كەی پەرلەمانی كورددستان بڕیار لەسەر ئەنجامی ریفراندۆم دەدات؟

Wednesday, 11/10/2017, 20:32


سێشەمە 10-10  كۆمسیۆنی باڵای  سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی  هەرێمی كوردستان ئەنجامی  كۆتایی ریفراندۆمی 25ی سەپتەمبەری كوردستان بۆ سەربەخۆیی بە واژۆی سەرجەم  ئەندامانی  لە 5  حیزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێمی كوردستانی  بڵاو كردەوە,  پاش پشكنینی  تانەكان لە دوو هەفتەی  رابردووداو پەسەند  كردنی لە لایەن ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچونەوەو دەستەی دادوەری هەڵبژاردن و راپرسی,  ئێستا  ئامارەكانی ئەنجامی  راپرسی فەرمی و دان پێنراوە لە لایەن  5 پارتە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان و سستەمی دادوەرییەوە, ئیتر  كاتی ئەوەیە  پەرلەمانی  كوردستان كۆبونەوەیەكی تایبەت  بۆ ئەنجامەكانی ریفراندۆم  ساز بكات و بڕیاری  لەبارەوە بدات, چونكە ریفراندۆم  بۆ ئەوە نەكرا ئەنجامەكەی لەسەر رەفەكان  هەڵبگرترێت  و تۆز لێی بنیشێت, هەرچەندە هێشتا زووە باس تۆز لێنشتن بكەین, كاری پەرلەمانیش هەر وەك پۆلیسی هات و چۆ نییە نیشانەی ئەنجامدانی بدات, بەڵكە  كارە گرنگەكەی ئێستا دەست پێدەكات كە ئەنجامەكە بباتە بواری پراتیكەوەو بڕیاری لەسەر بدات, ویست و داخوازی  زۆربەی خەڵكی كوردستان  لە رێگای سندوقەكانی راپرسییەوە  دەرخراوە كە 92,73%ی هاووڵاتیانی كوردستان بەم ژینگە سیاسییە پڕ تەنگژەشەوە هێشتا پشتیوانی لێكراوە,  بە جۆرێك هەرچەندە ئیرادەی سیاسی  یەكگرتوو  نەبوو بۆ پشتیوانی لە پرۆسەكە و مۆتەی گەندەڵی دەسەڵاتداران و دكتاتۆریەت و هەڕەشەی وڵاتانی هەرێمی و دەستێوەردانی حكومەتی عێراقی لە ناوەوە مەترسی بوون بۆسەر پرۆسسەكە, وەلێ گەورەیی  خەونە  لە مێژینەكە,  زۆرینەی گەلی لە دەور كۆكردەوە, وێڕای  ترسی گەورە  لە كردنی   كوردستان  بە غەزەو  شیشان لە لایەن   وڵاتانی  دەوروبەرەوە,بە سەپاندنی ئابلوقەیی بازنەیی و هێرش و پەلاماری سەربازی, كە لە رابردوودا ئەم وڵاتاە  زۆرترین شیوەنیان بۆ ئەو دوو شوێنە كردووە, وێڕای هەموو  ترس و ئاسەنگییەكان وەلێ خەونە  ناسیۆنالستییەكەی  لێ دور نەخستنەوە .
ئێستا  نە بڕیاربەدەستانی سیاسی كوردستان و نە پەرلەمانە بێڕوحە نیمچە ئیفلیجەكەی توانای هەڵوەشاندنەوەی  بڕیاری ریفراندۆمیان نییە, وە بە سەرخستنە ژێر لمیشەوە ناتوانن خۆیان لە مۆتەكەی ئەنجامەكانی بشارنەوە, ئەگەر لە یەكەم چركەكانا 92,73% سەركەوتن بوو بۆیان, ئێستا جێبەجێكردنی بۆتە مۆتەكە بۆ بڕیاردان لە سەر بڕیارە گەورەكە, تەنها لە رێگای ریفراندۆمێكی  دیكەوە نەبێت ناتوانن خۆیان لە مۆتەكەی گەورەیی 92,73%ی دەنگدەرانی راپرسییەكە  رزگار بكەن, ئەویش بەدی نایات و كەسیش جورئەتی ئەوە ناكات  بانگەشەی  ریفراندۆم بۆ لە گۆڕنانی ریفراندۆمی  سەربەخۆیی كوردستان  سەركردایەتی بكات, چۆن دەنگی نەخێر بەم هەموو ئاڵۆزی و هەڕەشەو كێشانەوە, بەو بەرفراوانی دەنگی نەیارییەوە كە لە ناو كۆمەڵگای كوردی  و پێكهاتەكان دیكە هەیبوو, هێشتا بە قەزەمی مایەوە, بۆیە دەبێت گفتوگۆكان  پەرلەمان بە ئاراستەی بە پراتیككردنی  ئەنجامی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی  كوردستان بێت و نەخشە رێگایەك  بۆ جێبەجێكردنی دابڕێژن لە زوترین كاتدا  خۆیان  لەو كۆبونەوە گەورەو چارەنوسسازە نەدزنەوە .
بۆ ئەم مەبەستە پێویستە  بە زوترین كات  پەرلەمان كۆبێتەوە و بڕیار لەسەر ئەنجامی ریفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بدات, بە جێبەجێكردن یاخود هەڵپساردنی بۆ كاتێكی دی یاخود گفتوگۆ كردن لە سەر رێكەوتن لەسەر بژاردەیەك باڵاتر لەوەی ئێستا هەیە  بە مەرجی گرنتی نێونەتەوەیی و هەڵگرتنی هەڕەشەی حەشدی شەعبی و قاسمی سلێمانی لەسەر خەڵكی كوردستان.
 داوایەك  كە وڵاتانی هەرێمی  هەیانە  لە  هەڵوەشاندنەوەی  ئەنجامی ریفراندۆم   لە   دەستی كەسدا نەماوەو بۆتە ئیرادە لە رێگای دەنگدانی 92,73%ی هاووڵاتیان بە سەربەخۆیی كوردستان, كات بەسەر بردنیش بۆ خۆشاردنەوە لەو ژمارە گەورەیە دادی هیچ لایەك نادات, خەڵكی كوردستانیش نابێت دەستكەوتی چونە سەر سندوقەكان نەدورنەوەو خەونی 26ی سەپتەمبەریان لە گۆڕ نرێت بە سات و سەودا كردن بە دەنگەكانیانەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە