لە یادی 36 ساڵەی خۆپیشاند انەكانی شاری هەولێر

Saturday, 05/05/2018, 19:58


سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئەمە كورتە یاداوەرییەكە لە بەشەكەی لای خۆمەوە، سەدانی دیكەش چ تاك و چ گروپ هەوڵی دیكەیان داوەو یادگاری و یاداشتی لەم چەشنەیان لایە، هەمووشیان ئامادە بوون لەو رۆژگارە گیانی خۆیان بەخت بكەن، لێ جیاوازییەكە ئەوە ناگۆڕێت خۆپیشاندانەكان نەخشە داڕێژراوی پێشتر نەبوو، بەڵكە سەرەتا هەوڵێكی بە كۆمەڵی قوتابیانی هەردوو كۆلێجی ئەندازیاری و كۆلێجی زانستی چەند كۆلێژێكی دی بوو كە رۆژی دواتر هەموو كۆلێجەكان و بەشێك لە قوتابیانی شاری هەولێریشی گرتەوە، دیارە لە هەموو بزووتنەوەو هەوڵێك كۆمەڵێك خەڵك پەیدا دەبن هەلپەرستانە دەیانەوێت كا رەكان بەناوی خۆیانەوە تۆمار بكەن، ئێمە خۆمان لەوە بەدور دەگرین، لەناو جەرگەی روداوەكان و مەترسیەكانین لێ خاوەندی نین، بەڵكە بەشێكی بچووكین لەكۆی هەوڵەكان، قەبوڵیشمان نییە ئاراستەكان و راستیەكان بشێوێنرێت، كەسانێك بڵێن هەر خۆمان هاتین، كەچی ددرەنگ ە دەستبەتاڵی هاتبێتن و زووش رۆیشتبێتن.
رۆژ 2 ی ئایاری 1985 كاتژمێر 9 ی بەیانی، سیروان مەحمود قوتابی پۆلی دووی كیمیا لە شاری سلێمانی گەڕابوەوە، چونكە 1 ی ئایار پشو بوو نەهاتبونەوە بۆ دەوامی زانكۆ، لەسەر دەرگای كافتریاكە راوەستا بوو، منیش لە دەرەوە و لە بەرامبەری، بە فسكە فسكی سیاسیانەی ئەوكاتەوە، وەلێ كەمێك بەرزتر و بە لەخۆبایی بوونی نەترسانەوە، چونكە خۆپیشاندانەكان كەمێك ورەی زیاتری خستبووە سەر ورە بەرزیەكەی رابردووی وتی "خۆپیشاندان گەرمە لە سلێمانی و بەشداریمان كرد، بۆ لێرە دەست پێ نەكەین" لە گەڵ برادەران كەوتینە گفتوگۆ "یاسین حوسێن، لوقمان سدیق، عوسمان غەریب، حیكمەت حەكیم، سەباحە سور، ن شتمان، سەردار و .... "بە گروپ و تاك تاك، هەندێكمان پەیوەندی رێكخراوەییمان لە گەڵ یەكتردا هەبوو، پەیوەندی رێكخراوەیی ئەوكات پەیوەندییە كەسایەتیەكانی تا ئاستی خۆشەویستی دوو عاشق بەرزە كردەوە، زۆریشمان پلەی باڵامان هەبوو لەچاو پلەبەندی ئەوكاتە" هەرچەندە من لە ناوەوە بەرەو روخان دەچوم لە روی رێكخراوەییەوە لەو رۆژگارە، چەپی رادیكاڵ هێواش هێواش گەرای لەناو بیرو هزرم دادەنا "ساڵی پێشتر كاتێك بەعسیەكان هاتن تەتەوعمان پێبكەن بۆ هەڵگرتنی چەك، بینیم چۆن قوتابیانی كوردی پۆلەكە هەموو زۆر ئازایانە بە كۆمەڵ بەرەو روو بونەوە، بەراستی بە ئازایەتیان غیرەتیان دەدا بە مرۆڤ، سانا نەبوو لە ساڵی 1981 دا، راستەوخۆ لە بەرامبەر بەعسیەكان بە خەتی خۆت بۆیان بنووسیت "لا ارغب ان اتگوع ڵادافع عن أرچ العراق و شعبه" ئەو رستەیە ئەوكات مل پەڕانی لەسەر بوو، بۆیە متمانەم بە قوتابیانی پۆلەكەمان هەبوو، دواتریش هەمان هەڵوێ ستی پێشەنگانەیان لەبەرامبەر مانگرتنی قوتابیان لە رەتكردنەوەی جەیشی شەعبی هەبوو ساڵی 1983 و 1984 دا، هەردوو بزوتنەوەكە لەناو قوتابیان بەشێوەی خورسكیانە سەری هەڵدا هەرچەندە رێكخستنەكانی حیزبەكان لەناو ریزی قوتابیاندا بە هێز بوون بەتایبەت ینك، من و لوقمان و سیروان،
دوا نیوەڕۆی 2 ی ئایار، وا لە پۆل دانیشتوینە و مامۆستا كینتی هیندی وانەی كیمیای شیكاری دەڵێتەوە، لە پڕ دەنگی گولەی نزیك هات، گروپەكەی ئێمە سەیرێك یەكترمان كرد و هەڵساین، بە دوایدا نزیك بە هەموو قوتابیە كوردەكان پۆلمان بەجێهێشت، مامۆستا و قوتابیە توركمان و عەرەبەكان چاویان زەق ببوەوە، چوینە گۆڕەپانی كۆلێژ، لە بان تەلاری كولێژەكەوە، بۆ بۆشایی نێوان كۆلێژی زانستی و هەندەسە كە ئەوكات ماڵ نەبوو بەشی زۆری، قوتابییە بەعسیەكان كە پێشتر چەكدار كرابوون، بە ئار بی كەی و كڵاشینكۆف راستەوخۆ روو لە خۆپیشاندانی قوتابیانی كۆلێژی ئەندازیاری تەقەیان دەكرد، كاك حیك ەت حەكیم هەڵچوو، هاوارێكی لێوە هەڵسا، حەرەكەتێكی ناڕەزایەتی كرد، كە یەكەم كاردانەوەش بوو بەرامبەر تەقەكان، كۆمەڵێك بەعسی یەكسەر پەلاماریان دا، من و نیشتمان خۆمان دایە بانیا بۆ ئەوەی لێدەنەكەی بەر نەكەوێت، چونكە زۆر بە توندی بە كۆمەڵ بەرببونە گیانی، نەمانتوانی لە دەستیان دەریبكەین ،
لە هاتنی خۆپیشاندانی قوتابیانی كۆلێژی ئەندازیاری رو لە كۆلێژی زانست قوتابی حەمەی شێخ تاڵیب "حەمە راغب" كە ئەوكات رێكخستنی حشع بوو بریندار بوو، حەمە راغب بووە یەكەم برینداری خۆپیشاندانەكەی هەولێر و حیكمەتی شەهید مامۆستا حەكیمی شۆریجەش كە قوتابی بەشی كیمیای كۆلێژی زانستی بوو ، سەر بە رێكخستنەكانی ینك بوو بووە یەكەم زیندانی خۆپیشاندانەكەی ساڵی 1982 ی هەولێر. 
دوای گرژییەكە ناو كۆلێژی زانستی گەڕاینەوە بەشی ناوخۆیی قادر بلە ، من و حیكمەت لە یەك ژور بووین لە گەڵ كۆمەڵێك برادەری دی ، شەو بەشی ناوخۆیی قادر بلە بووە شوێنی كۆبونەوەی سیاسی و خۆ ئامادە كردن بۆ خۆپیشاندانی رۆژی دواتر ، هەر گروپە بوو لە لایەكەوە كۆبونەوەیان دەكرد، سبەی بەیانی لە بڕیاردرا شێخەڵا لای میوانخانەی هێمن خۆپشاندان بكرێت ، كێ ئەو كات نازانم و شوێنەی دیاریكرد لە یادم نییە .
رۆژی دواتر لە سبەی زووەوە قوتابیانی كۆلێژی كشتوكاڵ لە كەڵەك یاسین ئاغاوە گەیشتنە هەولێر، بە حەماسی بەرزەوە، لە یادم نییە چۆن من لەگەڵ ئەوان بە یەك گەیشتم و بوینە یەك گروپ "ئاراز، رزگار سەلام، حەمە خێروڵا، سەردار سۆفی، حوسێن، خالە عارەب و عەلی كاكەی و عەلی بروسك و ..... "كاتێك چووینە شوێنی مەبەست بەرەو روی پەلاماری دڕندانەی بەعسیەكان بووینەوە، لە كۆڵانی پاسكیل فرۆشەكانەوە خۆمان كرد بەو گەڕەكەیا، دەرگای حەوشەیەك كرابوەوە چوینە ژورەوە بۆ سەربان، بە بان خانەییەكانا چوینە بان خانییەك دیكە لە دورتر ، لەوێ مااینەوە تا ماوەیەك زۆر و دەنگی تەقە و زیقەو زاقی ن ەجدە و هات و هاوار نەما، جەلادەكانیش بەو كۆڵانانەیا كەوتبوونە راوە قوتابی و ماڵانیان دەپشكنی، نزیك كاتژمێر 11 بۆ 12 قوتابیەكی كچ بە عەباوە ماڵ بە ماڵ بۆ رزگار كردنی قوتابییەكان دەگەڕا، لەو كۆڵانە دەرمانی كرد تا ناو بازاڕ، ئیتر بە سەلامەتی گەڕاینەوە بۆ بەشی ناوخۆیی قادر بلەی،
عەسری رۆژی سێیەم گروپێك لە قوتابیان خۆپیشاندانێكی خێرامان ئەنجامدا لە سەر شەقامی باتا، دیسان بەرەو روی ئەمنەكان بوینەوە، بە دەمانچەی روت بە تەقە كەوتنە دوامان، بە راكردن بەو كۆڵانانەیا خۆمان دەرباز كرد، جار جارەش هەواڵ دەهات لە قوتابخانەكانی هەولێر ناڕەزایەتی ئەنجام دەدرا لە لایەن قوتابخانە ئامادەییەكانەوە ، ورەیەكی بەرز بوو بۆ ئێمە.
هەر وا بەشە ناوخۆییەكان وەك سەركرایەتی مەیدانی لێ هاتوووە، سەرجەم كۆلێژو بەشەكان وەك ئێمە لە جموجۆڵدان، هەموو ورە بەرز.كار بۆ درێژەدانی خۆپیشاندانەكان دەكەن، كۆی جموجۆڵ و ناڕەزایەتیەكان سەدان گەنجی ناو كۆلێژەكان و قوتابیانی شاری هەولێر بە كوڕو كچەوە كاری بۆ دەكەن، ناڕەزایەتیەكان سەدان سەركردەی مەیدانی هەبوو، شەوی چوارشەمە لەسەر پێنج شەمە لە پڕ ئەمینداری لقی بەعس و سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین خۆیان كرد بە بەشی ناوخۆیدا بە هەڕەشەوە داوایانكرد زانكۆو بەشی ناوخۆیی بەجێی بهێڵین، رۆژی دواتر قوتابیان گەڕانەوە بۆ شارو شارۆچكەكانی خۆیان، بەم شێوەیە كڵپ ی راپەڕینیان لە شاری هەولێر كوژاندەوە.
كە ئێمە گەڕاینەوە بۆ كەركوك پێش ئەوەی بچمە ماڵەوە لە باخچەی قەڵا لامدا ، ئەیوب كوێخا رەزای هەمیشە نەمر "گەنجێكی ژیرو ئازاو لە خۆبردوی چەپی حەساری بوو لە دوای راپەڕین بە نەخۆشی دڵ سەری نایەوە " و قەهار عەلی و هاوڕێ كرێكار بەرەو پیریم هاتن ، وتیان نیازمان هەیە خۆپیشاندان بكەین، بەشی دی دێتە لێرەوە پێشەوە كە لەسەریم نووسیوەو زۆریش باسكراوە ، پێویست بە دوبارە كردنەوە ناكات، كە خۆپیشاندانە خوێناوییەكەی 6 ی ئایاری شاری كەركوكە. 
لە كۆتادا داوای لێبوردن دەكەم هەر هەڵەیەك كرابێت، 36 ساڵ زۆرە بۆ زاكیرە لاوازەكانی ئێمە، هەموو وردەكارییەكان وەك خۆی وێنا بكاتەوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە