هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مجاره‌ش بوه‌وه‌ به‌ قوربانی ئه‌وانه‌ی كردیان به‌ كه‌ربه‌لا!

Sunday, 17/01/2010, 12:00


ئه‌مڕۆ دوا بڕیار له‌ سه‌ر دۆسیه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ درا,ده‌سه‌ڵاتداران و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كاتی خۆی بوونه‌ كۆڵوانه‌ سوری به‌ له‌شكری سوپای ئێرانی نووزه‌یان لێوه‌ نه‌هات و به‌شێك له‌ بڕیاره‌كه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ سزاكان به‌ باشیان زانی و ئه‌وه‌شی تایبه‌ته‌ به‌ حه‌قیقه‌ته‌ یاساییه‌كان به‌ نا ته‌واویان زانی, بێ ئه‌وه‌ی نووزه‌یه‌ك له‌سه‌ر هۆكاره‌كه‌ی قسه‌ بكه‌ن,چونكه‌ خۆیان باش ده‌زانن كه‌ماسییه‌كه‌ له‌ كوێوه‌یه‌ .
من چه‌ندین ساڵه‌ و له‌ چه‌ندین بۆنه‌و كاتدا وتوومه‌ كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ جینۆساید نییه‌,به‌ڵكه‌ تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تییه‌,ئه‌مه‌ ڕاستییه‌كه‌ و خۆمان له‌ گێلی نه‌ده‌ین,له‌ دادگای بازرگانی چه‌كی كیمیاوی هۆڵه‌ندی فرانس ڤان ئانراتیش به‌ تاوانی جه‌نگ ناسێنرا"وه‌لێ ئه‌مجاره‌ به‌ تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی ناسێنرا,له‌مه‌ش نهێنییه‌ك هه‌یه‌".
ڕاسته‌ له‌ دوای هیرۆشیما كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ تراژیدیانه‌ترین تاوانه‌ و دڵته‌زێنترین قوربانی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژه‌, هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا زۆرترین قوربانی چه‌كی كیمیاوی داوه‌.
ڕاسته‌ تاوانه‌كه‌ گه‌وره‌یه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ش زوڵمی زۆری لێكراوه‌ و بڕیاره‌كه‌ به‌ پێی مه‌زنی تاوانه‌كه‌ نییه‌.به‌ڵام ئه‌م زوڵمه‌ش سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و چركه‌ ساته‌ی شار كرا به‌ كه‌ربه‌لا و ناوی شه‌قامه‌كانی گۆڕا .
ئه‌م زوڵمه‌ له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵك كراو نه‌هێڵرا خۆیان ڕزگار بكه‌ن,دانیشتووانه‌كه‌ی كرا به‌ بارمته‌ی جه‌نگ.
ئه‌م تاوانه‌ دڕێژكراوه‌ی دزینی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك بڕینه‌وه‌ی مه‌چه‌كه‌كان و هێنانی پاسدارانه‌.
ئه‌م زوڵمه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستی پێكرد72 تێكۆشه‌ری گوردانی شوان له‌ تاوانێكی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاسادا كۆمه‌ڵكوژیكران و دیله‌كانیان له‌ سێداره‌دران,به‌ پێی پرنسیبه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌وه‌ تاوانی جه‌نگه‌,وه‌لێ كه‌س باسیانی نه‌كرد و هه‌موو له‌ فیكه‌ی خۆیان تێگه‌یشتن.
هه‌موو زۆریان كرد له‌ پارێزه‌ران و قوربانیان ,دۆستان و ڕێكخراوه‌كان,نووسه‌ران و یاساناسان,پێویسته‌ سوپاسی هه‌مووان بكرێت,ئه‌وانه‌ی ڕێگر بوون له‌ به‌ جینۆساید ناسینی تاوانه‌كه‌, كاروكرده‌وه‌ی ئه‌وانه‌ بوو 22ساڵ له‌مه‌وپێش شاریان كرد به‌ كه‌ربه‌لا,ئه‌وانه‌ی وڵاتیان به‌ هێنانی پاسدار كرد به‌ مه‌رگستان.
گه‌لۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی شه‌ڕی عێراق ئێران بێت,جیاوازی مه‌رگه‌كانی له‌گه‌ڵ قه‌سر شیرین و مه‌حه‌مه‌ره‌ نابێت.
له‌ داهاتووی نزیكدا به‌ دورو درێژی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هڵوێسته‌ ده‌كه‌م و ناوی هه‌موو ئه‌وانه‌ش بڵاو ده‌كه‌مه‌وه‌ په‌یوه‌ستن به‌و كه‌یسه‌وه‌,چاوه‌ڕوان بن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە