ئایا بەڕاستی پەیەدە دوژمنی كوردە؟

Saturday, 23/06/2012, 12:00


سێشەمە 19ی یۆنی 2012 ماڵپەڕی پەیامنێری سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بابەتێكی بڵاو كردەوە بە ناوی (باڵی پەکەکە لە سوریا, لایەنگری رژێمی ئەسەد دەکات لە دژی نەیارانی) , یەكسەر ماڵپەڕی بروسكەی سەر كۆمەڵەی زەحمەتكێشان (باڵی عەبدوڵای موهتەدی) وتارەكەی كۆپی كرد و جارێكی دیكە لە تۆپی بابەتەكانی خۆی بڵاوی كردەوە, پێشتریش ماڵپەڕی سبەی ئۆرگانی بزووتنەوەی گۆڕان هەر بە هەمان ئاراستە بابەتێكی لە سایتی تەلەفزیۆنی عەرەبییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی بەناوی شەبیحەكانی كورد و چەندین رۆژ لە تۆپی بابەتەكانیدا نمایشی كرد.

ئایا ئەوەی ئەم دەزگا راگەیاندن و پارتە سیاسییانە لە باشووری كوردستان بڵاوی دەكەنەوە, هەقیقەتە یان بەشێكە لە شەڕی راگەیاندنی لایەنەكان بۆ پەیداكردنی نفوز لەو پارچەیەی كوردستان .

لە دوای 55 ساڵ لە دامەزراندنی یەكەم پارتی سیاسی كورد لە 15ی حوزەیرانی 1955 لە رۆژئاوای كوردستان تا ئێستا بە تایبەت لە دوای هەشتاكانەوە , پارتەكانی رۆژئاوا لە نێوان ینك و پدك دابەش ببوون, بەڵام وردە وردە پەكەكە پێگەی ئەم لایەنانەی لە رۆژئاوای كوردستان بەرەو لاوازی برد تا گەیشتە سەر ئەوەی هەنووكە بە 16 پارتی ناو ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی كاریگەری نیوەی پەیەدەیان لە رۆژئاوای كوردستان نەبێت, ئەمڕۆ موبادەرەكان شەقام بەدەست ئەم پارتەوەیە,تا ئەم پارتە زیاتر جەماوەری دەبێتەوە و كاریگەری لەسەر شەقام زیاتر دەبێت, ئاڵا هەلگرانی دژایەتی زیاتر دەبێت, دیارە ئەمە مانای ئەوە نییە ئەم پارتە سیاسییە جەماوەرییە كەم ئەزمونە هیچ هەڵەیەكی نەبێت, گورەترین هەڵەی بە بِروای من ئەوەیە وەك پارتیكی كۆپی تبق الاسڵی پەكەكە مامەڵە دەكات, نەك پارتێكی ساسی لە كێڵگەیەكدا خەبات دەكات جیایە لە پكك, لێ بە بڕوای من ئەم جەنگە سیاسی سایكۆلۆجییەی بەرامبەر بە پەیەدە دەكرێت هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ:

*ململانێی پارتی و یەكێتی بە تایبەت پارتییە بۆ شەڕی نفوز لە رۆژئاوای كوردستان, جەنگێكی سایكۆلۆجییە بەرپای دەكەن بۆ ئەوەی ببنە هاوكاری لایەنە پاشكۆكانی خۆیان كە لە ئێستادا لە ململانێ بۆ پەیدا كردنی هەژمۆنیا بەسەر خەباتی جەماوەرییا لە دواوەن.

*شەڕی ئەردۆگان و ئیخوان مسلمین و راگەیاندنە عەرەبیەكانی نزیك لەوانە وەك كەناڵەكانی جەزیرەو عەرەبییە لە بەرامبەر پە یە دە,چونكە بە پێچەوانەی رەوتی ئەوان دەجوڵێتەوە و رێگرە لە بەردەم ئەوەی كوردستان ببێتە بەشێك لە پرۆژەكەیان .


ئەی پەیەدە خەریك چییە ؟
لەوەتەی سوریا بە گشتی وە رۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی بە ئاقاری گۆڕانكاریدا تێدەپەڕێت, پەیەدە توانیویەتی ئەم هەنگاوانە بنێت:

*كردنەوەی قوتابخانەی فێركردنی زمانی كوردی و پێگەیاندنی مامۆستایانی تایبەتمەند و بنیات نانەوەی تاكی كورد لەسەر بنچینەی گەڕانەوە بۆ كورد بوون بە ناوەڕۆكێكی پێشكەوتنخوازانەی پشودرێژ,كە بەهەمان پرۆسەی درووستكردنەوەی تاكی كورد لە باكوردا دەڕوات .

*ژیانندنەوەی كولتور و هونەری كوردی و پێك هێنانی دەیان ناوەندی رۆشنبیری و هونەری و تیپی هونەری جۆراو جۆر, لە رێگەی هونەرەوە زیندوكردنەوەی تاكی كورد.

*هەڵمەتی گۆڕینی ناوی شوێنە تەعریب كراوەكان و گەڕاندنەوەی ناوە كوردییەكان بۆی و هەڵمەتی نووسینەوەی تابلۆكانی شوێنە گشتییەكان بە زمانی كوردی و گەڕاندنەوەی شوێنەواری كورد بوون بە ناوچە كوردییەكانەوە .

*پاشكۆیەتی نەكردنی ئۆپۆزسیۆنی سوری و خۆپیشاندانەكانی هەینیانی رۆژئاوای كوردستان و سوریای كوردان مۆركی كوردی و ناوی كوردی و ئاڵا و دروشمی كوردی پێیانەوە ناوە, كەچی
لایەنەكانی دیكە دروشم و ئاڵاو ناوی خۆپیشاندانی هەینییەكانیان پاشكۆی لایەنە سورییە شۆفینییەكانی ئۆپۆزسیۆنە.

*پێك هێنانی هێزی تایبەتی چەكداری كوردی بۆ پاراستنی كوردستان.
*پێك هێنانی ئەنجومەنی گەل و رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان .
*كاركردن لەسەر كەیسی كۆمەڵكوژییەكان و چاندنی هوشیاری لەم بوارەدا .
*كاراكردنی رۆڵی پێشەنگانەی ژنان لە خەباتی سیاسیدا .
*كۆنترۆڵ كردنی شارو شارۆچكەكان و رێكخستنی ژیان .
*برەودان بە خەباتی جەماوەری رۆژانە و متمانە بە خۆبوون بۆ گەیشتن بە داخوازییەكان.
*رێكخستنی جەماوەر بۆ دامەزراندنی خۆ بەڕێوەبەرێتی دیموكراتی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان وەك هەنگاوی یەكەم و ناوكی داهاتووی دەسەڵاتی كوردی لەم بەشەدا .
*رێگە گرتن لە دەستخستنە ناو كاروباری رۆژئاوای كوردستان لە لایەن توركیاوە .
*بڵاو كردنەوەی كلتوری پێشكەوتنخوازانە سەبارەت بە ژنان و رۆڵی كاریگەری جەماوەر بە گشتی وە هەژاران بە تایبەتی لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەركردایەتیدا, بە هێنانە پێشەوەی نەوەیەكی نوێ لە سەركردەی مەیدانی و كۆتایی هێنان بە رۆڵی سەركردە پاسیفەكانی رابردوو .

ئەمانە تەنها بەشێكن لە كارەكانی ئەو هێزەی رۆژانە سەدان هەزار لە دەوری چالاكییەكانی كۆدەبنەوە, كە ئێوە ناوتان لێ ناون شەبیحە كوردییەكان, كە كارگەلێك ئەنجامدەدەن سانا نییە هەموو كەس بتوانێت دەمبكوتێت لە ئەنجامدانی, هەر ئەمكارانەشە وا دەكات رۆژ لە دوای رۆژ پارتە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان لە بەرامبەر پە یە دە بچوك ببنەوە و ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی ناچار بكات بە 16 پارتی ئەندامییەوە بە هاوتای ئەنجومەنی گەل كە تەنها پەیەدەی لە پشتە وەك نوێنەرایەتی گەلی كورد بناسرێن .
بۆیە جێی خۆیەتی هەموو ئەوانەی دژ بە پەیەدە قسەیان كردووە دوور لە زانینی راستییەكان,یان دیماگۆگیانە ویستیانە راستیەكان بشێوێنن لە ئەمڕۆ زوتر نییە داوای لێبوردنی لێ بكەن و هاوكاری بن لە هەنگاوە مەزنەكانی.

تێبیتی :كێشەی نەخوازراوی عەبدوڵا بەدرۆ لەسەر داگیركردنی مومتەلەكاتی پەیەدە وە بوو لە لایەن ناوبراوەوە, لە كاتێكدا خاوەندی شەرعی ئەو مومتەلەكاتە داوای مافی شەرعی خۆی دەكردەوە,بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە داگیركردنی, ئەمە بووە هۆی ئەوەی ئەو كێشەیە دروست بوو كە ئەو كارەستە مرۆییەی لێكەوتەوە, لەو كارەستە پەیەدە زیان لێكەوتوو بوو, چونكە سەركردەیەكی لە دەست دا.


لینكەكان لە خوارەوە بخوێننەوە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە