بۆچی جاشەكان نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟

Friday, 01/01/2010, 12:00


ماوەیەكە دەنگۆی ئەوە هەیە كە دوو تۆمەتباری كورد كە هەردووكیان ناویان لە ناو لیستی لە بیركراوی تاوانی ئەنفالە ئەوانیش (عەباسا ئاغا و بنەماڵەی ئەنوەر بەگی بێتواتەن)بە نیازن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان لە ناوچەی سەنگەسەر و بیتواتە,بەم هۆكارەوە بۆ یەكەمیان بنەماڵەی قوربانیان لە سەنگەسەر ناڕەزایی نامەیان دایە بەڕێز بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان,بێشك تاكو ئێستا نامەكەیان گەیشتۆتە شوێنی شیاوی خۆی كە تەنەكەی زبڵەكەیە,بۆ حالەتی دووەمیش هەر ئەو شەوە وەك ئاگادار كردنەوەیەك چەند گولە ئارپیجییەك نرا بە ماڵەكەیەوە.
ڕاستە تۆمەتبار تا تاوانی لەسەر ساغ نەبێتەوە بە تاوانبار ناژمێردرێن,وەلێ ئەمانە هەردووكیان لە لایەكەوە هەڵاتووی دەست دادگان,لە لایەكی دیكەوە تاوانەكانیان ئاشكران,سەرۆكی هەرێم زۆر جار دەیەوێت لە ئاست پۆستەكەی وەك دەسگایی كار بكات كەچی لە ئاست دۆسیەی تۆمەتباران هەموو جارەكان لە خەت لا دەدات,پێرار ساڵ لە ڕۆژی14-4 لە بری پێشوازی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال بكات,پێشوازییەكی شایستەی لە بنەماڵەی برایمی حاجی دارا كرد,كە ئەویش ناوی لە هەمان لیستدایە.
بەهۆی پێكهاتەی خێڵەكی كوردستان و كاری پارت و لایەن و قەوارەكان بۆ دەنگ,وایكردووە ئەم تۆمەتبارانە شوێنی گرنگ لە ژیانی سیاسی لەو دیو كامیراو مێزەكانەوە داگیر بكەن,هەموو كادر و ئەندام و سەركردەی حیزبن,وەلێ بە ئاشكرا فۆرمیان نییە و پۆستیان وەرنەگرتووەو هاتوچۆی بارەگای پارت و لایەن ناكەن و سەربەخۆن!
لە مانگەكانی داهاتووودا شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی دەنگی ئەمانە لە لایەن پێكهاتەو لیستە جیاجیاكانەوە گەرمتر دەبێت,قوربانیانیش سەما دەكەن.
كەسوكاری قوربانیان لەبەر ئەوەی ڕووتەن و تەنها خاوەندی دەنگی خۆیانن,كەسە سیاسی و پارت و قەوارە و لایەنەكان گوێ لە خواست و داخوازەكانیان ناگرن,بەم هۆیەوە ڕۆژ بۆتە ڕۆژی جاشان,دەڕۆن و دێنەوە.
باشە هەموو تاوانكارانی دیكە لە شوێنی خۆیان بن,ئەمانیش بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە هەڵكەنراون نەك هۆكاری دیكە,بۆیە ئاساییە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە جێگای خۆیان,تەنانەت داوای قەرەبووكردنەوەش دەكەن,وە وەریشی دەگرن.
ئێمە لە وڵاتێكدا دەژێین لایەنێكی تێدا نەبێت لەگەڵ داخوازی كەسوكاری قوربانیان بێت,ڕۆژ رۆژی جاشان بێت,وڵات وڵاتێكی تاوانباران بێت,كاك مستەفای حەسەن گەورەش با هەر بۆخۆی بقیڕێنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە