چەند كورتە پێشبینییەك لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی كوردستان و چارەنووسی ینك

Wednesday, 27/05/2009, 12:00


بە پێی بۆچونی زۆربەی چاودێران هەڵبژاردنی ئەمجارەی كوردستان , هەڵبژاردنێكی گەرم و گوڕ و بانگەشەیەكی دەست نەپارێز دەبێت , نەخشەیەكی سیاسی نوێ لە كوردستان دەهێنێتە پێشەوە , پارسەنگی هێزەكان دەگۆڕین و پارلەمانی دوای 25-7 , پەرلەمانەكەی ئێستا نابێت , لیستی جیاجیا بە دەنگی خۆیان نەك بە سواری هاوپەیمانیەتی كوردستانی دەچنە پارلەمانەوە , بە دوایدا ژیانی سیاسی لە كوردستانیش دەگۆڕێت , بزاڤی سیاسی لە قۆناغی مت بوون دەردەهێنێت , بە دوای ئەو مێژوەوە بۆ هەمووان دەردەكەوێت ئەوەی لە كوردستان تا ئێستا بووە دیموكراسیەتییەكی درۆینە بووە .
هەندێك پێیان وایە گۆڕانكارییەكان ڕیشەیی دەبێت , بڕێكیش پێیان وایە كەم دەبێت , زۆربەش لەگەڵ ئەوە تەبان كە لیستی كوردستانی جارێكی دیكەش بۆ 4 ساڵی داهاتوو سەری حكوومەتی كوردستانیان بە دەستەوە دەبێت , وەلێ كۆنترۆڵی كۆمەڵگا و دوورینەوەی دەمەكانی بۆ هەتا هەتایە لە دەست دەدات.

گۆڕان بە چ ئەندازەیەك

مەبەست لە گۆڕان لای من گۆڕان لە نەخشەی سیاسییە , نەك گۆڕان بە مانا كۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگییەكەی ,چونكە پێشبینی ئەوە ناكرێت لە ماوەی نزیكی ئایندە گۆڕانی ڕیشەیی ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەدی بێت , سەبارەت بەگۆڕانی سیاسیش مەبەست لە هاوكێشە سیاسیییەكانە ئەوا گۆڕانێكی ڕێژەیی دەبێت لە دوو لاوە خۆی دەبینێتەوە :
- هێزەكانی ناو پارلەمان
لە بری دوو لیست وەك لە هەڵبژاردنی پێشوو ڕویدا , ئەمجارە چەند لیست ئامادە دەبن , پێشبینییەكان بەم شێوەیە دەبن :
- لیستی گۆڕان كە پێشتریش لە پارلەمان هەبوون هەر لە ژێر چەتری لیستی هاوپەیمانییەتی كوردستانی بە پێی وتەكان 13 كورسیان هەبووە , ئەمجارە ئەو ژمارەیە یان هەندێك زیاترەوە دەهێننەوە وەك لیستێكی سەربەخۆ كاردەكەن , ئەم لیستە بە حوكمی ئەوەی پێیەكیان لەناو دەسەڵاتدا ماوە و متمانەیان بە خۆیان هەیە وەك لیستێكی بزێو مامەڵە دەكەن , دەست لە هیچ ناپارێزن , بە ناچاری دەسەڵات وا لێدەكەن خۆیان بگۆڕن.
- چوار حیزبەكە كە پێشتر 17 كورسییان هەبوو , ڕۆڵی سیاسییان كارا تر دەبێت , وەلێ بە كۆمەڵێك هۆوە ژمارەیەك كەمتر كورسی دەهێننەوە گرنگترینیان بریتین لە :
- جاری پێشوو یەكیان لەناو هاوپەیمانیەتی كوردستانی دەنگەكەی مسۆگەر بوو , ئەوەی دیكەش لە دەرەوە زۆرێك لە ئەندامانی لایەنەكەی ناو هاوپەیمانییەتی دەنگیان پێیدا , بەمەش ژمارەی خۆیان زیاتر دەنگیان بە دەست هێنا .
- بوونی بزووتنەوەی ئیسلامی وەك لیستی ئیسلامی ژمارەیەك لە دەنگدەرانی دوولایەنە ئیسلامییەكە كە بۆ خۆیان ڕادەكێشێت , بزووتنەوەی ئیسلامی بە براوەیی دەردەچێتە دەرەوە , ژمارەیەك كورسی بە دەست دەهێنێت , بوونی كاكە حەمە و كاك قادر عەزیز لە ناو ئەو هاوپەیمانییەتیە ژمارەیەك لە ئیسلامی مولتەزم دوور دەخاتەوە لە دەنگدان بۆ ئەو لیستە .
- هاوكات لەناو لایەنگرانی سۆسیالست و زەحمەتكێشانیش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە .
- ئیسلامییەكان ئەم باجە بە چەند هۆیەكەوە دەدەن ,گرنگترینیان بریتین لە :
- خۆیان لە ژێر جامانەكەی كاكە حەمە بشارنەوە , بۆ ئەوەی لە لایەن دەسەڵاتداران و ئامەریكاوە پەلامار نەدرێن , لە 10 كورسی یەكەم سێیان بۆ سۆسیالست وزەحمەتكێشانە .
- ڕۆڵی ئێران لە نزیككردنەوەیان , لای ئێران كاكە حەمەیەكی نا ئیسلامی لە پێشترە لە ئیسلامییەكی سیاسی سوونی .
- وەفادارییەك بۆ هاوپەیمانییەتی چوار قۆڵی , بەمەش ئیسلامییەكان سەلماندیان وەفادارن لە هاوپەیمانییەتی .
- چەپەكان "ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی " كە پێشتر 4 كورسیان لە پارلەمان هەبوو , ئەمجارە بۆ (2 - 3) دادەبەزێت .
- ینك و پدك وەك پارتی گەورە دەمێننەوە , حكومەت لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان لە دەرەوەی خۆیان پێك دەهێنن ,بەهۆی بوونی لیستی جۆراو جۆر و 11 كورسی كەمە نەتەوایەتییەكان , كە ئەو كوورسیانە بەشێكی زۆریان گرنتی ئەوانن , بێكێشە و بە زۆرینەی ڕەهاوە حكوومەت پێك دەهێننەوە , بەڵام :
- گۆڕان لە هەژانی دەسەڵاتیانەوە دەستی پێكرد , لەم هەڵبژاردنەیا بۆیان دەركەوت چارەنووسیان نادیارە , بۆیە دوای هەڵبژاردن هەموو هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی مسباقییەت بگەڕێننەوە,ئەگەری ئەوەش بەهێزە لەسەر دانانی بەرهەم ساڵەح ڕێك بكەون , بە قازانجی مانەوەیان گۆڕان بكەن .
- ئەو كێشانەی مایەی چارەسەرن وەك شەفافییەت و كۆنتراكت و دابەشكردنی دەسەڵات و بودجەی پارتەكان و ... هەوڵی چارەسەركدنی دەدەن , ئەوانەشی وەك چارەنووسی بێسەروشوێنان و قوربانیانی شەڕی ناوخۆیی و تاوانكاران و ..... وەك خاڵی ئیحراجی هەر دەمێنێتەوە .
- پێش هەڵبژاردن هەردوو پارت وا نیشان دەدەن كە ڕێككەوتنامەكەیان هاوتایە وەك دوو لایەنی بەرامبەر , وەلێ دوای هەڵبژاردن بە پێی ژمارەی كورسییەكانی لیستی گۆڕان باڵی تاڵەبانی حیسابی كەمتری بۆ دەكرێت لە هاوپەیمانییەتیەكە , چەندە باڵی گۆڕان كورسی زیاتر بهێنێتەوە ئەوەندە لاكەی دیكەی ینك كێشی لە هاوكێشە سیاسیەكان دێتە خوارەوە, هەرچەندە ینك "باڵی تاڵەبانی " و پدك لێرە بەولاوە تا مەودایەكی زۆر چارەنووس و بەرژەوەندییەكانیان پێكەوە گرێدراوە , پارتیش بەهۆی ئەوەی تاڵەبانی باجی تەنازولات بۆ ئەو دەدات , لە بەشی خۆی زیاتری دەداتێ .
- بردنەوەی باڵی گۆڕان لە پارێزگایەك وەك سلێمانی , دیسانەوە بومەلەرزەیەك سیاسی دێنێتە ئاراوە , لە یادمان نەچێت ئیسلامییەكان ئەگەر ژمارەی دەنگی زیاتریش بهێننەوە , بەڵام لەبەر ئەوەی ناتوانن زۆرینە لە پارێزگایەك بە دەست بهێنن , وەك هێزێكی ناوچەیی دەردەكەون و هێزەكانیان پەرتە " ئەگەر بە هەمووەوە لە پوازی هەڵەبجە , سەید سادق , عەرەبەت , خورماڵ , سیروان ببنە هێزی یەكەم ئەوە شتێكی یكەیە ", وەك لیستی گۆڕان مەترسییان نابێت بۆ سەر دەسەڵات , بردنەوەی لیستی گۆڕان لە پارێزگایەكی وەك سلێمانی تەواوی هەرێم دەكەوێتە ژێر ڕەحمەتیانەوە , هاوكات بە ئیدارەی سەربەخۆ دەتوانن نموونەیەكی دەسەڵاتدارییەتی جیا پێشكەش بكەن " ئەمەش بەهۆی بوونی قەزاو ناحییەكان زەحمەتە , هاوكات ئیسلامییەكانیش لە كۆتاییدا بۆ لای دەسەڵات با دەدەنەوە ", هەرچەندە بەرەی گۆڕان لەگەڵ باڵی تاڵەبانی دەموچاوەكان زۆربەیان كۆپی یەكترن و شەریكە بەشی ناشرینییەكان دەسەڵاتن , هەرچی بۆ لیستی گۆڕانە ئەگەر خەڵكانی دیكەش بن لە دەرەوەی خۆیان , ئەوا تاڵەبانیش هانای بۆ زۆر لە دەموچاوی دەرەوەی پارتەكەی بردووە و كەسانێكی هێناوە لەبەرچاو جەماوەر ناشرین نین.

ینك چی بەسەر دێت

هەڵبژاردن دووا شەڕی هەردوو بەرەیە , باڵی تاڵەبانی ناتوانن لیستی كوردستانی بكەنە سەنگەری شاردنەوەی هێزیان , هێزی ئەوان تەنها لەبێهێزی ڕەقیبەكەیانەوە دەردەكەوێت كە لیستی گۆڕانە , چەندە لیستی گۆڕان ژمارەی كورسی زیاتر بهێنێتەوە ئەوەندە كێرڤی باڵەكەی دیكە لە هاوكێشە سیاسیەكان دێتە خوارەوە , دوای هەڵبژاردن هەق و حیسابەكەی لەگەڵدا دەكرێت .
هەڵگرتنی هەق و حیساب بۆ دوای هەڵبژاردن لە لایەن پارتییەوە , تەسەڕوفاتێكی زیرەكانەیە , ئەوان لەوە گەیشتوونە تازە ینك ناتوانێت منافسی ئەوان بێت , بە هەڵگرتنی هەق و حیساب بۆ دوای هەڵبژاردن پشتیوانی باڵی تاڵەبانی دەكەن لە ململانێ لە گەڵ باڵی نەوشیروان .
لە ئێستاوە هەنگاوەكانی ئینشقاق دەستی پێكردووە , هەنگاوی یەكەم بە پاكسازی سەرانی لایەنەكەی دیكە , بڕینی موچە و لێسەندنەوەی ئیمتیازات ......, بەستنی پلۆنۆم كۆتایی بە یەكێتی ناو یەكێتی دێنێت , لەو كاتەوە ئیتر پەیوەندی تەنزیمی ئەو دوو لایەنە دەقرتێت و كۆتایی پێدێت .
كە هەردوولا وەك دوولایەن دەردەكەون , ئیتر وەك هەر پارتێكی سیاسی هەر لایەك گیرۆدە دەبێتەوە بە كێشمەكێشی نوێوە , بە تایبەت باڵەكەی نەوشیروان كە توێژی خوێنەواران و یاخی و سەركێشەكانن , زووتر گیرۆدەی كێشەی ناوخۆیی و ململانێ دەبنەوە , ئەگەر هانا بەرنەوە بۆ ناوی كۆمەڵە و ڕەمزە چەپگەرەكانی وەك ئارام و خاڵە شهاب , ئەوا لە داهاتوو فراكسۆنی فكری جیاجیاش لە ڕیزەكانی سەر هەڵەداتەوە .
بەڵام ئایا چارەنووسی ئەم باڵەش بە چارەنووسی ئاڵای شۆڕش ناگات ؟, ئەمە ئەو پرسیارەیە نەخشە و پلانی ئەم بەرەیە لە داهاتوو دیاریدەكات لە ئێستاوە زووە وەڵام بدرێتەوە , تاڵەبانیش ئەوەندە تەمەنی نەماوە بەڕەكە لە ژێر پێی ئەمانیش وەك بزووتنەوەی سۆسیالست و ئاش دەربێنێتەوە , بەهەمان شێوەش باڵەكەی دیكەش بە زویی كۆمەڵێك كەسایەتی دیار بەرهەم نەهێنێت كاك نەوشیروانیش زۆری پێ نەماوەو تەمەن لە قازانجی نییە .
لەم كێشمە كێشە یەكێتی زیاتر وەك دووباڵ خۆی نیشان دا , كۆسرەت ڕەسوڵ هەرچەندە درووستكەرەوەی ینكە لە دوای 31ی ئاب , بەڵام نەیتوانی سەربەخۆیی باڵەكەی بپارێزێت و مانۆڕی گونجاو لە ناو كێشمە كێشەكان بكات , داخوازەكانی ئەو زیاتر خزمەتگوزاری و ئیمتیازاتن نەك سیاسی , هاوكات سیاسەت و پراتیك و جەماوەری ئەو لەگەڵ باڵەكەی تاڵەبانی یەكدەگرێتەوە , بۆیە زیزبوونەكانی كاتی دەبێت هەر دەبێت لەگەڵ مامی خۆی سیاسەت دەست پێبكاتەوە .
تاڵەبانی ئەزموونێكی گەورەی لەم تەنگژەیەی ئەمجارە كە تەواوی ژیانی سیاسی خستە ژێر پرسیارەوە وەرگرت , بۆیە ئەوەی لەم میحنەتەیا لەگەڵیا مانەوە هەموو شتێكیان بۆ دەكات , بەدوای دەرچونێكی سەربەرزانەدا دەگەڕێت , لێ دوای تاڵەبانییش كێشمەكێشەكان لەناو ینك بەردەوام دەبێت , ئەوانەی ماون جگە لە تاڵەبانی كەسیان بەرگەی باڵەكەی دی ناگرن .

تێبینی ئەم بابەتە لە دوا ژمارەی ڕۆژنامەی میدیا بڵاو بۆتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە