سۆری برا ئەرمەنیەكان

Monday, 23/04/2018, 14:28


كە دەچیتە مۆنمێنتی جینۆساید  لە شاری یەریڤان, پڕە لە وێنەی سەرۆك عەشیرەتە  كوردەكان كە بەشدار بوونە  لە جینۆسایدی  ئەرمەنەكان, ئەو وێنانە بونەتە بەشێك لە زاكیرەی ئەو گەلە, بە سانایی ناسڕێتەوە, لەبەردەم  هەڵوێستدا رامان دەگرێت, نابێتیش تا كۆتایی سەرمان لە ژێر لمدا بشارینەوە لە ترسی هەڵوێست دەربڕین, پێویستە هەنگاو بنێین بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەكان رابردوو, ئەویش دانانە بە راستیەكان وەك ئەوەی لە حەقیقەتدا هەیە نەك  وەك ئەوەی دەمانەوێت و پینەو  پەڕۆی بكەین, یاخود ئەوەی ناسیۆنالستەكان هەردوولا كردویانە  بە مەیدانی شەڕی موقەدەسە پوچەكانیان, دەبێت رێگا لە ناسیۆنالیزمی هەردوولا بگرین نەوت بە ئاگری رابردوودا بكەن, ئەوان لە پاڵ توركیا سەرۆك عەشیرەتە كوردەكانی باكور و سەرۆك عەشیرەتە عەرەبەكانی سوریا بە هاوبەشی تاوان دەزانن.
نكۆڵیكردن  بۆخۆی درێژەدانە بە تاوان, رێگە گرتنە لە سارێژ بوونی بیرینەكانی رابردوو, درێژەدانە بە شەڕی باوباپیران  بە نەوەی نوێ, گەلی كورد بەرپرسیارێتی یاسایی  هەڵناگرێت بەرامبەر بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, بەڵام دەبێت بەرپرسیارێتی تاوانی هەندێك لە هاووڵاتیانی بگرێتە ئەستۆ, كە هاوكاری سوپای عوسمانی بوونە لە تاوانەكە, دەبێت دان بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەكە بنێت و لە بری ئەو كوردە  خۆفرۆشانەی بەشدار بوونە لە تاوانەكە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی  هەڵبگرێت, دەبێت جێگاو رێگای مرۆڤەكان لە مێژوودا وەك خۆی نیشان بدرێت, ئیتر سەردەمی بە پیرۆزكردنی پاشا كۆرەكان بە كۆتا گەیشت.
 نابێت هاشا لە بەشداری هەندێك لە سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان بكرێت لە تاوانەكە, كە هەندێكیان  تاوانی قێزەونیان  ئەنجامداوە  وەك بەشێك لە سوارەی حەمیدیە,بەڵام بەشێوەی سستامتیك كوردەكان بەشداریان نەكردووە لە تاوانەكە,  چونكە دەوڵەتیان نەبووە و بڕیار لای ئەوانەوە دەرنەچووە, بۆیە پێویستە تاك لایەنە نابێت سەیری  روداوەكان بكرێت, نابێت  هەڵوێستی ناسیۆنالزمە راستگەراكانی پۆڵەندا و فەرەنساو  ...هتد دوبارە بكرێتەوە, دامەزرێنەری بەرەی نیشتمانی فەرەنسی  ئینكاری هۆلۆكۆست دەكات,دەڵێت بە بەشێك  لە وردەكاری جەنگی جیهانی دووەمی دەزانێن,تەنانەت لە یاداشتەكانی بە توندی داكۆكی لە فلیپ بیتان سەرۆكی حكومەتی فیشی پاشكۆی هیتلەر دەكات لە فەرەنسا, حكومەتی راستگەرای  پۆڵەنداش  بڕیاری 3 ساڵ زیندانی بۆ ئەوانە دەركرد كە هەندێك لە هاوكارانی پۆڵەندی نازیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست,ئەمەش وەك داكۆكی لە كەرامەتی نیشتمانی ,ئەمە بۆخۆی  ئینكاری تاوانی هاوبەشانی نازییەكانە و  داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت, دەسەڵاتی شاری سربرنیتشا بەرزترین رێز لێنانی بەخشی بە میلواراد دودیك سەرۆك  ئەركانی سوپای بۆسنە  كە ئینكاری كۆمەڵكوژی سربرنیتشا  دەكات.
ئینكار  كردنی  تاوان, بۆخۆی درێژە دانە بە تاوان بەشێوەی نەرم, مرۆڤایەتی   رۆژ لە دوای رۆژ  دەگات بە حەقیقەتەكانی رابردوو,  سسەردەمی شاردنەوەی زانیاری و حەقیقەتەكان بەسەر چووە, بۆیە رۆژێك زووتر دان نان بە حەقیقەت , ئارام بەخشترەو جوانكردنی سیمای گەلە, كریس ئەندەرسن سەرنووسەری گۆڤاری وایەرد رایگەیاند زانیارییە زۆرو زەبەنەكان لە سەردەمی ئەنتەرنێت, هەموو راستیەكان ئاشكرا دەكات, پێویست بە زانست و تیۆری ناكات.
نەتەوەپەرستی و  ئاین پەرستی   چاوی  مرۆڤەكان لە ئاست دانان بە راستیەكان و حەقیقەتی  مێژویی  كوێر دەكات, مرۆڤایەتی  لە بیركردنەوەدا دەكوژێت , هەڵوەدای پاكیزەیی نەتەوەو ئاینە, بۆیە بە نەنگی دەزانێت دان بە ناشرینیەكان رابردوودا بنێت, با ئێمەش  نەكەوینە داوی ناسیۆنالیزمی تورك  موتوربە كراو بە ئاینەوە, سەیری هەڵوێستەكانیان كەن نەك لە شاری  قۆنیای  بگرە لە لاهای و  برۆكسل.
لە 2ی حوزەیرانی 2016,بۆندستاغی ئەڵمانیا دانی نا بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, پێشتریش بەلجیكا هەمان هەنگاوی نابوو,ئەوەی لای من گرنگە  لە پرۆسەی دان نان بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەلجیكا, بۆچونی دوو پەرلەمانتاری توركە لە پەرلەمانی ناوەندی ئەڵمانیاو پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لە بەلجیكا, هەردووك بە پاشناوی ئۆزدەمیر ناوەكانیان هاتووە, یەكیان پیاو چەپی ژینگە پارێز و ئەوی دیكە ژنی حیجاب لەسەر نەتەوەیی ئیسلامی, هەردوكیان لە دایك بووی دەرەوەی توركیا و پەروەردەی ژینگەی  رۆژئاوا, ئەم دوو ئۆزدەمیرە بە دوو هەڵوێستی پێچەوانە سەبارەت بە دۆسیەی جینۆسایدی ئەرمەن  دەناسرێنەوە, یەكیان پێشەنگ لە بواری ناساندنی, بیركردنەوەیەكی مرۆڤدۆستانەی ئەنتەرناسیۆنالستانە, ئەوی دیكە سەرسەخت لە ئاست رەتكردنەوەی  حەقیقەتەكان, بە بۆچونی  ئاینی و ناسیۆنالیزمەوە لە ئاست ئەو هەموو وێنە پڕ تاوانە قێزەون و  ئێسك و پروسكە هەڵوێست وەردەگرێت. 
جیم ئۆزدەمیر لە دایك بووی 21ی دیسەمبەری 1965ی شاری  باد ئۆراخی ئەڵمانیا, بنەچە چەركەسی توركیا,  سەرۆكی لیستی سەوزەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا, كە پێشتر لە ساڵی 2007  بە پێی  بڕگەی 301ی دەستوری توركیا سزا درابوو, بە تاوانی پێشێلكردنی  ( یاسای سوكایەتی بە ناسنامەی توركی) بە پێی یاساكە  تاوانە دان بە كۆمەڵكوژی لە توركیا بنرێت, ج ئۆزدەمیرو  و چەند پەرلەمانتارێكی پارتەكەی تۆمەتباركران بە پێشێلكردنی ئەو بڕگەیە لە دەستوری وڵات, بەهۆی هەڵوێستیانەوە لە سەر دۆزی ئەرمەن و عەلەویەكان كە هەیانبوو, كە پێشتر بەهەمان تاوان و پێشێلكردنی  هەمان بڕگەی دەستوری توركیا نووسەری گەورەی  ئەرمەنی  هرانت دینك سزا دراو دواتر تیرۆر كرا, هاوكات رۆمانووسی ناسراو ئۆرهان بامۆك هەڵگری خەباتی نۆبڵی ئەدەب بەهەمان بڕگەی دەستور سزادرا, ج ئۆزدەمیر  پارتەكەی بە بۆنەی یادی  101 ساڵەی وەبیرهێنانەوەی تاوانەكەوە لە 24ی نیسانی  2016 دا, پرۆژەی ناساندنی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكانی لە توركیا  بە جینۆساید پێشكەش بە پەرلەمانی ئەڵمانیا  كرد, لە رۆژانی پێش دەنگدانەكە جیم ئۆزدەمیر بەهۆی هەڵوێستە شێلگیرانەكەیەوە لەسەر  دۆسیەكە, دەكەوێتە بەر هەڕەشەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەكان, لێ  گوێی نەدا بە هەڕەشەكان لە وتەكەیدا لە پەرلەمان لە چركە ساتی پێش دەنگدانەكە  وتی: ( 80-90%ی  سەرجەم  هاووڵاتیانی ئەرمەن, 98%ی  پیاوانیان,100%ی پیاوانی ئاینیان لەناو براون لەو تاوانە) هاوكات لە بەشێكی دیكە لێدوانەكەی هەمان رۆژی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا  وتی: هەموو ئەو تاوانانەی ئەڵمانیا بەرامبەر بە گەلانی ئەوروپا ئەنجامی داوە دەبێت  بە جینۆساید بناسرێت . ج ئۆزدەمیر لە درێژەی بۆچونەكەیدا  رایگەیاند گرنگە دان بە رابردووماندا بنێن, نابێت توركیا شانازی بە رابردووی  خۆیەوە بكات, دەبێت رابردوو قەبوڵ  بكرێت وەك خۆی.
تەواو  دژ بەم هەڵوێستە ئەخلاقیانەیەی ج ئۆزدەمیر بەرامبەر بە كۆمەڵكوژی گەلێك كە  گەلەكەی خۆی  ئەنجامی داوە, خاتوو  ئۆزدەمیر  لە دایك بووی  7ی دیسەمبەری 1982 ی شایربێكی بەلجیكا, یەكەم پەرلەمانتاری حیجاب لەسەرە لە ئەوروپا, پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل  لەسەر لیستی پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDH,  هەڵوێستێكی دژ بە هەڵوێستەكەی ج ئۆزدەمیر وەردەگرێت, نكۆڵی تەواو لە بوونی تاوانەكە دەكات, ئەو لە یادی 100 ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا, لە بەرامبەر ئەوەی رەتی كردەوە وەڵام بە پرسیارەكانی  كەناڵی ئاڕ تی ئێڵ ی تایبەت  بداتەوە سەبارەت بە پرسی  جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە توركیا, لە بەرواری  29ی ئایاری 2015 لە پارتەكەی  دەركرا, ئەمەش روداوێكی گرنگ و هەنگاوێكی ئەخلاقیانەی گرنگ  بوو, لیژنەی ئەخلاقی  پارتی ناوبراو نای. هاوكات لە بەرواری 24ی نیسانی 2015   كە یادی 100 ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان بوو, 6 پەرلەمانتاری بەلجیكی بە ڕەگەز تورك  ئەو رۆژە ئامادەی پەرلەمان نەبوون, بۆ ئەوەی بەشداری نەكەن لەو  دەقە بێدەنگیەی لە پەرلەمانی بەلجیكا  راگەیەنرا بۆ گیانی پاكی قوربانیانی ئەرمەنی لە یاداوەری 100 ساڵەی تاوانەكە, خۆیان دزییەوە.
بە دوای دەركردنی خاتوو ماهینۆر ئۆزدەمیر لە پارتەكەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالستەكان لە برۆكسل و ئەستەمبوڵ  خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان بۆ پشتیوانیكردن لە هەڵوێستەكەی بەڕێوەبردو وەك قارەمان ناساندیان, تەنانەت ئەردۆگان و كچەكەی سومەییە هاتنە سەرخەت  بە توندی رەخنەیان لە دەركردنی ناوبراو لە پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDHگرت, خۆپیشاندەران لەسەر لافیتەكانیان نوسیبویان ماهینۆر ئۆزدەمیر شەرەفمانە.
هەر لەم بارەیە وە رۆژی پێنج شەممە 22ی شوباتی 2018, پەرلەمانی هۆڵەندا بە زۆرینەی 142 دەنگ لە كۆی 150 دەنگ , بڕیاری بە جینۆساید ناسینی كەیسی جینۆسایدی ئەرمەنی دا, هاوكات بڕیاری دا وەزارەتی دەرەوە 5 ساڵ جارێك  بەشداری مەراسیمی ساڵوەگەڕی تاوانەكە بكات. لە دەنگدانەكە  3 پەرلەمانتار  دژ بە بڕیارەكە  وەستانەوە, ئەوانیش  هەر سێكیان  تورك بوون"   Farid Azarkan, Tunahan Kuzu, Selçuk Öztürk" لە  پارتی " DENK ", ئەمە لە كاتێكدا  پارتی ناوبراو  خۆی بە چەپ و سۆسیال دیموكرات دەزانێت و لە 9ی فیبریوەری 2015 لە پارتی كاری هۆڵەندی جیابوەوە, ئەدی دەبێت  هەڵوێستی ناسیۆنالست و ئیسلامییەكان چۆن بێت؟.
ساڵی 2015, 49 پەرلەمانتاری كورد, جینۆسایدی ئەرمەنی وەك جینۆساید ناسی, بە پێی نامەیەك واژۆیان كردووە, نامەكە دراوە بە چالاكوانانی بواری جینۆسایدی ئەرمەنی, هاوكات لە رۆژی سێشەمە 17ی یەنایەری 2018, پەرلەمانی ئەرمینیا دانی نا بە جینۆسایدی ئێزیدیەكان, دەكرێت ئەم هەنگاوانە  بكرێنە سەرەتایەك بۆ دان نان بە حەقیقەتەكانی رابردوو.
ئیتر  ئێمە ئایا  سەیری هەڵوێست  لەسەر جینۆساید و تاوان  بەرامبەر بە گەلان,  وەك هەڵوێستی ئەخلاقانەی مرۆڤ دۆستانە دەكەین, یان بەرچاو تەسكانە, لە روانگەی نەتەوەپەرستی و ئاینی و نكۆڵی كردن لە ناشرینییەكانی رابردوو, وەك ئەو سیاسی و رۆشنبیرانەی نەتەوە سەردەستەكان كە نكۆڵی لە حەقیقەتی تاوانەكانی دەوڵەتەكانیان دەكەن بەرامبەر گەلەكەمان, دەمانەوێت ببین بە ئیسماعیل بێشكچی و هادی عەلەوی و كازم حەبیب و ..., یان  باخچەلی و  نموونەكانیان, مێژوو پڕە لە هەڵوێستی بەشی دووەم, وەلێ داهاتوو بۆ نموونە دگمەنەكانی بەشی یەكەمە,  لە كردنەوەی گرێكانی گرێ گوێرەكان مێژوو, زۆر لە مرۆڤە موقەدەسەكانی رابردوو وردو خاش دەكات, مرۆڤە پیرۆزەكانی رابردوو زۆریان وەك پاشای كۆرە لە ئاست گەورەیی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان  لە پیرۆزی دادەماڵرێن و چاوەڕوانی دادگایی دەكەن, بۆیە با چاوەڕوان بین مێژووش خوێندنەوەی تازەی بۆ بكرێت و سەرلەنوێ بنوسرێتەوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە