کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جاش نووسەر و هونەرپیشەکان، چەند ووشەیەک!

Thursday, 29/05/2014, 12:00


لە هەر بابەتێکەوە لە کۆمەڵگای کوردستان بدوێن دەبێ سەرەتا باسی ڕابردووەیەک بکەین، چۆن دەڵێن هەموو شتێ مێژوویەکی هەیە هەتا مێژووش مێژووی خۆی هەیە.
کۆمەڵگای کوردستان نەهامەتیەکانی هێندە زۆرن هەر چەمکێکی بگری ئەوە بەشێ لە هێزی ناوەخۆی تیایە کە بووە بە بەشێ لە سەرکوت و لەناوبردنی خۆی، هەتا هەندێ لە سەرکردەکانیشی.
لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا پۆلێن سازی هەردەم هەبووەو هەر دەمێنێ، هەر لەسەردەمی ئەدەبی کلاسیکی تا دەگاتە ئەمڕۆ، هەر لە سەرەتای ڕۆژنامەی کوردستان و دواتریش گەلاوێژ و دەیان گۆڤاری تر لە دەرەوەو ناوەوە خۆیان لە دووبەرەدا دۆزیەوەتەوە. بەرەی سەر بەگەل و بەرەی دژ بەگەل.
مێژوو دروستکردن هەموو کەس لە توانای نیە دروستی بکا بە مانا پۆزەتیڤەکەی، سڕینەوەی مێژووش مەحالە کە لایەنە نێگەتیڤەکەیەتی. کەس ناتوانێ مێژووی خۆی دەسکاری بکا یانی خاڵە نێگەتیڤەکانی لا ببا بەڵام دەتوانێ بە ڕۆیشتنی کات چاک و خراپی بکا. گرنگترین مەرج بۆ ئەمەش نیازپاکی و شەفاف و ڕەوانیە نەک چاو بەستن و درۆ دەلەسەکردن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی سادە. چونکە هەموو نهێنیەک لە کۆتاییدا هەر پەردەی لەسەر هەردەماڵرێ تەنها ئەگەر خاوەنەکانی نەمێنن و یان مافیایی لە حەوزی تیزابا بتوێنرێنەوە بەڵام هەر ئەمەش خۆی کەشف بوونە.
هونەر بە هەموو ڕێچکەکانی زۆرداران هەردەم هەوڵیان داوە وەکو چەک بۆ خۆیان بەکاری بهێنن. لەمەشدا هەندێ جار سەرکەوتوو بوونە و هەندێ جاریش ژێر کەوتوو. هونەر خزمەت بە داگیرکردن و سەرکوت و کوشتن و لەناوبردن ناکا، هەردەم مێژوویەک باس دەکا کە بە مەلموسەوەباس لە سەرکوت و دڕندەیی دەکات و ئەم هونەرانەش تەمەنیان کورتە و زوو لە نێو دەچن. ڕەنگە لەمەیان هونەری تەشکیلی یان نوسرا و تۆمارکراو لە ئەرشیفەوە هەر دەمێنن بەڵام لە بیروهزری کۆمەڵگا هەناسە کورتن و زوو لە بیری خەڵک دەچنەوە.
ئەو مرۆڤانەی ئەم ڕێچکەیە دەگرن، تا مردن هەر ئەمە پیشەیان دەبێ بەڵام هەرجارەی بۆ کەسێ یان حزبێ یان دەسەڵاتێ. جارجارەش هەندێ جار خاڵێ لە دوای ئەم مێژووەیان دادەنێن و دەبنەوە بە مرۆڤێکی ئاسایی.
لە کۆمەڵگای کوردستان سەرەڕای ئەنفال و کیمیاوی و کوشتن و جینۆساید و لەناوبردن ئەوە لەناوبردنی کەڵتوور و هونەری کوردی، تەنانەت گۆڕینی دەستەواژەی زمان و پەرتەوازەکردنی بە هۆشیاریەوە کاری سیستەمی سەرکوتکەران بووە لە کوردستان.
چۆن کەسێ کە دەبووە باوەڕپێکراوی ئەمن و ئیستخبارات و مخابەرات و چەکداری خەفیفە ئەوە هەندێ نووسەر و ئەدیب و شاعیر و گۆڕای بێژ و موزیک ژەن و شێوەکار و بێژەرهتد دەبوونە باوەڕپێکراو ی بەعس بە ئەدەب و هونەری کوردی تا میللەتی کورد بەدەستی خۆی چاڵ بۆ خۆی هەڵکەنێ.
بەداخەوە خەلكیكی کەم لە ئێمە خراپەکاری و خیانەت و جاشایەتی و نۆکەری ئەم نووسەرانەی لەبیرە و بە بەرنامە سەرکۆنە کردووە یان داوای دادگاییان کردوون، تەنانەت لە گولیش خراپتریان پێ نەگوتراوە، هەمویان ئەمانە سەنگەریان بە ئاسانی گۆڕیەوە لە دەزگاکانی بەعس بۆ میدیای حزبە دەسەلاتدارەکانی کوردستان بگرە هەندێکیان بوونە سەرنوسەر و ئەندامی بەرزی گۆڤار وڕۆژنامەکانیش، تەنانەت یەکێتی نوسەرانی کورد و نەقابەی هونەرمەندان پڕیەتی لەم مرۆڤانە هەمووشیان یەکتری چاک دەناسن، من پێویست ناکات ناویان بهێنم و لە ئەرشیفی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ڕژێمە جیاجیاکانی عێراق و ڕژێمی بەعس هەموو ناویان ماوەو هەندێ بە بێ ناو دەیان نووسی یان بە ناوی خوازراو بەڵام ئەوانیش کەشفن. خۆ موزیک و گۆرانیەکان نەک بە ڕەش و سپی بەڵکو بە ڕەنگاو ڕەنگی ماون و تیپی مۆسیقای هەولێری ساڵی هەشتاکان وتیپی مۆسیقای تەلەفزیۆنی کەرکوک و چاڵاکیەکانی قوتابخانەکان لە سلێمانی و دهۆک و هەولێر لە سەرەتای هەشتاکان بەشی شێریان بەردەکەوێ. هەرکەسێ لەوانە بڵێ بوختانە با زمان هەڵبڕێ تا دەمکوتی بکەم بە بەڵگەوە.
نموونەیەکی بچووک کاتێ کە لە ڕاپەڕینی دووەم لە ١٨ی حوزەیرانی 1991 لە ئەمنی هەولێر گیرابووم کە لەم ڕۆژەدا شعاری بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە حزبی بەعس بۆ دەرەوە بوو بەو شعارە هەزاران هەزار خەڵکی هەولێر لە سەر جادەکانی هەولێر ئاپۆڕەی ناڕەزایەتی گوێ بەعسیان کاس دەکرد، ئێمەیان برد بۆ تحقیق لێدان و تەعزیب ، نوسەرێکی هەولێریان هێنابوو چونکە یەکێ لە گیراوەکان لە گەڵمان ووتی عەرەبی نازانم و ئەگەرچی لە سەیتەرەی نێوان هەولێر و کۆیە گیرابوو، هەموو تەحقیقەکەی بە لێدانەوە بۆ وەردەگێڕا. جا ئەوەندە جوانی وەردەگێڕا بەنموونە ئەفسەرەکە کە ناوی مڵازم غسان بوو دەیگوت؛
گواد لیش رحت لرانیە.. وەرگێڕەکە دەیگوت باپیرم لۆ چوویە ڕانیە، یان دەیگۆت کلب بن کلب گل کل اسما‌و جلالین .. وەرگێرەکە دەیگوت کاکی من ئەتو خۆ جەلالی و ناوی دووسێ یەکمان پێ بڵێ لۆ لێت بدات.. لەم زیندانە لە نێو پێکەنین و خەمدا دەتوامەوە لە دڵی خۆمدا دەم گوت ئەی نەعلەت لە وەرگێریەکەت و سیخوڕیەکەت.
تەنانەت مامۆستای زانکۆ هەبوو لە کۆلیژی ئادابی بەغدا زمانی کوردی بە سەدام و دەزگائەمنیەکان دەگوتەوە یان بێژەرێکی ئێسگەی کوردی بەغدا لە دەزگای ئەمن و ئیستخبارات دا کاری وەرگێری بوو. یان هەندێ نووسەر و هونەر پیشە لە سلێمانی و هەولێرو دهۆک ڕاپۆرتیان لەسەر خەڵک دەنووسی و تا جێگای خۆیان لای بەعسیەکان خۆش بکەن. سەدان هەزاران نموونەی تر کە سرود و شانۆ و وێنەکانی سەدامیان بە برژانگ دەسریەوە. دواتر هەندێ لەم مرۆڤانە بوونە کۆمپانیا و تەوژمی ووشەی ژەهراوی بۆ قووڵکردنەوەی شەڕی براکوژی و هەرچی زیاتر پارتی و یەکێتی یان هان دەدا تا کوردکوشتینی بکەن نەوتیان بە ئاگر دا دەکرد لە سەردەمی شەڕی براکوژیدا. لەم نێوەدا نووسەرە شوعیەکان لە هەمووان خراپتربوون مێژوویەکی بێ بەهایان بۆ خۆیان تۆمارکرد لە میدیاکانی پارتی و یەکێتیدا کە قەلەمە خوفرۆشەکانیان خوێنی گەنجە پێشمەرگەکانی لێدەتکا تەنها بۆ مەسەلحەتێکی کەسایەتی خۆیان و شەرمیشیان نەدەکرد. دڵنیام ئەگەر ئەو مێژووە دووبارە بێتەوە هەر هەمان کاردەکەنەوە.
موستەشار و جاشەکان چۆن ئاوا بە خستنەبەری بوونە پێشمەرگە بە ئاسانی ئاوەژوو ببنەوە وێنە و فلیمەکانیان لەگەڵ سەرکردەکانی کوردستان هەمووی شایەتی ئەمە دەدەن. ئەم نوخبە لە ئەدیب و نووسەر و شانۆکار و شێوەکارە هەردەم لەسەر هەمان ڕێچکە قەبووڵکرانەوەو و گەل باجی کارەکانیان دەدات.
هەقە ڕێکخراوەکانی مەدەنی لە کوردستان یان ڕێکخراوە خێرخواز و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی یان داواکاری گشتی ئەم مەلەفە زیندوو بکاتەوە، ئەم نووسەر و ڕۆژنامەنووس و شاعیر و چیرۆکنووس و شێوەکار و گۆرانی بێژی زیندووو مردووانە دادگایی بکا و خەڵکی باجێکیان بەسەر بسەپێنن و ڕووڕەشیان بکەن. لەم نێوەدا ئەگەر کارێکی وا بکرێ و داواکاری گشتی توانای هەبێ و سەربەخۆ بێ ئەوە هۆڵی دادگا پڕاوپڕ دەبێ لە ئەندامانی حزبە دەسەڵاتدارەکان و ئۆپۆزیسیۆنیش. لەم دەورانەی ئەمڕۆ بە داخەوە ئەمە لە خەونێکی خۆش دەچێ و لە پراکتیکدا مەحالە نە دادگایەکی ئازاد هەیە ونە داواکاری گشتی یش ئەو توانایەی هەیە. بەڵام هەرچی بکەن ناتوانن ئەم لاپەڕە ڕەشە سپی بکەنەوە کە ووشەکانی زێرە و دەوری بەسرە پۆڵاڕێزە و ٧ی نیسانە ٧ی نیسانە جەژنی عەرەب و کورد و تورکمانە و لاپەڕە سیاسیەکانی ڕۆژنامەکانی هاوکاری و بەیان وڕۆشەنبیری نوێ و پاشکۆی عێراق و کاروان و بەرنامەکانی ئێستگەی کوردی بەغدا و تەلەفزیۆنی کەرکوک و دەیانی ترلە ئەرشیف لا ببات. ڕۆژێ دێ گەل ئەم حسابە دەکات و گۆڕەکانیان تووڕهەڵدەدەن.
ئاسۆ حامدی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە