سەرۆکی نوێی ئەمریکا
Friday, 11/09/2015, 8:10
دۆناڵد ترامپ یەکێکە لەبەهێزترین کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، دیارە دوو هۆکاری گرنگ هەن بۆ ئەم بۆچوونەمان کەدواتر باسی لێوە ئەکەین. بۆ باشتر ناسینی ئەم کەسە،ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی دوای هێرشە تیرۆریستەکان بۆ سەر شاری نیویۆرك کە ئەم پێی وابوو پێوست ناکا ئەمریکا بەهێزی سەربازی خۆیی کاردانەوەی هەبێ. ئەو پێی وابوو ئەمە یەکەمین جارە هێرش بکرێتە سەر خاکی ئەمریکا و زۆربەی زۆری ووڵاتانی جیهان ئامادەن هاوکاری مرۆیی و سەربازی پێشکەش بکەن و لەجیاتی ئەوان شەڕی تیرۆر بکەن. جگە لەمەش ،دۆناڵد ترامپ وەك کۆماریەك دژ بە داگیرکردنی عێراق وەستاو لای وابوو ،ئەم داگیرکردنە ئەبێتە نائارامی بۆ جیهان و کێشەی گەورەتر بەدوای خۆی دێنێ.
کەسایەتی دۆناڵد ترامپ زیاتر وەك گەورە بزنسمانێك ناسراوە وەك لەسیاسیەك،ئەم کەسە گەلێ سەرکەوتوە لەکارەکانی خۆیدا و سامانێکی زەبەلاحی بۆ خۆی پێکەوە ناوە کە زیاترە لە ١٠ ملیار دۆلار،هەر بۆیە خۆکاندید کردنی هیچ پەیوەست نیە بە کەڵەکە کردنی سەرمایەی زیاتر،بەڵکە لەتێڕوانینی خۆی و چواردەوەرەکەی،تەنها هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی شکۆی لەرزۆك و داشکاوی ئەمریکا کە هەردوو سەرۆك(بۆشی کوڕ و ئۆباما) پشکی شێریان تیایدا هەیە. هەرچی (بۆشی کوڕە) کاتێ عێراقی داگیرکرد نەیتوانی لەوێ بمێنێتەوەو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بەتەواوی ڕەچاو بکا. بەهەمان شێوەش (ئۆباما) هێزەکانی لەعێراق کێشایەوە و تەسلیمی ئێرانی کرد. هەروەها لەکێشەی سووریا ئۆباما نەیتوانی ئەو هەڕەشەیە بەجێ بێنێ کاتێ ووتی؛بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن هێزەکانی سوپای سووریاوە پەرچە کرداری ئەمریکای بەدوای خۆی دێنێ،لێ لەڕاستیدا ،ئەو هەڕەشانەی وەك بڵقی سەر ئاو بوون و شکۆی ئەمریکا بەتەواوی شکا.
هەلی دۆناڵد ترامپ لەهەموو کاندیدەکانی تر زیاترە لەبەرئەوەی دەنگدەر بڕوایان بە قسەکانی هەیە. ئەم کەسە کار بۆ گەڕانەوەی بەرژەوەندیەکان ئەمریکا ئەکا و ئەیەوێ ووڵات لەو قەیرانانە ڕزگار بکا وەك (ئاوارەی بندیوار، قەرزە زۆرەکانی بەرانبەر ووڵاتی چین،بێکاری و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەمریکا). ئەم چەند تەوەرە خەڵکی ئەمریکا و جیهان کەڵکی لێوەر ئەگرن و ئاسایش و ئارامی لەمەودایەکی دووردا بەرقەرار ئەکا. ڕەنگە جەنگی زیاتر بەخۆوە ببینێ،لێ سەرەنجام ئارامیەکی باشتر بەدوای خۆی دێنێ. ئەم یەکێکە لەو کەسانەی کەوا جەخت لەهاوپەیمانی ئەمریکا ئەکا لەگەڵ کورد بەگشتی و ڕۆژئاڤا بە تایبەتی. لەزۆربەی کاتەکان ،کورد وەك هاوپەیمانی سەرەکی ئەناسێنێ و ڕۆڵی ڕۆژئاڤا بەرز ئەنرخێنێ دژ بە چەتەکانی داعش و تورکیا.
دۆناڵد ترامپ چانسی بوون بە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکای زیاترە لەبەرئەوەی دەنگی جولەکە و کرستینەکان گەرەنتین بۆی. کەئەمەش دەنگی یەکلایکرەوەن لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوو. ئەمە سەرباری ئەوەی هەوڵەکانی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی نین و هیچ پێوستی بەپارەو سەرمایەی زیاتر نیە. ئەمەش ئەو دوو هۆکارە سەرەکیەن بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆکی نوێ.
کلیك لەسەر ئەم لینکە بکە:
CNN Arabic -
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست