زۆرو زەبەنەكانیان پێشكەش كردووە  بە ئاشكرا یان لە تاریكیدا,  ئەمەش وای كردووە شەفافیەت لە داهاتی پەرلەمانتاراندا نەبێت, زۆر لە پەرلەمانتاران بە وشە ئاگراویەكانیان شەڕی كۆمپانیاكان بە وەكالەت  لەناو هۆڵی پەرلەمان و بەناوی نوێنەرایەتی گەلەوە بكەن, بەرگی گەل بە شەڕی كۆمپانیاكانەوە بنێن, لە هەندێك  وڵات پەرلەمانتار بە ئاشكرا ئەم بەرگە لەبەر دەكات,  لە سویسرا بە پێی یاسا, پەرلەمانتار بۆی هەیە لە پاڵ كاری سیاسی  كارێكی دیكەش بكات, بەمەش دەبێتە بەشێك لە بەرژەوەندی ئابووری و نوێنەرایەتی كۆمپانیاكان یان لە ئەنجومەنی كارگێڕی یاخود بەڵێندەری كار دەكات راستەوخۆ, پارێزەری بۆ ئەو بڕیارانە دەكات لە خزمەتی كۆمپانیاكاندایە, لە وڵاتانی دی لە رێگای ناڕاستەوخۆوە كارەكان دەكات, كەم نین ئەو پەرلەمانتار و  سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار و راوێژكارو وەزیرو پلە باڵایانەی دوای خانەنشینیان لە كۆمپانیاكان پۆستی گەورەو گران بەها وەردەگرن. سویسرا یەكێكە لەو وڵاتانەی  شەفافیەتی لە پارە دان بە پارتی سیاسی و هەڵمەتی هەڵبژاردنی تێددا نییە, بۆیە كەوتۆتە بەر رەخنەی نێو دەوڵەتی, هێزەكانی ناو پەرلەمان بە تایبەتیش راستگەراكان  چاكسازی لەم بارەیەوە رەت دە كەنەوە, پەرلەمانتاری وەك  پیشەی سەربازی وایە لە سویسرا, لە بەرامبەریدا موچەی نییە, بۆیە سەرپشك  كراون لە دۆزینەوەی كاری ئاشكرا, زۆربەی زۆری كارەكانیشیان بەتایبەت پارتە راستگەراكان  شوێن گرتنە  لە بڕیاردان لە كۆمپانیاكان, بەمەش پیشەكەیان لە نوێنەرایەتی گەلەوە راستەوخۆ بێ رتوش بۆتە نوێنەرایەتی  كۆمپانیاكان.
لە سەدەی هەژدە  ئادەم سمیس (  5 یونیو 1723 - 17 یولیو 1790) وتویەتی (( ئەوانەی كە خاوەند كۆمەڵگان و سیاسەتەكانی دروست دەكەن, بازرگانان و پیشەسازكارانن)),  كەواتە  هەر خۆشیان دەستوری بۆ دادەڕێژن و دەسەڵات لە خزمەت خۆیان بەكار دەهێننەوە, بۆ ئەم سەردەمە دەتوانین ئاوا رێكی بخەینەوە " ئەوانەی خاوەند دەوڵەتن و سیاسەتەكانی دادەڕێژن سەرمایەدارانن"  هەرچی بیرمەندی سیاسی ئەمەریكی رۆبەرت دالیشە  گومانی هەیە لە چوارچێوەی ئابووری بازاڕی  ئازاددا یەكسانی ئابووری لە نێوان تاكەكان بەدی بێت, كە زۆرێك پێیان وایە تاكە رێگایە بۆ گەیشتن بە دیموكراسیەت, ناوبراو پێی وایە سەرمایەداری چۆن ناتوانێت یەكسانی ئابووری دابین بكات, بەهەمان شێوە ناتوانێت یەكسانی سیاسی لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا  دابین بكات.
 هەندێكیش پێیان وایە  ئۆلیگارشیەكان لە بڕی حكومەتی دیموكراتی حكومەتی بلۆتۆقراتی لە بەرژەوەندی خۆیان دادەمەزرێنن,  هەمیشە سەرمایەداری و پارێزەرانی ئەو سستەمە ئابووری - سیاسییە لایەنگیری لەو چینە دەكەن كە نوێنەرایەتی دەكەن ئەویش چینی سەرمایەدارە, ئەوەش راستە  دەوڵەت ئامرازێكە بەدەست چینێكەوە بۆ سەركوتی چینێكی دیكە, قەت دەوڵەت لەسەروی چینەكانەوە نیە و نابێتە دەوڵەتی هەمووان, ئادەم سمیس و دواتر لینینیش تەئكیدیان كردۆتەوە دەوڵەت چینایەتییە, بەڵكە  دەوڵەت لە جەرگەی  شەڕی چینەكانەو ئامرازێكی كاریگەری ململانێی چینایەتیە بۆ سەركوتكردنی چینە نەیارەكانی.
 لەبەر ئەوەی هاووڵاتیان یەكسان نین لە روی ئابوورییەوە لە كۆمەڵگای چینایەتی سەرمایەداریدا , بۆیە لە روی سیاسیشەوە تاكەكانی كۆمەڵگا یەكسان نابن, هەلی یەكسانیان بۆ فەراهەم ناكرێت, ئەم نا یەكسانیەش لە  هەڵبژاردنەكاندا بە زەقی چڕ دەبێتەوە لە بەرژەوەندی كەمایەتیەك كە  ئێستا بە 1%ی كۆمەڵگا لە چەمكە سیاسییەكان ئاماژەیان پێدەدرێت و ناوزەد دەكرێت, چینە باڵاكان بۆ ئەوەی رەوایەتی بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن كە نوێنەری زۆربەن, لە رێگای هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتی خۆیان دەسەپێنن بەناوی دیموكراسیەت و حوكمی گەلەوە, لە رێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە 99%ی كۆمەڵگا دەكەنە خزمەتكاری 1%ی  كۆمەڵگا.
پرۆسەی هەڵبژاردن  لە زۆر وڵات لە نێوان دوو توێژی یەك چینی كۆمەڵایەتی  دەساودەست دەكات, ئەو چینەی پارەی هەیە, پارە هەموو پرۆسەی هەڵبژاردن  دەكاتە ژێر ركێف و باڵی خۆیەوە .دەوڵەمەندەكان پارەیان زۆرە بەهۆی بەخششەكانیانەوە ویستی خۆیان بەسەر كاندیدەكان دەسەپێنن, یان ئەوەتا راستەوخۆ دێنە مەیدان وەك ترامپ, زانای سیاسەت مارتن جیلنز لە زانكۆی برینستۆن و  بنیامین بیجج لە زانكۆی نۆرس وینسترن پێیان وایە  دیموكراسەتی ئەمەریكی لە پێناو 1%ی هەرە دەوڵەمەندەكانی كۆمەڵگا كاردەكات, لەبەر ئەوەی سەرمایەداری ئەمەریكی ئەوە دەكات, سەرمایەداری ئەمەریكی لە پێناو 1%ی كۆمەڵگا كار دەكات, لەبەر ئەوەی دیموكراتی ئەمەریكی ئەوەی پەسەندە "عدم المساواە فی أمیركا-تاریخ النشر: الجمعە 16 دیسمبر 2016 -مات أوبراین: محرر الشۆون الاقتصادیە فی مدونە «وونكبلوج» ".
هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكای ساڵی 2012  بڕی 6 ملیار دۆلاری تێچوو, 13% زیاتر لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی  2008 ی ئەمەریكا, تەنها هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار بڕی 2,6 ملیار  تێچوی بووە, كە ساڵی 2008 بڕی 2,8 ملیار تێچووی بوو, هەڵبژاردنی هیندستان  لە دوای ئەمەریكا دووەم تێچووی هەیە لە جیهاندا, بەهۆی شەڕی كارتلەكان بۆ بەدەستهێنانی كورسی, تێچوی نزیك 5 ملیار دۆلار بوو, 3 جار زیاتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009 ی هەمان وڵات, كەچی  دوا هەڵبژاردنی ئەمەریكا لە ساڵی 2016 , 7 ملیاردۆلاری تێچوو كە تیایدا ترەمپ بوو بە سەرۆك كۆمار. ئەم پارەیەش لای كرێكارێك یان گیرفان بەتاڵێك  دەست ناكەوێت كە كاتژمێرێك بە 7,50  دۆلار كار دەكات, یان لە هیندستان بە چەند سەنتێك  رۆژانە زیاتر لە 10 كاتژمێر لەسەر كارە, بۆ گەڕان بە دوای ئەو ژمارەیە  دەبێت بە دوای ناوەكانیان لە لیستی فۆربێسدا بگەڕێین, بۆ ئەوەی ئەوان لەسەر كاندیدەكانی خۆیان رێك بكەون تا بۆ 4 ساڵ بەرژەوەندیەكانیان لە هۆڵی پەرلەمان و لە ژێر چەتری شەرعیەتی گەل بپارێزێت, بە بەرز بوونەوەی تێووەكانی هەڵبژاردن  زیاتر پرۆسەكە دەبێتە دیلی سەرمایەداران, لەم نێوەشدا رۆڵی ئەوانە زیاترە بێت وەبەرهێنیان لە كەرتی راگەیاندن كردووە.
سەرۆكی ئەمەریكا تیۆدۆر رۆزفڵد لە ساڵی 1907 داوای كرد بودجە بۆ هەڵبژاردن لە لایەن حكومەتەوە  دیاری بكرێت  بۆ هەڵبژاردنەكان تا لەم پارە زۆر كۆكردنەوەیە ببینەوە, هاوكات رۆزفۆڵت داوای كرد بەخششی كۆمپانیاكان قەدەغە بكرێت"الانتخابات وترشید التمویل-تاریخ النشر: الپلاپا‌و 31 مارس 2015".  ئەمەریكا نەك دوای 111 ساڵ ویستی رۆزفێڵدی جێبەجێ نەكرد, بگرە دادگای باڵای ئەمەریكی ساڵی 2010  بڕیاری هاووڵاتیان یەكگرتوون لانی زۆری بەخششی هەڵگرت و بێسنوری كرد لە بەردەم ملیاردێرەكان بۆ ئەوەی ئازادانە دەستبخەنە ناو هەڵبژاردنەكان, ئەمەش لە خزمەت دوبراكەی كۆكش بوو"  david-h-koch  , charles-d-koch ", 400 ملیۆن دۆلاریان بەخشش دا بۆ ئەوەی ئۆباما دەرنەچێتەوە لە ساڵی 2012, برایانی كۆكش بڕیاریان داوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو 1 ملیار دۆلار خەرج بكەن .
22 پەرلەمانتاری پارتی كۆماری داوایان كرد  ئەمەریكا  لە پەیماننامەی پاریس ی ژینگە بكشێنەوە,كە  هەموویان بەخششیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن لە پیشەسازی نەوت و غازەوە وەرگرتبوو, بە تایبەتیش لە براكانی كوكشەوە, یاخود ناڕاستەوخۆ لە رێكخراوە سێبەرەكانیانەوە, لە هەڵبژاردنی  كۆنگرێسی ئەمەریكا 88%ی بەخششەكانی پیشەسازی نەوت و گاز بۆ كۆمارییەكان رۆیشت, پارتی كۆماری پارتێكی ئاینی و یانەی گەورە دەوڵەمەندو ملیاردێرەكانە, بەهۆی كۆمەكی دەوڵەمەندەكانەوە لە كامپینی هەڵبژاردنی ترەمپ حكومەتی ترامپ  دەوڵەمەندترین كابینەیە لە مێژودا, ترامپ رایگەیاند بۆ پۆستە ئابورییەكان كەسی دەوڵەمەندم دەوێت.
برایانی كوك كە خاوەند 100 ملیار سەرمایەن, كە ئێستا دابەزیوە  بەهۆی دابەزینی پشكی كۆمپانیاكانیانەوە, دەیان ساڵە كار بۆ ئەوە دەكەن دەست بەسەر سستەمی سیاسی ئەمەریكادا بگرن بە هاوكاری خاوەند كۆمپانیا راستگەراكان "الدیمقراگیە المعگلە فی أمیركا- Jeffrey D. Sachs ". تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی ئۆباما كیر  لەسەر خواستی برایانی كوك و بەخششەكەرەكانی كۆمارییەكانە "الصمود أمام انهیار أمریكا السیاسی- Jeffrey D. Sachs".
ترامپ كاتی خۆی بەخششی جیمی كارتەر و ریگانی هاوكات دەكرد, لای ئەو كێ بیباتەوە تا لە گەڵی رێكبكەوێت, 6 جار بەخششی هەڵمەتی هیلاری كانتۆنی كردووە لە رابردوودا, كەچی بووە ركابەری ,ئێستا  پێش 1200 رۆژ  بۆ هەڵبژاردنی  سەرۆكایەتی خولی داهاتوو, ترامپ  دەستیكرد بە پیتاك كۆكردنەوە, راچێتەی نان خوادنی ئێوارە لە میوانخانەی ترامپ  گەیشتە 35 هەزار دۆلار, ئەوشی 100هەزار دۆلار پیتاك بدات  دەبێتە بەخشەری شایستە. ئایا كۆمپانیاكان كۆمەڵەی خێرخوازین تا بەخشش بكەن و  قازانج نەكەن و بەری بەخششەكانیان نەدورنەوە, كاریگەری كۆمپانیا و دەوڵەمەندەكان چییە لەسەر پرۆسەی سیاسی؟؟ , دوای ئەوەی وردە وردە خەرجی هەڵبژاردن دەچێتە سەر,تسۆنامی پارە  كاندیدە گیرفان بەتاڵەكان رادەماڵێت و پەرلەمان دەبێتە  جێگای كۆبونەوەی ملیاردێرەكان. 
لە هەمبەر ئەم دیاردەیەدا, بیرنی ساندەرز  كاندیدی چەپگەرای خولی رابردووی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا پێی وایە هەڵبژاردن لە ئەمەریكا گەندەڵە بۆیە پێویستە ئەركی یەكەم چاكسازی بێت لە سستەمی هەڵبژاردنی ئەمەریكا, ساندەرز لە 770 هەزار بەخششەر 25 ملیۆن دۆلاری  كۆمەكی كۆكردەوە و بۆ پشتیوانی لە كەمپینی هەڵبژاردنەكەی, ئەو  هانای بۆ بەخششەرە بچوكەكان برد  لە بڕی وڵ ستریت, وەلی هیلاری كلنتۆنی ركابەری پشتی بە گەورە ملیاردێرەكانی  وەك جۆرج سیرۆس و وارین یافت بەست لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی,بە بڕوای بیرنی ساندەرزی سۆسیالستخواز  بڕینی دەستی ملیاردێرەكان  بە دیاریكردنی لانی زۆری بەخششەكان و قەدەغەكردنی بەخشش   لە لایەن كۆمپانیاكان و  دەستخستنە  ناو كاروباری سیاسییەوە دەبێت لە لایەن  ۆڵستریتەوە, بۆیە بیرنی ساندەرز  ئەم چاكسازیانەی بە ئەركی هەنوكەیی زانی بۆ رزگار كرنی سستەمی سیاسی لە گەندەڵی جەماعەتی ۆڵستریت, لای خۆشییەوە هیلاری كلینتۆن  كاندیدی پێشووی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەڵێت: ئیتر كاتی ئەوەیە سیستمی هەڵبژاردنی وڵاتەكەی بگۆڕدرێت.
زۆرجار دەبینین هەڵبژاردنەكان بە تایبەتی لە وڵاتانی دواكەوتوو دەبێتە ململانێی نێوان جەمسەرە ئابوریەكان و جەمسەرە جیهانیەكان, بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكان زیاتر دیموكراتی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان و  زۆربە بێت, پێویستە دەستی  وڵاتان و  كۆمپانیاكان و دەوڵەمەندان لە رێگای یاساو بڕیارەوە كورت بكرێتەوە, ناڵێین كۆتایی پێ بهێنرێت چونكە لە چوارچێوەی سستەمی سیاسی ئابووری سەرمایەداریدا ئەمە محاڵە. تا ژینگەی هەڵبژاردن دادپەروەر و ئازاد بێت, شەرعیەتی نوێنەرایەتی لە بان تر دەبێت,پارەدانی  دادپەروەرانەی هەڵبژاردن  و ئاشكراكاری  پێوەرە بۆ بوونی دادپەروەری زیاتر لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە, بۆ ئەم مەبەستە  كۆمەڵێك رێكار پێویستە بگرترێتە بەر, لە خوارەوە بە كورتی ئاماژەیان پێ دەدەم:
-دیاریكردنی لانی زۆری خەرجی لە پرۆسەی هەڵبژاردن هەنگاوێكە بۆ بەرتەسكردنەوەی جیاوازییەكان, چونكە مەرج نییە  هەموو لایەنەكان توانای خەرجكردنی لانی زۆرەكەیان هەبێت كە دیاریكراوە.  لە زۆر وڵات بڕی پارەی دیاریكراو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و سەرچاوەكانیشی بە یاسا رێكخراوەو لە لایەن دەزگا دیاریكراوەوە كۆنترۆڵ دەكرێت, لێرەدا چەند نموونەیەك دەهێنمەوە: لە بەنگەلادیش حكومەت بەخششی حیزبەكان ناكات, بەڵام حیزبی سیاسی مافی ئەوەی هەیە كۆمپانیای هەبێت و  كاندید بۆی هەیە لانی زۆر 500 هەزار تاك خەرج بكات, كە هەر  77,5تاك دۆلارێكە. لە خولی پێشوی هەڵبژاردندا, حكومەتی میسری لانی زۆری خەرجیەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی  كاندیدانی سەرۆك كۆماری لە خولی یەكەمی هەڵبژاردندا لە 10 ملیۆن جونەیەوە زیاد كرد بۆ 20 ملیۆن جونەیە, لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكانیش لە 2  ملیۆن جونەیەوە زیاد كرا بۆ 5 ملیۆن جونەیە كە هەر 17,67 جونەیە دۆلارێكە, ئەم بڕیارەش لە بەرژەوەندی دەوڵەمەندان دەركرا, وەلێ سنوورەكەی دیاریكراوە, لە جەزائیرش 600 هەزار دۆلار لانی زۆری خەرجی كاندیدی سەرەك كۆمارە, بە خولی دووەمەوە 800 هەزار دۆلارە,كە جەزائیر 13 جار  دانیشتوانی زیاترە لە هەرێمی كوردستان و خاكەكەشی زیاترە 50 جار هێندەی  روپێوی كوردستانە  بۆ ئەمسەرو ئەوسەر كردنی كاندیدان بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و هەڵمەتی هەڵبژاردن. لە كۆماری ئیكوادۆریش بۆ هەڵبژاردنی 5651 سەرۆكی شارەوانی و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگار و ... تەنها 19 ملیۆن دۆلار لە لایەن حكومەتەوە  تەرخانكرا, لەو بڕە پارەیە زیاتر نابێت پارەی دیكە هەرچیەك سەرچاوەكەی  بێت, بچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. لە وڵاتی بۆتسوانای ئەفریقیا كاندید بۆی هەیە تا سنوری 7000 دۆلار خەرج بكات, لە وڵاتی بەنینیش هەر لە كیشوەری هەژاران كاندیدی پەرلەمان بۆی هەیە تا 3  ملیۆن فرەنكی ئەفریقی و كاندیدی سەرۆك  كۆماری تا 150  ملیۆن فرەنكی ئەفریقی دوا سنوری  خەرجكردنیەتی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن, كە هەر یەك فرەنك 2,450 دیناری عێراقییە.  لە فەرەنسا كاندیدەكانی سەرۆكایەتی كۆمار لە خولی یەكەم بۆیان هەیە  تا 13,7 ملیۆن ئیرۆ خەرج بكەن, لە خولی دووەم 18,3 ملیۆن ئیرۆ , هەر كاندیدێك 5%ی دەنگەكانی هێنایەوە ئەوا نیوەی خەرجیەكانی بۆ دەگەڕێننەوە.لە نیوزلەندا  رێگا دراوە هەر پارتێكی سیاسی  تا  1,115,000 دۆلار بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی 2017  خەرج بكات, كاندیدەكانیش دەتوانن 26,200 دۆلار خەرج بكەن, لە ئیتاڵیاش هیچ كاندیدێك بۆی نییە لە 52000 ئیرۆ زیاتر خەرج بكات.
- دیاریكردنی  لانی زۆری بەخشش  لاینێكی دیكەیە  بۆ كورتكردنەوەی دەستی سەرمایەداران لە هەڵبژاردندا, رێگا  دەگرێت لەوەی كاندید و پارتەكان خۆیان بە  سەرمایەداران بفرۆشن و  وەك پشكەكان لە ۆڵ ستریت مامەڵەیان پێوە بكرێت, بۆ ئەم مەبەستە  چەندین رێگا گرتراوەتە  بەر یەكیان دیاریكردنی لانی زۆری بەخششەكانە, لێرەدا چەند نموونەیەك  دەخەمە روو: لە 39ولایەتی ئەمەریكا ئاستێك دیاریكراوە بۆ پیتاكی تاك, لە فەرەنسا هاووڵاتیان دەتوانن تا 5474 ئیرۆ بەخشش بدەن بە كاندیدەكان, هەر بڕە كۆمەكێك لە 152,5 ئیرۆ زیاتر بێت دەبێت لە رێگای چەكی بانكەوە  وەربگرترێت, هەموو پارەیەكی هاتو و دەرچوو دەبێت لە رێگای ژمارە بانكییەوە  بێت,لە كەنەدا بەخشش نابێت لە 1575 دۆلار زیاتر بێت, لە ئیتاڵیا هەر بەخششێك لە 50000 ئیرۆ ز یاتر بێت دەبێت ئاشكرا بكرێت, لە كوەیت  پێویستە كاندید هەژماری بانكی بەناوی ژمارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بكاتەوە, هیچ بەخششێك زیاتر لە 2000 دینار بێ شیك وەرنەگرترێت.
- لایەنێكی دیكە  كۆمەكی كۆمپانیاكە بە پارت و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكەی,لە  زۆر  وڵات  كۆمپانیاكان بۆیان  نییە پیتاك بدەن   بە پارتەكان یان هەڵمەتی  هەڵبژاردن, یان هەندێك پارتی سیاسی خۆیان وەرگرتنی پیتاكی كۆمپانیاكانیان لە خۆیان حەرام كردووە وەك پارتی كۆمۆنیستی ژاپۆنی و پارتی ماركسی شیوعی هیندی, لە كەنەدا یاساغە دەزگاو یەكێتی بازرگانیەكان بەخشش بە هەڵمەتی هەڵبژاردن بكەن, لە ئەمەریكا 22 هەرێم  یاساغی كردووە كۆمپانیاكان بەشداری لە بەخشش بكەن, پارتی ئەحرار لە ئوسترالیا  3,3 ملیۆن دۆلار سزا درا بەهۆی ئەو بەخششەی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی  2011 وەریان گرت لە نیو ساوس وێڵزی ئوسترالیا, كە  دەزگای فری ئێنتربرئایزیان بەكار هێنا بۆ شاردنەوەی كۆمەكی كۆمپانیای زەبلاحی خانوبەرە كە یاساغە بەخششی هەڵمەتی هەڵبژاردن بكات, لە فەرەنسا هەموو كۆمەكێكی كۆمپانیان قەدەغەیە, حیزبی شیوعی هیندی داوای تەمویلی هەڵبژاردنی پاكژ  دەكات, پێی وایە ململانێی هەڵبژاردن خەریكە ببێتە پرۆژەیەكی بازرگانی, كە تەنها دەوڵەمەندەكان دەتوانن بەشداری تێدا بكەن, پێویستە بەخششی كۆمپانیاكان قەدەغە بكرێت, چونكە دوای چۆنیان بوێت ئاوا ئاراستەی سستەمی سیاسی دەكەن.لە زۆر وڵات پارتە چەپەكان بەخشش لە كۆمپانیاكان وەرناگرن. هەموو ئەمانەش بۆ رێگا گرتنە  لەوەی سستەمی سیاسی لە وڵاتان   وەك ئەلبانیای لێبێت , كە  بۆتە دیلی قاچاخچییەكانی مادە هۆشبەرەكان, چونكە لەو وڵاتە  دەوڵەتی مادە هۆشبەرەكان پارەی  هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەلبانیا دابین دەكات, دوای هەڵبژاردن كەس توخنی دەوڵەتی مادە هۆشبەرەكان  ناكەوێت و درێژە بەكارەكانیان دەدەن, هەرچەندە لە بانگەشەكاندا ریشەكێشكردنیان دروشمی یەكەمی هەڵبژاردنەكانە بۆ سەرجەم پارت و لایەنەكان.
- بەخششی وڵاتانی بێگانە بۆ پارت و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن  یەكێكە لە قەدەغە كراوەكانی زۆربەی وڵاتان, ئەگەر بۆ ئەوان مەترسی بێت ئەوا بۆ كوردستان لە لایەن وڵاتانی داگیركەری كوردستانەوە  سەدان  مەترسییە لە یەك كاتدا, ئەوان لە رێگای پیتاك و هاوكارییەوە دەیانەوێت نوێنەران و لایەنگرانی خۆیان بەهێز بكەن, سەیر كەن یاسای ئەمەریكی یاساغی كردووە كاندیدانی پلە گشتییەكان كۆمەك لە لایەن و كەسی بیانی وەربگرن, بێگانەكە تەنانەت دانیشتووی ئەمەریكاش بێت و مافی مانەوەیان هەبێت,   ئەوانەی  ناسنامەی ئەمەریكیان نییە ناتوانن بەخشش بكەن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرتاسەری و هەرێمی, 9 دادوەری باڵای  وڵات مافی بەخششی بۆ دو كرێكاری بێگانە كەمافی مانەوەی كاتیان هەبوو رەتكردەوە. ساركۆزی  بە تۆمەتی وەرگرتنی بەخشش بۆ هەڵبژاردن لە لیبیا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2012 دۆڕاو ئەگەری هەیە 10 ساڵیش  بچێتە زیندانەوە, لە كەنەدا بیانییەكان یاساغە بەخشش بكەن بە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پارتە  سیاسیەكان, یاسای تەمویلی پارتە سیاسییەكانی  ئیسپانی كە لە ساڵی 2007 دەرچووە , قەدەغەی كردووە  پارتی سیاسی پارەی زیاتر لە 100 هەزار ئیرۆ  لە حكومەتی بێگانە وەربگرێت , سزاكەی 4 ساڵ زیندانی و  5 جار هێندەی پارە وەرگیراوەكەیە, سەرۆكی كۆڵۆمبیا تۆمەتباركرا هەڵمەتی  هەڵبژاردنەكەی ملیۆنێك دۆلاری وەك بەرتیل لە گروپی ئۆدبرێشتی بەرازیلی  وەرگرتبێت ,پارێزبەندی  لەسەر سەرۆك كۆماری گواتیمالا هەڵگیرا بەهۆی ئەوەی تەمویلی هەڵبژاردنەكەی لە ساڵی 2015 نایاسایی بووە ,حكومەتی فەڵەستینی  پارەدانی بێگانەی  راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یاساغ كردووە, هاوكات حكومەت هاوكاری هەڵمەتی هەڵبژاردن ناكات, تەنها هاووڵاتیانی فەڵەستینی ناوخۆ یان دەرەوە دەتوانن بەخشش بدەن, وەلێ سنوری خەرجییەكان دیارینەكراوە,لە كوەیت  هەموو بەخششێكی بێگانە  یاساغە راستەوخۆ  یان ناڕاستەوخۆ بێت .
-لە كاتێكدا بەشی زۆری خەرجییەكانی هەڵبژاردن بۆ ریكلام و راگەیاندن دەڕوات لەم سەردەمە, تەنانەت رۆژ لە دوای رۆژی پشكی لە كۆی خەرجییەكانی حیزب و هەڵبژاردن دەچێتە سەر , كوردستان بۆتە مەزادخانەی راگەیاندن, كەس و پارتی وا سەدان كەناڵی راستەوخۆو سێبەری هەیە, لە پاڵ هەڵڕشتنی پارەی بێشومار بۆ ریكلام لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و تەرخانكردنی تیمی گەورەی هونەری, ئەمەش وا دەكات هەڵبژاردن راستەوخۆ ببێتە دیلی پارتە سیاسیەكان دەوڵەمەندەكان و ئەو دەوڵەمەندانەی خاوەند كەناڵی راگەیاندنن, پارتی سۆسیال دیموكراتی سوئیدی لە كۆی 100 ملیۆن كرۆنی تەرخانكراو بۆ هەڵبژاردنی ئایندە 70%ی بۆ ریكلام داناوە, پارتی ناوەند لە كۆی 70 ملیۆن 50%ی بۆ ریكلام داناوە, لە كاتێكدا راگەیاندن فراوانترە لە ریكلام و  زۆر لایەنی دیكەش دەگرێتەوە, لە لوبنان بۆ یەك دەقە ریكلام  6000 دۆلار نرخەكەیەتی, 240 هەزار دۆلار نرخی  بەشداری بەرنامەیەك  بۆ كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانە, بۆ رێگا گرتن لەم دیاردە ترسناكە كۆماری باشوری ئەفریقا ئەم هەنگاوەی ناوە "  لە باشوری ئەفریقیا قەدەغەیە حیزبێك  لە تی ڤی  كات بكرێت بۆ ریكلامكردن, تەنها بەو بەشەی بۆی دیاریكراوە لە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵات كە هەلی یەكسان دەدات بە هەمووان, پێویستە رازی بێت. " 
دەبێت  رێگا بگرترێت لەوەی راگەیاندن لە خزمەت كەمایەتی  دەوڵەمەنددا بەكار بێت بەتایبەت لە پرۆسەی هەڵبژاردندا, بۆ ئەوەی كایەی سیاسی بە بەرژەوەندی خۆیان نەگۆڕن. كەمەیاتی فرە دەوڵەمەند  راگەیاندن لە بەرژەوەندەی سیاسی خۆیان بەكار دەهێنن, بۆ مسۆگەركردنی سەرچاوەی داهات و تاڵانی سەروەت و سامان, دواتر بەو دەستكەوتە كەناڵەكان بەڕێوە دەبەن, سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا برلسكۆنی لەوەدا كارامە بوو, هاوكات نوخبەی دەسەڵاتداری ئەوروپای رۆژهەڵاتیش هەمان كاریان كرد, دزی كەناڵی راگەیاندن بەرهەم دەهێنێت, دواتر كەناڵی راگەیاندنەكە  لە خزمەت دەسەڵاتی سیاسی و بەردەوامیدان بە دزی بەكار دەهێنرێتەوە.
راگەیاندن چەندە مەترسییە لە دەست دەسەڵاتی ستەمكارو گەندەڵدا بێت, بەهەمان ئەندازە مەترسیدارە لە دەست ملیاردێرەكاندا بێت, ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن نەك خەڵك. راگەیاندن بۆتە بەشێك  لە بازرگانی سەرمایەدارەكان, لەوكاتەی كەوتە دەست سەرمایەدارەكان,  سیاسەت دەبێتە  بەشێك لە بازرگانی, پەیوەندی بە خزمەتی  خەڵكەوە  نامێنێت. پارە كە گەندەڵكاری یەكەمی ژیانی سیاسییە ,یەكێكە لە هۆكارەكانی بردنەوە" دۆلارێك یەكسانە بە دەنگێك" لە پاڵ راگەیاندن كە ئەویش لە كوردستان حیزبی و بلۆتۆقراتییە  سەرچاوەی داراییەكەی دیار نییە, سەرمایەداری هژمۆنیای بەسەر كۆمەڵگای كوردستاندا كردووە لە رێگای كۆنترۆڵكردنی سامانی سروشتی, هۆیەكانی بەرهەم هێنان و هۆیەكانی پەیوەندیكردن و دەزگاكانی راگەیاندن و هێزەكانی سەربازی.
كۆنترۆڵكردنی راگەیاندن لە لایەن سەرمایەداران و پارتە سیاسییە سەرمایەدارە گەندەڵە ستەمكارەكان  و پارەی كۆمپانیاكان و گەندەڵی و   یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن و یاسای ناڕەوای هەڵبژاردن وادەكەن سستەمەكە بە تەواوی  بكەوێتە ژێر پرسیارەوەو بایكۆت و بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن و بێئومێدی  بچێتە سەر.  دەسەڵاتداران  دوو جومگەی گرنگیان كۆنترۆڵكردووە, ئەویش دەستگای ئاسایش و راگەیاندنە  , لە پاڵ هەندێك پوازی بچوك  بۆ دەوڵەمەنەكان كە لە چوارچێوەی هەمان سستەمی ئابوری كایەی سیاسی خۆیان دەبەنە پێشەوە. دەزگا زەبلاحە راگەیاندنەكان  بە ئاشكراو  لە تاریكیدا كاردەكەن بۆ  ناشرینكردنی  بزاڤی پێشكەوتنخوازی و  چەپ و پەراوێزخستنیان  بۆ ئەوەی كایەی سیاسی لە چوارچێوەی سیاسەتی كۆنەپەرستانەی باوی  ئێستادا بچێتە پێشەوە.
-راگەیاندنی پارەی تەرخانكراو  بۆ هەڵمەتی  هەڵبژاردن لە لایەن پارتە سیاسییەكانەوەو سەرچاوەی پارەكەش دیاریبكرێت,  لە  بەشێك لە وڵاتان پارتە سیاسیەكان پێش هەڵبژاردن بودجەی پارتەكەی بۆ هەلبژاردن لە گەڵ سەرچاوەی داهاتەكان  ئاشكرا دەكات, نموونە پارتی دیموكراتی كریستانی ئەڵمانی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017 ەدا بودجەی هەڵبژاردنی خۆی بە 20 ملیۆن ئیرۆ دیاریكرد پێش 8 مانگ لە هەڵبژاردنەكە بڵاوی كردەوە,حیزبی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانی بودجەكەی 24 ملیۆن ئیرۆ بوو , پارتی دیموكراتی ئازاد 5 ملیۆن ئیرۆ .....  .
-بۆ رێگا گرتن لە هەموو ئەمانەی سەرەوە , پێویستە  حكومەت  خەرجییەكانی هەڵبژاردن دیاریبكات و هەلی یەكسان بۆ سەرجەم كاندیدەكان  بۆ پێشبڕكێ دابین بكات, رێگا بگرێت لە دەوڵەمەند و كۆمپانیاو وڵاتان  رۆڵ لە ئاراستەی هەڵبژاردنەكان ببینن: لە مەغریب حكومەت 300 ملیۆن درهەم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری دەكات,  لە ئوسترالیا ئەو پارتەی 4%ی  دەنگەكان زیاتر بەدەست بهێنێت بە پێی یاسای هەڵبژاردنی كۆمنۆلس كە لە ساڵی 1914 دەرچووە  پارە وەردەگرن , هەر دەنگێك 1,97 دۆلار , بۆ هەڵبژاردنی 2004  بڕی 42 ملیۆن دۆلار تەرخانكرا, لە زۆر وڵاتی دیكە حكومەت خەرجییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشی زۆری دیاریدەكات.
-پێویستە  دوای هەڵبژاردنەكان  چ پارتە سیاسییەكان و  چ حكومەت لێكۆڵینەوە  لە خەرجی و كۆمەكەكانی هەڵبژاردن بكەن,لە كوردستان ناوەندێك نییە بۆ چاودێریكردنی بڕی تێچو و خەرجی لیست و كاندیدەكان چۆنیەتی خەرجكردنەكان, بانگەشەی هەڵبژاردن بۆتە  ناوەندێكی گەندەڵی ,لە وڵاتی ئێمە هەر هەڵبژاردن تەواو بوو, هەر كەس دەچێتەوە ماڵی خۆی و لێپرسینەوە لە گەڵ بەدەست هێنانی كورسی كۆتایی پێ دێت, ئەوەی گەیشت بە كورسی  لێپرسینەوە لەسەر چۆنیەتی گەیشتن بە كورسییەكەی لە گەڵدا ناكرێت , هەموو كارێك لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن فرییە, وەلێ لە وڵاتان تارمایی كارەكانی سەردەمی بانگەشە  تا كۆتایی تەمەن لە گەڵ كاندیدەكاندایە,  داواكاری گشتی فەرەنسا ساركۆزی سەرۆكی پێشووی فەرەنسای  تۆمەتباركرد بەوەی  ساختەكاری لە ژمێریاری خەرجییەكانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كردوە  كە خەرجییەكان  گەیشتبووە 24 ملیۆن ئیرۆ كە زیاترە لە بڕی دیاریكراو, بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە فەرەنسا.جێگیری سەرۆكی كۆمپانیای زەبلاحی سامسۆنگ ئەلكترنكس بەرتیلی دابووە بارك غیۆن بە 5 ساڵ زیندانی حوكم درا, ئەویش لە سەرۆكایەتی دورخرایەوەو دادگایی كرا,پارتی گەلی فنلەندی دامەزرێنەری پارتەكە بافۆ فایرننی لە ریزەكانی دەركرد, بەهۆی ئەوەی ژمێریاری خەرجییەكانی هەڵبژاردنی  پێشكەش نەكردبوەوە بە پارتەكەی .
لە كوردستان نازانم بۆ ناپرسین ئەم پارانە  لە كوێوە دێن كە لە هەڵمەتی هەلبژاردنەكان خەرجە كرێن, سەرچاوەیان كوێیە؟, پارەی سپین یان رەشن؟, لەم هەرێمە هاوپەیمانی لەسەر بنچینەی پاشكۆیەتی و  گەندەڵی نێوان  وڵاتانی هەرێمی و ملیاردێرە رەشەكان و كۆمپانیاكان و حیزبەكان لە تاریكیدا دروست بووە, پارەی قارونەكان رۆڵی سەرەكی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان و ئاراستەی سیاسەتی باو   دەگێڕێت, ئەو پارانەی  خەرجە كرێن لە رواڵەتدا خاوەنیان هەیە, كەچی هەتیو و بێ سەرچاوەن, هەر دزو گەندەڵەیە لە كوردستان  دوكانێكی كردۆتەوە  لێی نوسیووە دادپەروەری و یەكسانی, وشەی دادپەروەری لە گەڕانی گوگڵ  زۆرترین دوبارەیە, كەچی خەڵكانی زاڵم بەدەستیانەوە گرتووە, هەر حزبەی  لە رواڵەتدا عەدلەتخواز كەچی  پشتەوە  دەستی لە گیرفانی سەرمایەدارێكی رەشدایە, كۆیلە سیاسیەكان بونەتە پارێزەری ئەم  تارمایە رەشەی ناوی پرۆسەی دیموكراسییە لە كوردستان. 
چوار  ساڵە  بودجەی  حیزبەكان  نادرێت, باشە ئەم پارتانە پارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە كوێ دێنن و بۆ ئاشكرای ناكەن؟, ئەو هەموو كەناڵە پڕ خەرجییە  چۆن دەسوڕێن؟, كێیە لە  پشت ئەم حیزبانەوە؟, مافیای رەشە  یان سەرمایەداری سپی؟, وڵاتانی هەرێمییە  یان جیهانی ؟,  ئابونەوەی حیزبییە یان پرۆژەی ئابووری, قاچاخچێتی تلیاكە  یان سەرفترەو زەكاتی كەنداوی, داعشە یان حەشدی شەعبی........ رێ  بۆ هەموو ئەگەرەكان  دەچێت, داخوا چەند  كاروان پارەی ئێرانی و توركی و ئیسرائیلی و ئەمەریكی و .....  وەك ئەوەی هادی عامری خۆی كردووە بە كوردستاندا , ئەگەر چاوەڕوانن خەڵك دەنگتان پێ بدات, ئەوە مافی خۆیانە  سەرچاوەی خەرجی, بڕی خەرجی, چۆنیەتی خەرجییەكان بزانێت؟. 
لە هەرێمی  كوردستان,  هیچ سنورێك  بۆ بەخششی سەرمایەداران و  ناسینیان و  ئاستی خەرجی هەڵبژاردن و هاتنی پارە لە وڵاتانی بیانی بە تایبەتی وڵاتە هەرێمیەكان دیاری نەكراوە, سەرمایەداری وا هەیە هاوزەمان هاوكاری سەرجەم لیستە گەورەكان راستوخۆ بە پارە یان لە رێگای ڕیكلامی بێ مانا لە كەناڵەكانیان دەكات, بۆ ئەوەی كامیان دەرچون بەرژەوەندییەكان پارێزراو بن, تا ئێستا ئەمانە هیچیان  بە یاسا رێك نەخراون (( پشتیوانی حكومەت بۆ كاندید كراوان , مافی حیزب لە بونی  كۆمپانیای تایبەت و  تۆماركردنی بەناویانەوە, هاتنی پارە لە وڵاتانی دەرەوە, بەخششی سەرمایەداران و دیاریكردنی بڕەكەی و بڵاوكردنەوەی , كۆنترۆڵكردنی حیسابات لە كۆتایی هەڵمەتەكان ..... تاد  )) هاوكات لە پاڵ هەموو ئەمانە  پێشەكیەكی  زۆریش بۆ خۆ كاندید كردن  دیاریكراوە كە لە توانای هەژاراندا نییە دابینیان بكات بچێتە پرۆسەكەوە, بەم هۆیانەوە سەرمایەداران و سیاسییە گەندەڵەكان بە ئارەزووی خۆیان بە پارە رەشەكانیان دەست دەخەنە ناو كاروباری دەنگدانەوەو لە بەرژەوەندی خۆیان دەیشكێننەوەو پاوانیان كردووە, وڵاتانی دەورو بەریش بەخششەكانیان رۆڵ لە هەڵبژاردنەكان دەبینێت بە قازانجی كاندیدە لایەنگرەكانیان و ئاراستەی هەڵبژاردنەكان دیاری دەكەن , هەموو ئەمانە وا دەكات  دادپەروەری لە هەڵبژاردن لە كوردستاندا نەبێت و هەموو دەنگدانێك بە قازانج  دەوڵەمەندان و سەرمایەداران و  نۆكەرانی وڵاتانی ئیقلیمی .....  كۆتایی پێ بێت , زیان و مەترسی ئەمانە زۆر زیاترە لە زیان و مەترسی ئەو فرت و فێڵانەی دەكرێت, لەبەر ئەوەی پارتە گەورەكان هەموو پێشێلكارییان هەیە و هیچی سیڤیەكەی پاك نییەو پارەی رەش لە هەڵمەتەكانیان بەكار دەهێنن, بۆیە  لە ئاست ئەم مەترسییە   بێدەنگن و رازین  بەو پشكەی لە دابەشكردنی چۆركەكە بەریان دەكەوێت و چونجڕكی خۆیان لە بەشە كورسی گیرە كەن, بۆ كەس و پارتە هەژارەكان  بەشداری  لە هەڵبژاردنی كوردستان  وەك  خۆ فرێدانە خوارەوەیە  لە تاڤگەی نیغارای كەنەدا, كەس نازانێت چارەنوسی چییە ؟.
 بۆ رێگرتن لەمەو لە پێناو هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانەتر لە هەرێمی كوردستان" هەرچەندە لای من دیموكراسی راستەوخۆ باشترین شێوازی هەڵبژاردنە" ,بۆ ئەوەی  حكومەت و پەرلەمان لە كاریگەری پارە دور بخرێتەوە, بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی كوردستان لە هەڵبژاردنی توركیا و ئێران جیا بكرێتەوە, بۆ ئەوەی بڕیارەكانی داهاتوو لە بەرژەوەندی سەرمایەداران دور بخرێتەوە, دەستیان لە پاوانكردنی بازرگانی نەوت و گازو  یاسای وەبەرهێنان و  رێگا گرتن لە ماف و ئیمتیازاتی كرێكاران  دور بخرێتەوە,  پێویستە چەند  هەنگاوێكی  خێرا بنرێت كە گرنگترینیان ئەمانەی  خوارەوەیە:
- نەختینەی پێشەكی بۆ خۆكاندیدكردن لە هەرێمی كوردستان نەمێنێت, بۆ ئەوەی رێگرییەكان بەردەم  هەژاران كە  99%ی كۆمەڵگان لە خۆكاندیدكردن نەمێنێت , هەڵبژاردن هەڵبژاردنی هەمووان بێت نەك تەنها سەرمایەداران.
- لانی زۆری خەرجكردن بۆ كاندیدانی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا بۆ كاندیدانی تاك و  لیستەكان دیاریبكرێت, كە لە ئێستادا 250 دینار بۆ هەر دەنگدەرێك بۆ هەر لیستێك دیاریكراوە, وەلێ تەنها بڕیاری سەر كاغەزەو  كاری پێ ناكرێت.
- بەخششەكان لە لایەن سەرمایەداران و سیاسیەكانەوە قەدەغە بكرێن, یاخود سنوریان بۆ دیاریبكرێت و  بڵاو بكرێنەوە, بە مەرجێك هیچ پیتاكێك لە 1 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت و لە رێگای چەكی بانكیەوە وەربگرترێت .
- بەخششی وڵاتانی دەرەوە بە یاسا قەدەغە بكرێت و پێشێلكاران مافی كاری سیاسیان لێ بسەنرێتەوە.
- یاسای تایبەت بە قەدەغەكردنی خاوەنداریەتی كۆمپانیا بۆ پارتە سیاسیەكان دەربچێت, حیزب و بازرگانیكردن لە یەكتر جیابكرێنەوە.
- كۆمەكی كۆمپانیاكان بۆ حیزب و پرۆسەی هەڵبژاردن قەدەغە بكرێت.
- كۆنترۆڵی خەرجیەكان لە لایەن دەزگای تایبەتمەندەوە بكرێت  و سزای قورس بۆ پێشێلكارانی دیاری بكرێت بە بێبەشكردنیان لە خولەكانی داهاتووی هەڵبژاردن.
- حكومەت لە رێگای دیاریكردنی بەخششی بڕە پارەیەكی دیاریكراوەوە بۆ لیستەكان  هەلی یەكسان لە روی ئابورییەوە بۆ سەرجەم لیست و تاكەكانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنەكان بڕەخسێنێت.
- سەرجەم تاك و قەوارەكان پێویستە  بڕی پارەی دیاریكراوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان پێش دەستپێكی هەڵمەتی هەڵبژاردن بڵاو بكەنەوەو لە سەر ژمارەیەكی دیاریكراو لە بانك دابندرێت, لەو بڕە  زیاتر نەبێت كە بۆ لانی زۆری خەرجی دیاریدەكرێت بۆ هەر لیستێك.
- هەموو دیارییەك لە ریكلام و راگەیاندن لە دەرەوەی  تێچوی لیستەكان یاساغ بكرێت, هەموو چالاكییەكی پڕۆپاگەندە دەبێت لە چوارچێوەی خەرجی گشتیدا بێت.
- هەر خەرج كردنێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە لایەن تاكی ناو لیستەكانەوە یاساغ بكرێت, هەموو خەرجیەك پێویستە لە رێگای یەك سەرچاوەوە بێت ئەویش لە ژێر كۆنترۆڵی كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا بێت و لە رێگای ژمارەی بانكیەوە بێت.
- ئەو بڕە پارەیەی دیاریكراوە بۆ خەرجی  هەر لیستێك, پێویستە  خەرجیەكانی ریكلامی كەناڵەكانی راگەیاندن و كرێی چاودێری سندوقەكانی هەڵبژاردنیش  بگرێتە خۆی, پێویستی چارەسەر بۆ خاوەندارێتی  كەناڵەكانی راگەیاندن دابندرێت كە پرۆسەی  هەڵبژاردنی لە كوردستان  ناهاوسەنگ كردووە.
- كۆتایی هەر هەڵبژاردنێك وردبینی لە خەرجیەكان و سەرچاوەی داهاتەكان لە گەڵ لیست و قەوارەكان بكرێت و پێشێلكاران سزا بدرێن, تا ئاستی وەرگرتنەوەی پۆستی بەدەست هاتوو لە ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردن لێیان.
ئەگەر دەمانەوێت  هەڵبژاردنەكان كەمێك بۆن و بەرامەی دیموكراسی  لێبێت, ئەم رێسایانە هەنگاوی سەرەتایین بۆ حاڵەتەكە, دەنا ئەوەی دەكرێت لە كوردستان پرۆسەی  هەڵبژاردن نییە بەڵكە پرۆسەی فرۆشتنی كورسییە  لە بازاڕی مافیاو ملیاردێرەكاندا, ئامانجیش شەڕی بەرژەوەندیەكانە لە هۆڵی پەرلەمان لە ژێر ناوی نوێنەرایەتی گەل.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە